دیارییكردنى پۆستى سەرۆك كۆمار بە زەوق و ئارەزووی هێرۆ خان!

Thursday, 31/07/2014, 12:00

2222 بینراوە


كاتێك جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ یەكێتى یەكلایى بویەوە، ماكینەیەكى زەبەلاحى راگەیاندن بە رەسمى و بە سێبەرەوە، كەوتە گەڕ بۆ پشتگیرىكردن لەكاندیدێكى گەنج بۆ ئەو پۆستە، زۆر وترا و زۆر نوسرا كە دەبێت و پێویستە دەموچاوى نوێ و خوێنى تازە بهێنریتە پێشەوە و بیانوەكەش وەك هەموو جارێك جەماوەرى یەكێتى بوو گوایە ئەمە خواستى ئەوانە، سەرئەنجام و دواى ململانەیەكى قورس و دەیان كۆبونەوەى ماراسۆنى مەكتەبى سیاسى قوباد (تاڵەبانى) بۆ ئەو پۆستە دیارى كرا و خەبات و پێشمەرگایەتى لە كولەكەى تەڕیشدا ناویان نەهات .
زۆرى نەبرد ئەوجا باس وخواسى سەرۆك كۆمار هاتە گۆرێ كە پشكى كوردە لە عێراق و لە نێو كوردیشدا پشكى یەكێتییە، بەڵام ئەمجارە قەوانە سواوەكە لێدرایەوەو رۆژانى تەنگانە و خەبات و تفەنگ كرا بەپێوەر و لێهاتویى و زمانزانین و گەنج بوون خرانەوە ناو سندوقە رەشەكەى ناو حزب یان راستر وایە بلێم ناو سندوقى بنەماڵە، جەماوەرى یەكێتیش حسابى تورێكى قوڕاویان بۆ نەكرا .
ئەوانەى مێژوو باش ناخوێنەوە و پەند و ئەزمونى لێ وەرناگرن خۆیان جارێكى دیكە دەبنەوە بەپەندى مێژوو، جیابونەوە ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تالەبانی بەشێك لە هاوڕێكانیان لە مستەفا بارزانى لە ئەنجامى تاكڕەوى مستەفا بارزانى بوو نەك شتى دیكە و لە شەستەكانى سەدەى رابردوەوە هەتا ئێستاشى لەسەر بێت نێو ماڵى كورد دابەشبوە بەسەر دوو بەرەداو هەزاران گەنجى كوردیش بەناهەق خوێنى رژا، سەیرە زۆریش سەیرە ئیستا بنەماڵەى ئیبراهیم ئەحمەد هەمان مێژوو بەسەقەتى دوبارە دەكەنەوە و دەیانەوێت حزبێكى وەك یەكێتى دەستەمۆ بكەن و بیكەن بە حزبى بنەماڵەو بێ گوێدانە دەرهاویشتەكانى ئەم سیاسەتە هەڵەیە , دیارە باكیان نیە لە دووبارە بونەوەى لەتبونێكى ترى یەكێتى و ئەوەى پاشگرى تاَلەبانى بەخۆیەوە نوساند ئەوا وەك كوڕى مەلیك مامەڵەى لەگەڵ بكرێت و كادرانى ترى بێ پشت و پەناش لەناو بازنەیەكى داخراودا بیخولێنەوە.
ئەگیناكێ هەیە نەزانێت د. بەرهەم شایستەى پۆستى سەرۆك كۆمارە، یاخود بەڕێزیك كە لە هەڵبژاردنەكانى ساڵى (2010)ی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر ئاستى پارێزگاى عێراق چەند هەزاردەنگێكى هێناوە یان كێ هەیە نەزانێت سالار محمود و گۆران ئازادو د.عزەت سابیر لە بێگەرد (تاڵەبانى) شایستەترن بۆ پۆستى سەرۆكى فراكسیۆنى سەوز لە پارلەمانى كوردستان؟ كێ هەیە نەزانێت ئارێز عبداللە شایستە ترە لە ئاڵا (تاڵەبانى) بۆ سەرۆكى فراكسیۆنى یەكێتى لە پارلەمانى عێراق؟، پرسیارى گرنگ ئەوەیە ئایا كادر و جەماوەرى یەكێتى سیاسەتى بە بنەماڵەبونى یەكێتى یان هەروا بە ئاسانى بەسەردا تێپەر دەبێت و وەك روداوێكى ئاسایى مامەڵەى لەگەل دەكەن؟؟ من خۆم بڕوام وایە وەڵامەكەى نەخێرە و تەنها كەسێكمان پێویستە مەشخەڵەكە هەڵبگرێت و هیچى تر.
لە ئێستادا بە بڕوای ئێمە جەماوەر و كادرە بەشخوراوەكانی یەكێتی چاویان لە خودی د. بەرهەمە تا هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت لە بەرامبەر ئەو بێسەرەوبەرەیەی ناو ماڵی یەكێتی و تەواوی ناڕەزایەتیەكان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە بۆ دووبارە كاركردن بۆ ئەو ئامانجەی یەكێتی لەپێناویدا دروست بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە