ئەگەری " ٣١ی ئاب " ی سێهەم

Monday, 18/08/2014, 12:00

1815 بینراوە




" ٣١ ی ئاب " وەک دەستەواژەیەکی بەکارهاتوو لە باشوری کوردستان، وێڕای ئەوەی بەروارێکی دیاریکراوی ساڵە، سیمبۆڵی ناسینەوەی شێوەیەک لە خیانەتی نیشتیمانییە کە هێزێک لە ڕێی داوەت وپەلکێشکردن یاخود مەیدان لێژکردنەوە بۆ هێزێکی دەرەکی و بێگانە تا پێ بنێتە ناو خاکی ووڵات و لە ململانێیەکی دیاریکراودا ببێتە فریادڕەسی هەستانەوەی نوشستی و کەوتنی سیاسی و عەسکەری ئەو هێزە کەوتووە دیاریکراوە. ئەو دەستەواژەیە لە شەڕی ناوخۆی ناوەڕاستی نەوەدەکانە سەریهەڵدا کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا لەشکری ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی هێنایە ناو هەولێر و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی لە کوردستان وەدەرنا!
لە جیهاندا زۆر ڕووداو هەن بە بەروارەکانیاندا دەناسرێنەوە، بۆ وێنە " ١١ی ئازار " بۆ خەڵکی باشوری کوردستان ڕاستەوخۆ ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمییان لە ساڵی ١٩٧٠دا بیر دێتەوە هەروەها لەگەڵ ناوهێنانی " ١١ی سێپتەمبەر " دا ، خەڵکی جیهان یەکسەر تەقاندنەوەی تاوێرەکانی بازرگانی ئەمریکایان دێتەوە بیر! ٣١ی ئاب برینێکی ساڕێژ نەبووی خەنجەرێکە کە کورد بە دەستی خۆی وەشاندییە پشتی خۆی بۆیە ئازارەکەی لە برینەکانی دیکەی جەستەی چەندان جار بەسووێترە!
لە هەموو ووڵاتانی جیهاندا، دووژمنی خۆ مەڵاسداوی ئەودیوو سنورەکان دەبێتە هۆکارێکی ڕژدی یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک و هێزو گرووپەکانی ناوەوەی ووڵات لە پێناو خۆپاراستن و پارێزگاری کردن لە خەڵک و نیشتیمان! ئێستا لە باشوری کوردستاندا بابەتی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش " بۆسەر خاک وخەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی زاهیری و ڕوکەش بۆتە هەوێنی هاتنە مەیدانی هاوبەشی هێزو پارتەکانی هەرچواربەشی کوردستان لێ بە دیوەکەی دیکەیدا هەست بە زۆرێک لە سڵەمینەوەو ترس لە یەکتری دەکرێت لەلایەن هێزەکانەوە لەوەی هێزەکان بکەونە بەردانی پشتی یەکتری وپاشقول لەیەکتر گرتن، واتا هێشتاش و لەو وەزعیەتە هەستیارو دژوارەشدا لە شعور و لاشعوری ئەو هێزانەدا باوەڕبونی تەواوەتی هێزەکان بەیەکتری لەئارادا نییە و هێستاش گومان و دڕدۆنگیەکان لەیەکتری هەست پێدەکرێن کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نێزیکەی نیو سەدە لە ململانێ و کێبڕکێی نێوان ئەو هێزانە کە زۆرجار لە دەمی ئاڵوگۆڕی هاوکێشە و باڵانسە سیاسی و عەسکەریەکاندا کەوتونەتە سەر ساخکردنەوەی حیساباتە تایبەتیەکانی خۆیان بەمەبەستی زاڵکردن و چەسپاندنی باڵادەستی و.... هتد!
چۆڵکردنی شەنگال و دەوروبەری بەبێ ئەوەی سوکە بەرگرییەک بگرێت، هەڕاجی جێهێشتن و پشتکردنە خاکی نیشتیمان بەوپەڕی بێباکییەوە و سپاردنی هاونیشتیمانیان بە وەحشیترین هێزی توندڕەوی دینی تا ئابڕوو و حەیسیەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیت ئەتک بکرێت و کورد ببێتە جێی شەرم و بەزەیی خەڵکی دونیا، مەزادێکی هەرزانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەکرێت وەک " ٣١ی ئاب " ی دووهەم ناوزەد بکرێت!
گومانی تێدا نییە چ داوەت و پەلکێشکردنی ئاشکرای دوژمن بۆ سەرخاکی ووڵات و چ بەرگرینەکردن و مەیدان لێژکردن بۆ دووژمن، هەردووکیان دەچنە خانەی یەک خیانەتی نیشتیمانییەوەو جیاوازیان نییە! لە ٣١ی ئابی یەکەمدا پەرلەمانی خەڵک ئەتککراو یەکێتی نیشتیمانی دوچاری شکستی عەسکەری بوو لێ لە ٣١ی ئابی دووهەمدا خەڵک ئەتککراو بەشێکی خاکی کوردستان کەوتە دەست دووژمنەوە!
ئەگەر ٣١ی ئابی یەکەم بگەڕێتەوە بۆ لاوازی و کەساسی هێزی پارتی لەبەردەم یەکێتی دا و ئەو هێزە مەجبور بووبێت پەنا بۆ پەلکێشکردنی هێزی دەرەکی بەرێت تا لە کەوتنیدا هەڵیستێنێتەوە ئەوا ٣١ی ئابی دووهەم لە قۆناغێکدا ڕوودەدات کە پارتی خۆی پێ بەهێزترین و گەورەترین هێزی کوردستانە لە ڕووی نفوزی سیاسی و جەماوەری و تواناو ڕێژەی عەسکەری و ئابووری و سەرجەم جومگە گرنگەکانی دەسەڵات لە دەستی ئەو پارتە دایە، واتە ٣١ی ئابی دووهەم هیچ پەیوەندی بە لاوازی و دەستەوەستانی و ترسنۆکی هێزی پارتییەوە نییە بەڵکو پابەندە بە کۆمەڵێک ئەجێندای سیاسی و سایکۆلۆژی لەئاستی ناوەخۆو وهەرێمییەوە و جێگرتنی پارتی لەو هێڵەی کە پێی دەگوترێت " هێڵی ڕۆژئاوا و تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی" ! واتا دەکرێت سەرخەتە سەرەتاییەکانی ٣١ی ئابی دووهەم لەلایەک لە هەڵکەندنی خەندەق و ڕاکێشانی تەلبەندەوە ببینینەوە وەک ئەرکێکی ڕاسپێردراو لەلایەنی هەرێمییەوەو لەلایەکی دیکەوە لە سایکۆلۆژیای خودی پارتییەوە کە خاک وئینتیمای سیاسی خەڵکی دانیشتوانی سەر ئەو خاکە یەکسان بەیەکتری دەکات! واتا بۆ پارتی ئەو پانتاییە پیرۆزەو خاکی نیشتیمانەو شایانی ئەوەیە خوێنی لەسەر بڕێژرێت کە جەماوەرەکەی ئینتیمای سیاسیان بۆ پارتی هەبێت!
کوردانی شەنگال بوونە قوربانی کەینوبەینە سیاسییە تاکتیکیەکانی پارتی و ووڵاتانی هەرێمی لە پێناو باڵادەست بوون و سەرخستنی ئەجێندای سیاسیدا لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە ئینتیمای سیاسی و ئینتیمای دینیان وەکو " ئێزیدی " کە وەک مرۆڤ مافی بنەڕەتی خۆیانە کە چی بن و چۆن بیربکەنەوە، هۆکارێکی دیکەی ئەو تراژیدیا ئینسانیەیان بوو.
ئێستا ئاگری شەڕ هەر گرفەی دێت و پێشناچێت وازوو ئەو ئاگرە دامرکێتەوە بەڵکو لەوانەیە سوتانی پەڕوپۆی زۆر هێزو لایەنی بەدواوە بێت! وەک لە پێشهاتەکاندا دەردەکەوێت چاوەڕێی ئەوە دەکرێت هاوکێشەی ڕیزگرتنی هێڵە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت لە ئەنجامی ئەو هەموو دژەی کەلە هێڵەکاندا کۆبونەتەوەو لە ئەگەری پەلاماری داعش بۆ سەر زۆنی زەردی ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە ئەگەری ئەوەی کە هێزەکانی پارتی نەتوانن بەرگری بکەن و هەروەها هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی کرێکارانێش بە مەبەستی ساخکردنەوەی حیساباتی کۆن و بچوککردنەوە یان نەهێشتنی هەیمەنەی پارتی لە کوردستاندا ، خۆیان ببوێرن لە پشتیوانی و بەرگریکردنی جددیانە لەو زۆنەی کەلە داوای ڕاپەڕینەوە پارتی قۆرغی کردووە ئەوا پارتی مەجبور دەبێت هەنگاوی ئەنجامدانی " ٣١ی ئابی سێهەم " هەڵگرێت! واتا کاتێک پارتی بزانێت یەکێتی و پ ک ک لەو دۆخە هەستیارەدا پارتی بەتەنها جێدێڵن نفوزو هەیمەنەی ئەو هێزە لاواز دەکەن، بێگومان پارتی دەستەوەستان دانانیشێت و تەقەللا بۆ بە هەرێمی کردنی ململانێکە دەکات و بە دڵنیاییەوە درێخی ناکات لە پەلکێشکردنی هێزێکی دەرەکی!
لە ئێستادا بەهۆی ئەو کارەساتە مرۆییەی ئاوارەکانی ناوچەی شەنگالەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قسە لە پرسەکە دەکرێت و کۆمەک و هاوکاری لۆجستی و ماددی و عەسکەری لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بۆ ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگە ڕەوانە دەکرێت!لەو حاڵەتانەدا ووڵاتانی هەرێمی فرسەتی ئەوەیان نییە وەکو پێشتر بێنەناو ململانێکانی کوردستاندا و بەشدار بن لە خوڵقاندنی ٣١ی ئابی سێهەمدا ! لێ ئەگەر ئەو هاتنەناوەوەیە نێودەوڵەتییە کاتی بێت و هەر تەنیا تا خۆخڕکردنەوەو گواستنەوەی قونسڵیەو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و ...هتد بڕ بکات و کورد و هێزەکانی بۆ قەدەری خۆیان لەگەڵ شەڕی داعش و لەو ناوچەیەدا جێبهێڵدرێن کە نوقمە لە بیری فاشییەتی دینی و مەزهەبی و ڕەگەزپەرەستی، بە دڵنییاییەوە کارەساتی تراژیدی زیاتر بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت و هەڵپەی پشت شکاندنی یەکتری هێزەکانیش چەندبارە دەبێتەوە و بەبێ گومانیش ٣١ی ئابی سێهەم دەبێتە واقیعێکی ڕوون!






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە