نەوشیروان چی دەوێ لە یەکێتی ؟

Tuesday, 09/07/2013, 12:00

1629 بینراوە



مانمۆهان سینگ دەڵێت : لە سیاسەتەدا دۆستایەتی ودوژمنایەتی تا سەر نیە..

مێژووی کورد پڕە لە تەم و مژی و شاراوەیی کاتێکیش لاپەڕەی کۆنی هەر سەرکردەیەک وهەر حزبێک هەڵدەدرێتەوە دونیایەک پۆخڵەوات و پیس و پۆخڵی بەگۆڕی وەردەبێ،بەتایبەت کاتێک بکەری ڕاستکردنەوەی مێژووەکان کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا بێ ئەوکەسەی لەناو هەموو ڕووداوەکانی پەنجا ساڵی ڕابردووی سیاسی کورددا بونی هەبووەو هەیە،بۆیە هەر وشەیەکی مانایەکی تایبەت و لێکدانەوەی قوڵی هەیە،هەڵبەت مەبەستم نیە لێرەدا ستایشی نەوشیروان بکەم بەوەی بووە بە گیڤارایەکی مێژوو نوس و بەرچاوی خەڵک ڕوون دەکاتەوە بەڵکو کاری من خویندنەوەو هەڵسگاندنی نوسینەکەی نەوشیروان مستەفایە وەک پەرچەکردارێک لە کاتیکی گرنگی پرۆسەی سیاسی کوردستاندا،
ئەو هەموو جارێک گۆمی سیاسی بە شێوازێ دەشڵەقێنێ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار چاوەکانیان ئەبڵەق دەبن و خۆیان گیڤ دەکەنەوە هەر بۆیەش بەلای منەوە نوسینە بڵاوکراوەکەی نەوشیروان مستەفا شایەنی خوێندنەوەو هەڵوەستە لەسەرکردنێکی جدین سەبارەت بە پرسی سەرۆکی هەرێم وقەیرانە سیاسیەکانی کوردستان.
شتێکی شاراوە نیە کە نەوشیروان بۆ ماوەی چل ساڵ هاوخەبات و هاوڕێی حزبی جەلال تاڵەبانی بووە،خۆیشی لە نوسینەکەیدا ئیشارەتی پێدەدا،لێرە دەبیت لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین کە بۆ نەوشیروان لەوکاتەدا ئەم نوسینەی بڵاوکردەوە ؟
سەرانی یەکێتی هەر لەگەڵ بڵاو بونەوەی نوسینەکە کەوتنە مشاوەش بوون و نەیان دەزانی چۆن ڕیگری لە بڵاو بونەوەکە بکەن یانیش چۆن هەڵەکانی مام جەلال و یەکێتی پنج بکەن،بۆیە یەکێتی لەیەکەم کاردانەوەیدا هەڕەشەنامەیەکی ڕاگەیاند و بە نەوشیروانیان وت یاری بە ئاگر مەکە یانیش ئێمەش فایلی تۆ بڵاو دەکەینەوە،ئەمە خۆی ئەوەی دەرخست کە بەڵێ ئاشکراکردنی پۆخڵەواتەکان کارێکی بڤەیە بەلای یەکێتی و سەرانی سیاسیەوە لە کاتێکدا هیچ کامێکیان ئەم نوسینە یان ئەم بەڵگانە ڕەت ناکەنەوە یانیش بە تەزویری لە قەڵەم نادەن بەڵکو ئەو کاردانەوەی ئەوان هەیانبووەو دەیانبێ ئەوە دەسەلمێنێ کە بەڵێ یەکێتی و مام جەلال لەپشت بە کەڵەگاکردنی مەسعود بارزانیەوەن بەسەر خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا تا بڵاو بونەوەی نوسینەکەی نەوشیروان زۆرێک لەو یاداشت و قسانەی دەکران زارەکی بوون یانیش گریمانەی سیاسی،بەڵام دوای بڵاو بونەوەی ئەو نوسینە ئیدی کاتی ئەوەیە کە یەکێتی وەک حزب لە خۆی بپێچێتەوەو دان بەوەیا بنێ کە هەموو یەکێتی کاری بەس گەورەکردنی تاڵەبانی و بە کەڵەگاکردنی مەسعود بارزانی بووە؟
عەشیرەتگەراکانی پارتی قازانجێکیان دەست کەوتووە لە نوسینەکەدا کە ئەویش مەهزەلەی جەلال تاڵەبانیە لەبەرامبەر حوکمی بنەماڵەومەسعود بارزانی لەلایەک و قۆرغکردنی دەسەڵاتی یەکێتی وەک دەسەڵاتی تاکە کەسی خۆی لەلاکەی تر،بۆیەش پارتی و میدیا سێبەرەکانی پارتی لەسەر پرسی ئەم نوسینە تا ڕادەیەک کپن،
ئەگەر ورد لەم نوسینە ببینەوە نەوشیروان مستەفا چەند شتێک دەخاتە ڕوو کە لەوەیە ئەم زانیاریانەی نەوشیروان درکاندنی لای زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش نامۆ بن و دڵنیام زۆریشیان ئاگاداری نین،وەک :
١- ماستاوکردنی مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی لە پێناو کورسی و گەیشتن بە خەونی سەرۆک کۆماری
٢- پانکردنەوەو توڵاندنەوەی خەباتی هاوڕێیانی مام جەلال خۆی وهاوخەباتەکانی لەناو یەکێتی تەنیا لە پێناو مەرامی تایبەتی خۆیدا
٣- ناتەبایی و نائاگایی زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پرەنسیپ و ڕێککەوتنامە حزبیەکانی حزبەکەی خۆیان
٤- کەڵەکە کردنی ویستی تاکە کەسی بەسەر ویستی نەتەوەیی و حزبیدا بۆ نمونە زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی چاوپۆشیان لە مام جەلال کردووە لەبەرامبەر تەنازولەکانی بۆ پارتی لەبەرامبەردا داوای پۆستیان کردووە.
ئێستا دوای بڵاو کردنەوەی ئەو دۆکیومینتانە زۆرێک لە ئەندامانی یەکێتی لە خوارەوە بۆ سەرەوە کەوتونەتە پرسیارکردن کە زۆربەیان وەڵامی پرسیارەکانیان دەست ناکەوێت،
خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە نەوشیروان چی دەوێ لە یەکێتی ؟
یەکێتیەکان گلەیی دەکەن لە نەوشیروان کە مەنسبی کۆنی حزبەکەی بەکار هێناوە بۆبڵاو کردنەوەی زانیاری لە چەشنی کودەتایەک،بەڵام لە خۆیان ناپرسن ئەگەر نەوشیروان ئەم باسە نەوروژاندبا سەدا هەشتای خەڵکی کوردستان نەیان دەزانی کە مەسعود بارزانی بۆ لە یەخەی ئەم میللەتە نابێتەوە بۆ هەموو جارێ یەکێتیەکانی ناو پەرلەمان لە پێش پارتیەوە دەنگی پێدەدەن؟ بۆیەش ئەو ویستەی نەوشیروان لە یەکێتی دەوێ ڕاستکردنەوەی مێژووە بە فۆرمی داهاتوو دووبارە نەکردنەوەی هەموو ئەو هەڵانەیە کە هەن،کارەساتی یەکێتی بەردەوام خۆی لە نوێکردنەوەدا دەبینێت کاتێک وەک جاشێک دوای پارتیە ئاغاکەی کەوتوە لە کاتێکدا هەوادارانی حزبەکەیشی ناڕازین لێی لێ بۆ دوای پارتی کەوتووە بۆ دەنگ دەدا بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی ؟
ئەمەیە پرەنسیپی حزبی سۆشیال دیموکرات دەنگ بدا بە ئاغا و بنەماڵەو دیکتاتۆر ؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە