لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن - زنجیرەی نۆزدەهەم

Wednesday, 18/02/2015, 12:00

4749 بینراوە


ئیستگەی یەکێتی نیشتمانی لە ساڵی ١٩٨٠ کە دامەزرایەوە فەرەیدون عەبدولقادر کرا بوو بە لێپرسراوی، ئەرسەلان بایز بە یارمەتیدەری. دوای سەفەری فەرەیدون بۆ سوریا لە هەمان ساڵ، ئەرسەلان بایز بوو بە سەرپەرشتکار.
بۆ یەکەم جار فەرەیدون عەبدولقادرم دیت لە ماڵی خۆیان ساڵی ١٩٨٢ لە نێوزەنگ. پاکیزەی خێزانی لە ماڵی کاک نەوشێروان هات بۆ بەخێر هاتنمان ئینجا فەرمووی لێکردین بۆ نانی نیوەڕۆ. پاکیزە یەکەم و تەنیا ئافرەتێک بوو لە نێوزەنگ هات بۆ لامان، ژنێکی جوانی رووخۆش بوو، تەمەنی لە ناوەراستی سیەکان کەمێک لە سەرەوە بوو. ئەوە هەلێکی باش بوو کە یەکێکی کە جگە لە کاک نەوشێروان لە سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران بناسم. زۆر لام مەبەست بوو بچم بۆ ئەو نان خواردنە.
فەرەیدون عەبدولقادر، کابرایەک بوو تەمەنی لە چلەکان نزیک ببوو، ئەسمەر باڵایەکی مامناوەندی و لوتێکی پانی هەبوو، برایەکی خۆی لەگەڵیان لە ماڵەکە بوو لەگەڵ منداڵێکی خۆی دوو سێ ساڵان ناوی شەهاب بوو. زۆر دیقەتم گرت لە فەرەیدون بۆ ئەوەی بزانم ئاستی رۆشەنبیری و هەڵسو کەوتی وەکو سەرکردەیەک چۆنە و باسی چ تیورێکی زانستی سیاسیمان بۆ دەکات.
ئەو نیوڕۆیە برنجو بامییەو گۆشتمان خوارد، لەگەڵ میوەو کاستەر و جەلیی. ئەو سفرەیە زۆر لام سەیر بوو لە سفرەی پێشمەرگایەتی نەدەچوو، بەهەرحاڵ دوای نان خواردنەکە رێک لە بەرامبەرمان دانیشت هەر دوو قاچی راست و چەپ خستە سەر یەک، کەوتە پرسیار کردن لە من دەربارەی ئاشکرا بوونمان لە رێکخستنەکان، دوای ئەوە کەوتە باسی مەدح و سەنایی خۆی، کە چەند کابراییەکە زەوقی لە هەڵبژاردنی جلو بەرگ تەواوە، لە تاران چۆن کراسی کڕیوە لە رەنگی شەرواڵەکەی بوەشێتەوە، چۆن لە هۆتیڵی تاران سەرا لە تاران ماوەتەوەو زەلاتەو خواردنیان چەند موهیم بووە، باسی تارانی کرد ووتی، چووم بۆ دیتنی ژنە جل سورەکە وێنەی دەرهێنا دایە دەستم پێشانمی داو منیش دوای سەیرکردنم دام بەدەست خەجەی هاورێم، پرسیارم کرد ئەو ژنە چییە؟ ووتی ئەو ژنە کاتی خۆی کابرایەکی خۆشویستوە، رێکەوتوون کە ژنەکە جلێکی سوور بپۆشێت بچێت بۆ دیتنی خۆشەویستەکەی. بەڵام پیاوەکە نەهاتووە و چۆتە دەرەوەی وڵات، ژنەکە هەر لەسەر بەڵێنەکەی خۆی ماوەتەوە هەموو رۆژێ لە هەمان کات ئەو جلە سوورە لەبەر دەکات دەچێتە لە هەمان شوێن چاوەرێێ خۆشەویستەکەی دەکات، ئنیجا ووتی ئەم چیرۆکە کراوە بە گۆرانی " شەهری غەریبان" ئەفسەری شەهیدی گۆرانی بێژێکی ئێرانی بەناو بانگە خاوەن ئەو گۆرانییەیە.

لە راستەوە بۆ چەپ راوەستاوەکان، فەرهادسەنگاوی، فەهد، رێبوار، ئەوانەی دانیشتوون لە راستەوە بۆ چەپ رێبوار پێنجوێنی، یوسف زۆزانی توژەڵە ساڵی ١٩٨١

کە گەراینەوە ئەوەندە دڵم تەنگ بوو خەریک بوو لە پێستی خۆم دەربچم، جیاوازییەکی ئێجگار زۆرم بینی لە نێوان کەسایەتی ئەو کاک نەوشێروان. لە رێگا ئاورم لە خەجە دایەوە ووتم بەخودایی خەجەکەم دڵم زۆر تەنگە، ووتی بۆ؟ ووتم تۆ چییت دیت؟ ووتی وەڵا خواردنێکی خۆش بوو دەمێکە من برنجو بامییەم نەخواردوە و پاکیزە خانیش ژنێکی باشە، ووتم چی کەش؟ ووتی هیچی تر. ووتم خەجە ئەو پیاوە گەڵیک ئێسکی قورس و گران بوو، ئاستی رۆشەنبیریشی وەک ئاستی رۆشەنبیری کابراییەکی ئاسایی مامۆستایەک هاتە بەرچاووم، خەجە ووتی دەی ڕات لەکەس نییە! ئیتر سەیرم کرد ئەوەی لە دڵی خۆمە بیهێڵمەوە باشترە لەوەی باسی بکەم، وە بگەرێم شریتی ئەو گۆرانییە بدۆزمەوەو گوێی لێبگرم.

لە راستەوە بۆ چەپ وەستاوەکان، رێبوار، ئەبوشەهاب، رزگار دانیشتوەکان لە راستەوە بۆ چەپ رێبوار پێنجوینی، ئەرسەلان بایز، توژەڵە ساڵی ١٩٨١

هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی رادیۆی یەکێتی ساڵی ١٩٧٩، پێشمەرگەیەک بە ناوی فازیل کرابوو بە لێپرسراو، بەڵام لە ئەنجامی کێشەو ناکۆکییەکانی نێو باڵەکانی کۆمەڵەو یەکێتی نیشتمانی لابردرابوو. ململانێیەکی هەستپێکراو هەبوو لە نێوان ئەرسەلان بایزو فەرەیدون عەبدولقادرو فازیل لەسەر ئەوەی کێ ببێت بە لێپرسراوی یەکەمی رادیۆ. لە ئەنجامدا ئەرسەلان بایز بوو بە لێپرسراوی ئەو دەزگاییە. فازیل لە ساڵی ١٩٨٢ رێگەی هەندەرانی هەڵبژارد بوو هەر چۆن پێشمەرگەکانی ئێزگە ئەو کات باسیان دەکرد. ئەو سێ کادیرەی کۆمەڵە هەریەکییان سەر بە کوتلەیەک لە کوتلەکانی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی نیشتمانی بوون.
فازیل و مەلابەختیارو سالار عەزیز لەیەک نزیک بوون هەر یەکییان لەلای خۆیەوە خۆی بە جێگرەوەی شەهید ئارام لە قەڵەم دەدا. فەرەیدون عەبدولقادر ناسراو بوو بەوەی کە جەمسەرێکە لە کوتلەی زیندان. ئەرسەلان بایز وابەستە بە تاڵەبانی. لەسالی ١٩٨١ وە تاوەکو کۆتایی شۆرشەکە، ئەرسەلان باییز بە لێپرسراوی ئەو رادیۆیە مایەوە، پشتیوانیەکی ئیجگار زۆری لێدەکرا لە لایەن تاڵەبانی و هێرۆی خێزانی.
یوسف زۆزانی کوردی سوریا بوو خەڵکی شاری حەسەکە، لە ئەوروپا لەگەڵ تاڵەبانی ئێشنا بوو بوو، لە رێگای ئێرانەوە هاتبوو بۆ شاخ بۆ پێشمەرگایەتی، ئەو کات ئەو کابرایە بەوە ناسراو بوو کە دەستە راستی تاڵەبانی و هێروی خێزانی بوو. بەدرێژای ژیانی رادیۆ لە شاخ پاڵپشتێکی پتەوی ئەرسەلان بایز بوو. یوسف زۆزانی کابراییەک بوو ژیانی ئەوروپای دیبتبوو، خاوەن ئاستێکی باشی رۆشەنبیری بوو و قسەزان، سەرەڕای هەموو ئەوانە پاڵپشتیەکی بی هاوتایی هەبوو لەلایەن تاڵەبانی و هێرو، لە هەموو دانیشتنێک و کۆبونەوەیەکی گرنگی ئەو شۆرشە بەشداری پێدەکرا، تاڵەبانی فەرزی کردبوو بەسەر هەتا سەرکردەکانی کۆمەڵە، نزیکترین هاورێی یوسف، حەمە تۆفیق رەحیم بوو کە دەیکرد زاوای نەوشێروان مستەفا ئەمین سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران زۆر دەم بینی زۆربەی کاتە بەتاڵەکانیان لەگەڵ یەک دەبردە سەر.

چەند دەزگایەیەکی شۆرش هەبوو لە شاخ جێگەی سەرنج، مەبەست و گرنگی پێدانی تاڵەبانی بوون، بەدرێژایی ژیانی شاخ لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی خۆیدا بوون، یەکەم، دەزگای دارایی، ئەو دەزگاییە کارتۆنی بوو هیچ پارەیەکی لا نەبوو، هەموو دارایی شۆرش لە سکرتاریەتی تاڵەبانی بوو.دووەم، دەزگای رادیۆ و ئیعلام. سێیەم، پەیوەندیەکانی دەرەوە لەگەڵ ووڵاتان بە تایبەتی ئێران و سوریا. چوارەم پەیوەندی ناوخۆی لەگەڵ حزبە کوردیەکان. بۆ هەریەکێک لەو دەزگایانە تاڵەبانی کەسێکی خۆی دیاری کردبوو. مامۆستا نازم خەڵکی کۆییە بوو لەلایەن تاڵەبانی هەڵبژێردرابوو ببێت بە نمایندەی یەکێتی لە تاران. ئەو کابرایە ئەو کات لە نێو هێزی پێشمەرگە زۆر ناخۆشەویست و نەویست بوو، دەنگۆییەکی بەهێز هەبوو کە سەر بە ئیتلاعاتی ئێران بێت، دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ئاشکرا بوو کە خاوەن فایل بوو هاوکاری رژێمی سەدام بووە. شێخ عەلی برازایی تاڵەبانی بوو کرا بوو بە سەرپەرشتیکاری دەرامەت و دارایی شۆرش لە سکرتاریەتی تاڵەبانی پێشمەرگە بوو.
ئەرسەلان بایزو یوسف زۆزانی دەستە راستی تاڵەبانی بوون، یوسف زۆزانی هیچ بەرپرسیارییەتیەکی نەبوو بەڵام شان بە شانی ئەرسەلان دەزگای رادیۆ و ئیعلامی بەرێوە دەبرد بەدرێژای ژیانی شاخ. بەبەردەوامی مانگێ جارێک کۆبونەوەی هەبوو لەگەڵ تاڵەبانی زۆربەی جارەکان بە تەنیا دەچوو، جاروبارێکیش ئەرسەلانی لەگەڵ خۆی دەبرد. ئەو جومگە سەرکیی و گرنگانەی شۆرش لە ژێر کۆنترۆڵی تاڵەبانی و هێرۆی خێزانی بوون تاوەکو رۆیشتنی تاڵەبانی بۆ ئەوروپا لە رێگای ئێران لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ هێرۆی خێزانی . دەزگایی دارایی یەکێتی هەر لە ژێر کۆنترۆلی هەردووکیان بوو تاوەکو گەرانەوەیان لە دەرەوەی وڵات دوای سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩١.
ئەو تەشکیلەیە زۆر بەزەقی هەستی پێدەکرا بەڵام هەموو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵەی رەنجدەرانی مارکسی لینینی ئەوەیان قبول بوو.
بێگومان ئەو دیاردەیە لە نێو پێشمەرگەیی رۆشەنبیر و هۆشیار دەرکیی پێدەکرا، ببوو بەهۆی بوونی دەنگی نارەزایی لە نێوانیان، بەڵام ئەو کات هیچ یەک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەو یەکێتی نیشتمانی خۆیان نەدەکرد بە خاوەنی ئەو دەنگانە. لە ئەنجامدا زۆرانێکیان لە دەزگاکانی شۆرش کێشەیان بۆ دروست دەکراو موحارەبە دەکران، ئەمە ببوو بە هۆکارێک هەندێکیان بێزار دەبوون روویان لە دەرەوەی ووڵات دەکرد، هەندێکی تریان خۆیان نەقڵ دەکرد بۆ هەرێمەکان و مەفرەزەکانی خوارەوە جاری واش هەبوو دەگرانەوە ژێر دەستەڵاتی رژێم.
نارەزاییەکان لە نێو پێشمەرگەی ئێزگە زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرا، خۆشم یەکێک بووم لەو کەسانە کە سەرەڕای سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی کێشەی زۆرم بۆ دروست دەکرا، موحارەبە دەکرام لە لایەن ئەرسەلان بایزو باڵی جەلالیەکانی نێو ئەو شۆرشە کە ئەو کات بوونی هەبوو هەتا لە نێو سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەاران و پێشمەرگەی خوارەوەی ئەو هێزە.

لە راستەوە بۆ چەپ رێبوار، یوسف زۆزانی ساڵی ١٩٨٠

ئەو جۆرە دیاردانەی ناو شۆرش بۆمن ماییەی نارەحەتی بوون، من لە خەیاڵی خۆم وێنەیەکی تری ئەو شۆرشە تازەییەم کێشابوو، متمانەیەکی زۆرم پێبەخشیبوو، لە زهنی خۆمدا پێشمەرگەو شاخ دوو هێمای گەلێک بەرزو خۆشەویست بوون لام، وەک ئامرازێکی زۆر بەهێز دەیانم بینی بۆ رزگار کردنی وڵاتەکەم و میللەتە چەوساوەکەم، دەرک کردنم بەو دیاردانە ئاسۆیەکی گەشی پێشانم نەدەدا، ئەمە هۆکارێک بوو هەر بە سروشتی خۆم لە بەرەیەکی دژ بەو دیاردانە خۆم دۆزیەوە لە یەکەم هەنگاوم بۆ ئێزگە، هەتا کۆتایی ژیانی پێشمەرگایەتیم هەموو هەنگاوێکی پێویستم نا بۆ بەرەنگاری بوونەوەی ئەو دیاردانە، هەتا ئەو ساتەش لە هیچ یەک لەو هەنگاوانەم پەشیمان نیم، سەرەرای بوونی موحارەبەیەکی زۆر لەلایان ئەرسەلان و دکتۆر فوئاد مەعسوم و زۆربەی جەلالیەکانی ناو ئەو شۆرشە، بەهیچ جۆرێ بۆ یەک ساتیش شتیک لام دروست نەبوو بڵیێم واز دەهێنم یان رێگەی هەندەران هەڵدەبژێرم. سوور بوونم لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە بەراستم دەزانی و بەرەنگاری بوونەوەم بۆ ئەو دیاردانە هۆکارێکی زۆر گرنگ بوو لە نێو هێزی پێشمەرگەی سادە بۆ خۆشەویست بوون و رێز لێنانم وە نایشارمەوە زۆر بە ئاسانی لە چاوی پێشمەرگەی سادە ئەوەم دەخوێندەوە. بێگومان باس کردنی ئەو راستیانەی ژیانی پێشمەرگایەتی کە بە چاوی خۆم دیتم و لەگەڵی ژیاوم ئەوە ناگەیەنێت کە پەشیمان بم لە هەڵبژاردنی ئەو رێگایە، ئەو ساڵانەی لە تەمەنم لە شاخ وەکو پێشمەرگەیەک بردومەتە سەر لێی پەشیمان نیم، ئەو ساتانەن کە بۆ زامی میللەتەکەم ژیام و هەوڵ و تەقەڵای خۆم دا و بەبەرزترین هەلوێستی قۆناغەکانی ژیانی خۆمی هەژمار دەکەم.

تێبینی یەکەم: هەریەک گومانی هەیە لە راستی رووداوەکان و وێنەکانی ئەو بیەروەریانەم کە بڵاوی دەکەمەوە، ئاساییە دەنگ هەڵببرێت.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە