تەشهیر پێكردن ماناى چییەو بۆچى هەندێ جار پەنا ئەبرێتە بەر تەشهیر؟؟؟

Tuesday, 19/02/2013, 12:00

2717 بینراوە





تەشهیر پێكردن بە واتاى ناوزڕاندن یان سوكایەتى پێكردن یان لەكە داركرنى كەسێك یان لایەنێك یان گروپیكى دیاریكراو دێت لە لایەن كەسێك یان كەسانێكى ترەوە بۆ مەبەستى تایبەتى. تەشهیر پێكردن كارێكى قێزەونى بێزراوە لە روى كۆمەڵایەتییەوەو زۆر جار كێشەى گەورەى لێ كەوتۆتەوەو هەتا گەیشتۆتە كۆشتن, ئەمە جگە لەوەى لە ڕوى یاسایشەوە قەدەغەیەو هەر كەس و لایەنێك تەشهیر بە كەسانى یان لایەنى تر بكەن بۆیان هەیە داواى یاساییان لەسەر تۆمار بكەن.
بەڵام ئەبێ ئەو راستیەش بزانین كە تەشهیر پێكردنیش هۆكارى هەیە. لە ڕاستیدا تەشهیر پێكرن لە ناڕەزاییەوە سەر چاوە ئەگرێت . زۆر جار كەسێك یان كەسانێك یان گروپێكى سیاسى ناڕازین لە بەرامبەرەكانیان بە هۆكارى ئەوەى مافەكانیان زەوت كردون یان پانتایی ئازادییان بەر تەسك كراوەتەوە یان خۆیان بە مەغدوور ئەزانن و كەس وەڵامى داواكانیان ناداتەوە , لە ئەنجامدا ناڕەزایی دەر ئەبرَن و زۆر جار ئەو ناڕەزایی دەر بڕینە بە شێوەیك ئەبێت لە قاڵبى ئادابى كۆمەڵایەتى و یاسایی تێ ئەپەڕێت و ئەچێتە خانە یان بابى تەشهیرەوەو بەرامبەرەكەى توڕە ئەكات.
بۆ نمونە ئەگەر كەسێك قسەیەكى نابەجێ یان درۆیەك بكات پێی ئەڵێن شەكرى خوارد. ئیستا لە هەرێمى كوردستان بە بەردەوامى قسە لەسەر دزیكردن و بە تاڵانبردنى سامانى وڵات ئەكرێت لە لایەن بەر پرسان و حكومەت خۆیەوە ئەگەر بە بەر پرسێك بوترێت دزیكردوە و ئەگەر بە بەڵگەوە ئەوە نەسەلمێنرێت , ئەگەر لە ڕاستیشدا دزیەكەى كردبێت , ئەتوانێت داواى یاسای تۆمار بكات و بڵێت تەشهیرم پێكراوە. بەڵام خۆشبەختانە ئیستا وشەى گەندەڵى داتاشراوە لەبرى دزیكردن و ئێستا ئەوانەى دزى ئەكەن بەو وشەیە نارەحەت نابن و بەردەوامن لە دزیكردن ئەگەر ڕۆژى سەد جار پێیان بوترێت گەندەڵ و لە ڕاستیشدا گەندەڵى و دزیكردن هەر یەك مانایان هەیە.
زۆر جار ئەمە بە ئاسایی وەر ئەگیرێت و گەورە ناكرێت لە لایەن بەرامبەرەوەو پەچە كردارى گەورەو خراپى بە دوادا نایەت بە تایبەتى ئەگەر ئەو لایەنەى تەشهیرى كردوە لەسەر حەق بن. بەڵام زۆر جاریش لایەنى بەرامبەر بە مەبەست زۆر گەورەى ئەكەن و ئەكەونە هەڕەشە نەك لەبەر ئەوەى ئەوانەى تەشهیریان كردوە لەسەر حەق نین بەڵكو بۆ ئەوەى ڕاستییەكان بشارنەوە لە ڕێگاى هەڕەشەو بەكار هێنانى هێزەوە.
لە ماوەى ڕابوردودا كۆمەلڵێك لە لایەنگرانى پارتى خۆ پیشاندانیان ئەنجامدا لەبەر دەم كەنالى تەلەفزیۆنى نالیا بە هۆى ئەوەى كەسێك تەشهیرى بە مەلا مستەفا كردبو لە ڕێگاى بەرنامەى مایكى ئازادى تەلەفزیۆنەكەیانەوە كە زۆر زەحمەتە كۆنتڕۆل بكرێت و هەر لە كاتى خۆشیدا قسەكەیان بڕیبو و دوو بارەشیان نەكردبۆوە , كەواتە تەلە فزیۆنەكە لەو كاتەدا لە ڕوى یاساییەوە بەر پرسیار نابێت.
پێشەكى ئەوە ئەڵیم تەشهیر پێكرن كارێكى نەشیاو و ڕێگە پێنەدراەو چارەسەرى هیچ كێشەیك ناكات و مەلا مستەفا بایی ئەوەندە خەبات و تێكۆشانى بۆ كورد كردوەو ئەوەندە ماندو و دەر بە دەر بوە هیچ پاساوێك قبوڵ نییە بۆ تەشهیر پێكردنى و كەسایەتییەكى شۆڕگێرى ناسراوى میللەتى كوردەو لە سەر ئاستى جیهانیش ناسراوە و ئەبێ لە برى تەشهیر پێكردنى زۆر بە ڕێزیشەوە ناوى بهێنرێت.
بەڵام پارتى بە مەبەست ئەمەیان گەورە كردوو هەر خۆیان هەوادارانى خۆیان ڕاسپاردبو بەشدارى ئەو گردبونەوەیە بكەن و كەس لە خۆیەوە بەشدارى ئەو خۆپیشاندانەى نەكردبو. سەیر لەوە دابو دوایی بەر پرسى لقى چوارى پارتى گوایە چوبو بۆ بڵاوە پێكردنى لایەنگرانى حیزبەكەى گوایە ئاگاى لێیان نەبوە بەڵام دەستخۆشى لێ ئەكردن. ئەمە لە كاتێكدایە نابێت خۆپیشاندا بە بێ مۆڵەت بكرێت و هیچ گومان لەوەدا نییە كە ئەو گردبونەوەو خۆپیشاندانە بە بەرنامە كراوە , بەڵام بەر پرسانى پارتى بە ئاسانى ئەتوانن حاشاى لێبكەن چونكە بەڵگەى یاساییى زۆر ڕون نییە.
تەشهیر كردنەكە بە مەلا مستەفا لە لایەن ئەو كەسەوە لەو مەبەستەوە سەر چاوە ئەگرێت بۆچى 31 ملیار دینار لە بودجەى خەڵكى كوردستان بۆ قەبرى مردویەك خەرج ئەكرێت لە كاتێكدا ئەو كەسە چەند گەورەش بێت ئەو مردوەو سودى بۆ ئەو نابێت و باشتر نییە بۆ كەسانى فەقیرو هەژار خەرج بكرێت. لە ڕاستیدا بۆ چونەكەى ئەو كەسە تەواو ڕاستەو ئەوە هەر ئەو نییە كە گلەیی هەیە لە چۆنیەتى خەرجكردنى بودجەدا بەڵكو نیوەى زیاترى كۆمەڵگا هەمان بۆچونیان هەیەو ئەوەتا ڕۆژانە لەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامەكان و لە ڕێگاى تەلەفزیۆن و ڕادیۆكانەوە باسلى گەندەڵى و بە هەدەر دانى قوتى خەڵك ئەكرێت, بەڵام ئەو كەسە بە نەزانى هاتوە ناڕەزایەكەى خۆى خستۆتە قاڵبى تەشهیرەوەو جگە لەوەى حەقى ناڕەزایەكەى خۆشى لە دەستدا ئێستا بە پێی یاسا تاوانباریشە چونكە ئەوە تەشهیرە بە كەسایەتییەكى گەورەى ئەم میللەتە.
پارتیش ئەمە بە هەلێكى باش ئەزانێت بۆ شاردنەوەى گەندەڵیەكانیان ئەم قسەیە گەورە ئەكەن گوایە سوكایەتى بە ڕەمزى گەورەى كورد كراوەو بەڵام زۆر ڕەوایە شەرعیەت بە خۆیان بدەن بە ناوى ڕەمزى گەورەى كوردەوە سامانى وڵات بۆ خۆیان ببەن. هەر ئەمەشە بۆتە هۆكارى ئەوەى بنە ماڵەى بارزانى وپارتى خۆیان بونە هۆكارى سەرەكى ناشیرین كردن و ناو زڕاندن و لەكە دار كردنى كەسایەتى مەلا مستافا.
لەو هۆڵەى پەرَلەمان كە ئەمساڵ گفتو گۆى تێپەڕاندنى بودجەى تێدا كراو دوا جار بە زۆرینەى دەنگى ئەندام پەرَلەمانە بە كرێگیراوەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵات بەو هەمو كەم و كورتییەوە تێپەڕێنراو بە سەدان ملیار دینار لە قوتى خەڵكى ئەم وڵاتە بە ناوى خەرجى دیكەو دیكەوە لە هاوڵاتیان شاردرایەوە , وێنەیكى گەورەى ڕەمزى كورد بەقەدەر لایەكى دیوار حزورى هەبوو . هەمو لایەك ئەزانن دانانى وێنەى ئەو ڕەمزە لەسەر سەرى سەرۆك و جێگرو سكرتێرى پەرَلەمان لەو شوێنە بە مەبەستى تۆڵە كردنەوە بو لە سەرۆكى پەرَلەمان لەسەر ئەوەى لە سەرەتاى دەست بەكار بونیەوە جێگۆركێی بە شوێنى وێنەى مەلا مستەفا كردبوهەر لە ناو ژۆریكدا.
بەڵام تێپەڕاندنى بودجە و شاردنەوەى بەشێكى زۆرى قوتى خەڵك بە حزورى مەلا مستەفا تەشهێرێكى گەورەبوو بەو ڕەمزەو لەوەش خراپتر بردنى 31 ملیار دۆلار لە بودجەى هاوڵاتیان بەناوى نۆژەنكردنەوەى مەزارى مەلا مستەفاوە تەشهێرێكى ترە بەو ڕەمزەى كورد. هەر وەها دانانى ملیارەها دۆلار بۆ دروستكردنى دیوارى ڕاگرو ڕواندنى نەمام لەسەرى ڕەش و سەرى بڵندو دانانى 865 ملیۆن دینار تەنها بۆ نۆژەنكردنەوەى دەروازەى میوانخانەى سەرۆكى حكومەت , كە ئەمانە شوێنى گشتى حكومەت نین و شوێنى شەخسین و نابێت موڵكى گشتیان بۆ خەرج بكرێت. ئەى ئەمە سوكایەتى نییە بە كەرامەتى خەڵكى ئەم وڵاتە؟ لە تازەترین خەبەردا لە لە ناوچەى حاجى ئۆمەران كە مەرزێكى نێو دەوڵە تییەو ڕۆژانە سەدان سەیارەى بار هەڵگر دێنە ئەمدیو پارتى بڕیارى داوە بە ناوى دەزگاى خێرخوازى بارزانییەوە , 5000 هەزار دینار لەو بارهەڵگرانە وەرگرن لە هەر شوێنێك ڕاوەستن ئەگەر گەراجى تایبەتیش نەبێت.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەو شۆفێرانە هاوار ئەكەن نە تەوالێتمان هەیەو نە شوێنى حەوانەوە. باشە ئەى ئەوە خێر نییە بۆ ئەو خزمەتگوزاریانەى خەرج بكەن؟ ئەى ئەمە نابێتە مایەى ئەوەى خەڵكى ڕقى لە مەلا مستەفا بێت و قسەى ناشیریى پێ بوترێت؟ هەمو ئەو پارانەى بە ناوى مەلا مستەفاوە كۆ ئەكرێتەوەو لە بودجە ئەبڕێت داهاتى گشتى هاوڵاتیانەو بە مەلا مستەفا حەرامە. ئەگەر ئەو دەزگا خێر خوازییە لە خزمەتى ئەوانەدایە كە نەخۆشى تالاسیما یان شێرپەنجەیان هەیە یان بەو پارەیە ئەو كەسانەى چارەسەریان لە دەرەوەى وڵات هەیە دەنێرنە دەرەوە كارێكى باش دەبوو.
بەڵام هەمو ئەو پارانە دەخرێنە خزمەتى حیزبەوە بۆ بە كۆیلە كردن و كڕینى خەڵك بۆ بەكار هێنانیان لە كاتى دەنگداندا. دەپرسم سەید ئەكرەم لەسەر ئەوە نەگیراوە كە وتویەتى هەمو داهاتى گومرگى ئیبراهیم خەلیل گومانى تێدا نییە حاجى ئۆمەرانیش بۆ حكومەت نییەو ئەچێتە گیرفانى بنە ماڵەى بارزانییەوە؟ ئەى ئەگەر ئەمە ڕاست نییە بۆچى ڕێگا نەدرا لەسەر ئیمزاى 50 ئەندام پەڕلەمان لیژنەیك دروست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕاستییە؟
بۆ ئەو بار هەڵگرانەى دێنە ناو شارى هەولێرەوە لەبەر حاڵەتى ئەمنى جیهازێك دانروە بۆ فەحسكردنیان , بەلام سەیر ئەوەیە هەریەكەى 30000 دیناریان لێ وەر ئەگرن. بە حساب ئەمە كۆمپانیایە بەڵام كۆمپانیاى پارتى خۆیەت. سەیركەن بە پارەى هەمو داهاتەكانى گ گومرگ و شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان كە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و پارەى فرۆشتنى نەوت و باجى ناو خۆ چاویان پڕ نابێتەوەى ئامادە نین پارەى نۆژەنكردنەوەى مەزارى مەلا مستەفا و خەرجى سەرى رەش و دەر وازەى ماڵى سەرۆكى حكومەت لە پارانە خەرج بكەن و هاتون بودجەو قوتى خەڵك ئەبەن و پەنا ئەبەنە بەر سەندنى سەرانە بە ناوى دەزگاى خێرخوازى مەلا مستەفاوە لە سەیارە بارهەلگرەكانى ئێرانى و ئەوە بە تەشهیر نازانن بە بارزانى بەڵام لەسەر قسەى كەسێكى فەقیر كە لە داخى ئەو هەمو ناعەدالەتیانە لە وانەشە بە لا ئیرادەى لە دەمى دەرچوبێت ئەیكەنە كێشەو گەندەڵیەكانى خۆیانى پێ دا دەپۆشن.
ئەى ئەگەر ئەم هاتو هاوارەى دەستیان پێكردوە لەسەر ئەوەى تەشهیر بە مەلا مستەفا كراوە چونكە ڕەمزى كوردەو وێنەكەى بەقەدەر لاى دیوارێك بە گەورەیی لە هۆڵى پەرَلەمان دا ئەنێن . پرسیار ئەوەیە ئەى شێخ مەحمودى نەمر كە یەكەم مەلیكى كوردستانە پێش بارزانى و لەسەر كورد نەفى كرا بۆ هیندستان بۆ وەكو ڕەمزى كورد وێنەكەى لە لایەكى پەرَلەمان هەڵناواسن و بڕێكیش پارە بۆ مەزارەكەى خەرج ناكەن؟ كەواتە خەڵكى حەقى خۆیەتى كە بارزانى بە ڕەمزى كورد نەزانن بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم تەشهیرى پێبكرێت. ئەگەر پارتى شەر لەسەر ڕەمزەكانى كورد بكات سێخ مەحمود و قازى موحمەمەدیش پێش بارزانى ڕەمزى كورد بون .
سیناریۆكانى پارتى ڕون و ئاشكران و خەڵكى بەوە ناخەڵە تێت . ئەگەر بنەماڵەى بارزانى و پارتى ئەیانەوێت تەشهیر بە مەلا مستەفا نەكرێت و خۆشەویست ببێت لاى هاوڵاتیان با لێرە بە دواوە وێنەكانى بچوك بكەنەوەو بودجەى هاوڵاتیان گەورە بكەن , چونكە ئێستا پێچەوانەیەو وێنەى مەلا مستەفا زۆر گەورەیەو بودجەى هاوڵاتیان زۆر بچوكە ئاوا بڕوات ئەوەندەى بچوك ئەكەنەوە بە چاوى ئاسایی نابینرێت . هەتا ئەوكاتەى پارتى مەلا مستەفا تەنها بە ڕەمزى خۆیان بزانن , گومانى تێدا نابێت خەڵكانێكى زۆر ئەگەر بە ئاشكراش قسە نەكەن لە ناخیانەوە ڕقیان لە هەمو بنە ماڵەى بارزانى ئەبێتەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە