ئیسلامییەكانی كوردستان لە نێوان گۆڕان و گومڕاندا

Wednesday, 03/03/2010, 12:00

1249 بینراوە


بیست و پێنج ئەندام پەرلەمانی لیستی گۆڕان بە دەستلێدان لە مێزەكانی ناو پەرلەمان، بومەلەرزەیان لە دڵی سەركردە و دەسەڵاتداری پارتی و یەكێتی دا. لە ساڵی 1991 بە دواوە بزوتنەوەی ئیسلامی (بە هەموو باڵەكانیەوە) هێزێكی گەورەی عەسكەری و سیاسی هەبوو. ئەوكات یەكگرتوو وەك ڕێكخراوێكی نهێنی كاری دەكرد ناسراو بوو بە (اخوان المسلمین) دواتر لە ساڵی 1994، خۆیان ئاشكرا كرد و بوون بە یەكگرتوو. هێزی ئیسلامی لە ئاستی سیاسی و عەسكەری گەورە بوو، بەڵام بە بەردەوام دروێنەیەكی تاڵ دەبوە بەرهەمی ڕەنجیان. ئیسلام لە یەكەم سەرهەڵدانیدا وەستان بوو دژ بە زوڵم و ستەم بە هەموو جۆرەكانیەوە. بەداخەوە ئیسلامیەكانی كوردستان یان لە شەڕی خۆ لەناوبردندا دەیاندایە شاخ، یان بە سوك و زەلیلی دەستیان بۆ پارتی و یەكێتی دەخستە سەر سنگ و، زەلیلانە سیاسەتێكی ئیستهلاكیانەیان بەڕێوە دەبرد. زەڕوراتی ڕۆژانە چی بوایە، ئەوەیان بەجێ دەهێنا و مرۆڤ هیچ گۆڕانكاریەك و پێشكەوتنێكی بەدی نەدەكرد. هیچ ستراتیجیەتیان نەبوو. ساڵانێكی دوور و درێژە ئیسلامیەكانی كوردستان ئەندام پەرلەمانیان هەیە، كارە هەرە دیار و بەردەوامەكەیان داكۆكیكردن بوو لەو بڕگانەی دژی شەریعەتی ئیسلامن وەك مەسەلەی فرە ژنی بۆ نمونە. جارێ لە ڕوی شەریعەتەوە پەرلەمانی كوردستان عەلمانیە و لە بنەڕەتدا پێچەوانەی بنەماكانی سیاسەی شەرعی ئیسلامیەكانە، بۆیە داكۆكی كردن لە بڕگەیەكی پێچەوانەی شەرع وەك لێپرسینەوە بوو لە "گۆلكە سۆر لە كاتێكدا گاڕان بە خڕەوە چوو"، ئەمە گەر شینەكە بۆ شەریعەت بوو بێ نەك بۆ هەریسە!لە ڕوی گوزەرانی ژیانیشەوە، زۆربەی هەرە زۆری ئیسلامیەكان خەڵكانێكی زۆر هەژارن.

زۆرێك لە گەنجانیان لە بەر هەژاریی، ژنی یەكەمیان نیە چ جای دووەم. ئا لێرەدا مرۆڤ دەتوانێ ئاستی بیركردنەوە و كاری ئیسلامیەكانی كوردستان هەڵسەنگێنێ، بۆ نمونە، بەو كاتە زۆرەی بۆ مەسەلەیەكی وەك فرەژنیان بە فیڕۆدا. پێشنیار و پڕۆژە و مەسەلەی زۆر لە لایەن دڵسۆزان خرایە پێش ئیسلامیەكان، بەڵام لە گوێی ڕاستەوە دەچوە ژوورەوە و لە گوێی چەپەوە دەردەچوو. جارێك جورئەتیان نەكرد بە یەك دەنگ پەرلەمان بهەژێنن، تەنانەت دژ بەو زوڵمەی ئەندام و لایەنگرانیان لە زیندان تووشی دەبوون. ئیسلامیەكان زۆریان بەلاوە گرنگ بوو پارتی و یەكێتی شەهادەی (حسن سلوك)یان بدەنێ، بۆیە لە پێش داوێن پیس و جەللاد و مرۆڤ كوژ، هەمیشە بە تەنگ ئەوە بوون بە ئەدەب و نەرم و نیان بێنە بەرچاو. ناوە ناوە بۆ سوك كردنی سەرانی ئیسلامی بانگی مەسیف و قەڵاچۆلانیان دەكردن بۆ ئەوەی لە تەلفزیۆن وەك رەعیەت بەرامبەر بە ئاغا نیشان بدرێن، تا وای لێهات سەركردەی لایەنە ئیسلامیەكان لە لایەن ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی و یەكێتی پێشوازی لێبكرێ. تەنانەت گەر پارتی بۆ نمونە كارێكی بە ئیسلامیەكان بوایە، بە دوای سەركردەی ئیسلامیەكانی دەنارد بۆ خۆ خشاندن بەرەو دیواخانی مەسیف و سەری ڕەش، نەك سەرۆكی پارتی بچێتە خزمەت سەركردایەتی لایەنی ئیسلامی، وەك ئادابێكی سیاسی و دیبلۆماسی. بەداخەوە ئەو چەپڵە و مێز لێدانەی ئەندامانی لیستی گۆڕان، بۆ ئاشكرا كردنی بودجە، دەبوایە ئەندام پەرلەمانە ئیسلامیەكان ساڵانێك لە مەوبەر پێی هەڵسابان. چونكە جورئەتیان نەكرد بەڕاستی ببنە ئۆپۆزۆسۆن دژ بە گەندەڵی، تەنانەت جەماوەری ئیسلامی لە ڕۆژی 25/7 ی ساڵی پار پاداشتی ئەم ترسنۆكی و كات بە فیڕۆدان و بێ بەرهەمیەی دایەوە دەستی ئیسلامیەكان. ئەمجارەش بۆ هەڵبژاردنی عێراق خەڵك دەنگ بە مرۆڤی ئازا و ئازاد و داكۆكیكەر لە مافی خەڵك دەدات نەك لیستێك لە جیاتی گۆران بكا گومڕا ببێ!

03 / 03 / 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە