پەکەکە لە کوێوە بۆ کوێ؟

Friday, 15/08/2014, 12:00

2405 بینراوە






پەکەکە، ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمیشی کوردایەتیەو هەمیشە ئامادەی گڕ گرتنە بەڕووی دوژمناندا.
لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤دا یەکەم فیشەکی بەرگری کردن لە گەلێک لەلایەن گەریلاێک بە ناوی مەعسوم قورقماز ناسراو بە (هەڤاڵ عەگید) بەرەو ڕووی دوژمن تەقێنرا، ئەم بەروارە لای زۆرێک لە خەڵکی کوردستان بە سەرەتایی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دائەنرێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی چەکداریە بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستان، نەک سەرەتای دامەزراندنی PKK.
سەرەتایی بیرۆکەی دامەزراندی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک خوێندکارێکی کۆلێژی زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی ئەنقەرە، بەناوی عبدالڵە عمر عبدالڵە (عبدالڵە ئۆجەلان) لەگەڵ خوێندکارێکی نزیک لە خۆی بەناوی علی حەیدەر قەیتان ناسراوە بە (هەڤاڵ فوئاد) لە بیری دامەزراندنی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێریدا بوون و هەموو توانای خۆیان بۆ ئەم پرسە تەرخان کردبوو، بە تایبەتیش عبدالڵە ئۆجەلان کە بەردەوام لە کار و چالاکیەکانی ڕۆژانەیدا لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ئەو بابەتەی کردبووە ئامانج و لەم پێناوەدا چەندان پەرتووکی دەربارەی مێژووی تورکیا، نەتەوە، پرسی گەلانی ژێردەستی خوێندەوەو شرۆڤەی کردن، لەوانە پەرتووکی مانیفێستۆی کۆمۆنیزم، پەرتووکی مافی چارەی خۆنوسین و بزاڤی نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش لەبەرئەوەی لەو کاتە هیچی پەرتووکێک بەزمانی کوردی نەبوون دەربارەی شۆڕش و مێژووی کورد لە تورکیا، لەبەرئەم هۆکارە ئۆجەلان سوود لە ناوەرۆکی ئەم پەرتوکانە وەردەگرێت بۆ تێگەیشتن لە پرسی کوردو کوردستان، هاوکات کاریگەری شۆڕشی گەلی ڤێتنام، یەکێکی تردەبێت لەو فاکتەرانەی کە کاریگەری پۆزەتیڤی هەبووە لەسەر بەرەو پێشبردنی هەستی شۆڕشگێری ئۆجەلان.
دوای ئەم هەمووخوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ناوەرۆکی پەرتووکەکان و هزر و تێرامانی دەربارەی مێژوو، شۆڕش، نەتەوە، خەباتی گەلانی ژێردەست دژی داگیرکەران، ئۆجەلان دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە (کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە) و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، لەوانەیە ئەمە لای خوێنەر شتێکی نامۆ بێت و بپرسێ جا ئەوە هەموو کەس دەزانێت کە کوردستان وڵاتێکی داگیر کراوە ئیتر گرنگی ئەمە لە چیدایە ئۆجەلان پاش ئەم هەموو خوێندنەوە و تێرامانە گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامە، بەڵام پیویستە بە چاوی ئەو سەردەمە سەیری ڕووداوەکان بکەین و ئەوە بزانین کە تاکو هاتنی ئۆجەلان و تەڤگەری ئاپۆچی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە باکوری کوردستان هەستیان بە کورد بوونی خۆیان نەدەکرد و بگرە خۆیان بە تورک دەزانی و وڵاتەکەشیان بە تورکیا دەزانی، ئەمەش بە هۆی سیاسیەتی تواندنەوەی زمان و کلتوری کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک لە ژێر سایەی بیری کەمالیزیم.
دوای ئەوەی ئۆجەلان گەیشتە ئەم دەرئەنجامە بریاریدا بە ڕێکخستنی بەهارە سەیرانێک لە ساڵی ١٩٧٣دا لە نزیک (بەنداوی چووبوک) لەم بەهارە سەیراندا کە هاوکات دەبێت لەگەڵ رۆژی نەورۆز، لای هاورێ نزیکەکانی باس لەوە دەکات کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی ڕاوبۆچوونی هاوڕێ نزیکەکانی وەربگرێت دەربارەی ئەم پرسە و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێری کوردستانی، کەواتا دەتوانرێت بگوترێت ووشەی (کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە) سەرەتای خەباتی ئەم تەڤگەرەیە کە ئەمڕۆ لە هەر چوارپارجەی کوردستان لە پەرەسەندن دایە و وەکو ژیلەمۆی ژێر خۆلەمێش هەمیشە لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگار بوونەوەی دوژمانی کورد و کوردستان.
ئەمەو دوای تێپەراندنی چەندین دژواری و ڕێگری، ئەم بیرۆکەیە بەرەوپێش دەچێت و ژمارەی ئەندامانی بەردەوام لە زیادبووندا دەبێت، کە دواتر هەریە لە (کەمال پیر) و(حەقی کەرار) کە ئەوانیش خوێندکاری زانکۆ بوون و لەڕێگەی فوئادەوە دەچنە ناو ئەم تەڤگەرەوە. دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەم دوو کەسە تورک بوون و کورد نەبوون، ئەمەش گەورەیێکی تر ئەم تەڤگەرە دەردەخات کە هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بەو پرانسیپە هەبووە کە هەرکەسێک بیەوێت لە پێناو ئازادیدا خەبات بکات دەتوانێت تەڤلی ئەم تەڤگەرە ببێت و گرنگ نییە سەر بەچ نەتەوەێکە. ئەم هاوڕێ خوێندکارانە هێدی هێدی خەریکی خۆپەروەردەکردن دەبن و پەروەردەیان بە بنەما وەرگرت بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکەیان و هەمیشە خەریکی خۆپەروەردەکردن بوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە تاکو ئێستاش لە ناو PKKدا پەروەردە ئەرکێکی بنچینەییە و ئەوەی ڕاست لە پەروەردە نزیک نەبێتەوە، هیچ کات ناتوانێت لە ئەرکەکانی تری نزیک ببێتەوە، بە بڕوای ئەم تەڤگەرە ئەوەی لەم ئەرکە قوڵ نەبێتەوە و ئەنجام دەست نەخات ئەوا بیگومان ناتوانێت لە ئەرکەکانی تریشیدا ئەنجام دەست بخات، چونکە هەموو ئەرکەکان وابەستەی ئەرکی پەروەردەن.
گەشە سەندنی ئەم بزوتنەوەیە بەردەوام بوو، لە ساڵی ١٩٧٦ کە ژمارەی ئەندامانیان زیادی کرد و لە ئامادەباشیدا بوون بۆ هەموو ئەگەرێک کە ڕەنگە ڕووبەڕویان ببێتەوە، لەم ساڵەدا لە گەرەکی (دیکمان) یەکەمین کۆبوونەوەیان بەست، ئەمە بەیەکەمین کۆبونەوەی فەرمی ئەم تەڤگەرە ئەژمار دەکرێت، کە تیایدا بەرێوەبەراتی گروپ بریاری لەسەر درا و دوو کەس وەکو یاریدەری ئۆجەلان دیاری کران بەناوی (حەقی کەرار) و(قەمەر ئۆسکان). دەبێ بگوترێت پێش ئەم کۆبونەوەیە زۆربەی کارەکان ئۆجەلان خۆی دەیکردن، ئیتر دوای ئەم کۆبوونەوەیە بەشێوەێکی ئاشکرا و بێ ترس لە سیمینارێکدا لە (هۆڵی بیناسازان) ئۆجەلان باسی هەموو دەرئەنجامانەی کرد کە لە میانەی لیکۆڵینەوەکانیدا بەدەستی خستبوو. ئیتر دوای ئەم سیمینارە لە ئەنقەرە نامینێتەوە و دەگەرێتەوە بۆ کوردستان و لە شارەکانی کوردستان دەست دەکات بە بانگێشە کردن بۆ بیرۆکەی کوردایەتی کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک نەک پشتگیری ناکەن بەڵکو بە شێت سەیریان دەکەن و پێیان دەڵێن: ئەوانەی کە خوا شێتی کردوون، چونکە بڕوایان بەوە نەبوو جارێکی تر شۆڕش و بەرخودان لە کوردستان سەرهەڵبداتەوە بەرامبەر بە داگیرکەری تورک.
بەردەوام بوونی ئەم گەنجە خوێنگەرمانە درێژەی کێشا و دوای ئەوەی لە هەردوو داستانی حلوان و سیڤەرک توانیان وەکو هیزی کاریگەر دەربکەون بەرامبەر بە سەرۆک عاشیرەتی سلێمانان لە حیلوان و محمد جلال بۆجاق لە سیڤەرک، کە هەردووکیان پیاوی دەوڵەت بوون وخەڵکییان دەچەوساندەوە، لەبەر ئەم هۆکارە پێویست بوو بەرامبەریان هەڵوێست وەربگیرێت و ئەوەبوو سەرۆکی عاشیرەتی سڵێمانیان کووشت و محمد جلال بۆجاقیان لە سیڤەرک بریندار کرد، ئەمەش دەنگدانەوەێکی باشی لە ناوخەڵکدا پەیداکرد و ئیتر گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە کاتی ئەوە هاتووە بە پارت بوونی خۆیان ڕابگەێنن. ئەوەبوو لە شاری (ئامەد) لە گەرەکی (ئۆفیس) لە کۆبوونەوەێکدا بریاریاندا کە یەکەمین کۆنگرەی خۆیان ببەستن.
لە ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی (فیس) و لە ماڵی(سەیفەدین زووغورلوو) یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بەست، کە ژمارەیان تەنها٢٣ کەس بوو و لەناویاندا ٣ ژن هەبوو یەکێک لەوانە هەڤاڵ ساکینە جانس بوو کە لە ٩/١/٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا، لەم کۆبوونەوەیەدا بریار دەدرێت بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی و لەسەر پێشنیاری (فەرهاد کورتای) ناوی پارتی کریکارانی کوردستان پەسەند دەکرێت، ، کە ئەمە بە یەکەم کۆنگرەی PKK ئەژمار دەکرێت و تیایدا عبدالڵە ئۆجەلان وەکو سەرۆکی پارت دەستنیشان دەکرێت و ٧ کەس وەکو کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژرێردێن، (عبدالڵە ئۆجەلان، معمەد قەرەسونگور، جەمیل بایک، مەزڵوم دۆغان، معمد خەیری دورموش، باقی کەرار، شاهین دۆنمەز) لە ناوئەوانیشدا ٣ کەس وەکو دەستەی کارگیری دیاری دەکرێن، وەکو عبدالڵە ئۆجەلان، جەمیل بایک، شاهین دۆنماز.
دامەزراندی پەکەکە بەبڕوای زۆرێک لە دۆست و دوژمنانی کورد خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان، تەنانەت بەشێکی زۆری شارەزایانی سیاسی بە داستانی ژیانەوەی کوردی ئەژمار دەکەن لە باکوری کوردستان، ئەوەی وادەکات دامەزراندنی PKK ببێت بە خاڵی وەرچەرخان لە خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەوەیە کە ئەم پارتە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و پەرەسەندنی بروای وابوو کە نەتەوە لەڕێگەی خوێنەوە دادەمەزرێت و لەم پێناوەشدا پێویستە لەسەرگەریلاکانی پەکەکە ئامادە بن بۆ خەبات کردن لە هەربەشێکی کوردستان و جیاوازی نەکەن لەنیوان هیچ بەشێکی وڵات کە ئەمە پێشتر لە پارت و ڕێکخراو و حیزبە کلاسیکیەکانی تری کوردستان یان نەبوو یان کە هەشبوو لەسەرئاستی خێڵەکی و تاکە کەسی بوو دوور بوو لە سیاسەتێکی بەرنامە بۆ دارێژراوی ڕێکخراوەی بەدیسپلین کراو.
خاڵێکی تری گرنگ لە وەرچەرخانی دامەزراندنی پەکەکەدا ئەوەیە کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئەمڕۆ لەو باوەڕدایە کە پێویستە لە خەباتدا پشت بە هێزی ناوەخۆ ببسترێت لە بواری سیاسی و سەربازی و ئابووریدا، ئەمەش بۆ ئەوەی حیزب نەبێتە پاشکۆی هیچ هێزو دەوڵەتێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، چونکە ئەگەر حیزب پشت ئەستوور نەبێت بە هێزی داینەمیکی گەلەکەی خۆی ئەوا دوور دەکەوێتەوە لەو ئامانجەی کە لە پێناویدا دامەزراوە، بەڵکو دەبێت ئامرازێک بۆ جێبەجێ کردنی ئەجێندای ئەو هێزەی کە پشتگیری دەکات لە بواری سیاسی وسەربازی وئابووریدا، لە هەلومەرجی لەم جۆرەشدا حیزب ناتوانێت سیاسەتێکی ئازاد یان شەرێکی ئازاد بەرێوە ببات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تاکو ئەم چرکە ساتە PKK سیاسەتێکی ئازاد و شەرێكی ئازاد پیادە دەکات بێ گوێدانە هەرەشەی هیچ لاێک، تاکە هێز کە ئەم تەڤگەرە بەهێز دەکات هێزی گەلەکەیەتی لە ناوەو دەرەوەی وڵات.
یەکێکی تر لە گرنگەکانی پەکەکە برەو دانە بە بوونی ژنی ئازاد، کە ژنان لە ناو ئەم تەڤگەرەدا بە تەواوی مانا جێگە دەگرن و چیتر ژن پاشکۆی پیاو نییە لە خەباتی سیاسی و سەربازیدا و بگرە فەرماندە و ڕێبەری وا لەم تەڤگەرەدا جێگەیان گرتووە کە زۆرێک لە پیاوانیان ڕەتداوە، ئەمە جگەلەوەی کە هێز دەدات بە ژنی کورد، خۆی لە خۆیدا هێز دەدات بە تەوای کۆمەڵگەی کوردی ئەم هێزە تەنها بریتی نییە لە بواری سەربازی و سیاسی، بەڵکو ئەمە هێزێکە لەبوای کۆمەڵایەتی و کلتوری کە چیتر پیاوان ناتوانن بە چاوی کەمتر سەیری تواناو بەهرەکانی ژنان بکەن، یان گەلانی پێشکەوتووی دونیا ناتوانن ڕخنەی ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردی بگرن کە کورد گەلێکە ناتوانێت هەزمی دیموکراسی یەکسانی بکات، کە دواجار ئەمە سوودی دەبێت بۆ نەوەی نوێ کە شانازی بە مێژووی ژنانی وڵاتەکەی بکات، کە هاوشانی پیاوان بۆ ڕزگاری گەل و وڵات خەباتیان کردووە. گەورەی ئەم کارەش دەگەڕیتەوە بۆ هزر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجەلان کە کۆششی زۆری کرد و توانی ژنان ب‌هێنێتە ناو کۆڕی خەباتی سیاسی و سەربازی، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو پڕانسیپەی کە ئۆجەلان دەلێت: به‌های ئازادی له‌ شۆڕشێکدا پێبه‌سته‌ی ئازادی ئافره‌ته‌ له‌و شۆڕشه‌دا و ئاستی ئازادی کۆمه‌ڵگاێکیش پێبه‌سته‌ی ئاستی ئازادی ئافره‌ته‌ له‌و‌ کۆمه‌ڵگایه‌دا.
بوونی ئەندامی فرە نەتەوە لە ناو ئەم تەڤگەرەدا هەر لە سەرەتای دامەزراندیەوە تاکو ئەمڕۆ یەکێکی ترە لە گەورەیەکانی پرۆگرامی پەکەکە، کە دەبینین کەمال پیر بە ڕەگەز تورک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە و ئەمرۆش بە دەیان و بگرە بە سەدان گەریلا و دۆست و لایەنگری پەکەکە لە سەرانسەری دونیا لە هەمەجۆر گەل و ئاینی جیاواز هەن و پشتگیری دەکەن لە بواری ماددی و مەعنەوی، ئەمەش ڕەوای ئامانج و خەباتی ئەم تەڤگەرە دەسەلمێنێت و هێزێکی تری پی دەبەخشێت.
ئەوەی پەکەکە لە هەموو پارتەکانی تری کوردستان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم پارتە خەباتی خۆی تایبەت نەکردووە بە تەنها ڕێگەێک کە بریتیە لە خەباتی چەکداری بەڵکو ئەم تەڤگرە برەوی داوە بە خەباتی سیاسی و سەربازی و کلتوری هونەری ...تاد. بۆ نمونە بۆ یەکەمین جار لە میژوی ڕاگەیاندنی کوردیدا، پەکەکە توانی یەکەم کەناڵی ئاسمانی کورد دابمەزرێنێت بە کۆمەک و هاوکاری لایەنگرانی لە ئەوروپا کە ئەمەش وەرچەرخانێکی تری گرنگە لە میدیای کوردیدا و گەورەیەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەم تەڤگەرە، کە باوەڕی وایە دەبێت خەبات لەهەموو بوارەکانەوە لەسەر هێڵێکی تەریب برەو پێ بدرێت، چونکە بوونی کەم و کورتی لەهەر یەکێک لە بوارەکانی خەبات ئەوا دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ئامانجە سەرەکیەکە لە کاتی خۆیدا، لەبەر ئەم هۆکارە دەبینێن کە ئەم تەڤگەرە بەردەوامە لەسەر گرنگیدان بە خەباتی سیاسی و سەربازی و کلتوری و هونەری و کۆمەڵایەتی و ..تاد، لەم بارەیەوە ئۆجەلان دەڵێت: ئەوەی باوەڕی وابێت کە شۆڕشەکەمان شۆڕشێکی سیاسی پەتیە، یان ئامانجی ئەوەیە بە ڕێگەی سەربازی بگاتە دەسەڵات ئەوا مەودای تێڕوانینی تەسکی خۆی دەردەبرێت.
ئێستا دوای ٣٧ ساڵ لە دامەزراندی پەکەکە و دوای ٣٠ ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی چەکداری و یەکەم فیشکی هەڤاڵ عەگید با بزانین پەکەکە لە کوێی ڕووداوەکانی ناوچەکە و جیهاندایە؟
کە تەڤگەرێک یان پارتێک هەر لەسەرەتاکانی دامەزراندنیەوە توانیبێتی بە شێوەێکی زۆر خێرا بچێتە ناو خەلکەوە و بە پەروەردەێکی تەندروست ئەندامانی خۆی گۆش کردبێت و لە ماوەێکیدا زۆر کەمدا توانیبێتی سەرنجی دوست و دوژمن ڕابکێشێت. ئەوا بێگومان دوژمنانی کورد هەر زوو درکیان بەمە کردوە کە ئەم تەڤگەرە مەترسی ڕاستەقینەیە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان، لەبەر ئەمە هۆکارە بەردەوام لە هەوڵی شکست پێهێنانی دابوون، بەڵام نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو شکستیان هێنا لەبەردەم ئیرادەی خۆراگری ئەندامانی ئەم تەڤگەرە. بەڵێ هەر لەسەرەتایی چەکەرەکردنی ئەم تەڤگەرە دا دەوڵەتانی زلهێز هەوڵیاندا بەربەست دروست بکەن لەبەردەم پەرەسەندنە خێراکانیدا، بۆنمونە بەپێی بەڵگەنامەێک کە لە نوێنەرایەتی ئەمریکا لە تاران، لە کاتی ڕاپەرینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی (شاه) لەساڵی ١٩٧٩دا بەردەست کەوتووە، دەردەکەوێت کە لە ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA کە لە شاری ئەدەنەوە نێردراوە بۆ بنکەی سەرەکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە تاران ئاماژە بە مەترسی ئەو بزوتنەوە کراوە و لە ڕاپرتەکەدا هاتووە:" چەپی تورک، گروپە کوردییەکان، نە بۆ ئێمە نە بۆ ئەمریکا مەترسی نین، بەڵام تەڤگەرێک هەیە بە ناوی "ئاپۆچی" تا دێت ئەو تەڤگەرە پێشدەکەوێت و بەهێز دەبێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە لەبەر ئەوە پیویستە رێوشوێنی گونجاو بگردرێتە بەر وەکو: یەکەم پێویستە شەخسی ئاپۆ بە ئامانج بگرێت و هەوڵ بدرێت لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە کەسێتی ئەو لاواز و ناشیرین بکرێت، تاوەکو لەناو خەڵکدا بچوک ببینرێت. دووەم پیویستە عەشیرەتەکان چەکدار بکرین لە دژی ئەم تەڤگەرە، سێهەم هەوڵ بدرێت پەیوەندی نێوان ئەم تەڤگەرە و تەڤگەرەکانی تر خراپ بکرێت و لە نێوانیاندا شەڕوئاژاوە بنرێتەوە".
بەڵێ پەکەکە یان بڵێن رەوتی ئاپۆجی بەردەوام لە هەڵکشاندابوو تا کار گەیشتە ئەوەی پلانی دەزگای هەواڵکری تورکیا میت و بە هاوکاری دەزگای سەربازی هەوڵی گرتن و کوشتنی ئەندامانی ئەم ڕەوتە تازەیە دەدەن ئیتر دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ و هاوکات زیاتر خراپ بوونی ڕەوشەکە عبداڵڵە ئۆجەلان ولات جێ دەهێڵێت و لە سوریا دەگیرسێتەوە و هەنگاوە کرداریەکانی خەباتی چەکداری لەوێوە دەست پێ دەکات و دروشمی باکور باشوور ڕۆژهەڵات یەک خەبات و یەک وڵات چەکەرە دەکات و هێزی گەریلا ئامادە دەکات بۆ بەرگری کردن لە گەل و ولات، تا ئەوەبوو لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵەکانی یەکەم فیشەکی بەرگریکردن لە کورد و کوردستان ئاراستەی سنگی دوژمن کرد و ئیتر دوای ئەو بەروارە قۆناغەکانی چەوساندنەوەی بێبەرگری گەلی کورد کۆتایی هات.
دوا بەدوای چەند قۆناغێکی سەختی خەبات بەڵام گەریلا دەتوانێت تەنگ بە دەوڵەتی تورک هەڵچنیت و هەموو بستێکی کوردستانی لێ بکات بە ترس. ترس لە هێرشی گەریلا و زەبرە کەمەر شکێنەکانی کە لە ساڵانی ١٩٨٤ تا ساڵی ١٩٩١ پەکەکە لە ترۆپکی هێزی خۆیدا بوو چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسەت دەوڵەتی تورکی تۆشی شۆک کردبوو، تا کار گەیشتە ئەو ڕادەیەیی دەوڵەت دەستی کرد بە ڕاگواستنی هەزاران لە دانیشتوانی گوندەکانی کوردستان و سوتاندنی گوندەکانیان لە پیناو ڕێگری کردن لە هاوکاری خەڵک بۆ شەڕڤانانی پەکەکە ، دەوڵەت هەر بە ئەوەشەوە نەوەستا بەڵکو هەزاران کوردی بە پارە ڕازی کرد کە چەکی خیانەت بکەنە شان و لە ژێر ناوی گوندپارێزاندا شەڕی گەریلاکانی پەکەکەی پێ کردن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە ڕووی نیودەڵەتیشەوە تورکیا وەکو ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە (NATO) توانی دەوڵەتی زلهێز ڕازی بکات بەوەی کە پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنن و هەموو هاوکارێکی سیخوری و سەربازی و ئابووری لەم دەوڵەتانەوە وەرگرت بۆ لاواز کردنی پەکەکە بەڵام هێشتا سوودی نەبوو، دواجار دوای ڕاپەرێنی خەڵکی کوردستان لە باشوور لە ساڵی١٩٩١ دا دەوڵەتی تورک توانی هەردوو حیزبی باشوور پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان PUK)) ڕازی بکات کە هاوکار بن بۆ لێدانی پەکەکە ، بەڵام لە هەموو ئەم هەوڵانەیدا شکستی خوارد تا دواجار دەوڵەت بریاریدا بە دانوستاندن لەگەڵ PKK دا کە جلال گالەبانی نێوەندگری کرد، بەڵام کوژرانی تورگۆد ئۆزال هەموو هەنگاوەکانی وەستاند.
پلانگێری دوژمنانی کورد، دوژمنانی ئازادی گەلان بەرامبەر بەم تەڤگرە بەرداوم بوو تاکو لە چڵەپۆپەیدا گەیشتە ڕادەی پلانگێری نیودەوڵەتی ١٥شوباتی ١٩٩٩ کە تیایدا ڕێبەری گەلی کورد (عبدالڵە ئۆجەلان) لەلایەن دەزگای هەواڵگری جەندین دەولەتی زلهێزەوە دەستگیرکراو و ڕادەستی تورکیا کرایەوە، بەڵام هەموو ئەم پلانگێریانە پوچەڵ دەرچوون لەبەردەم ئیرادەی گەل وگەریلا و هزروڕامانی ڕیبەر ئاپۆوە. بەڵێ دوای ئەو هەموو پلانگێڕیە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیانە، هێشتا گەریلاو پەکەکە و ئۆجەلان وەکو هێزی کاریگەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ڕۆڵ دەگێرن، نمونەی ئەزموونی (ڕۆژئاوای کوردستان) وەکو خۆبەرێوەبەری دیموکراتی بەڵگەی ئەوەیە کە هزرو ڕامانی ڕێبەرئاپۆ و تێکۆشانی گەریلاکانی پەکەکە نەک لەق نەبووە ، بەڵکو زیاتر لە جاران چەسپیوە و پلانی دوژمنانی کورد وەکو هەموو جارانی تر پوچەڵ دەرچوو، بەڵێ شەڕی نزیکەی ٢ ساڵەی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و تیرۆرستانی داعش بەڵگەی ئەوەن کە هێزی داینەمیکی گەل بە ڕێبەرایەتی پەکەکە توانای بەرانگاربوونەوەی هەموو پلانگێرێکیان هەیە.
ڕاگەیاندنی پەیامی ئاگربەست و هەنگاوەکانی چارەسەری ئاشتیانەی ئۆجەلان، بە تایبەتیش پەیامی ئاگربەست و کێشانەوەی هیزی چەکداری PKK لە نەورۆزی ٢٠١٣ دا جارێکی تر ئەو راستیەی دەرخست کە هێشتا ئۆجەلان ناوەندی بریاری سیاسی و سەربازیە لە تورکیا، ئەمە جگە لەوەی کە پەیامەکەی سەرنجی هەموو دەوڵەتانی زلهێز و میدیای جیهانی ڕاکێشا و بە هەنگاوێکی ئەرێنیان ئەژمار کرد، بەڵێ بە شاهیدی دۆست و دوژمن ئەم هەنگاوەی ئۆجەلان جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە پلانگێریەکانیان سەرکەوتوو نەبوون لەبەرامبەر خۆڕاگری پەکەکە و ڕێبەرەکەی، ئەمە جگە لەوەی سەلماندی کە ڕۆڵی ئۆجەلان و پەکەکە لە ناوچەکەدا کاریگەرە، تا ئەو ڕادەیەی تەلەفیزۆنی BBC لە ڕاپۆرتێکیدا ئۆجەلان بە پردی نێوان گەلی کورد و تورک ئەژمار دەکات و دەڵێت : ئەو پیاوەی کە زۆربەی تورک ڕقیان لێی بوو ئەمڕۆ بە پیاوی چارەسەری ئەو پرسەی دەزانن.
ڕۆڵ و کاریگەری گەریلاکانی پەکەکە لەم جەند ڕۆژەی دوایدا ئەوەندەی تر دەرکەوت کە هاوکات لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکاریە دراماتیکیەکانی باشووری کوردستان و تێکشکانی هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر چەکدارانی تیرۆرستی داعشدا هێزەکانی یەپەگە توانیان پلانی دوژمنان ڤاڵا دربخەن و لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری دوای ئەوەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK ڕایان کرد ئەوان توانیان هەم هاوکاری خەڵک و هەمیش هاوکاری ئەو هێزەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن کە لەلایەن داعشە گەماورۆ درابوون، دوای ئەمەش لە چیاکانی قەندیلەوە بە سەدان گەریلایان ناردە بەرەکانی جەنگ بۆ بەرگری کردن لە خاکی کوردستان، هاتنی ئەم هێزەی گەریلا جگە لەوەی جۆشدانێکی گەورەبوو لە هەستی نەتەوەی تاکی کورد لە باشووری کوردستان هاوکات دەرخەری ئەو راستیە بوو کە PKK ئەو ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێشی کوردایەتیە و هەمیشە ئامادەی گڕگرتنە بەڕووی دوژمناندا. هاوکات ئەمە دەرخەری ئەو راستیە بوو کە پەکەکە وەکو دروشمی باکور باشور ڕۆژەهەڵات یەک خەبات وڵاتی هەڵگرتووە، ئاواش ئامادەی ئەوەیە کە لە پراکتیکدا پیشانی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی بدات. جگە لەوەش سەلماندی کەوا هیج پلانگێڕێک ناوتوانێت چۆک بە هێزی گەریلا دابدات، سەلماندی کە پەکەکە چ لە سیاسەت و ج لە سەربازیدا هێشتا خاوەنی ڕۆڵ وکاریگەری بەهێزە لە ناوجەکەدا و توانای گۆڕانکاری هەیە لە هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دەوڵەتی تورکیش سەرلێشێواوی سیاسەتە لە ناوچەکەدا و دەستەوەستانە لە ئاست سیاسەتی ژیرانەی PKK بە ڕێبەرایەتی ئۆجەلان و بەرخودانی گەل و گەریلا.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە