مام زۆراب تکایە منداڵیم بۆ بگەڕێنەوە

Monday, 22/12/2014, 12:00

7818 بینراوە


یەکەم ڕۆژم دێتەوە یاد، ئەو کاتەی کە لە سلێمانی چوومە قوتابخانەی گۆیژە بۆ وانە خوێندن . ئەو بەیانییەم چاک لەبیرە ، کەچۆن بەعەشقەوە خۆم گۆڕی و شانەم دا لەسەرم و لە ئاوێنە خڕە بچوکەکەی  کەباوکم بۆ ڕیشتاشین  بەکاری دەهێنا ،ڕووخساری خۆم نیگاکرد ،  چاک، چاک  دێتەوە یادم کە چیم لەبەردابوو، بیرمە بابۆڵەی نان و شەکرەکەم چۆن لەناو دەستەسڕە ڕەنگا و ڕەنگەکە پێچابۆوە ، وام دەزانی دەچم بۆ بەرەکانی شەڕ و دەبێت خواردم پێبێت و خۆم تەیارکەم . بیرمە سەرەتا لەناو حەوشە گەورەکەی قوتابخانەدا جیانکردینەوە. من هەر سەیری براگەورەکەم و کوڕانی گەڕەکم دەکرد، ئەوان بۆمن ببوە ڕێنیشاندەرو هەسم بەئاسودەی دەکرد خۆم بەتەنها نەدەزانی . پۆلەکەی ئێمە ڕێک لەتەنیشت دەشۆرەکانەوە بوو ، ڕۆژێکی گەرم بوو پەنجەرەکانی پۆلەکەمان کرابوونەوە و باخچەی قوتابخانەکەمان کە دەیان داری تێدابوو، مانای ژیانی پێمان دەبەخشی ،  بیریشمە کە دەهاتیتە ناو قوتابخانەکەمان دووداری گەورەی فستق بەخێرهاتیان لێ دەکردین و بەژنیان هێندە بەرز بوو باوەشیان بەهەورەکاندا کردبوو، لقوپۆپەکانیان  سێبەرێکی شوماریان دەبەخشیە  قوتابخانەکەمان ،  بیرمە کە فستقەکان پێدەگەیشتن مامۆستاکەمان دەیبردینە بن دارەکان و فەڕاشەکەش  فستقەکانی دەتەکاند و ئێمەش بە خۆشیەکی سەیرەوە کۆمان دەکردەوە ، بەڵام هەرگیز نەمان دەزانێ چارەنوسی فستقەکان بەکوێ دەگەن؟ئەو بەیانییەی کە یەکەمین ڕۆژی چونم بوو بۆ قوتابخانە   ڕۆژێکی هەتاوبوو، بیرمە جریوەی چۆلەکە بزێوەکانم  هەر لەیاد نەچۆتەوە، ئەو بەیانییە ئاوازێکی خۆشیان بۆ دەژەنین ، هەستمان  بەوە نەکرد لەقوتابخانەین، بەڵکو لەباخچەیەک  بووین  کە ژیانی  تێدابوو ژیان ،  دایکمم بیرکەوتبووەوە کە دەیووت میوانمان دێت، چۆلەکەکان ئارامیان لەبەر بڕاوە . ئەو بەیانییەش وابوو چۆلەکەکان ئارامیان لەبەردا بڕابوو.  ئەمە یەکەمین ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەبوو، ئەو ڕۆژە هەمووشتێک بۆنی ژیانی لێدەهات. وێنەی منداڵێکی چاوشین بەپۆلەکەماندا لەسەرو تەختە ڕەشەکەوە هەڵواسرابوو، لەجیاتی وێنەی سەرۆکی ووڵات  کە دوای بوو بەپیشە و لەبەرۆکی دیواری هەموو پۆلەکانیان دەدا. بیرمە دوایی ماوەیەک  گۆرانیەکیشمان لەبەرکرد "ووس ووس ووس چاوشین گیان" هتد..... نازانم چەندی پێچوو کە کتێبیان بەسەردا دابەشکردین ؟ من لە ڕیزی پێشەوەبووم بەختیار کە لەتەنیشتم بوو تۆزێک زمانی دەیگرت، من و ئەو ماوەیەکی باش هاوڕێی قوتابخانەبووین . مامۆستا سەرڕوتاوە ڕووخۆشەکەمان منداڵەکەی خۆشی لەڕیزی پێشەوە دانا، نەمزانی کوڕەکەی هەستی چۆن بوو " کاتێک باوک مامۆستا بێت و لەهەمان پۆل بیت وانەت پێبڵێتەوە"؟ من چونکە برا و خوشکەکانم لەخۆم گەورەتربوون ئەو کتێبە کوردییەی ئەلف و بێی مامۆستا "ئەمین باڵدار"م دیبوو بەڵام جگە لە دارا دوو داری دی و هیچی ترم نەدەزانی. 
پاش ماوەیەک کتێبە ڕەنگا و ڕەنگە کوردییەکەم هەموو لەبەر کرد. من بیرمە پەڕۆیەکم نەوتاویی دەکرد بەدزی دایکمەوەێوە ، دەمدا لەدەفتەرەکەم و وێنەکانم کۆپی دەکرد، دوایی نووسینەکانم دەنووسی. لەو کاتەوە من "مام زۆرابم" خۆش ویست هەستم دەکرد هەر ڕۆژێک بێت مام زۆراب بەگەڕەکەکەماندا بەدەستە شاڵە شینەکەیەوە تێپەڕ دەبێت و مێووژ دەفرۆشێ، منیش هاواری لێدەکەم " مام زۆراب مەڕۆ ئەمڕۆ من ١٠فلسەکەم خەرج نەکردوە لای" مامە جەلال"* و چاوەڕوانی تۆم دەکرد تا مێووژت لێ بکڕم. هەمیشە منداڵ حەز دەکات و ئاوات بەپاڵەوانێک دەخوازێت کە بیناسێ و نزیک بێت لێی ، من وێنەی مام زۆرابم وەک خۆی دەرکردبوو، من دەمزانی مام زۆراب لەبواری مێووژ بەخشینەوەدا بەخشندەیەو ڕێز لەچاوەڕوانێکەی من دەگرێت. هەنگاوە گەورەکانی مام زۆراب کە بەئاگاییەوە دەینا و پێیلە مێرویەکیش  نەدەنا  هێندە ڕێزی بۆ گیاندارەکان لابوو،   دەمزانی ڕۆژێک هەر دێت و بەگەڕەکەکەماندا تێپەڕ دەبێت. من بەیانیان کە لەخەو هەڵدەسام جێگەکەم کۆدەکردەوە ، دوایی دەچووم چاوەڕوان بووم ئەو روخسارە ئاشنایە بێت و منیش وێنەکەی پیشان بدەم کە کێشاومە و ئەویش لەجیاتی ئەو کارەم مێووژم بداتێ و دەمم شیرین بکات بەمێوژەکەی . من هەمیشە ڕقم لەنائومێدی بووە بەئێستاشەوە کە دایکم بۆ بەرچایی بانگی دەکردم، هەستم دەکرد من لەخەیاڵدام و مام زۆراب لە ناو کتێبەکەدا نایەتە دەرەوە و نایەوێت بێت بۆ ناو ئەو گەڕەکانەی کە منداڵان بەئومێدی مێووژ کڕێنەوەن و چاوەڕوانی برسکی لێبڕیوون .  
دەترسام ئەو وەکو زۆربەی دەستفرۆشەکانی تر لەگەڵ ناسیاوەکاندا سارد و سڕبێت و ئەو پاڵەوانە نەبێت کە من لە خەیاڵی خۆمدا دروستم کردووە، ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە "مام زۆراب" بەهەمان بەرگەوە بێئەوەی پیربێت مێووژی خۆی دەفرۆشێ و چیرۆکی ژیان دەگێڕێتەوە  ،ئەوبە رووە خۆسەکەی ، تەرازۆکەی دەستی، تەشتە مێوژەکەی سەری، هەنگاوە زلەکانی، کڵاشە دۆمییەکەی پێی و دەرکەوتنی هەمیشەی لە ڕۆژە ساماڵەکاندا   زۆر مانادارە . ژیان لای مام زۆراب  نەگۆڕە، واتە ژیان نەوەستاوە و بەردەوامی هەیە . 
ئەو وێنەیەی من لەمام زۆرابم دیوە تەنها خەڵاتێک نییە، بەڵکو خۆشییەکی گەورەشە بۆم . کاتێک لەم ڕۆژانەدا سەیری وێنەکەیم دەکرد، هەستم کرد مام زۆراب باڵابارزتر و کەمێک کاڵترە، بەڵام هەمان کەسە جوانەکەیە و بڕوای بەخۆیەتی و بەخشندەیە هەمان مام زۆرابی قسەخۆش و قۆشمەیە ، کە بەگەڕەکەکاندا دەگەڕێ و هاواری مێووژ دەکات بۆفرۆشتن . تەنانەت ئەو کاتەی قورسایی دنیا لەسەر شانێتی" مام زۆراب" ئاسان وەریدەگرێت. ئاخر من کە مام زۆرابم جێهێشت ئیتر لە ناو مێژوویەکی تردا ژیام،  مام زۆراب  نەیدەزانی کە چۆن  هەزارانی وەک منی کردووە بەو مرۆڤەی ئیتر بەبەرپرسیارێتێوە ژیان بکەین  ، من ژیام و لەحاڵەتی دروستبووندا ژیانم دەکرد و بەناو هەورازو نشێوەکاندا  بێوەستان گوزەرم دەکرد . 
 من سیاسەتم دەکرد و دەمویست لەڕێگەی سیاسەتەوە ، هیواکان بچنمەوە  ئەو هیوایانەی لە ناو کتێبەکاندا ئاشنا بووم پێی ، چونکە هەموومان دەزانین  "سیاسەت سەرئەنجام پەیوەندی بە ڕازیکردنەوە هەیە" خەوم ئەوە بوو یان  حەزم دەکرد خەڵک ڕازی بکەم، نە ک ناچاریان بکەم شتێک بکەن.  هەمیشە خەمم بوو ڕۆژێک بێت  مام زۆراب لێم زویر ببێت، هەر چەندە  من مام زۆرابم جێ هێشت  ، بەڵام ئیستا لە پەیامەکەی دەگەم، کە بۆچی مام زۆراب فەرامۆش کرا کەدەسەڵات بوو بەکوردی ؟ بۆچی بەپلان  کوردێکی بادینانی زمانی سۆرانی  لێ تەرە کرا، بۆ "ئیبراهیم ئەمین باڵدار" کێلەکەی شکێنرا ، مێژوویان وونکرد و ئێستا کەس ناوی ناهێنێت؟  ئیستا هەست دەکەم بۆ ئێمە هەموو شتێکمان جێهێشت، ئێستا بیری لێدەکەمەوە ژیان"وەک ئاوابوونی خۆر بوو لەلام" کەئیتر ڕووناکی نەبینمەوە جارێکی تر.   
مام زۆراب گیان من خەیاڵ زۆر بەڕابردووە لێدەدەم ...!  ئەگەر تۆ بتوانی منداڵیم بۆ بگەڕێنیتەوە ، چونکە ئێستا من وەک  پیرە پیاوێکم تەنها دەتوانم لە ڕابردوودا بژیم .  
ئێستا دەزانم پێگەیشتووم بەڵام ڕەنگ نابینم، باوکم نەماوە تا ئێواران بەرچنەیەک  میوەوە ی ڕەنگاو ڕەنگ بێتەوە و حەوزی ماڵەکەمان پڕبکات لە میوە، دایکم نەماوە تا لەسەر تەنورەکە نانی گەرممان بۆ بکات و خواردنمان بۆ لێنێت و بەدار برنج لە مەنجەڵی مسدا لێبنێ و بۆنی حەوشە و گەڕەکەکەمان تەیکات. خوشکەکانم یان نەماون یان پیربوون ئێستا ئەوان گوڵەباخ لە باخی دروسێکانمان ناهێن و لە سوڕاحییە شینە شوشەکەدا دایبنێن، هەموو بەیانییەک ئاوی سوڕاحییەکە ناکەنە ناو حەوزەکەوەو ئاوی تازە بکەنە ناو سوڕاحییەکەوە، تا گوڵەکان گەشببنەوە و ژوورەکەمان ماڵەکەمان  گوڵاوپرژێن بکەن. 
 بەفر نەماوە تا باوکم  پیاوێکی نورانیمان لەحەوشە بۆ دروست بکات و ئێمەش لەپەنجەرە نزمەکەوە سەیری کەین  کە چۆن چۆلەکەو ڕیشۆڵە بزێوەکان  گێزەرە تۆخەکەی لوتی  دەنوک باران دەکەن  و لەسەر سەری  هەڵدەنیشن ، بۆ ئێمەی منداڵ هیچ فلیمێک لەدنیادا هێندەی چێژ نەدەدا پێمان . سەربانی قوڕ نەماوە تا باوکم  پیاوە خێرا بانگوشەکە بانگ بکات و بە بەرگە نایلۆنە زەردەکەیەوە ،بەفرمان بۆ بماڵێت و باگردێن بەسەربانەکەماندا بێنێت، کۆترە شینکەکان نەماون تابێن بەدەنوک نانە وردکراوەکەی دایکم کە بۆی فڕێدەدان لەبەر هەیوانەکە ، کۆبکەنەوە و بەیانیباشمان لێبکەن و لەسەر وردە نان بەسەر یەکدا خۆیان گیڤ بکەنەوە ،  دوای خۆیان چەند پەڕی باڵەکانیان جێبهێڵن بۆمان  ، چۆلەکەکانیش وونبوون لەبەر چاوان  تا بە جریوەجریوەکانیان  ئاوازێکی خۆشمان بۆ لێدەن . پشیلەکانیش نەماون تاخۆیان لە بۆسە بنێن بۆ گرتنی چۆلەکە بزێوەکان و شەڕ دەستپێبکات لەنێویاندا . کەپری مێوەکان نەماون تا تێر هەموو ڕۆژێک لەهێشوی بەرسیلەکان بڕوانم و لەدایکم بپاڕێمەوە تاڕێگەم بدات هێشویەک لێکەمەوە و بەخوێ زبرەوە بیخۆم و دەمم پڕبێت لە ئاو. یان دایکم بەکاوە خۆ تورەکە بۆ بۆڵە ترێکان  دروست بکات بۆ ئەوەی زەردەواڵە بزێوەکان نەیخۆن و لەپایزدا ترێ مێوەزەبەلاحەکەی خۆمان بخۆین .  کوپە گەورەکانی گەنجینەکانیشمان تۆخۆش،  ئێستا نەتامی مرەبای هەنجیرونە بەهێ دەکەین ،  بەرمیلی نانە تیرییەکەشمان نە ماوە،  تا مشک شەوانە ئاوازی کرتە کرتمان بۆ لێبدەن، نەنکیشم لەمێژە جێ هێشتووین، تا چیرۆکە هەرگیز تەوا نەبووەکەی بیگێڕێتەوە بۆمان و شەوەدرێژەکانی زستانمان بۆ داماڵێت تا خەو بمان باتەوە .  
مام زۆراب گیان ، گەر تۆ بتوانی منداڵێم بۆ بگەڕێنیتەوە ،من لە چاو کزی ڕزگار دەکەیت، دەچمەوە ئامێزە گەرمەکەی دایکم و بۆنی پرچە ڕەشەکانی دەکەم، کە لەسەفەرەکەم بۆ پاریس  لە دوکانە زەبەڵاحەکەی بۆندا زۆر گەڕام  زۆر لوتم نا بە شوشەی عەترەکانەوە  نەم توانی بۆنی پرچەکانی دایکمی تێدا بدۆزمەوە . مام زۆراب گیان ئێستا من لەباڵندەیەک دەچم لەناو قەفەزێکدا ڕەنگە لەزێڕ دروست کرابێت، بەڵام من دەمەوێت جارێکی تر وەک باڵندەیەکی ئازاد لەو قەفەزەدا بێمەدەرەوە و بەرەو ئاسمانی منداڵیم لەشەقەی باڵ بدەم. دەمەوێت تەنها گوێم لەو گۆرانیانە بێت کە لە ڕادیوێکەمانەوە پەخشدەکران، ئەوسا  باوکم چاوی دەنوقاند و لەگەڵیا دەیوتەوە، "هەرمن ناشادم، هەرمن ناشادم، هەمووکەس شادە و هەرمن ناشادم" ئەوسا من هیچ لەو گۆرانیانە  تێنەدەگەیشتم ، باوکم گوێی لەتایەر تۆفیقیش دەگرت کە لەگۆرانییەکدا داوا لە کوڕێکی ئازا دەکات سەفەرێکی بۆ بکات بە شەو تورک و عەرەب و عەجەم بەسەفەرەکەی نەزانێت. باوکم حاڵی لێدەهات و من هیچ لەو حاڵەی ئەو نەدەگەیشتم و تەنها لە فرمێسکە قەتیسماوەکانی چاوی باوکم دەڕوانی. شەوانەش ئاسمانی حەوشەکەمان هێندە ئەستێرەی پێوە بوو، من تاتوانام هەبوایە دەمژماردن، بەیانیانیش کوکوختییەکان پێش ئێمە هەڵدەستان لەخەو بەسەر سنەوبەرە بەرزەکانەوە بوون کەهەناسەیان دەدا دەنگێکی خۆشی لێدەردەچوو ،مژدەی ڕۆژێکی تازەی دەداینێ . 
مام زۆراب من ئێستا ئیرەییت پێدەبەم نازام چۆن و بۆچی ئەو هەموو شەڕو شۆڕ و ئەنفالەی بەعس نەیتوانی پیرت بکات ؟ 
 مام زۆراب تکایە منداڵییم پێببەخشەرەوە دەمەوێت لەیەکەم ڕۆژەوە دەست بکەمەوە بە خوێندنەوەی ئەلف و بێی کوردی. 
 دەزانی مام زۆراب قوتابخانەی گۆیژەشییان وەک هەموو شتێکی تر هەتک کردووە، ئێستا ئەوێش مێژووی نییە، نە دار فستقەکان ماون نەباخچەکە، نە ئەوانەی لەوێ مامۆستابوون. ئێستا ئۆتۆمبیلەکان لەوێ رادەگیرێن و گەراجی ئۆتۆمۆبێلە و  بازاڕێکی دزێوە چێگەکەی  من دڵنیام  تۆش بڕۆی نایناسیتەوە ....!  ئای کە خۆش دەبوو منداڵیت بۆ بگەڕانمایەتەوە و جارێکی تر لە حانوتی قوتابخانەکەمان پسکیتی زەرد و ڕەحەتەلقومم بکڕیایە و چەند کڵۆ دەباشیریشم لەمامۆستاکەمان وەربگرتایە، تەباشیری ڕەنگ زەرد و شین و سپی .  ئیتر چاوەکانم ئەبڵەق نەبوایە بە پڕگالە زەباڵەحەکەی دەستی مامۆستاکەمان ،کەبازنە گەورەکانی لەسەر تەختە ڕەشەکە دەنەخشان ، منداڵێ لەوکاتەدا  چەند خۆش بوو، ئەودەم سێوی لوبنانمان وەردەگرت و کاغەزەکەشمان دەکرد بەدەستەسڕ، شیری گەرممان وەردەگرت، رۆژی هەینیش کە دەهات کەوچکێک ڕۆنی ماسی و مەڵحەمێکیشیان دەکردە چاومانەوە بۆ "تەراخوما" .  بەشەقامی مەولەویدا تلدەبووینەوە هەمووڕۆژێکیش دەچووم تابلۆی گەورە ڕەنگاو ڕەنگەکەی کە  هەڵواسرابوو لەدوکانێک  لەبازاڕی عەسری  لەسەر شەقامەکە .  ئەوکاتانە  ئێمە دەمان ووت ئەها براکەی مام زۆراب زەمیلەیەکی پێیە و لە گوندێکەوە دیاری بردوە بۆ خزمەکانی، لەتابلۆکە نوسرابوو ڕەنگاو ڕەنگەکە نوسرابوو  " بەدەستی بەتاڵ مەچۆ بۆ دیاری، دیاری پێویستە بۆ یادگاری" . 
مام زۆراب تکایە جارێکی تر منداڵیم بۆ بگەڕێنەرەوە، تا چێژلە ڕەنگ و تام  بکەمەوە، تا بەناو ئەو گەشتەدا بڕۆمەوە، کە هەرگیز ماندوونەدەبووم لێی. 
 تا جارێکی تر ببینم چۆن هەموو پاشنیوەڕوانێک ، بەهار حەوشەی دەشت و منیش ڕام دەکرد لەسەربان لە دەرزی ستارەکەوە سەیری ڕانە گەورەکانیم دەکرد. ئەو بەهارەی کە برا بێشەرەفەکەی لەسەر شەڕەف کوشتی کە خۆی نەی بوو، مام زۆراب ئەم جارە سەفەر دەکەم بەناو ژیاندا و گیانی خۆم بەخت دەکەم، بەڵام سازش ناکەم لەسەر باوەڕم. کە دەڵێم منداڵیم بۆ بگەڕێنەوە دەمەوێت بگەمەوە بە زەین و بیرەوەرییەکان و ڕامیان بکەمەوە. دڵم هیچ بەڵگە ناهێنێتەوە ،بەڵام باوەڕم بەوەیە ئەگەر تۆ نەتوانی منداڵیم بۆ بگەڕێنیتەوە دەزانم بەخەیاڵیش بێت دەمگەیەنێتە جێگەیەک،  ڕەنگە پۆلی یەکەم بێت لەقوتابخانەی گۆیژە ئەو قوتابخانەی تێیدا فێری ئەلف و بێ بووم ، مام زۆراب گیان . 
 
ڕیزی سێهەمین لەڕاستەوە سێهەمین منداڵ منم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە