ئەو كاتەی سەركردە خۆی لێدەبێتە فریاد رەسی ناو ئەفسانەكان!

Tuesday, 25/12/2012, 12:00

1585 بینراوە







ھەركەسێك بتوانێ خانەوادەكەی خۆی لەسەر بنەمای ئەخلاقیە كۆمەڵایەتیەكان پەروەردە بكات ، ئەوە دەكارێ سەركردایەتی گەلێك و نەتەوەیەكیش بكات! بەمەرجێ یەكەم پایەی فەیلەسوفی بنەمای پەیرەوی ناو خانەوادەكەی دوور بێ لە خۆپەرستی و تاك رەوی . سەركردەی بەرێزیش ئەو سەركردەیە كارو كردەوە چاكەكانی لە ئامۆژگاریەكانی زۆرترن. سەركردە ناتوانێ داوای رێز لە گەلەكەی بكات ، تا خۆی رێزیان پێ نەدات ، لە ئاست خواستەكانیان نەچەمێتەوە . ئەوكاتەش سەركردە رووحی نامێنێ و لەناو خەڵك قێزەوەن دەبێ ، ئەوەی دەیڵێ جیایە لە كردەوەكەی، شكۆی گەلەكەی لەناو گەلان دەشكێنێ و خۆی بەتەنیا دەبێتە نمونەی ھەڵسەنگاندن بۆ گەلەكەی. ئەو سەركردانەی ناتوانن ھەستێك بۆ تاك وەك ئەندامێكی پێویستی ناو كۆمەڵەگە دروست بكەن ، ئەوە بێگوومان ! رەنگ دانەوەی ھەمان ھەستە، كە تاكیش لە لایەن خۆیەوە ناتوانێ سەركردە بەو بچمەی كە ھەیە قبوڵ بكەن ، یان بە پلەی پەرستنی بگەن ، لێرەو لەوێ ، بەئاشكراو نھێنی بەرنگاری دەبنەوە ، ھەمان نمونەی باوك و ئەندامانی خانەوادەكەی ، ھەركە تاك لە خانەوادە ھەستی بەسۆز و دڵنەوای نەكرد و وەك ئەندامێكی پێویستی خێزانەكە چاو لێنەكرا ، ئەوە ھەر لەزووەوە ھەستی دەرپەڕین لای دروست دەبێت و چیتر ئەو چوار دیوارە بە ماڵی خۆی نازانێ.
ئەو نمونانەی لەسەرەوە باسم كردن ،" مشتێكن لە خەروار" ، كە سەركردە ئەبێ بە سروشتی تێیدا چەكەرەی كردبێ و سەركردایەتی لە وێنەی ئارەزووی ھونەرمەندان ، كە ھونەرەكەیان بۆ جوا ن كردنی بەكار دەبەن ئەم جا بۆ گووزەرانیان ، ئەبێ جیاوازی لەنیوان بازرگانی و سەركردایەتی بكا ، سەركردایەتی نەتەوەیەك ،چ جای نەتەوەی كورد! كە زیاتر لەھەر نەتەوەیەك پێویستی بە سەركردەی ھونەرمەندە، لەبواری سیاسەت وبەرێوە بردن.
ھەل ومەرجی پێشووی كوردستان ، و دابڕانی لە جیھانی دەرەوە بەگشتی ، نەگەیشتنی بیرۆكەكان راستەو خۆ و بێ تەرجمەی گێل كردن وای كردوە ،سەركردە خوی وەك رەمز و ھێما ، تا دەگاتە پەرستن گوزارش بكەن. گەل بۆ چەندین سالە مورید ئاسا ، كۆێرانە سپی رەش و رەش سپی شێخ قبول بكەن ، تەنھا كاری ئەندامان لەقانێكی بەڵێی سەر بە ئەدەبەوە بووە، مێشكی بەڕێوەبەر تەنھا مێشكی سەركردایەتییە، لەناو سەركردایەتیش مێشكی ئەندامانی خاو خلیچك كراوە ! ئەمەش ھۆی مانەوەی سەركردە لە پێگەكەی بۆ ماوەیەكی دوروو درێژو پێگەیشتنی چەند نەوەیەك لە ژێر سێبەری فەرمان رەوای یەك سەركردە، زۆر سروشتیە تاك تا دەگاتە بەردەم سەركردە مێشكی ئیفلیج ببێ و ھەستێكیان تێدا دروست بێ ، كە وا دەزانن مێشكیان ناتوانێ لە راست مێشكی بەرێوبەرەكەیان كار بكات ، سەركردە زەروورەیەتی مێژووییە، ھەربۆیە "(رێوی) بەردەم سەركردەو(شێری) ناو خەڵكیان لێدەردەچێت" . لێرەوە سەركردە خۆی لێدەبێ بە فریاد رەس و پێویستیەكی مێژووی ھاو شێوەی پاڵەوانی ناو ئەفسانەكان ، سیفەتی خوای وەھمی بەخۆی دەبەخشێ و ھەڵەكانی لا راست و دروست دەبن، و ھەر رەخنە و ھەڵسەنگاندنی بۆچونەكانی دەخاتە خانەی ناپاكیەوە، لە ئەنجامدا مافی مانەوەی كۆمەڵگاو پارت و رێكخراوەكان ، تەنھا بە خۆی ئەندامانی خێزانەكەیەوە دەبەستێتەوە، ھزرو رەوشت و سەربەرزی تاك و كۆمەڵەگە زەوت دەكات.
بۆیە نابێ لەگەڵ لەناو چوونی ئەم جۆرە سەركردانە، گومان لە داڕمان و لێك ھەڵوەشانی ھیچ پارت و رێكخرواێك بكەین كە لەسەر خۆسەپاند و تاك رەوی و بە خوا كردن دامەزرابن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە