بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە و ناوندە تەندروستیەكانى ڕاپەڕین

Wednesday, 20/03/2013, 12:00

1099 بینراوە


لە كاتێكدا ڕەوشى تەندروستى لە سنورى بیتوێن و پشدەر بە ئاقارێكى خراپدا تێپەڕ دەبێت و , پێشكەش كردنى خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان لە ناو نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستى یەكانى ئەو سنورەدا بە شێوەیەكە دڵى كەمترین خەڵكى ڕازى كردووە , بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە (د . محمد ڕەسوڵ حمە سوور) ناوەندە تەندروستى یەكان دەكاتە شوێنى جاسوسى كردن بە سەر یەكترەوە , بە شێوەیەك پزیشك و كارمەندانى تەندروستى ڕۆژانە لە لایەن جاسوسەكانى جەنابى بەڕێوەبەرى گشتى یەوە ڕاپۆرتى نابەجێ و ناڕاستیان لێ دەدرێت و بوختانیان پێ دەكرێ و ناویان دەزڕێ .
هەر لە سەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیانەى جەنابى بەڕێوەبەرى گشتى , تا ئێستا چەندین بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرى كارگێڕى دەستیان لە پۆستەكانیان كێشاوەتەوە و بەشێكیشیان لە سندوقى سكاڵادا نیگەرانى خۆیان بە لایەنە بەرپرسەكان داوە و ئاماژەیان بەوە كردووە , ئەگەر كەم و كورتى و كەمتەرخەمى لە كارەكانیان هەیە با ڕاستەخۆ ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێ و هەموو لایەك ڕاستیەكان بزانێت نەك جاسوسیان بە سەرەوە دابنرێ .
دانانى جاسوس و هەواڵنێر لە ناوەندە تەندروستى یەكاندا لە كاتێكدایە , ڕەوشى خزمەتگوزاریە تەندروستى یەكان لە سنورى بیتوێن و پشدەر زۆر خراپە , نەبوونى دەرمان و نەبوونى پێداویستى پزیشكى , نەبوونى پزیشكى پسپۆر و سوكایەتى كردن بە نەخۆش و خزمەت نەكردنى و ناردنى بۆ عیادە ئەهلیەكان , هەروەها بەهەدەر دانى پارەى تەرخانكراو بۆ باشكردنى ڕەوشى تەندروستى لە ڕێگەى لیژنەكانى كڕینى پێداویستى كە خودى جەنابى بەڕێوەبەر دایان دەنێت , خەڵكى سنورەكەى هەراسان كردووە .
بە پێى داتایەك كە بەشى ئامارى بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆ ساڵى 2012 بڵاوى كردۆتەوە لە كۆى 1512 كارمەندى مەڵبەند نەخۆشخانەكانى سنورى ڕاپەڕین , 321 كارگوزار هەیە و بایى 713 ملیۆن دینار مەوادى پاككەرەوە ڕاستەخۆ لە لایەن لیژنەكانى كڕینى بەڕێوەبەرێتى كڕدراوە , ئەوە جگە لەوەى نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەكان 422 كرێكارى پاككەرەوەى گرێبەستیان بۆ گیراوە و لە لایەن كۆمپانیاى تایبەتەوە پاك دەكرێنەوە و پێداویستى پاككەرەوەیان بۆ دابین دەكرێ , كە تێچووى یەك ساڵى كرێكار و ئەو مەوادە پاككەرەوانەى كۆمپانیا دابینى كردووە نزیكەى ملیارێك دینار بووە .
لێرەدا دەبێت بزانرێ ئەگەر وەزارەتى تەندروستى لە ڕێگەى كۆمپانیاوە كرێكار و مەوادى پاككەرەوە دابین بكات , دەبێت ئەو 713 ملیۆن دینارە بە چى درابێت كە دەوترێ لیژنەكانى كڕینى بەڕێوەبەرێتى بە مەوادى پاككەرەوەیان داوە ؟ یاخود ئیشى ئەو 321 كارگوزارەى تەندروستى كە مووچە خۆرى حكومین ئیشیان چیە ؟
وەڵامەكە بەشێكى ڕوونە چونكە پارەى ئەو مەوادى پاككەرەوەیەى لیژنەكانى تەندروستى كڕیویانە جگە لەوەى زۆربەى حەپەلوش كراوە و خراپترین جۆرى كڕدراوە و باشترین جۆرى خراوەتە سەر وەێڵ , هاوكات لەو 422 كرێكارەى كۆمپانیا نیوەیان زیاتریش وەهمین و پارەكەى لە نێوان بەڕێوەبەرى كارگێڕى و كۆمپانیا وەك برا بەش دەكرێ , ئەو 321 كارگوزارەش كە هەیە 20% دەوام ناكەن و نیوە مووچە وەردەگرن و جەنابى مودیر عامیش باش ئاگادارە .
لێرەدا جێى خۆیەتى بپرسین لە كاتێكدا ئەوە وەزعى تەندروستى بیتوێن و پشدەرە , پێویستمان بە جاسوسە ؟ یان باش كردنى ڕەوشى تەندروستى بە شێوەیك خزمەت بە خەڵك بكات ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە