پەژاک: لەوەڵامی عبدڵای موھتەدیدا جنێودان لەکلتوری ئێمەدانیە

Thursday, 26/04/2012, 12:00

2229 بینراوە


شەماڵ بەشیری بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)لەمیانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ژمارە ٨٢٨ی ڕۆژنامەی ھاوڵاتی کەلەلاپەڕە نۆدا بڵاوکراوەتەوە،بەمشێوەیە دەدوێت بەپێویستی دەزانێت لەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستادا لایەنی کوردی بەتایبەت لەئاستی ڕۆژھەڵات بەدڵێکی فراوانتر و بەلێبوردەییەوە لەیەکتر نزیکببنەوە.
لەم چاوپێکەوتنەدا، بەشیری بەکەموکورتییەکی گەورەی دەبینێت لایەنە کوردییەکان بتوانن زۆر بەئاسانی لەگەڵ ئێران و تورکیا کۆببنەوە بەڵام نەتوانن لەگەڵ یەکتری دابنیشن، پێیوایە ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەھەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە ھەنگاوبنێن، ئەوا ئێران حیسابێکی زۆر زۆر زیاتریان وەک کورد بۆ بکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەژاک، جەخت لەوە دەکاتەوە کەئەوان خاوەن ھێڵیکی سوورن، ئەو ھێڵەش ئەوەیە کەناھێڵن کەس شێوازی خەباتیان بۆ دیاری بکات، ھاوکات خۆیان بەبەدیل و ئەڵتەرناتیڤی ھیچ ھێزێکی کوردستانی نازانن، بەڵکو خۆیان بەئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن

* لەکاتێکدا ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێویستی بەبەرەیەکی یەکگرتوو ھەیە بەڵام ئێوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کەجنێو بەلایەنەکانی تر دەدەن؟
لە ڕاستیدا ئێمە حەرەکەتێکین کە باوەڕیمان بە ھەبوونی ئەخلاق لە سیاسەتدا ھەیە. ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆکە ھەوڵمانداوە کە نوێ بوون تەنھا بە کەم بوونی تەمەنی پاڕتیەکەمان گرێنەدەین بەڵکو لە فکر و ڕامان، لە کردار و ھەڵوێستی سیاسی، لە ئوسلوب و ئەدەبیاتی سیاسیماندا لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی بەرفراوانی سیاسی- کۆمەڵایەتیدا نوێ بین. ھەر بۆیە جنێودان لە کلتووری سیاسی ئێمەدا ھەبوونی نیە. بە پێچەوانە زۆر لایەن ھەبوون کە لە سەردەمی دامەزراندنی پاڕتیماندا ئێمەیان بە بەکرێگیراوی، سەر بە سوپای پاسداران بوون، مافیا و بازرگان و شەیتان ناوەزەد دەکرد بەڵام ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆکە ئێمە ڕەخنە و تێبینیمان لەسەر لایەناکانیتری کوردی ھەبووە و ھەوڵمان داوە کە ئەمانەش بە شێوەیەکی گونجاو بێنینە سەر زمان بەڵام قەت ھەڵگری ئەدەبیاتێکی ناجدی نەبووینە. لەوانەیە ھیندێک جار کەم و کورتیمان ھەبووبێت بەڵام ئەم بانگەشەیە بە ڕاست نازانین.
*عبدڵای موھتەدی دەڵێت مەرجی پەیوەندیمان بۆ پەیوەندی لەگەڵ پەژاک ڕاگرتنی جنێو و خراپی ھەڵس و کەوتی ئێوە بەرامبەریان؟
ئێمە وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان کێشە و گرفتی شەخسی و بنەماڵەییمان لەگەڵ ھیچ لایەنێکی کوردستانی نیە. بە پێچەوانە لەو بڕوایە داینە کە لەم قۆناخە ھەستیارەدا پێویستە لایەنی کوردی بەتایبەت لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ھەڵوێست و نزیکایەتیەکانی کۆن دەرباز بکەن و بە دڵێکی بەرفراوانتر و بە لێبوردووی و تۆلێرانسەوە لە یەکتر نزیک ببینەوە. ھەر وەک ئاماژەم پێدا، ئێمە جنێومان بە کەس نەدواوە و ھاوکات لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییدا ئامادەین کە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان پەیوەندیمان ھەبێت. ئەمە کەم و کورتیەکی گەورەیە کە لایەنە کوردیەکان بتوانن زۆر بە ھاسانی لەگەڵ زۆر لایەنی پان ئێرانیست و تورکدا کۆببنەوە بەڵام نەتوانن لە کەش و ھەوایەکی برایانە بە بنەماگرتنی نرخ و بەھا نەتەوەییەکان لەگەڵ یەکتر دابنیشن. لە جیاتی ڕۆژانە مەرجی جۆراوجۆر بۆیەکتر ھەڵببەستین باشترە ئەم مەرجانە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانە زەق بکەینەوە کە لە داھاتوودا دەبنە غەلیوونی ئێران.
*موھتەدی لەئێستادا خەباتی چەکداری ئێوە بەپێویست نازانێت؟
ھەموو لایەنێک سەربەستە کە خاوەن بیروڕا و پرۆژەی جیاوازی سیاسی تایبەت بە خۆی بێت. ئەوان کە بە پێویستی نازانن با نەیکەن. ئێمەش مەجبوریان ناکەین کە خۆ لە تێکۆشانی لەم شێوەیە بدەن. لەوانەیە کە ھەل و مەرجی گونجاو یان ھێز و دەرفەتی ئەمەیان نەبێت. ئەوەی گرینگ ئەوەیە کە ئێمە ھەوڵ نەدەین کە رێبازی تێکۆشان بۆ یەکتر دیاری بکەین. ئێمە وەک پاڕتیەک لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا خاوەن ھێڵێکی سوورین. ئەم ھێڵە سوورەش ئەوەیە کە ناھێڵین کەس شێوازی تێکۆشان و خەبات بۆ ئێمە دیاری بکات. لە ھەمان کاتیشدا ڕێزمان ھەیە بۆ تێکۆشان و بەرنامەی ھەموو لایەنەکانی کوردستانی.
*پێگەی جەماوەری ئێوە لەدوای کۆمەڵە و دیموکراتەوەیە؟
پەژاک لە ماوەی ھەشت ساڵی ڕابردوودا ھێز و تواناکاری سیاسی، ڕێکخستنی و لەشکەری خۆی بۆ ھەموو کەس سەلامدووە. ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە گەلی کورد چۆن دەڕوانێتە تێکۆشانی ئێمە. ئەم جۆرە نیقاشانە، ئەدەبیات و گرژی ساڵانی ٧٩ ھەتا ٩٠ەکانمان وەبیر دێنێتەوە کە بوو بە ھۆی ئەوەی کە شەڕی براکووژی لە نێوان کۆمەلە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بێتە ئاراوە. لە جیاتی ئەوەی کە ئیسرار بکەین کە پێگەی کام لایەن لە ھی کام لایەن زۆرترە، باشتر و پێویسترە کە بۆ ھاودەنگی و ھاوھەڵوێست بوون لە مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان تێبکۆشین.
*کاک شەماڵ ئێران ھیچ حیسابێک بۆ ئێوە ناکات زیاتر حیساب لەسەر کۆمەڵە و دیموکرات دەکات چونکە ئەوان چالاکترن؟
ئێمە بەھێز بوونی ھەر لایەنێکی کوردی لە بەرژەوەندی گەلەکەماندا دەبینین. لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵ دەدەین کە چالاکتر و تێکۆشانێکی بەرفروان بەڕێوە بەرین. ئەگەر بێت و لایەنە کوردیەکان بە ھەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە ھەنگاو بنێن ئەوان ئێران حیسابێکی زۆر زۆر زیاترمان وەک کورد بۆ دەکات. ئەوەی کە ئەمڕۆکەش پێویستیمان پێیەتی ئەمەیە.
*ئێوە وەک پەژاک خۆتان بەبەدیلی کۆمەڵە و دیموکرات دەزانن؟
ئێمە لە یەکەمین لێدوانی کۆنگرەی یەکەمینماندا ڕامان گەیاند کە خۆمان بەدیل و ئاڵتەرناتیڤی ھیچ ھێزێکی کوردستانی نازانین بەڵکو ئێمە خۆمان بە ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانین. واتە ئامانجی پەژاک لە رکەبەرابەتی حیزبی زیاتر تێکۆشانێکی ھەمە لایەنەیە بۆ دەربازکردنی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و زیھنیەتی ناسیۆنالیستی ناوەندگەرا لە ئاست ئێراندا. پەژاک ئەمڕۆکە بە بنەماگرتنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ھەوڵی سازدانی ئاڵتەرناتیڤێک بۆ ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
*وەک پەژاک ئێوە چ مەرجێکتان ھەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ پارتە سیاسیەکان؟
ئەمڕۆکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ھەل و مەرجێکدا دەرباز دەبێت کە بۆ کورد ھەم دەتوانێت خاوەن دەستکەوت بێت و ھەم بەپێچەوانە زەرەر و زیانی جدی لەگەڵ خۆیدا بێنێت. ھەر بۆیە ئێمە لایەنە کوردیەکان پێویستە بە بەرپرسیارێتیەکی زیاترەوە لەم قۆناخەدا ھەڵسوکەوت بکەین. لایەنی کوردی بۆ ئەوەی کە خۆیان بەرزبکەنەوە پێویستە پێ لەیەکتر نەکەن. واتە بە پێ لە یەکتر نان خۆمان بەرز نەکەینەوە. ئەم چەشنە لە سیاسەت ھەڵقوڵاوی چەمکی دەسەڵاتداری دەوڵەتەکانە. ئەو چەمکە سەد ساڵە بە پێ لێنان لە نرخ و بەھا و کەرامەتی مرۆڤەکان ھەوڵیداوە کە ھێژمونیای خۆی داسەپێنێت و پاوانەی دەسەڵات و ھێز بگرێتە دەست. ڕاست نیە کە کورد بەو ئامرازەی کە بۆخۆی بۆتە قوربانی ئەو، بە ھەمان ئامراز لە ناو خۆیدا ھەڵسوکەوت بکات.
رێزگرتن و ھەڵسوکەوت لەسەر بنەمای نرخ و بەھا نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی گەلەکەمان تەنھا مەرجەکانی ئێمەن. ئێمە لە مەرج زیاتر بانگەوازیمان ھەیە. ئەمەی کە گەورەترین زەربەی لە پرۆسەی گۆڕان و بوونی کوردان بە ھێزێکی جدی و کاریگەر لە سوریە دا، ئەو لایەنانە بوون کە لە جیاتی بە بنەماگرتنی ھێزی خۆیان و بنیادنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی، دژایەتی و ڕکەبەرایەتیان گرتە بەر و لە جیاتی قامیشلی و عەموودێ، شاری ئیستانبووڵ و پاڕتەکەی ئەردۆغانیان بە بنەما گرت. لە ئەنجامی ئەم سیاسەت و نزیکایەتیانە ئەو جەسارەتەیاندا بە ئۆپۆزیسیۆنی سوریە کە تەنانەت ناوی کورد و کوردستانیش رەد بکەنەوە و وەک وەھم ناوزەدی بکەن.
لایەنی کوردی لە ئاست ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا پێویستە لەم سۆنگەیەوە ئەم ڕێچکە فاشیلە مەحکوم بکات و ھێڵی نەتەوەیی- دیموکراتیک بە بنەما بگرێت.
*ئێوە خۆتان بەبرا گەورە دەزانن حەزدەکەن ھەموو پارتە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان برابچوکیتان بکەن؟
ئەم جۆرە دەربڕینانە دەربڕینی سەردەمیانە نین. زیاتر ئەدەبیاتی دێوەخانە ھەتا شەقامی سیاسی. ئێمە خۆمان نە پێ برا گەورەیە و نە خۆمان پێ برا بوچکەیە. ھاوکات نە برا گەورە لەسەر خۆمان قەبووڵ دەکەین و نە پێویستیمان بە برا بوچکەیی کەس یان لایەنێک ھەیە. ئامانجی ئێمە ھێنانە ئارای کوردستانێکی ئازاد و دیموکراتیکە. لایەنێک کە لە ھەوڵی برا گەورەبوون دابێت یان چاوەڕوانی برابچوک بوون بکات، ناتوانێت خاوەن ئیدعای دیموکرات بوون بێت. لە جیاتی ئەم چەشنە لێدوان و دەستەواژانە، ئەمڕۆکە پێویستی بە خیتابەتێکی جیدیتر و بەرپرسیارانەتر ھەیە و ئەمەش ڕۆژانە لە لایەن کۆمەڵگا و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانەوە وەک چاوەڕوانی لە لایەنە کوردیەکان مەترەح دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە