ئۆپەرێتێك بۆ نەورۆز و ڕاپەرینى كوردان

Saturday, 13/03/2010, 12:00

1869 بینراوە


گرووپى دۆق شارتەر بۆ هونەرى منداڵانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتی سەنتەرو تیپە میللیەكانى هەولێر- وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، ئۆپەرێتی ئادار و نەورۆزى بەرهەمهێنا كە بریتییە لە پانۆراماى دیرۆكی گەلەكەمان لەمانگی ئاداردا، كە پڕە لە خۆشی و ناخۆشی.
لەم بارەیەوە شێرزاد رەسول فەقێ سەرپەرشتیارى بەرهەمەكە ڕایگەیاند بۆ خستنەڕووى مێژووى كوردو تا منداڵانى نەوەى نوێ ئاشناى دیرۆكى كۆن و نوێ بن، بەپێویستمانزانى بەبۆنەى ساڵى نویێ 2710ى كوردییەوە ئەم ئۆپەرێتە بەرهەم بهێنین كە تیدا یادى ڕاپەرین و هەڵەبجەو نەورۆز و بەهار خراوەتە ڕوو.
دەربارەى ناوەڕۆكی كارە هونەرییەكانى ئۆپەرێتەكە شێرزاد رەسول ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد كە ئۆپەرێتەكە چوار جۆرە شایی كوردەواری تێكەڵ بە دەهۆڵ و زووڕنا لەخۆدەگرێت.
لەلایەن خۆیەوە هۆگر ئەحمەد سەرۆكى گرووپ و دەرهێنەرى ئۆپەرێتەكە وتى ئەم بەرهەمە بە شێوازێكى پرۆفشناڵ بەرهەمهاتووە و كرێن و رووناكى چەندین تەكنیكى دیكەى نویێ تێدا بەكار هاتووە، گوتیشى ئێمە بۆ یەكەمجارە كەسایەتى مام نەورۆز دەهێنینە بەر چاو، چۆن لە دنیا كەسایەتى بابەنۆیل هەیە، ئێمەى كوردیش ئەم كەسایەتیەمان هەیە و پێویستە زیندوو بكرێتەوە.
شێرزاد رەسول ئاماژەى بەوەشكرد لە بەرهەمەكەدا كلتوورى كۆنى كوردى و رۆژئاوایی تێكەڵكراوە، دیارە مانگى ئادار ژینى دووبارەیە مانگى نەبەردى و بێگەردی و پاكژییە و هەڵەبجەى زامى كوردو نەورۆزى رووناكى ڕێییەو، بانگەوازى نەوەى نوێ دەكەین وەك دەسكە نێرگز یەكگربن.
شایانى باسە گرووپى دۆق شارتەر ئەمە نۆیەم بەرهەمى تەلەفزیۆنییە، پێشتریش چواردە شانۆگەرى و چواردە نمایشى سەماو گۆرانى لەگەڵ ئەمریكان ڤۆیسیس پێشكەش كردووە لەگەڵ بەرهەمهێنانى دوو فیلم.
ئەم بەرهەمەش لە وتن و نواندنی منداڵان كاژوان و رابەر و مەبەست و هەكار و یەڵدا و، كەسایەتى مام نەورۆزیش لەلایەن هونەرمەندى دابڕاوى ساڵانى حەفتایەكان عەلى سادق شێخ وەتمانییە، تێكستى تەها بیلال و رۆستەم باجەلان و شێرزاد رەسول و دڵدار محەمەدە.
وێنەگرتنى عوسمان محەمەدەمین و مۆنتاژى نەوزاد عەبدولڵا و مۆسیقا تواناى خاڵەحەمرین و ئاڵان سابیر.
ئەمڕۆش بەبۆنەى ساڵیادى ئازادكردنى شارى هەولێر گرووپی دۆق شاتەر ئەم بەرهەمەى بەخۆڕایی بەسەر كەناڵە لۆكاڵ و ئاسمانییەكانى هەرێمی كوردستان دابەشكرد.
هەولێر


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە