هه‌بوو نه‌بوو..
Friday, 18/02/2011, 12:00
1152 بینراوە
هه‌بوو نه‌بوو ، خێڵێکی هه‌زار پیاوی هه‌بوو ، هیچ که‌س جامانه‌که‌ی له‌وان سورترنه‌بوو ..هه‌ریه‌که‌یان ئاغایه‌کی بێ قه‌ید و شه‌رتی شار و گوندی نیشتمانێک بوو ..ئاغای پاراستن و ئاغای زێره‌ڤانی و ئاغای کۆڕه‌ک تێله‌کۆم و ئاغای نه‌وت فرۆشی و ئاغای ته‌له‌ڤزێونی ئاسمانی و زه‌مینی و ئاغای شه‌رقولئه‌وسه‌تی مقاوه‌لاتی و ده‌یان ئاغای تری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان هه‌بوو ..
هه‌بوو نه‌بوو ..که‌س له سه‌رۆکی ئه‌و هه‌زار ئاغایه گه‌وره‌تر نه‌بوو .. پاشه‌ڵی سیاسی هیچ که‌سێکیش هێنده‌ی پاشه‌ڵی ئه‌و عه‌یببار نه‌بوو ..که‌چی هیچی پێ شه‌رم نه‌بوو .. به‌قه‌د تاڵ تاڵی جامانه سوره‌که‌ی خه‌تی سوری هه‌بوو ، که‌چی ته‌نیا خه‌تێکی کاڵیشی بۆ سه‌روه‌ری نیشتمانه‌که‌ی نه‌بوو ..
هه‌بوو نه‌بوو ..هیچ سه‌رۆکێ به‌قه‌د ئه‌و سه‌رۆکه له سه‌فه‌ر و گه‌ڕانا نه‌بوو .. له واقواقه‌وه تا ڕۆم ده‌هاتو و ده‌چوو ..به‌ینی له‌گه‌ڵ بازرگان و مافیاکانی وه‌ک به‌رلسکۆنی گه‌لێ خۆش بوو .. گه‌رچی که‌س ئاگای له نهێنی سه‌فه‌ره‌کانی نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌زار ئاغاکه‌ی ده‌یانووت گه‌شتی سه‌رۆک سیاسی بوو ، له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان و گه‌لدابوو ..
هه‌بوو نه‌بوو ..گه‌لێک به‌شه قوتی خۆی له فرۆشی نه‌وت له سه‌دا حه‌ڤده‌ی هه‌بوو ، که‌چی هه‌موو ئه‌و گه‌له‌یان به‌ژێر قه‌رزه‌وه کردبوو .. سلفه‌ی عه‌قار و سلفه‌ی زه‌واج و سلفه‌ی ژیان و سلفه‌ی خواردنیان له پاره‌که‌ی خۆی پێدابوو و هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هێنده‌ی ئه‌و گه‌له قه‌رزدار نه‌بوو..
هه‌بوو نه‌بوو .. که‌س به‌قه‌د ئه‌و سه‌رۆک و هه‌زار پیاوه ده‌وڵه‌مه‌ند و فیرعه‌ونی نه‌بوو .. ئه‌شکه‌وتی پڕ له زومڕد و زێڕیان هه‌بوو ،که‌چی که‌سێ له دووره‌وه ئیفته‌ح یاسمسمێکی له‌و گه‌نجینه حه‌رامه‌یان کردبوو ، له‌دادگاوه به ملیۆنان جه‌زایان دا و غه‌رامه‌یان کردبوو..
هه‌بوو نه‌بوو .. سه‌رۆکێک و هه‌زار پیاوی هۆزه‌که‌ی هه‌بوو .. له 17.02.011 دا ڕێژوانێکی مێرد منداڵیان به دڵڕه‌قی کوشتبوو ، ده‌یان ڕێژوانی تریشیان بریندار کردبوو ..که‌چی ئه‌و سه‌رۆکه له سه‌رێکی ڕه‌شه‌وه ، به دڵێکی ڕه‌شه‌وه ، به‌یاننامه‌یه‌کی ڕه‌شی ده‌رکردبوو ، نه‌ک هه‌ر ئه‌سه‌فی بۆ خوێن ڕژانی ئه‌و مرۆڤانه نه‌بوو ..هێشتا سه‌رۆک و هه‌زارپیاوه‌که هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه و لێدانی تریان له خه‌ڵک کردبوو..
هه‌بوو نه‌بوو .. نه عابدین و نه موباره‌کیش وه‌ک ئه‌م سه‌رۆکه قین له‌دڵ تر نه‌بوو ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست