ئەو نووسەرانەی، شەرەفی نەتەوەیی دەدۆڕێنن هیچی دیکەیان بۆ شەرمکردن پێنامێنێت

Monday, 20/02/2012, 12:00

1804 بینراوە


دوای ئەوەی ئەرسەلان بایز، لە ژوورەکەی پەرلەمان، جیگۆڕکێی بە وێنەی مەلا مستەفا کردبوو . پارتی وەک کوفرێکی سیاسیی لێکی دایەوە و منداڵە وورتەکەکانی پارتی لە فەیسبووکی تێبەردا، لە پێش هەموویاندا ئەدهەم بارزانی، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی چەندین لێدوان و هەڵوێستی جیاجیای لێ بێتە، دوایینیان پارتی لە رێگای ئەقل عەسکەرتارییەتی (ئەنوەری حاجی عوسمان) وەک پێدانی ئیمای بەکارهێنانی زەبروزەنگ یان باجدانی کەسایەتیی بەرامبەر ئەو رەفتارەی بۆ نارد.
ئەرسەلان بایزیش لە بری ئەوەی بوێرانە هەڵوێست وەربگرێت، وەک حزبە زەلیلەکەی هات و ڕوونکردنەوەیەکی پاکانە ئاسایی بڵاوکردەوە، مەلا مستەفای کوردکوژ، خائین و ئاشبەتاڵچی، بە سیمبوڵی نەتەوەیی کورد دانا، ئەو ئەرسەلان بایزەی لەگەڵ دەیان هاوڕێ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان تا پێیان کرا لە هەولێر گەنجانی کوردیان بەوە گۆشەگیر و بەکوشتدا، کە بنەماڵەی بارزانی شێرپەنجەی سیاسی جولانەوەی کوردن. ئەمڕۆ ئەم کابرا نەزان و ترسنۆکە بۆ دەستکەوت و پۆستێکی حیزبی، لە ترسی بنەماڵەی بارزانی و لە توڕەبوونی تاڵەبانی، پێچەوانەی ووتەکانی دوێنێ و خوێنی هەزاران شەهید ڕژاو بە ووتار و پەروەردە سیاسیەکانی ئەمڕۆ پاکانەنامەیەکی بۆ ناردن. ئەم قسە و پاکانەیەی ئەرسەلان پەیامێکی دیکەی لە پشتەوە بوو بۆ سەرانی یەکێتیی و بۆ دڵنیاکردنەوەی پارتیی، کە لە ئیستاوە دوای مردنی تالەبانی خۆیان ئامادە بکەن، بچنە بن هەنگڵی رەحمەتی بنەماڵەی خائینزادە و ببنە کۆیلە و قوتابیی قوتابخانەکەی بارزانی.

ئەمڕۆ بەیانیش، چاوم بە هەواڵێکی دروستکراوی ماڵپەری لڤین کەوت کە وەک هەواڵێکی گرنگ لە پەیجەکەی رێبین هەردییەوە وەریگرتبوو، گوایە هەواڵ و بابەتێکی گرنگی ماڵپەڕەکەی ڕێبین هەردی بۆ هێناوین و دەڵیت: (بەهەشتی مەلامستەفا لا زۆر كەس بە خۆشمەوە سەركردەیەكی جێگەی رێز و پیزانینە بەو خەبات و تێكۆشانەی كردوێتی....).
ڕیبین هەردی، خۆی بە یەکێک لە ڕووناکبیرە ناودارەکانی باشوری کوردستان دەزانێت، رژێمی بنەماڵەش بە گۆڕانیشەوە ئەم کەسایەتییانەیان بە سەردا سەپاندووین و بەردەوام لە رێگای میدیاکانی خۆیان و ئەهلییەکانیشەوە، ریکلامیان بۆ دەکەن، ئاخر بۆ نەیکەن، ئەوان دەیانەویت ئەم بەناو روناکبیرانە قاچێکیان لە ناو خەڵکییدا و قاچەکەی دیکەشیان لە ناو دەسەڵاتدا بێت، تا نەهێڵن پردی نێوان دەسەڵات و میللەت هەرەس بهێنیت، ئەم کەسایەتیانە ئەندازیاریی پتەوکردنی ئەو پردەن، بۆیە خەڵکی دەبێت وشیار بێت و بزانن مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەن، نەفرەت لە قەڵەم و لە گوفتاریان بکات، ئەمە یەکەم جاریش نییە فەلتە فڵتی سیاسی و نووسینی وا رێبین و هاوەڵەکانی دەینووسن، وەک بروسکەیەکیش بۆ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی دەنێرێن. ڕیبین نەک خۆی پێ ڕوناکبیرە، لێ دەرکەوت ئەمیش بۆقی ناوبیرە و لە ناو باخەڵی دەسەڵاتدا، وشە و بیرکردنەوەکانی گەرم دەکاتەوە، ئەم تاقمە هەلپەرستانە لە مێژە سەلماندوویانە، کە بۆ خۆیان دروستکراوی رژێمی کوردیین، ئەگەر دیوی راستەقینەیان بۆ ئەمڕۆش بشاردرێتەوە، بۆ دوارۆژ دەردەکەوێت. لێرەدا ئێمە لە ڕیبین دەپرسین:
ئایا بەراستی بارزانی ئەو سیمبوڵە نەتەوەییەی کوردە، کە جەنابت هێندە ڕیز و تەقدیرت بۆی هەیە؟ من لەو بارەیەوە زۆرم نووسیوە، زەحمەت نەبێت سەردانی ئەرشیفەکەم بکە و کامەی درۆیە وەڵامم بدەرەوە.
بارزانی یەکەم کەس بوو لە مێژووی کورددا، کورد کوشتنی بەشەکانی تری کوردستانی کردە کەلتوور و رادەستی دوژمنانی کوردی دەکرد، لە بەرامبەرەوە پوول و چەکی وەردەگرت! ئەم رەوشتەی بارزانی ئەمڕۆ بۆتە قوتابخانەی پارتی و یەکێتی!

ئایا ئەو بارزانییەی تۆ نەبوو، کە گەورەترین شۆڕشی ئاشبەتاڵی لە لوتکەی هەرەمیدا راگەیاند، گەلێکی تووشی نەهامەتیی کرد، کە٦٠٠ پێشمەرگە لە داخاندا خۆیان کوشت و سەدان و هەزاران کارەسات و تاوان و شکستی گەورەی توشی خەڵکی کرد؟

ئایا هەر ئەو بارزانیەی رێبین هەردیی و ئەرسەلان بایز  نەبوو، کە داهاتی شۆڕشیکی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی برد و خستیە ناو بانقەکانی ئەمەریکاوە. ئەم دزییە بوو بە داهێنان بۆ سەرکردە و بنەماڵەکەی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش مامەلەی پێ دەکرێت؟

ئایا هەر بازرانی نەبوو وتی من قەیتانی قۆنەرەکانی عەبدولکەریم قاسمم و لەبەردەم شای ئیرانیشدا کاتێک داوای لێکرد کۆتایی بەخەباتی چەکداری گەلێک بهێنیت وتی کاری من تەمام شود؟

ئایا هەر ئەو بارزانییە نەبوو، سیمای حیزبی کردە بنەماڵەیی و دەیان جار گاڵتەی بە حیزب و رێکخستن دەکرد و بە میزاج و بریاری تاکەکەسی خۆی سەدان رەفتاری ناشرینی دەکرد، دوایی ماڵویڕانی و شەری ناوخۆ و تۆوی دووبەرەکی لە نیوان عەشرەت و هێزە سیاسییەکانی کورددا دروستکرد؟

ئایا هەر ئەو بارزانییە نەبوو بە میزاجی خۆی دەیان قارەمانی نەتەوەکەمانی لە زیندانەکانی رایات بەکۆمەڵ تیرۆر و شەهید و زیندانی دەکرد؟

ئاخر هەر یەکێک لەمانە لەناو هەرسەرکردەی گەلێکی زیندوودا بوایە، نەفرەتی لێدەکرد، ئایا نەیدەخستە زبڵدانی مێژووەوە؟ یان میرابوو ئاسا لە گۆڕی نیشتمانپەروەرانەوە نەدەگواسترایەوە بۆ گۆرستانی ناپاکان؟
 
من بە رێبین هەردی دەلێم: کەنووسەری راستەقینە، یان کەسێک ئەگەر ڕۆناکبیر و خوێنەوار بێت، هەرگیز ووشەیەک نانوسێ، قسەیەک لە زاری نایەتە دەرێ، کە خۆی باوەری تەواوی پێ نەبێت، بۆ نووسەر وشە نەک تەنها هەڵویستە بەڵکو شەرەفە، چونکە سبەی لێکدانەوە بۆ هەموو ووشە و هەڵوێستەکانتان دەکرێت و نەفرەت لەو هەموو ئەو دەنگ و رەنگانە دەکرێت، کە خەڵکیان چەواشە کردووە، بەتایبەتی ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین، کە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا زۆر بەپەلە پەردە لەسەر هەموو ئەو دەنگ و رەنگانە هەڵدەداتەوە، لە نمونەی وەک ئێوە کە هەڵپەرستانە رەفتار دەکەن، لە گردەکەوە پەیام بۆ بنەماڵە دەنێرن و کە لەوێشەوە بۆ خوارەوە تلدەبنەوە، لە ناو خەڵکییدا قسەیەکی دیکە دەکەن.
بەم کورتە نووسینەمدا پەیامی من بزانن، کورت و کرمانجی دەڵێم، کە ئێوە کەسانی ترسنۆک، خائین، ناپاک، بێ هەڵویستن، ئێوە شەرەف و ئابڕووی نەتەوەییتان نەماوە و ئابڕووی کەسایەتییشتان تکاوە! ئەگەر لە مانای تکاندن تێدەگەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە