رۆژئاواى كوردستان دواى رژێمەكەى ئەسەد

Tuesday, 19/02/2013, 12:00

1326 بینراوە






دواى دابەشكردنى كوردستان بۆ چوار پارچە لە رێككەوتننامەى سایكس-بیكۆى نیوان بەریتانیاو فەرەنسا لەساڵى 1916دا، بۆ یەكەمجارو دواى 97 ساڵ، كوردانى رۆژئاواى كوردستان، ئیستا توانیویانە تاڕادەیەك هەست بە بوونى خۆیان وەكو كوردێك بكەن و ئاشناى ناسنامەى نەتەوەیی خۆیان بن و هەوایەكى پاك و ئازاد هەڵمژن.
كوردانى ئەو پارچەیەى كوردستان، لەسەردەمى داگیركارى رژێمى ئەسەدا، وەكو كوردانى پارچەكانى دیكەى كوردستان، بێبەش نەبوون لە زوڵم و زۆرو چەوساندەوەو پێشێلكردنى مافەكانیان، كوردانى ئەو پارچەیەى كوردستان، نەك هەر خاوەن هیچ مافێكى سەرەتایی خۆیان نەبوون، بەڵكو خاوەن ناسنامەیەك، پێناسێكیش نەبوون، دواى شۆرش و راپەڕینى وڵاتە عارەبییەكان لە تونس و میسرو لیبیاو یەمەن، نۆرە گەیشتە سوریاو گەلانى ئەو وڵاتەیش بەرەو رووى رژێمەكەى بەشار ئەسەددا راپەڕین، كوردیش هەل و دەرفەتێكى مێژوویى بۆ رەخسا تا لەسەر وڵاتەكەى خۆى هەر نەبێت، جۆرێك لەئازادى و خۆبەرێوەبردن بەخۆیەوە ببینێت، كوردانى رۆژئاوا بەتایبەت (پەیەدە، كە خاوەن زۆرترین و بەرفراونترین جەماوەرە لە رۆژئاواى كوردستان) هەرزوو كەوتنە خۆو ئامادەكارییان بۆ هەموو گۆڕانكارییەك و دەرئەنجامێك سازدا، ئیدارەیەكیان بۆ بەرێوەبردنى شارو ناوچە كوردییەكان دامەزراند، هەروەها هێزێكى چەكداریان بەناوى یەكینەكانى پاراستنى گەل (یەپەگە) دامەزراند، كەئەركى پاراستن و بەرگریكردنە لە ناوچە كوردییەكان، بەو هێزەیش، تاڕادەیەكى باش توانیان شارو ناوچەكوردییەكان لە دەستدرێژى و داگیركارى و ماڵوێرانى و هێرشى نەیارانى كورد بپارێزن. 
بۆیە ئێستا كورد لەوبەشەى كوردستاندا، وێڕاى هەندێ كەم و كوڕى و زۆرى ئاستەنگەكان و بارودۆخى دژوارى ئابورى و گەمارۆدان و شەڕى گروپە چەتەكان و پیلانى وڵاتانى دەوروبەر، خاوەن پێگەو ئیدارەیەكى سەربەخۆیە، هاوشێوەى ئیدارەى باشوورى كوردستان لەساڵى 1991 كەكاتێك دام و دەزگاكانى رژێمى بەعس لەكوردستان وەدەرنران یان كشانەوە، ئەو كاتانە بەرەى كوردستانى، ئەركەكەى گرتە ئەستۆو بووە جێگرەوەى دام و دەزگاكانى دەوڵەتى عێراق و بۆشاییەكەى پڕكردەوە.
بەڵام ئەوەى گرنگە بۆ كورد ئەوەیە، ئایا دواى روخانى رژێمەكەى ئەسەد، چارەنووسى ئەو پارچەیەى كوردستان چى دەبێت و چۆن دەبێت؟ بیركردنەوەو تێڕوانینى ئەوانەى دەسەڵات دەگرنە دەست لە دواى رژێمەكەى ئەسەد چۆن دەبێت بۆ كوردو مافەكانى؟ رژێمەكەى ئەسەد (ئەگەر چەند ساڵێكى دیكەیش بخایەنێت) هەر دەروخێت، بۆیە پێویستە لەئێستاوە بیر لەچارەنووسى كورد بكرێتەوە، وەك ئاشكرایە، كوردى رۆژئاواى كوردستان، وەكو كوردى هەموو پارچەكانى دیكەى كوردستان، چ لەئاستى هەرێمى و چ لەئاستى نێودەوڵەتى، بێ پشت و پەنایە، كورد لەم جیهانە پان و بەرینەدا دۆستێكى راستەقینەى نییە، ئەوەى هەیە تەنهاو تەنها كورد خۆیەتى، ئایندەى سوریاش تاڕادەیەكى زۆر، لێل و تاریك دەڕوانێت، هێشتا رژێمەكەى ئەسەد نەروخاوە، سوپاى بەناو ئازادو تاقم و گروپە چەكدارەكان، پارێزگایەكى ئەو وڵاتەیان رزگارنەكردووە، كەچى دژى كوردو مافەكانى دەوەستنەوە، ئەوان بەو كەمە دەسكەوتەیش رازینین كە كورد لەرۆژئاواى كوردستاندا بەدەستیهێناوە، چاویان بەرایی نادات كورد نینۆكى هەبێت سەرى خۆى بخورێنێ، ئەى ئەگەر سبەى بوونە دەسەڵاتدارى سوریا، دەبێت چى بەكورد بكەن و كردارو رەفتاریان چۆن بێت بەرامبەر رۆژئاواى كوردستان؟
هێرشەكانى تاقم و چەتەكان بۆ سەر شارى سەریكانى ئاماژەیەكى سەرەتایە، كە ئەوانەى ئیستا ناوى خۆیان ناوە سوپاى ئازادو ئۆپۆزسیۆن و خۆیان ئامادەكردووە بۆ جێگرەوەى ئەسەد، نەك هەر خاوەن پەیامێكى ئاشتیخوازانەو دیموكراسیانەو مرۆڤانەنین، بەڵكو لە فەرهەنگ و بەرنامەیاندا شتێك نییە بەناوى ئازادى و دادپەروەرى و مافەكانى مرۆڤ و مافى گەلانەوە، بۆیە سوریاى دواى ئەسەد، لەلیبیاى دواى قەزافى و میسرى دواى موبارەك باشترنابێت، لەو بڕوایەدام خراپتریش دەبێت، چونكە لە سوریا، كوردو عارەب، سوننى و عەلەوى و مەسیحى و چەندین نەتەوەو ئاینزاى دیكەى تێدا دەژین، بۆیە ئاسان نییەو نابێت، سوریایەكى ئازادو دیموكراس بێتە كایەوە كەهەمووان خاوەن ئەرك و مافبن تێیدا، نابێت چاوەڕێی وڵاتێكى سەقامگیرو حوكمڕانێكى دادپەروەربین، بەڵكو دەبێت چاوەڕێی شتى دیكەى مەترسیدار بین. 
ئەوەى ماوەتەوە ئەوەیە، كوردى رۆژئاوا، تاچەند خۆیان بۆ ئەو بارودۆخەى دواى ئەسەد ئامادەكردووە؟ تاچەند ریزەكانى خۆیان رێكخستووەو تاچەند خاوەن ئەجینداو بەرنامەیەكى دیاریكراوو روونن؟ ئێمە ئەو راستیانە دەزانین كە رۆژئاواى كوردستان بۆ ئایندە رووبەرووى هەڕەشەى جددى دەبێتەوە، چونكە ئەوان نەدۆستیان هەیەو نەكەس پشتگیریان دەكات.
بۆیە، حكومەتى هەرێمى كوردستان و گەلى باشورى كوردستان، بۆ ئایندە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكى قورسدان، لەبەردەم ئەركى مێژوویی و نیشتیمانى و نەتەوەییدان، كە تاچەند هاوسۆزو پشتیوانى ئەو پارچەیەى كوردستان دەبن، تاچەند پشتگیرى سیاسى و ئابوورى ئەو پارچەیەى كوردستان دەكەن بۆ ئایندە؟ دەپرسین: ئایا هەرێمى كوردستان دەبێتە جێگاى ئومیدى ئەو پارچەیەى كوردستان؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە