بۆ هەموو ئەو كەسانەى كە ڕەش بینن - بەشى یەكەم

Sunday, 23/12/2012, 12:00

1454 بینراوە





ڕەشبینى لەژیاندا وێستگەیەكە دەبێت هەموو مرۆڤێك پێیدا تێپەڕێ بەڵام هەندێ كەس زوو پێیدا تێپەڕدەبن هەندێ كەسى كەش لەو وێستگەیەدا دەمێننەوە هەندێ كەسى دیكەش دواى تێپەڕبونیان جار جار دەچنەوە خەون و خەیاڵى ئەو سەفەرەیان , دوور لە پێناسە باشتر وایە باس لە حالەتەكە و چۆنیەتى دروست بوون و چارەسەركردنى و قسە كردن لەسەرى لە ڕوانگەى ئاینى پیرۆزى ئیسلامەوە دەبێت سەرەتاش باس لە هۆكارەكانى دەكەین كە بریتین لە
1- ژینگە :- یەكێكە لەو هۆكارانەى كە مرۆڤ بەرەو ڕەشبینى دەبات چونكە مێشكى مرۆڤ لە ژینگەى پاكدا زیاتر لە ڕووى جەستەیى و دەرونییەوە ئامادە دەبێت بۆ ڕوو بەڕوو بونەوەى هەر خەیاڵێكى نێگەتیڤ كە جار جا دێت بە مێشكى هەموو مرۆڤێكدا هەر ئەمەش وایكردوە لە كۆندا عەرەب و یۆنانیەكان بۆپەروەرەكردنى منداڵ لادێیان هەڵبژاردووە چونكە لادێ ژینگەیەكى پاك و بێگەردى هەیە ئەوەشمان لەیاد نەچێت زۆربەى فەیلەسوف و زاناو داناییانى جیهان كوڕى لادێ بوون .
2- خێزان :- خێزان كاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر دروست بوونى ئەم بابەتە چەند جار گوێت لە باوكى خۆت یان دایكى خۆت یان باوك و دایكى كەسێكى دیكە بووە كاتێك پرۆژەیەكت بۆ باس كردون یەكسەر بێ لێ كۆڵینەوە لێى ڕەتیان كردۆەتەو پێان وتویت ئەم كارە بە تۆ ناكرێت بیهێنەوە یادى خۆت لەوانەیە چەندین جار ئەم شتە لە ژیانى خۆت ڕوویدا بێت بۆیە ئەوەندە ڕێگریان لێ كردوى ئەوەندە پێیان وتویت ئەم كارە بەتۆ ناكرێت ئەمە بوەتە هۆكارى ئەوەى تۆ ڕەشبینانە بڕوانیتە ژیان وابیر بكەیتەوە كە تۆ هیچ كارێكت پێناكرێ تۆ ناتوانى سەركەوتوو بیت .
3- كۆمەڵگا :- ئەو چوارچێوەیەى تۆ تێیدا دەژیت , كۆمەڵگاى كوردەوارى ئێمە لەناو هەزارەها پەندى جوانى كوردى تەنها پەنێكمان زۆر بەجوانى لەبەر كردوە كە پێشم وانیە ئەمە پەندى كوردى بێت یان ئەگەر پەندى كوردیش بێت خوێندنەوەى هەڵەمان بۆى كردوە كە دەڵێت (دەست بەسەر گڵاوى خۆتەوە بگرە بانەیبات)یانى گرنگى بە ژیانى خۆت بدە ئیتر چواردەورەكەت بەدایك و باوك و براو هەموو كەسێكتەوە گرنگ نیە بەڵكو ئەوەى گرنگە تەنها ژیانى خۆتە ,لە هیچ شتێكیشدا خۆت تووشى كێشەمەكە , ئەمەش وا لە مرۆڤ دەكات مرۆڤێكى خۆپەرست دەربچێت چونكە هەركەسێك بیەوێت ببێتە كەسێكى سەركەوتوو لە ژیان و دواى ژیانیش وە ناوى بە زیندوى بمێنێتەوە دەبێت بۆخۆى نەژیت بەڵكو بۆ خەڵك بژیت نموونە پێغەمبەرى خوا ئەو كەسەى كەچەندین مانگ ئاگر لەماڵەكەى نەكراوەتوە دواتر هاوەڵانى پێغەمبەرى خوا پاشان چەندین فەیلەسوفى دیكەى دەتوانى وەك نموونە چاو لە ژیانیان بكەى كە چۆن خەڵك ویستانە و خۆنەویستانە لە ژیان ژیاون .
4- هاوێ :- ئەگەر بمانەوێ كەسایەتى خۆمان بونیان بنێین پێویستە بزانین هاوڕێیەتى كێ دەكەین چونكە ئەو كەسەى دەبێتە هاوڕێى تۆ وەكو هاوسەرى ژیانت وایە هەندێ جار چەندین نهێنى گرنگى ژیانت هەیە كە لاى باوك و دایك و تەنانەت خێزانەكەتیش باسى ناكەى لاى ئەو بەئاسانى باسى دەكەیت تاوتوێى دەكەیت و ڕەنگە بۆ زۆر شتیش پرسى پێ بكەى , زۆرگرنگە ئەو كەسەى هاوڕێى تۆیە تۆ كەسێكى هیمەت بەرز بێت و چۆك بۆ كێشەو گرفتەكانى ژیان دانەنێت .
5- ژیان لە ڕابردودا :- ئەوكەسانەى كە زۆر تووشى ڕەشبینى بوون زیاتر لە ڕابردودا دەژین ئەمەش كاریگەرى زۆر خراپ لەسەر كەسایەتیان دروست دەكات چونكە پێویستە ئێمە نە لە ڕابردودا بژین نە لەخەیاڵى داهاتوو بەڵكو ئێمە ئێستا دەژین دەبێت بۆ ئەو ڕۆژە بژین كە هەناسەى تێدادەدەین ژیان لە داهاتودا هیچ جیاوازییەكى نیە لەگەڵ ژیان لە ڕابردودا بۆیە دەبێت بۆ ئەمرۆ بژین نموونە :- تۆ ئەگەر لەم مانگەدا 500 هەزار دینار ئیشت كردبێت ئیتر ئەوە دەتوانى ئازارەكانى مانگى ڕابردوى پێ ساڕێژبكەیت و بە هیمەتێكى بەرزترەوە هەنگاو بۆ مانگى داهاوو دەبنێیت بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت مەبەستم ئەگەر ئیشت نەكردبێت ئەوە بیر لەڕابردو دەكەیتەوە كە چەندین هەلت لەدەست داوە و هەم ئەم مانگە كە تێیدا دەژیت بەبێ بەرنامەیى بەسەرى دەبەیت و مانگى داهاتوش كە چاوەڕوانت دەكات بە ترسەوە هەنگاوى بۆ دەنێیت .
6- پەلە كردن :- مرۆڤ بەگشتى ئەمانەوێ ئەو شتانەى كە مەبەستمان دەست خستنیەتى یان ئاواتمانە لە ماوەیەكى كورتدا بەدەستى بهێنین بەڵام كاتێك كەماوەیەك تێپەر دەبێت و بەدەستمان نەهێنا ئیتر وادوزانین كۆتایى هەموو شتێكە و زوو زوو پەنا بۆ ڕەشبینى دەبەین .
7- دەسەڵات :- دەتوانین دەسەڵات بەیەكێكى دیكە لە هۆكارى دروست بوونى ڕەشبینى دابنێین چونكە دەسەڵات كارى فەراهەم كردنى ژیان و گوزەرانێكى خۆشە بۆ مرۆڤەكان و سنووردار نەكردنیانە ئەوەى لەم ووڵاتەدا بەدى دەكرێت دەسەڵات ڕۆڵى بینیوە لە دروست كرنى ڕەشبینیدا نەك چارەسەر كردنى چونكە مرۆڤەكان بەئازادى لەدایك بوو دەیانەوێت بەئازادیش بژین هەروەكو ئیمامى عەلى دەفەرمێت بەڵام ئەو ئازادییەى كە ئێمە پێویستمانە بەدى ناكرێ لەم خاكەى كە لەسەرى دەژین .
8-ئابوورى :- بۆ نەهێشتنى ڕەشبینى ئابوورى باش بە ڕێژەى 10% كاریگەرى هەیە ئەگەر چى هەندێ كەس پێى وایە هەركەس خاوەنى ئابورییەكى باش بێت دەتوانێ هەموو شتێك بكات و خۆى دور بگرێت لە ڕەشبینى بەڵام پێویستە مرۆڤ هەوڵبدات گرنگى بە ئابورى ژیانى خۆیبدات چونكە بەڕێژەیەك دەتوانێ دورمانبخاتەوە لە ڕەش بینى , ناكرێ ئێمە بەردەوام بەدواى ئەوەدا بگەڕێین بەهەلێك دەوڵەمەند بین یان لەپرێكدا ببین بە كوڕێك هەروەك كوردەوارى وتویانە كەس لە پڕێكدا نابێ بەكوڕێ , (ئیندینرا گانرى)دەڵێت :-باوكە گەورەم جارێكیان پێى ووتم مرۆڤەكان دوو جۆرن ,جۆرى یەكەمیان ئەوانەن كە كارێك ئەنجام دەدەن و هەوڵدەدن , جۆرى دووەمیان ,ئەوانەن كە كارناكەن و لە ئیمتیازەكان وەردەگرن ,پاشان ووتى هەوڵبدە تۆ لە جۆرى یەكەمیان بە چونكە لەم جۆرەیاندا پێشبڕكێ كەمترە ,بەڵام ئیمتیازەكان كێبڕكێى زۆرى لەسەر دەكرێ .
9- سیستەمى پەروەردە:- ئەو سیستەمەى لە ووڵاتى ئیمە پەیرەو دەكرێ جگە لە سیستەمێكى دێوەزمەیى هیچى تر نیە لەهەموو دونیا قوتابخانە جێگەى خۆشبەختى و زانست و پەروەردەیە بەڵام لاى ئێمە قوتابخانە بوەتە زیندانێك كە هەموو ڕۆژێك بۆ چەند كاتژمێرێك قوتابى تێیدا زیندانى دەكرێ نە قوتابخانە نە سیستەمى پەروەردە ڕێگە خۆشگەر نەبووە بۆ فەراهەمم كردنى كەشێكى لەبار بۆ قوتابیان دواتر ئەو وانانەى دەخوێنرێت پێویستى بەگۆڕانكارى زۆر هەیە ئەنجامدانى تاقیكردنەوەكان پێویستیان بە گۆڕانكارى هەیە چونكە چەندین قوتابى بەهۆى دەرنەچونیان لە پۆلى شەش پەنایان بۆ خۆكوشتن بردوە یان لەبەر قورسى وانەكان قوتابى وازى لە قوتابخانە هێناوە ناكرێ سیستەمێكى لەم جۆرە پیادەبكرێ كە خوێندن بكاتە دوژمنى مرۆڤەكان و بەرەو ڕەشبینى هەنگاومان پێ بنێ .

تێبینى چۆنیەتى ڕوو بەڕوو بونەوەى لەبەشى دووەمدا باس دەكرێت .
بەشى سێیەمیش باس لە ڕەشبینى دەكەین لە ڕوانگەى ئیسلامەوە .



[email protected]
.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە