بۆچی لیستی گۆران لە كركوك دەنگی نەهێنا ...

Sunday, 14/03/2010, 12:00

1254 بینراوە


یەكێك لە خەسڵەتە هەرە باشەكانی هەر حیزبێك یان بزوتنەوەیەكی جەماوەری ئەوەیە دوا هەر سەركەوتنێك یان دۆرانێك بە بەرنامەكانی خۆیدا بچێتەوە و بە چاوێكی رەخنەگرانەوە بە پرۆگرام و سیاسەتەكانیدا بچێتەوە كە بوونەتە هۆی سەركەوتنەكانی یان شكستەكانی بۆ ئەوەی جارێكی تر بە سەر ئەو هەڵەو كەموو كوڕیانەدا باز نەدا ,.ڕاستە سەركەوتنە گەورەكەی گۆران لە 25/7 دا بۆ لیستی كوردستانی شۆكێكی گەورە بوو كەچی بە داخەوە لە بەرامبەریشدا بووە هۆی لەخۆ باییبونێكی گەورە بۆ لیستی گۆران و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی ووتە بێژی رەسمی لیستی گۆران محمد توفیق رحیم زۆر بە راشكاوی و بێ منەتانە بڵێ لە 7/3 دا سەرجەم كورسیەكانی كەركوك دەبەین بێ ئەوەی رونیبكاتەوە یان باسی ئەو میكانیزمە بكات كە چیە ئەوەندە دڵنیای كردووە كە ئەو پێی وایە ئەمجارە لیستی گۆران سەرجەم كورسیەكانی ئەو شارە ئەبات . ئا لێرەوە ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە كە لیستی گۆرانیش دیسان وەكو حیزبە سیاسیەكانی تری كوردستان ئەوەندەی ئیشی لەسەر عاتیفە یان راپۆرتی هەڵەی هەلسوراوەكانی خۆی لەو شارەدا كردووە ئەوەندە ئیشی لەسەر لۆژیك و پلانی مەنتیقى نەكردووە تاوەكو بارودۆخی شارەكەو هەست و هۆشی خەڵكی ئەو شارە بە باشی بخوێنێتەوە و خاڵە لاواز و بەهێزەكانی خۆی و ركابەرەكانی دەستنیشان بكات , تاوەكو لەوێوە ئیش لەسەر فراوانكردنی بنكەی جەماوەری خۆی بكات .. لێرەدا دەمەوێت لە چەند خاڵێكدا سەرنج و تێروانینی خۆم سەبارەت بە خاڵە لاوازەكانی لیستی گۆران لە بەرامبەر لیستی هاوپەیمانیدا بخەمە بەردەم رای بزوتنەوەی گۆران بەو ئومێدەی لە داهاتوودا بتوانن سودی لێ وەربگرن .
1- لیستی گۆران دەبوایە هەر لە سەرەتاوە لەوە تێ بگەیشتایە كە بوونی نەتەوەی جیاواز وەكو توركمان و عەرەب لەشارەدا و ململانێكان لە پێناو ناسنامەی ئەو شارەدا و هاندانی هەست و سۆزی جەماوەری كورد لەو شارەدا چەكێكی كاریگەرەو هەركەسێك بتوانێ ببێتە خاوەنی ئەو چەكە ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر هەست و سۆزی خەلكی كەركوك دەبێت و بە قازانجی ئەو ئەشكێتەوە . بە داخەوە گۆران نەیتوانی سود لەو چەكە كاریگەرە ببینێ و بەڵكو بە پێچەوانەوە هاوپەیمانی توانی لە پروپاگەندەكانی خۆیدا ئەوە زەق بكاتەوە كە لیستی گۆران لە ئیستاوە خەریكی مساوەمە كردنە لەسەر كركوك و دەیەوێت كەركوك بە توركمان و عەرەبەكان ببەخشێت .
2- نەبوونی بەرنامەیەكی رون و سیاسەتێكی ئاشكرا لە لایەن لیستی گۆرانەوە بەرامبەر بە ئایندەی كركوك و چۆنێتی چارەسەرركردنی كێشەی كركوك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا .لەبەرامبەر ئەوەشدا لیستی كوردستانی ئەگەر بە دروشمیش بێت توانی بەرنامەیەكی ناسیونالیستی كوردی لەكەكوكدا بەرز بكاتەوە و سود لەهەست و سۆزی نەتەوایەتی كورد لەو شارەدا وەربگرێت .
3- ئەگەر بەراورد لە نێوان كاندیدەكانی لیستى گۆران و لیستی كوردستانی (بە تایبەتیش كاندیدەكانی یەكێتیدا) بكەیت ئەوە بە ئاشكرا ئەوەت بۆ رون ئەبێتەوە كە كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوكدا زۆر ناسراو ترو چالاك تر بوون لە پروپاگەندە كردندا بە بەراورد لەگەڵ كاندیدەكانی گۆراندا . كە بە راستی هەر لە سەرەتاوە زۆر شەرمنانەو دەستەوەستان ئەهاتنە بەرچاو و ژمارەی كاندیدەكانی گۆران ئەوەندە زۆر بوون ئەگەر گۆران لەو شارەدا سەد هەزار دەنگیشی بە دەست بهێنایە لەو بروایەدا بووم كە هیچ كورسیەكی بە دەست نەهێنایە لە بەر پەرش و بلاو بونەوەی دەنگەكانی لە نێوان كاندیدە زۆرەكانیدا .
4- بوونی تاڵەبانی هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەوە تاوەكو دوای هەڵبژاردن لە كەركوكدا و بە كارهێنانی هەموو هێزو دەسەلاتەكانی خۆی چ وەكو سكرتێری یەكێتی و چ وەكو سەرۆك كۆماری عێراق و بەخشینەوەی پارە و بەڵێنی زۆرو زەوەند بەسەر خەڵكیدا لەو ماوەیەدا رۆڵی كاریگەری هەبوو لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەو شارەدا نەك بە تەنها لەسەر گۆران . بەڵكو لەسەر حزبێكی هاوپەیمانی خۆشی كە پارتیە .
5- یەكێتی و بە تایبەتیش خودی تاڵەبانی لە دوای شكستە گەورەكەیان لە 25/7 بە دوای پێگەیەكدا دەگەران تاوەكو خۆیانی لە مردن پێ رزگار بكەن و هەر هیچ نەبێت پێگەیەكیان لە شارێكدا هەبێت تاوەكو بە بنكە جەماوەریەكەی خۆیان بڵێن یەكێتی نەمردووە و هێشتا دەتوانێ جەماوەر لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە . بێگومان باشترین شاریش بۆ ئەوان كركوك بوو چونكە لەوە دڵنیا بوون شاری سلێمانیان لە دەست چووە و خەڵكی سلێمانیش زۆر لەوە هوشیارترن جارێكی تر بە پروگاندەكانی ئەوان بێنەوە سەر ئاوازە سواوەكانی ئەوان , بۆیە گرەوی مان و نەمانیان لەسەر كركوك دانابوو . هەر واشیان كرد . لە بەرامبەردا گۆران ته نها خۆی بەوە پشت ئه ستوور كردبوو كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی حوكمرانی كوردا لەو شارە ئەوەندە خەڵك لە یەكێتی و پارتی توڕەیە ئەگەر هیچ هەوڵێكیش نەدات ئەوە خەڵكی دەنگ بە گۆران ئەدات .
6- گۆران ئەو خاڵەی لە بیر كردبوو كە بوونی راگەیاندنی ئازاد لە ماوەی سالانی رابردوودا هۆكارێكی گرنگ بوون بۆ هوشیار كردنەوەی خەڵكی سلێمانی بەرامبەر بە گەندەڵیەكانی ئەو دوو حیزبە و باكگراوندێكی سازو ئامادە هەبوو نەك بۆ گۆران بەڵكو بۆ هەر حزبێكی تری ئۆپۆزسیون كە بهاتایەتە مەیدان . بەلام لە بەرامبەردا ئەم لایەنە گرنگە لە كەركوكدا وجودی نەبووە و ئەوەشی كە هەبووە ته نها راگەیاندنەكانی پاشكۆی حزب بوون و ئەوانیش رۆلێكی كاریگەریان هەبووە و دەبێت لە چەواشە كردنی ڕای خەڵكی شارەكەدا .
7- هوشیاری خەلكی سلێمانی و درك كردنیان بە مەسەلە گرنگ و چارەنوسسازەكان نەك تەنها لە پێش كەركوكەوە , بەڵكو بە رێژەیەكی زۆر لە پێش شارەكانی تری كوردستانی وەكو هەولێرو دهۆكیشەوەیە و شارێكە سروشتی وایە بە ئاسانی دەستەمۆ ناكرێت . بۆیە دەبوایە گۆران كۆمەڵێك دامەزراوەی راگەیاندنی چالاك و كاریگەری لەو شارەدا بنیات بنایە تاوەكو كاریگەری تەواوی لەسەر رای گشتی ئەو شارە دروست بكردایەو رێگەی نەدایە پروپاگەندە ژەهراویەكانی یەكێتی و پارتی ئەوەندە كاریگەری لەسەر رای خەڵكی دروست بكەن . .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە