خیانەت بەناوی کوردایەتی ، باوی نەماوە

Thursday, 31/10/2013, 12:00

1893 بینراوە







ڕۆژی 27 10 2013 بە یەکێک لە ڕۆژە دیرۆکیەکان دەژمێردرێت لە مێژووی نەتەوەکەماندا ، لەو ڕۆژەدا شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی گەل "ی‌پ‌گ" هێرشێکی بێ وێنەیان کردە سەر شاری "تەل‌کۆچەر" لەسەر سنووری باشوور و خۆرئاوای کوردستان و لە کەمترین ماوەدا تەواوی شارەکە و دەوروبەریان ڕزگارکرد لەژێر چەپۆکی پیسی هێزە ئیسلامیە دڕندەکانی ناسراو بە ("جەبهە النەسرە " و " دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بیلاد الشام ")دا .
بە دەستخستنی ئەم شارە سنوورییە تەواوی هاوکێشەکانی بەسەر دوژمناندا پێچەوانە کردەوە ، چونکە لەگەڵ ئەوەی شاری تەل کۆچەر شارێکی کوردستانییە لە هەمان کاتدا چەندین گرنگی بێ وێنەی تێدا بەدی دەکرێت لە هەموو کوردستان بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستاندا بە تایبەتی کە بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە :-
1- زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە عەرەبن و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتریش کورد و ئاسوری تێدا دەژین ، لەبەرئەوە ڕزگارکردنی ئەو شارە باشترین تاقیکردنەوەیە بۆ شۆڕشگێڕانی کورد تاوەکو بەرنامەی " خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی" تێدا پیادە بکەن کە یەکێک لە ئامانج و داواکاریەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە ، بۆ ئەوەی سیستەمی کۆنفیدرالی دیموکراتی بخرێتە واری کرداریەوە و سەرەتایەک بێت بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی خۆرهەڵاتی ناوێن .
2- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر بە واتای کۆتایهێنان بە سیاسەتی شۆڤێنیستانەی بە عەرەبکردنی کوردستان ، چونکە سیاسەتێک کە دەیان ساڵ لەلایەن بەعسیەکانەوە پیادە کرا ، توانرا لە ماوەی چەندین سەعاتدا پوچەڵ بکرێتەوە و شارەکە بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی وڵاتی دایک و دانیشتوانە ڕەسەنەکەی .
3- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر سەرەتایەکە بۆ ئەوەی نەتەوە جیاوازەکان بەشێوەیەکی یەکسان پێکەوە ژیان بەسەر بەرن و کۆتایی بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی بەعسیە نەژادپەرستەکان بهێنرێت و "برایەتی و یەکتر لە ئامێزگرتن" جێگەی "دوژمنایەتی و یەکتر فەرامۆشکردن" بگرێتەوە .
4- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر ، کۆتایی بە سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردن هێنا ، کە سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەران و هێزە ئیسلامیەکانە . چونکە پیسترین سیاسەت کە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پیادە کرا بریتی بوو لە سیاسەتی برسیکردن بە سنوور داخستن و گەمارۆدانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی و دەوڵەتی تورک و هێزە ئیسلامیەکانەوە .
5- ڕزگارکردنی شارەکە بریتییە لە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ گرێدانەوەی تەواوی باشووری کوردستان و چیای قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە . چونکە بە درێژایی زیاتر لە 20 ساڵە هەم سەرانی پارتی و هەم هەردوو داگیرکەرەکەی تورکیا و سوریا هەوڵی زۆریاندا کە پ‌ک‌ک لە ڕۆژئاوا داببڕن و پەیوەندی قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەهێڵن .
6- شاری تەل کۆچەر تەنها دەروازەیەکە کە عێراق بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە ، ئەمەش وا دەکات کە هەم عێراق و هەم تورکیا و هەم وڵاتە ئەوروپیەکان ناچار بکات کە چیدیکە مافەکانی کوردان فەرامۆش نەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دۆزی کورد بدەن .
7- تەل کۆچەر هەم شارێکی دەوڵەمەند بە نەوتە و هەم نزیکترین جێگەشە لە بیرە نەوتەکانی "ڕومێلان"ەوە ، هەر بۆیەش بنکەی سەرەکی هێزە ئیسلامێکان لەو شارە دامەزرابوو و تەواوی پیلانەکانیشیان لەو شارەوە دادەڕشت دژ بە ڕۆژئاوا ، بە ڕزگارکردنی شارەکە زۆربەی مەترسێکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ دێت .
8- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر کۆتایی بەو خەونە وەنەوشەییەی تورکیا و هێزە ئیسلامیەکان هێنا کە دەیانخواست دەوڵەتێکی ئیسلامی سەر بە القاعیدە لە باکووری سوریا دروست بکەن و ناوەندەکەی تەل کۆچەر بێت تاوەکو لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەوە کوردانی ڕۆژئاوی کوردستان پەراوێز بخەن .
ئەوەی لە بن بەڕەدایە دەخرێتە سەر بەڕە :-
ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر زۆر نهێنی ئاشکرا کرد ، گرنگترینی ئەو نهێنیانەش بریتی بوو لەو هاوپەیمانیە نهێنیەی نێوان (تورکیا و بنەماڵەی بارزانی و هێزە ئیسلامێکان و ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا) . هەر لەگەڵ ئازادکردنی شارەکەدا دەوڵەتی تورک هاتە زمان و لە یەکەم کاردانەوەدا داود ئۆغڵو گوتی (پەیەدە نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی سوریا ناکات و ئێمەش چی بۆمان بکرێت دژایەتی پەیەدە دەکەین) . هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەی داود ئۆغڵودا هەر یەک لە ئارتەشی ئازادی سوریا و دەسەڵاتدارانی پارتیش هاواریان لێ بەرز بوویەوە و کەوتنە داکۆکیکردن لە هێزە ئیسلامیە تاریکپەرستەکان .
ئارتەشی ئازادی سوریا کە تا ئەو کاتە خۆی بە جیاواز لە هێزە ئیسلامیەکان دەزانی ، کەچی لەگەڵ ئازادکردنی شارەکەدا کەوتنە خاوەنداریکردن لە ئیسلامیەکان و وەکو بەشێک لە ئارتەشی ئازادیان لە قەڵەمدا و لە بەرامبەریشدا کورد و پەیەدەیان بە تیرۆریست پێناسە کرد و بەڵێنیاندا کە سزای کوردان بدەن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە ، هەڵبەت بەر لە ئارتەشی ئازادیش هێزە ئیسلامیەکان فەتوای حەڵاڵکردنی خوێن و ماڵ و ژنی کوردیان دابوو .
دەسەڵاتدارانی پارتیش ئەگەرچی وا خۆیان پیشان دەدا کە خەمخۆری دۆزی کوردانن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ، کەچی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر هەر بەوەوە نەوەستان کە گەمارۆی ئابوورییان خستبوویە سەر ڕۆژئاوا ، بەڵکو سنووری ڕۆژئاواشیان بە ڕووی بەڕێز "ساڵح موسلیم"دا داخست و ڕێگەی دەربازبوون بۆ باشووری کوردستانیان لێ قەدەغە کرد و چی تۆمەتی درۆ و ناڕەوا بوو ئاڕاستەی ئەو بەڕێزەیان کرد .
ساتێک دەیانگوت ساڵح موسلم پێویستی بە باشووری کوردستان نییە و ڕێگەی پایتەختی داگیرکەرانی بەسەردا کراوەتەوە ، هەڵبەت ئەم تۆمەتە ناشیرینە دەستە چەورەکەی خۆیانە و بە ڕووخساری ساڵح موسلمیاندا دەسو ، چونکە ئەگەر هەر کەسێک باسی لە دەستێکەڵاوی داگیرکەران بکردایە دەبوو پارتیەکان چاوی خۆیان دابخستایە و بێدەنگیان هەڵبژاردایە .
چونکە گرێدراوی پارتی و بارزانی بە داگیرکەرانەوە نەک هەموو هێڵێکی سوری بەزاندووە بەڵکو بووشنەتە وەکیلی داگیرکەران لە کوردستاندا . ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە ساواکیدا شایان بە سەپان نەدەزانی و سەدان سەرکردە و کادری وەک کاک سولەیمانی موعینیان تیرۆر کرد و ڕادەستی ئێرانیان کردنەوە ، ئەوە ئەو بنەماڵەیە بوون کە لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد و فەتوای جیهادەکەی ئایەتوڵا خومەینیان لەسەر پیادە کردن و هەموو ڕۆژهەڵاتیان تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی کردەوە . ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە ڕابردوودا شۆڕشی باکوریان دامرکاندەوە و دکتۆ شڤانی سەرکردە و هەموو هەڤاڵەکانیان تیرۆر کرد . ئەوە بنەماڵەی بارزانی بوون کە دەیان جار پەلکێشی سوپای تورکیان کرد بۆ باشووری کوردستان بۆسەر شۆڕشگێڕانی پ‌ک‌ک و تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش هەزارەها جەندرمەی تورکیا لە باشووری کوردستان مۆڵ دراوە . ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە 31 ئابیان ئەنجامدا و سوپای بەعسیان ئاشنای بست بە بستی باشووری کوردستان کرد ، ئەوەش بنەماڵەی بارزانی بوون کە ئامێزیان بۆ هەموو بەعسی و ئەنفالکەر و سەرۆک جاشەکان کردەوە .
هەڵبەت بنەماڵەی بارزانی هەر چیرۆکی پایتەختی داگیرکەرانیان نەدەهۆنیەوە بۆ بەڕێز ساڵح موسلم بەڵکو کەوتنە درۆ هەڵبەستن بۆ ئەو کەسایەتیە شۆڕشگێڕە و دەیانگوت ساڵح موسلم گوتویەتی خەڵکی باشوور بێ تەربیەتە . لەم بارەیەوە من هیچ لەسەر ئەم درۆ ناشیرینەی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ناڵێم و با خوێنەر لەم لینکانەی خوارەوەدا هەم ڕاستیەکان بخوێنێتەوە و هەم گوێبیستی گوتەکانی بەڕێز ساڵح موسلمیش ببێت :-
http://radionawa.com/Detail.aspx?id=22545&LinkID=1#.Um5m2h-ZNaE.facebook
http://www.hawarnews.com/index.php/2013-02-14-17-53-15/7415-2013-10-30-07-03-44
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=15838#TOP



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە