چیرۆکەکانی چیا : جوتیارێک بەتەورداس دەستی خۆی دەقرتێنێت (چیرۆکی ژمارە ٥)!

Thursday, 13/02/2014, 12:00

2412 بینراوە


کات : ئێوارەی پایزێکی درەنگ وەخت بوو ، ئاسمان سپی و هەموو شتێک لەسەرما بێدەنگەکەدا خۆی گرمۆڵە کردبوو ، شوێن گوندێکی بناری چیایەکی دنیا دیدەبوو ، لە دوکەڵ کێشی هەموو ماڵەکانەوە دوکەڵێکی سپی کە بۆنی داربەڕووی لێدەهات ڕووەو ئاسمان بەسەماکردنەوە دەڕۆیشتن و پاش کەمێک ووندەبوون . گەر لەدورەوە لەدەرەوەی گوندەکە لەم ئاوایەت بڕوانیبایە دەتووت دوکەڵکێشەکان نیشانی بونی کارگەیەکی زەبەلاحن کە بەرهەمی گەورە بەرهەم دێنن .
ئێمە ژمارەمان زۆر نەبوو ، بەڵام هەموومان لەبەردەم ماڵی خوای گوندەکەدا لە بەر هەیوانی مزگەوتەکە دا هەریەکەمان لەجێگەیەک وەستابووین ، سەرماکە لەوێدا کۆی کردبووینەوە ، یەک دوو هاوڕێم خەریکی خوێندنەوەی نامیلکە یەک بوون و لەسەر قەراغی دارە مەیتەکە دانیشتبوون . لەهەموو مزگەوتێکدا دارەمەیتێک هەبوو ، دارەمەیتەکان نیشانەی ئەوەبوون کەمردن چەندە وەفادارە بەچرکەش جێمان ناهێڵێت . منیش ماوەیەک لەپۆستەرە ڕەش و سپێکەی شەهیدانی کۆمەڵەو ئەستێرە سورەکانم ڕوانی ، ئەوە بۆ چەندەمین جار بوو ، هۆنراوەی سەرپۆستەرەکەو بەرواری ڕۆژی شەهیید بوونی شەهیدەکان و ژیان نامە کورتەکەیانم خوێندەوە . بەردەمی حەوزی مزگەوتەکەش کە ئاوێک بە بەردەوام دەڕژەیە ناوێوە ئاوازێکی یەکڕیتمی لێدەداو دەتزانی لێرە ژیان بەردەوامە ، من چەند جارێک ڕێگەم کەوتبۆ ئەم گوندە جوانە و چەند جارێک ببوومە میوانی ماڵەکان و نمەکی ئەم ماڵە هەژارانەم کردبوو ، زۆریشیانم لەنزیکەوە دەناسی ،هەربۆیە دەشم زانی چەند ماسی ڕەنگاو ڕەنگ لەناو حەوزی ئاوەکەدا ژیان دەکەن .ڕەنگە ڕووبدات یان زۆرجار مرۆف بیر لەوە بکاتەوە داخۆ ئەم ماسیانە چۆن ڕوویان لەم حەوزە کردوە ؟ یان ماسێکان چۆن لەناو ئەو چەمانەدا ژیان دەکەن ؟
کە بەهاوینان ئاوەکانیان ووشکی دەکرد ، کەبەهارانیش چەمەکان دەبوژانەوە پڕدەبوون لەسەلکە مێکوتەو ووردە ماسی . لێرە لەبەر دەم ماڵێ خوادا دار چنارێکی گەورەش کە بەر لەماوەیەک لقە گەورەکانیم ژمارد ١٦ لقی گەورەو گران بوون ، لەگەڵ سەدان لق و پۆپی ڕووتاوەی تر و چەند دارێکی تر کە لەداری هەنارو هەنجیرە سورەو مێوێکی چاو جوانیش خۆی بەسەر کەلەکەکاندا پەخشکردبۆوە . دارەچنارە گەورەکە زیاتر لە دەموچاوی پیرێژنێکی بەساڵاچوو دەچوو کە ڕۆژگاری سەخت سەدان چرچی کردبێتە ڕووخساری ، چەند گەڵایەکی ڕەنگاو ڕەنگیش بەتۆپزی خۆیان بە لقی دارەکاندا هەڵواسیبوو بڕیاریان دابوو دارەکە جێ نەهێڵن ، لەبەر خۆمەوە دەم ووت ئەم بەر ماڵی خوایە و ئەم حەو زە پڕ ماسی و دارو بێدەنگی یە لە هۆنراوەیەکی نەوتراوی گۆران دەچێت بۆ پایز.
نازانم بۆچی هەر چاوم دەگێڕا ؟ بەڵام دەم زانێ کەکاتێک لەچاوەڕوانی شتێکدا بیت یان کە بێکاربیت ، زیاتر چاودەگێڕیت بەدەوروو بەری خۆتدا وەک ئەوەی شتێکت لێ وون بووبێت. ئێمە بڕیارمان دابوو ئەو شەوە لەم گوندە بمێنینەوە بۆ یە چاوەڕوانی ئەوەبووین ڕوولەماڵەکان بکەین و ببینە میوانی سەر سفرە بەئەمەکەکانی ئەم گوند ە هەژارە .
پاشکەمێک ئەنجومە ڕووخۆشيکەهات و داوای لێبوردنی کرد کە تۆزێک بەهۆی سەرقاڵیەوە دووا کەوتبوو ، بەر لەماوەیەک نهێنی شەومان وەر گرتبوو ، بیرمە نهێنی ئەم شەومان " شەهید ئارام" بوو . جاری یەکەمینمان نەبوو بۆیە دوو دوو بەدووی ئەنجومەنی ئاوایی کەوتین ، ئەو دەیزانی کامە ماڵ سەرەی میوانێتی ، من و شیروان زۆرجاران لەگەڵ یەک لەماڵەکاندا دادەمەزراین ، شیروان ژانە سەری هەبوو ئەو ئێوارەیە حەوسەڵەی ئەوەی نەبوو باسی سیاسەت و دواڕۆژ بۆ خانەخوێکەمان بکات ، هێندە زۆر گوێم لەقسەکانی ببوو وەک گۆرانیەکی زۆر ووتراو هەموویم لەبەر بوو.
ئێمە دوا ماڵبووین بەبەرزایەکەوە بەسەر بەردەڵانەکەدا بازمان داو لای ئەو پەینە کۆکراوەیە ی بەر حەوشی ماڵەکە تێپەڕین ، ئەنجومەنە ڕووخۆشەکە دەرگا خوارو خێچەکەی کە بەرمیلێکی پانکراوەبوو یەک دووجارانی بەمشتە کۆڵە لێداو پاشان دەستی برد گوریسە ڕەشەکە کەوەک ئەڵقەڕێز دەرگاکەی گرتبوو بەرز کردەوەو ، خانمێک لەبەر هەیوانەوە بەخێرهاتنی لێ کردین ، ئەنجومەن هەر ئەوەندەی ووت مام دەروێش میوانتان هات ، لەچاو وونبوو ، ئێمەش بەرەو ڕووی خانمەکە ڕۆشتین بەسەر پێپلیکانە خوارو خێچەکەدا سەرکەوتین بۆ بەر هەیوانەکە ، لەبەر هەیوانەکە گەرچی جارێ تاریک دانە هاتبوو لالەیەک بەکزی داگیرسابوو ، خانمەکە دەستی بۆ دەرگاکە درێژ کردوو کە کردمانەوە بەتانیەکی ڕەشتاڵەش بەدیووی ناوەوەی ژوورەکەدا هەڵواسرابوو بۆ ئەوەی سەرماکە زەفەر نەبات بۆ ژوورەوە لۆکزێک ژوورە درێژ کەلەکەی کردبۆ ڕۆژی ڕووناک ، دیوارەکان گەچکاریەکی سپی جوان کرابوو یەک دوو وێنەش هەڵواسرابوو ، کەسڵاومان کرد لەبەرمان هەستان چەند کەسێک بوون ، ژنێکی بەتەمەنیش سنیەکی پڕ پیاڵەی ڕەنکاو ڕەنگ و سەماوەرێکی لەبەر دەمی خۆیا دانابوو ، زۆپادارینەکەش ناڵە ناڵی بوو ، کەچوینە ژوورەوە گەرماکە هاڵاوی بۆ هێناین ، گەرمای ژوورەکەو گەرمی ئەم ماڵە جوتیارە جەندە هیوا بەخش بوون ، من وەک پیشەی هەموو جارەکانم لەدارو دیواری ژوورەکەم ڕوانی ، چونکە مرۆڤ دەتوانێ لە سروشتی هەموو جێگەیەکدا کەدەچێ بۆی هەندێک زانیاری دەستکەوێت ، لەسەر بیر کردنەوەی خاوەن ماڵ یان ئەو جێگەیەی ڕووی تێدەکەیت . دوو وێنە زۆر سەرنجی منی بۆ لای خۆیان ڕاکێشا ، وێنەی کچە کافرۆش و وێنەیەکی تر کە بەفارسی لەسەری نوسرابوو "عاقیبەت نسف فروشی ، عاقیبەت نقد فروشی" ئەنجامی قەرز فرۆشی و ئەنجامی نەقد فرۆشی دوو بازرگان یەکێکیان مشک دابووی لەدوکان و قاسەکەی و خۆشی ماندو داماو سەر ڕووتاوەبوو، نەقد فرۆشەکەش شیک و قەڵەو ساغڵەم دیاربوو. لەدوای سەیرکردنی ئەم وێنەیە زەردەخەنەیەک هاتە سەر لێوم ،لەدڵی خۆمدا ووتم داخۆ ئەم وێنەیە چ پەیوەندیەکی بەم ژوورو خێزانەوە هەبێت ؟ مامە ڕیش ماش و برنجێکە دەستی چەپی بۆ وێنەکە درێژ کردو ووتی کوڕەکەم لەشارەوە هێنای ئەوی ساڵەو لێرە دای لەدیوارەکە ، هەر میوانێکی شاریمان دێت لەبەر دەمیا ڕادەمێنێت و دەپرسێ ئەمە مانای چی یە ؟ چ پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە ؟ دەبوو ئەمە لەدوکانی بەکری هەڵبواسرایە . بەکر دوکانداری ئاوای بوو ، من جارێکیان بەر لەماوەیەک یەک دوو ڕەحەتەقومم لێی کڕی بوو . پاشان دەستی کرد بەگیرفانیداو چەند بەڕوویەکی گەورەی دەرهێنا و لەسەر زۆپاکە داینا ، پاش ماوەیەکی کەم کە قسەمان دەکرد لەسەر وێنەکان بە قۆڵی چەپی کە دەستی پێوە نەبوو بەڕۆکانی ئەم دیوو دیوو کرد ، من بەدیقەتەوە لە قۆڵیم ڕوانی سەیر بوو لام پێم ووت : بەهەڵەدا نەچووم تۆ دەستی چەپت نەماوە ؟
مامەی پیرە بەزەردەخەنەیەکەوە کە پڕی بوو لەنور پێی ووتم : ئا بۆچی پێت سەیرە ؟
هەموو دانیشتوەکان دەستیان کردە پێکەنین ، ئیتر زانیم کورد ووتەنی "ئەم ماستە موویەکی تێدایە " ئەم چیرۆکە پڕێتی لەنهێنی دەبێ منیش بیبیستم . جارێکی تر ڕیزێک چا بوە گوڵی دانیشتنەکمان و بە دەم قسە کردنەوەش دوو بەروومان داکرمان کە لەسەر زۆپا دارینەکە برژابوو ، بەڕوو بەر لەبرژانی تفت و تاڵەو ناخورێت بەڵام کاتێک دەیبرژێنی تفتێکەی دەمێنێ بەڵام تاڵ نی یەو دەخورێت ، ئەوەش وانەیەکی تری چیایەکان بوو کەفێر بووم لێیانەوە. ڕووم لە مامە پیرە نورانێکە کرد کە بەدەستی
ڕاستی خەریکی پێچانەوەی جگەرەیەک بوو لەسەر ڕانی داینابوو ، شارەزایانە وەک هونەر مەندێک جگەرەکەی لول داو بەسەری زمانی قەراغەکەی تەڕکردوو دوایش دای بەزۆپاکەوە دایگیرساند ، زیاتر من فلیمی کاوبۆیم بیرکەوتەوە گەرچی ئەو دەمانە هەمووی چەند فلیمێکمان دیبوو ، بەڵام لەناو ناخی هزرماندا جێگەی گرتبوو دواچرکەو جوڵەیان، ووتم من
بزانم ئەمە خەریکی دەر هێنانی دینامێت بووی لەیەکێ لەخومپارە نەتەقیوەکاندا و ئاوا خۆت داغان کردوە ؟
ووتی نا کاکی پێشمەرگە ، ئەوە بەر لەچل و چەند ساڵێک دەستی خۆم بەتەورداس قرتان . هەموو گیانم بوون بەگوێ بۆ ئەوەی چیرۆکی دەستێکی قرتاو ببیستم بەدەستی خاوەنەکەی . ئێمە هەموو بیستومانە لە سعودیەی عەرەبی کەسێک دزی بکات دەستی دەقرتێنن ، دزە بچکۆلەکانی سعودیە دەستیان دەقرتێ و دزە گەورەکانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەر دەچن . بەر لەگێڕانەوەی چیرۆکەکەی خاوەن ماڵ من دەیان شتم بەخەیاڵدا هات ، بەڵام ئاوا دەستی بەگێڕانەوەی چیرۆکەکەی کرد .
" لەسەر مەزرابووم : گەنج بووم گیاکەڵەم دەکرد ، ئەودەم خۆمان شینایمان دەکرد "پاقلەو تەماتەو بامێ و خەیارو سڵق و تورو سەوزای تۆزێکیش تووتنمان دەکرد " چێشتهەنگاوێکی درەنگ وەخت بوو خەریکی کار کردن بووم بەبێڵەکەم خەتی جۆگاکانم پاک دەکردەوە بەنیازی ئەوەی عەسر کە ئەستێلەکە پڕ بوو بیکەمەسەر شینایی باخەکەمان ، لەناکاودا بجێک تەماتەم دی لە قەراغی جۆگەکە منیش نەم ویست زاماریان کەم تازەکی گوڵیان دەردابوو لەگەڵ چەند تەماتەی ووردو ئاڵدا بێڵەکەم بەدەستی ڕاستمەوە بوو خۆم نوشتانەوەو بەدەستی چەپم بنجە تەمەتەکە لەسەر جۆگەکە لادەم ، مارێک "کوڵەوەیباب" دای بەدەستمەوە ئازار چوە ناو ناخی دڵم ، ئازایانە تەورداسەکە لە لەپشتەوە بەناو پشتێنەکەمدا کردبووم دەرم هێناو سەری مارەکەم لەلەشی کردەوە سەری مارەکە بەدەستمەوە مایەوە و دانە تیژەکانی چەقاندبۆ ناو دەستمەوە ئەویشم لێکردەوە ،ئازایانە بەپشتێنەکەم دەستم لە مەچەکمەمەوە بەست و بە قەڵەمبڕ چەند کونێکم کردە دەستم ، بەرەو ئاوایی هەڵهاتم . کە گەشتمەوە ماڵ "هەیبەت"ی دایکم خەریکی خۆراک بوو بۆ نیوەڕۆ ، ووتم هەیبەت ئاخر من قەت پێم نەدەوت دایە هەر دەم ووت هەیبەت ، ڕۆنم بۆ لەقابلەمەکە کە ،ئەویش گورجو گۆڵ ڕۆنەکەرەی خۆماڵیمان هەبوو خستێ سەر ئاگرەکە منیش چیکەو چەوێڵی ترم نا پێوەی ڕۆن قرچا ، دەستە مارپێوەداوەوکەم کە ببوە قەترانی ڕەش لەڕۆنەکەم کرد و دەرم هێناو تەورداسێکم لێ دا لێم کردەوە و دەستم کردە ناو ڕۆنەداخ بوەکە . ئیتر لەهۆش خۆم چوم .
من چاوم زەق کردبوو شیروانی هاوڕێم ژانە سەری بیر چوبۆوە ،ئەوت سەیری فلیمێکی ترسناک دەکەین ، شیروان کەوتە قسەو ووتی ئەی دووایی؟
دووایی : کوڕگەلی ئاوایی چون لاشيی مارەکەیان هێناو بەڵام کەسیان سەری مارەکەیان بۆ نەدۆزرابۆوە ، من ووتم ئەی دکتۆرێک حەکیمێک لەم ناوە نەبوو ؟ چۆن ئەمەت بەخەیاڵدا هات ؟ ئاخر ئەگەر وام نەکردایە مارەکە دەی کوشتم ژەهری کوڵەهەیباب گاڵتەی لەگەڵ ناکرێت . من ووتم ئەی نەچوتیتە خەستەخانە نەڕۆشتی بۆشار خۆت پیشانی دکتۆرێک بەیت ؟
بەپێکەنینەوە دانە شاشەکەی دەرکەوت ووتی خۆ من چیم کردوە بەقەدەر شەڕێكی ئێوە دەیکەن ئازایەتیم نەنواندوە . ئیتر دوای مانگێک یان کەمتر چوم بۆ سلێمانی و مامێکم هەبوو لەوێ دەژیا بردمی بۆ لای دکتۆر عەسربوو ،دکتۆرەکە هێندە پێکەنی ئەی ووت چکارێکی ئازایانەت کردوە ، پێویستت بەهیچ نی یە بۆتی بکەم ، پێی ووتم بەخەڵکی ئاوایی بڵێ کەس شتی وانەکات جاری تر . تۆ سەڵامەت دەر چویت بەڵام هەوڵ بەن خۆتان بەدور بگرن لەمار و مێروو ، ئەوە چاکترە لەوەی خۆتان ئاوا داغان کەن .
من شیروان سەرو لێفەی ئەستورمان وەرگرت و بەرەو ماڵی خوا بۆ خەوتن کەوتینە ڕێ لەبەر هەیوانەکەدا خاووەن ماڵ ڕووی لەئاسمان کردوو ووتی کوڕینە زۆپای مزگەت گەرم کەن ئەمشەو بەفر دەبارێت . بەیانییەکی زووبوو من دوا نیگابان بووم چیرۆکەکەش لەمێشکما دەهات و دەچوو ، ئازایەتی ووشەیەکە نازانی بەکێی ببەخشی ، کێ ئازایە ؟ خودی ئازا چی یە ؟
لەبەر دەمی هەیوانی مزگەوتەکەدا دەهاتم و دەچوم لەخۆمەوە زوو زوو سەیری دەستی چەپی خۆم دەکرد ، بەمێشکما دەهات داخۆ منیش مارێک پێوەم بات وادەکەم دەستی خۆم دەقرتێنم ؟ دنیا تۆزێک ڕووناک ببۆوە سەیری کلوی بەفرەکانم دەکرد چۆن بەلەنجەوە دێنە خوارێ و بۆ بۆیاخکرنی ئەم گوندە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە