چۆن ئەلزەواهیری جێگەی بنلادنی گرتەوە؟

Thursday, 16/06/2011, 12:00

1820 بینراوە







پزیشكێكی ناودار لە یەكێك لە خێزانە بەناوبانگەكانی میسر جێگەی بنلادن دەگرێتەوە.
ئەیمەن ئەلزەواهیری كە جێگری بنلادن بووە و دەیان ساڵە پێكەوە كاردەكەن ئێستا سەركردایەتی تۆڕی بەناوبانگی ئەلقاعیدە لە جیهاندا دەكات.
بەپێ‌ ی سەرچاوەكانی ئەسۆشیەت پرێس زەهاوی تەمەنی 60 ساڵە و دەمێكە ئاگری ئایدۆلۆجیا و تاكتیك و لێهاتووی كاری رێكخراوەیی پێشكەش بە ئەلقاعیدە كردوە.
ئەو پزیشكە لەپشت هەموو كارەكانی خۆتەقاندنەوە و سەرپەرشتی سەدان هەوڵی تیرۆریستی كردوە و خۆی رابەری سەرەكی بوە لە دوای بنلادن لە رێكخراوی ئەلقاعیدەی تیرۆریستی.
ئەو ئێستا لە نزیك سنوری پاكستان و ئەفغانستان دەژی و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا لە چەندین فیدیۆ و شریتی تۆماركراودا بۆ جیهان دوا و تادێت پێگەی لەم ڕێكخراوەدا بەهێز دەبێت و ئیستاش سەركردایەتی دەكات.
لەهەمو كەسێ‌ زیاتر نزیك بوە لەبنلادن و یەكەم كەس بوە كە توانیویەتی هەندێ‌ جار روبەرووی بنلادنی سەرۆكی ئەلقاعیدە بوەستێتەوە و قسەی ڕەق بكات لە دژی.هەردووپێكەوە سەرەتا لە سالانی هەشتاكانی سەدەی رابردودا لەئەشكەوتەكانی ئەفغانستان كاریان دەكرد و ئەلزەواهیری هاریكاری پزیشكی و دەرمان و تیماری بنلادن و سەربازە بریندارەكانی شەڕی ئەفغانستان و ڕووسیای دەكرد.
ئەم دوو سەركردەیە بەرپرسی یەكەمن لە كارە تیرۆریستیەكان كە بەناوبانگترینیان پەلاماردانی سەنتەری بازرگانی جیهان بوو لە نیۆرك لە ئەمریكادا.
بەڵام بەپێ‌ ی زانیاریەكانی بەرپرسە باڵاكانی ئەمنی ئەمریكا ئەلزەواهیری كەسێكی خۆسەپێنەرە و سەرجەم كایەكانی ئەو ڕێكخراوە لەژێر فەرمانی ئەودان و هەمان كاریزمای بنلادنی نیە.
ئێستا ئەلزەواهیری تەحەدای زۆر گەورەی لەبەردەمە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای ڕێكخراوەكەی ئەمەش بەهۆی راپەرینەكانی باكوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست,كەلەلایەن بزوتنەوە كۆمەڵاتیەكانەوە دەڕوات بەڕێوە و زیاتر خوازیاری دیموكراسین نەوەك دەوڵەتی دینی.
لەیەكێ‌ لە ڤیدۆ تۆماركراوەكانیدا ئەلزەواهیری كەلەمانگی پێشودا بڵاوكرایەوە ئەلزەواهیری ئەمریكا ئاگاداردەكاتەوە لەوەی كە هێشتا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیسلامی بەتەمای ڕوخانی حكومەتی ئەمریكایە.
ئەو لەوڤیدۆیەدا كە دشداشەیەكی سپی لەبەردایەوە و لەدواوەش چەكێك لەپشتەوەیەتی رایدەگەیەنێ‌ كەوا"ئەمریكا ئێستا روبەرووی نەتەوەیەك دەبێتەوە كە لەقۆناغی شۆڕشدایە و لە ڕینیسانسی جیهاددایە لەدژی ئەمریكا.
ئەو رەخنە لەئەمریكا دەگرێت لە كوشتنی بنلادن و ونكردنی تەرمەكەی لەدەریادا. ئەلزەواهیری پێ‌ ی وایە بنلادن شەهیدە و ئەو پیاوە بوو كە بەزیندووی ئەمریكای تۆقاندبوو وە بەمردویش زیاتر ئەمریكا دەتۆقێنێ‌ و بەڵگەش بۆ ئەمە ونكردنی تەرمەكەیەتی لەدەریا و ترسی ئەمریكایە لەوەی كە بنلادن گۆڕی خۆی هەبێ‌. ئەلزەواهیری كوڕی خێزانێكی دەوڵەمەندی خوێنەوارە كە پڕن لەكەسانی زانا و پزیشكی بەناوبانگ و باوكی پرۆفیسۆری پزیشكی بووە لە زانكۆی قاهیرە و باپیریشی ئیمامی گەورەی زانكۆی ئەزهەر بووە,كە بەنرخترین ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئاینیە لە جیهانی ئیسلامدا
.هەر لەتەمەنی 15 ساڵیدا ئەلزەواهیری گروپی نهێنی خۆی دروست كردوە لە قوتابیانی ئامادەیی پێكهاتبوون بۆ دژایەتیكردنی حكومەتی میسری و بەردەوام بوو لەچالاكیە سەربازیەكانی لەگەڵ هاوشانی بەدەستهێنانی بروانامەی پزیشكی و دواتر ئەو گروپەی پێكی هێنا لەتەمەنی هەرزەكاریدا پەیوەندی دەكەن بەگروپی جیهادی ئیسلامی و ئەلقاعیدە دادەمەزرێنن.
.هەروەها ماوەی سێ‌ ساڵ لەبەندیخانە مایەوە پێش ئەوەی كە بڕوات بۆ ئەفانستان لەساڵی 1984 شەڕی رووسەكان بكات لەو وڵاتەدا.لەوێ‌ پەیوەندی دەكات بەبنلادنەوە و دواتر پێكەوە دەچنە سودان و پاشان دەگەرێنەوە بۆ ئەفغانستان كەلەوێ‌ شوێنێكی باشە بۆ چالاكیەكانیان بەچاودێری ڕژێمی رادیكاڵی تالیبان.پاشان لە ئەفریقا ساڵی 1998 پەلاماری سەفارەتی ئەمریكا دەدەن و دواتر لە ساڵی 2000 پەلاماری سەفارەتی روسیادەدەت لە یەمەن كە ئەم هەوڵەش لەلایەن ئەلزەواهیریەوە جێبەجێكراوە.وە لەساڵی 2001 ستراتیژیەتێكی درێژخایەنتر دادەڕێژن بۆ پەلاماردانی ئەمریكا و جێبەجێی دەكەن و زۆرترین هاوڵاتی ئەمریكی دەكەن بەقوربانی پەلامارەكانیان.بەپێ‌ ی وتەكانی ئەلزەواهیری "كوشتنی ئەمریكی و جولەكەكان كارێكی قورس نیە بۆ ئەوان ئیتر ئایا ئەو كوستنە لەڕێ‌ ی فیشەك و چەقۆ و بۆمب و تەنانەت هێرشی موشەك و فرۆكەوە بێت." دیارە رقی ئەلزەواهیری بۆ ئەمریكیەكان تا رادەیەك رقێكی شەخسیە چونكە دوو مناڵی لەكۆی شەش مناڵ لە كاتی هێرشەئاسمانیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەفغانستان لەساڵی 2001 دا كوژران لەپاش هێرشەكانی 11 ی سێپتەمبەر.
ئەلزەواهیری چەندین ساڵە كار بۆ رێكخستنەوەی سەركردایەتی رێكخراوەكەی دەكات و پیلاندانەر و دەستێكی راستەوخۆی هەبوە لە پەلامارەكانی باكوری ئەفریقا و سعودیە و یەمەن و پاكستان و تەقاندنەوەی هێڵی شەمەندەفەری مەدرید لەئیسپانیا لەساڵی 2004 و تەقینەوەكانی لەندەن لەساڵی 2005.سی ئای ئەی زۆر نزیكبونەوە لە دەستگیركردنی لەساڵی 2003 و 2004 دا كاتێ‌ كەلەپاكستان بوو.
وەلەساڵی 2009 دا لەهەوڵێكی دەستگیریكردنیدا شكستیان خوارد كاتێ‌ كە ئەو كەسە لێ‌ ی نزیك بونەوە خۆی تەقاندەوە و ئەلزەواهیری دەرنەچوو بەڵكو پیلانی ئەو بوو.ئەو كەسەی كە خۆی تەقاندەوە حەوت ئەمریكی كوشت و شەش كەسی تری بریندار كرد لەشاری غوست لەئەفغانستان.
هەروەها رێكخراوی ئەلقاعیدە لەم ساڵدا پشتگیری خۆی راگەیان بۆ راپەرینەكانی تونس و میسر و یەمەن و سوریا و لیبیا.ئەلزەهاوی لەیەكێ‌ لە گرتە ڤیدۆیەكاندا دەڵێت " ئێمە پشتگیری خەڵكی وڵاتە ئیسلامەكان دەكەین بۆ بەردەوامبوون لەخەبات و كۆڵنەدان و خۆتەرخاندەكەین بۆ كۆمەكی خەڵكی تا راپەڕن لەدژی ئەو ڕژێمە سەركوتكەرانەی كە ڕۆژئاوا كاتی خۆی دروستی كردون و ئێستاش پشتگیریان لێدەكەن."


سەرچاوەكان:

http://www.washingtonpost.com
http://www.youtube.com/watch?v=ORcrpVqKKac
http://www.bbc.co.uk/news/world-middle-east-13788594
http://english.aljazeera.net/news/asia/2011/06/20116167027684907.html
http://www.fbi.gov/wanted/wanted_terrorists/ayman-al-zawahiri
http://www.pwhce.org/zawahiri.html


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە