ڕاپەڕین لەدژى ڕاپەرین

Monday, 14/03/2011, 12:00

1812 بینراوە





لەكاتێكدا یادى ڕاپەرین دەكەینەوە كە كوردستان بە قۆناغێكى ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت كە گومانى كێشەو قەیرانى گەورەترى سیاسیى لێدەكرێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئێمە لەدواى رٍاپەرینەوە بە قەیرانى جۆراو جۆرى سیاسى تێپەڕین، بەداخەوە زۆرێك لە خەڵكى وایاندەزانى بە رزگار بوون لە بەعس لەساڵى 1991 كۆتاى بە ستەم و زۆردارى دێت و ئیتر ئینسانى كوردى هەم لەڕووى رۆحیەوە و هەم لەڕووى سیاسیەوە ئازاد و سەرفرازە. بەڵام بەداخەوە ستەم و زۆردارى بەردەوامە و ئینسانى كوردى نەك هەر بەشێكى زۆرى ماف و ئازادیەكانى دەخورێت بەڵكو لەناوەوە وێران بووە. كێشەى گەورەى ئینسانى ئێمە ئەوەیە هەموو ژیانى بەستراوە بە گەڕان و پرسیارو خۆ سەرقالكردن بە سیاسیەتەوە.لەگەڵ ئەوەى هەموو ژیانى بەو هۆیەوە بەهەدەردەبات بەداخەوە تێشناگات دۆخەكان چۆن لە قازانجى ئەودانەبووە، تێناگا كەسەركوتارى عەرەبى و سەركوتكارى كوردى هەمان شتە و لە قۆڵایدا هیچ جیاوازیەكى نیە. تێناگا ئەو وێرانكاریەى كە حزبەكانى كوردستان لەدواى ڕاپەرین دروستیان كرد لە ناوەوەى مرۆڤى كورد هیچى فەرقى نیە لەو سەركوتكارى و كوشتن و برینەى بەعس بە درێژاى دەسەڵاتەكەى دژى مرۆڤى كورد ئەنجامى دا. سەركوتكارى ناوەوە(سەكوتكارى و وێرانەى رۆحى) زۆر مەترسیدارترە لە سەركوتكارى لەدەرەوە. بەداخەوە سەركردەكانى كورد هەر كوشتن و برین و خوێنیان لەجەستەو برینى ئینسانى كوردەوە بینى،ئەو ئازارو ئەشكەنجە و خوێنەیان نەبینى كە لەدڵ و دەرونى خەڵكەوە دەڕژێ. وایان كرد ئینسانى كوردى نەتوانێ گوێ لە گورانى بگرێ. وە جاران شیعرێ بخوێنێتەوە.توانێن بەشاخا بگەرێ و بەدڵى بێ غەم بەهاران ڕوو لە دەشتەكان بكات. هەموو ئەمانە تام و بۆنى خۆى هەبووە.
كوردستان لە دواى ساڵى 2003وە دۆخى ئابورى،ناوخۆى،ئیقلیمى ونێودەوڵەتی باش بوو سەیردەكەین سیاسیەكان چ وێرانكاریەكیان بۆ خەڵك بە جێهێشت بەو ماوە كورتە، چۆن رۆحى ئینسانى كوردیان داڕزاند. چۆن كەرامەتى ئینسانى كوردیان بریندار كرد. بەدرێژى دەسەڵاتى یەك سەدە بەقەد ئەم چەند ساڵە دواى ئیسانى كوردى توشى ئازار و ئەشكەنجەى رۆحى نەبۆتەوە.لەبەر ئەوە پێویستە لەوە تێبگەین كێشەى ئێستاى ئینسانى كوردى،ناڕەزاى و هاوارەكان، بەتەنها كێشەى گەندەڵى و خراپى بارودۆخەكەى نیە، بەڵكو مرۆڤى كورد هەست بە ئەشكەنجە و ئازارێكى گەورەى رۆحى دەكات لەناوەوەیدا.لەبەر ئەوە كێشەكە حزبى یان سیاسى نیە، بە كۆبوونەوە و گۆڕانى خێرا و داواكارى ئۆپۆزسیۆن چارەسەر نابێت. مرۆڤى كورد گەیشتۆتە قۆناغێك پێویستى لە ململانێیە لەگەڵ خۆى، ڕووبەرووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو سەركوتكاریەى خۆى ئەنجامى دەدات. ئەم حاڵەتەش ئەگەر رەووبدات لێرەوە دەبێت چونكە قۆناغى ڕاپەرین لێرە دەستپێكردووە و پێویستە كورد لەبەرامبەر خۆى لێرەوە بجوڵێت. بەدرێراژى دووسەدە زیاتر خەباتى ئینسانى كوردى لە دژى غەیرە كورد بوە ،كورد هەوڵى لەو ماوەیەدا لەدژى ئەو دەوڵەت و نەتەوانە بووە كە داگیرى كردوون و كوردیان چەوساندووەتەوە، بەڵام ئێستا كورد پێویستە بە شۆڕشە لەدژى خۆى، نەك بەتەنها شۆڕش و ڕاپەرینى سیاسى، بەڵكو پێویستى بە گۆرانێكى قوڵ هەیە بۆ كردنەوەى دەرگایەكى تازە تا ئینسانى كوردى بەشێوەكى تر تەماشاى خۆى و دەوروبەروو دنیا بكات. پێوستى بە شۆڕشە تا خۆى قوتار بكات لەو ئازارە رۆحیەى لەدواى راپەرینەوە لەگەڵى دەژى. لەبەر ئەوە تا ئەو برینە رۆحى و ئەخلاقیەى ناوەوەى سارێژ نەبێت، تا ئەو غەم و بێزاریە ناوەكیەى نەسرەوى، ئەمڕۆش نەبێت كورد بەیانى شۆشێ لەدژى خۆى بەرپا دەكات..
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە