دووحیزبەكەی دەسەڵات هیچ نین جگە لە دەزگایەكی گەورەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ ئیرادە

Friday, 09/12/2011, 12:00

1072 بینراوە






حیزبی كوردی (بە تایبەت دووحیزبەكەی دەسەڵات) وەكو چەندین جاریتریش ئاماژەی پێكراوە، لەو فەزایەدا كە خۆیان دەسەڵاتدارن و كۆنتڕۆلیان كردووە، هیچ نین جگە لە دەزگایەكی گەورەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ ئیرادەو بێ بیركردنەوەی تایبەت. واتە حیزب بە گوێرەی بەرنامەیەكی تۆكمە و ئەوەندەی بۆی كرابێت هەوڵی وابەستەكردنی سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی خۆی داوە بە تەنها یەك جۆر لە بیركردنەوە، ئەویش ئەو بیركردنەوەیەیە كە سەركردایەتی حیزب بۆ ڕووداوە جیاوازەكان پەسەندی دەكات و بڕیاری سیاسی لەسەر هەڵدەچنێت.ئەمەش وایكردووە ئەندام و كادیرانی ئەو حیزبانە ڕۆڵی ئینسانییانەی خۆیان لە خستنەڕووی بیروڕا و تێڕوانینە تایبەتەكانیان لەمەڕ ڕووداو پێشهاتە جیاوازەكان لەدەست بدەن و ببن بە جۆرە كائینێك هاوشێوەی ئامێرێكی ئەلیكتڕۆنی هەر لەدوورەوە كۆنتڕۆل بكرێن و ئەوەیشی كە دەیڵێن هیچكات هی خۆیان نەبێت، بەڵكو قسەی تۆماركراوی كەسانی سەرووی خۆیان بێت و وەزیفەی ئەوان وەكو كاسێتێك تەنها بریتی بێت لە گوتنەوەی بەردەوامی ئەو قسانە بەبێ زیاد و كەم!

ئەمەش ئەو ڕاستیەیە كە ڕووداوەكان یان بڵێین مشتومڕەكانی تایبەت بە ڕووداوەكانی ڕابردوو بەردەوام گەواهییان بۆ داوە. گرنگترین و نوێترینیشیان ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەڤەری بادینان بوون كە تیایاندا ئەم واقیعە وەكو مانگی چواردە شەوی ڕوون و ئاشكرا دەدرەوشایەوە. دوابەدوای ڕووداوەكان كاتێك یەكگرتوو بەرپرسیارێتیییەكەی خستە ئەستۆی پارتی، پارتی یەكسەر لە سەركردایەتییەوە ئەمەی ڕەتكردەوە و ڕایشیگەیاند دەبێت یەكگرتوو لەبەرامبەر تۆمەتباركردنیان دا داوای لێبوردنیان لێبكات و ڕاستەوخۆ دوای ئەم ڕاگەیاندنەش ئەمە دەبێت بە گوتاری سەرجەم پارتییەكان لە گەورەترینیانەوە تاوەكو بچووكترینیان.

سەیركەن بەڕێزان، چونكە سەرەوەی پارتی بڕیاریدا كە بۆچوونی ناوبراوی هەبێت، ئیتر هیچ كەسێك كە خۆی بە پارتی دابنێت نابێت هەڵوێستێكی تری جیاوازی هەبێت! بەڵكو (ئەمرە و بمرە) دەبێت هەموویان دەست لەسەر سینگ ڕازی بن و پێكڕا هەرئەمە بڵێن و بڵێنەوە با هەڵە و نادروستیش بێت. ئاخر چ مەنتقێك ئەوەی پێ ڕاستە كە پارتی تاوانباری سەرەكی و بەرپرسی یەكەمی ئەو ڕووداوانە نەبێت ئەگەر یەك تۆز خاوەنی بیركردنەوەی خۆی بێت؟! پارتی كە لە بادینان كەس بێ پرسی ئەو پیازیشی بۆ سپی ناكرێت، چۆن و بە چ شێوازێك ماقووڵە كە حاشا لە پەیوەندی هەبوونیەوە بكات بەم ڕووداوانەوە؟!


ئەرێ بەڕێزان ئەگەر لە ژوورێكدا تەنها دوو كەس هەبن، لەناكاو یەكێكیان هاواری لێ بەرز ببێتەوە و كە خەڵك لێیان چوونە ژوور ببینن كابرا خەڵتانی خوێن كراوە و هەموو جەستەی برین و زامە، بڵێ ى جگە لەوەی گومان لە كابرای دووەم بكەن هەڵوێستێكی تریان ببێت؟! یان با هەڵوێستی پارتی و یەكگرتوو پێچەوانە بكەینەوە و وا دابنێین پارتی لە بادینانێكدا كە یەكگرتوو تەواوی دەسەڵاتی هەیە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و سەرجەمی بارەگاكانی سووتێنراون، ئایا بەهیچ شێوەیەك پارتی قەناعەتی بە درۆیەكی وا دەكرد كە یەكگرتوو بیگوتایە من نیم و دەستم تێدا نیە؟!

بەڵام وەكو گوتم لەبەرئەوەی كادیرانی حیزب ڕێگای بیركردنەوەیان لێگیراوە و كۆیلە و دەستەمۆ كراون، هەرچەندە هەموویان ئەو ڕاستییانەی سەرەوە لە ئێمەش باشتر دەزانن، كەچی ناتوانن یان ڕاستتر بڵێم (بۆیان نیە) دانی پێدا بنێن، بەڵكو دەبێت هەموویان وەكو بەبەغا هەمان شت دووبارە بكەنەوە و بۆیان نەهاتووە لە غەیری ئەمە شتێكی تر بڵێن!! نموونەش لەسەر ئەم حاڵەتە ئێجگار زۆرن.چەند شەوێك بەر لە ئێستا لە دوو كەناڵی ئاسمانیی جیاواز و لە دوو بەرنامەی جیاواز كە هەردووكیان لەهەمان كاتدا پەخش دەكران، دوو كەسی سەر بە پارتی و دووانی دیكەی دژ بەوان لەسەر ئەو ڕووداوانە مشتومڕیان بوو. هەرچەند ئەوانەی تر باسی بەرپرسیاریەتی پارتییان بكردایە لەو ڕووداوانە، وەڵامی دوو پارتییەكە هیچ نەبوو جگە لە دوو وەڵامی سەد لە سەد وەكو یەك، ئەویش بریتی بوو لە (بیسەلمێنە!). لە بەرامبەر هەر قسەیەكی غەیرە پارتییەكان (بیسەلمێنە!) و بۆ هەموو ڕەخنەیەكیان (ئاخر دەڕاوەستن بزانین ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی سەرۆك بارزانی چی دەبێت؟!) وەڵامیان بوو، وەكو ئەوەی تەواو ئاگاداری یەكتر بن یان ئەسڵەن یەكتری ببینن!! ئەمەش دۆخێكی خولقاندبوو تیایدا گوێگرتن لە یەكێكیان یەكسان بوو بە گوێگرتن لە هەردووكیان! یان بەپێچەوانەوە ئەوەش ڕاستە گەر بڵێم بە هەردووكیان بوونی تەنها یەك كەسیان دەسەلماند. ئەویش كەسێك نا كە ئازاد و سەربەخۆ بێت لە چۆنیەتی بیركردنەوە و چۆنیەتی تەعبیركردن لەوەی لە ناخیەتی، بەڵكو كەسێك پێشوەخت چەند ڕستەیەكی ئامادەكراوی بە گوێدا چپێنرابێت و تێگەیەنرابێت لە فڵانە شوێنەوە تاوەكو فیسارە جێگا بازنەی داخراوی حیزبە و بۆت نیە بەهیچ شێوەیەك لێیدەربچیت!!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە