هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


په‌یکه‌رێکی ئاشتی بۆ دیاری قه‌ره‌داغی

Monday, 07.16.2012, 12:00

2352 بینراوە


کێ شه‌ڕی نه‌فره‌تیی ناوخۆی بیر نایه‌ت، وه‌ک مامۆستا عه‌بدوڵا په‌شێو ده‌ڵێت شه‌ڕ کام کوانو و ماڵ و ره‌نگی نه‌کردبو به‌دو به‌شه‌وه، هه‌موان ده‌زانین ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ناو بون و له‌شه‌ڕی ناوخۆدا بێ لایه‌ن مانه‌وه‌له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن، هه‌مو کایه‌کانی ژیان له‌و ساڵانه‌دا بو به‌دو ره‌نگ و دو به‌شه‌وه‌، ماڵی وه‌ها هه‌بو له هه‌فته‌یه‌کدا دو ته‌رمی له‌هه‌ردو به‌ره‌ی شه‌ڕه‌که‌وه‌بۆ ده‌هاته‌وه‌.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌خوێن و جه‌نگ هه‌مو کوچه‌و کۆڵانه‌کانی هه‌رێمی گرت، وه‌ک هه‌مو چینوتوێژه‌کانی تر، هونه‌رمه‌ندانیش بێ به‌ش نه‌بون له‌دابه‌شبون به‌سه‌ر به‌ره‌کانی جه‌نگدا، هه‌رچه‌نده‌هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند بێ ده‌نگیان لێکرد و به‌غه‌مباری و دڵێکی شکاوه‌وه‌له‌جه‌نگیان ده‌ڕوانی و حه‌سره‌تیان بۆ کۆتایی هاتنی جه‌نگ هه‌ڵده‌کێشا، به‌ڵام هه‌ندێکی تریش هه‌ر زو بون به‌به‌شێک له‌جه‌نگ و په‌نجه‌و زمان و گه‌رویان خسته‌خزمه‌تی لایه‌نێکی جه‌نگه‌که‌وه‌.
له‌ناو ئه‌و دو به‌شه‌ی هونه‌رمه‌ندانیشدا و له‌به‌شه‌ناڕازیه‌که‌یاندا هونه‌رمه‌ندێکمان هه‌یه‌که‌پڕ به‌گه‌روی هاواری کۆتایی هاتنی جه‌نگی ده‌کرد، داوای ده‌کرد جه‌نگ کۆتایی بێت و جه‌رگی دایکان نه‌سوتێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌زۆربه‌مان سڵمان له‌هه‌ردو حیزبی شه‌ڕکه‌ر ده‌کرده‌وه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌به‌گۆرانی دژه‌جه‌نگ نه‌وه‌ی نوێی به‌رامبه‌ر شه‌ڕ رق ئه‌ستور ده‌کرد.
دیاری قه‌ره‌داخی، به‌گۆرانی و ئاوازه‌غه‌مگین و ناوازه‌و جیاوازه‌کانی که‌دژی جه‌نگ ده‌یوت، پێی وتین که‌هونه‌ر‌مه‌ندان ده‌توانن به‌گژ شه‌ڕ و براکوژیدا بچنه‌وه‌، بۆیه‌له‌ئێستادا که‌ کوردستان تا راده‌یه‌ک سه‌قامگیری سیاسی هه‌یه‌و پارته‌کان له‌بری فیشه‌ک و ئاگر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان، هه‌قوایه‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌بێ وه‌فا نه‌بین.
ئێستا له‌کوردستاندا په‌یکه‌ر بۆ زۆر که‌سایه‌تی و ره‌مز ده‌کرێت، په‌یکه‌ر بوه‌به‌ئامرازی گه‌یاندنی مه‌به‌ستی جیاواز، بۆیه‌پێشنیار ده‌که‌م، وه‌ک رێزێک بۆ چه‌ند ساڵ به‌گژداچونه‌وه‌ی جه‌نگ و خوێن رشتن، په‌یکه‌رێکی ئاشتی بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دروستبکرێت، داواکارم رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانیش پشتگیری ئه‌و بیرۆکه‌یه‌بن، تکا له‌هاوڕێ په‌یکه‌رتاشه‌کانیش ده‌که‌م، ئه‌وه‌شانازیه‌به‌خۆیان ره‌وا ببینن و به‌زوترین کات ئه‌و کاره‌ئه‌نجام بده‌ن، چونکه‌دروستکردنی په‌یکه‌رێکی ئاشتی بۆ ده‌نگێکی وه‌ک دیاری قه‌ره‌داخی که‌ساڵانێکه‌ته‌نها نیشتیمان ده‌لاوێنێته‌وه‌و پشتی له‌حیزبایه‌یتی کردوه‌و نه‌بوه‌به‌دارده‌ستی هیچ لایه‌نێکی سیاسی، ئه‌رکێکی پیرۆزه‌.