سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران و چەند سەرنج و رەخنەیەک

Wednesday, 04/07/2012, 12:00

2439 بینراوە




 
نەوشیروان مستەفا بڕیار بوو نەریتێکی نوێی سیاسەت کردن لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بێنێتە کایەوە بۆیە لە یەکێتی جیابوویەوە و لیستی گۆڕانی دروست کرد...! بەڵامن دەرکەوت کە ئەو هەربەهەمان نەریتی کۆنی بارزانی و تاڵەبانی یەوە گۆڕانخوازان چاوبەست دەکات و ڕەخنەکانی خۆی لەبیردەکات....!؟

عەقڵێتی سیاسی پارتی و یەکێتی ئاشکرایە بۆ هەمووان کە بە ئارەزووی بارزانی و تاڵەبانی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ دەگرن و ژێر بەژێر کۆنتراکت و پلانی نهێنیش واژۆ دەکەن، بێ ئەوەی هیچ حساب بۆ لایەنەکانی تر و ستراتیجی درێژخایەنی بەرژەوەندی یەکانی خەڵکی کوردستان بکەن....!!
نەوشیروان مستەفا لە پێش هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە یەکێتی و پارتی ناشەفاف سیاسەت دەکەن و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی تر و ووڵاتانی دراوسێ دەبەستن، بێ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بکەن...!!
لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفاش بەهەمان عەقڵێتی سیاسی بەرەو تاران کەوتە ڕێ، کاتێک بانگهێشت کرا بۆ ئێران،بەو هیوایەی دڵی ئێرانیەکان ڕازی بکات کە ئەو هێزێکی گەورەی جەماوەری لە پشتە، تا حسابی بۆ بکەن لە نەخشەی سیاسەتی ئێراندا لە ناوچەکە بەگشتی و لە عێراق و کوردستان بەتایبەت...!؟
بەڵام ئێرانیەکان دەمێکە نەوشیروان مستەفاش وەک تاڵەبانی و بارزانی دەناسن...کاتێک کە ناوبراو جێگری تاڵەبانی بوو دوور و نزیک ئاشنابوون پێ ی...!؟
ئێران ووڵاتێکی گەورە و هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و لەدوای هاتنی خومەینی یەوە بۆسەر دەسەڵات و دروستکردنی جمهوری ئیسلامی یەوە یەکێک لە بەرنامەی سیاسی یان لە ناوچەکەدا ئەوە بووە کە هێزی ئیسلامی سیاسی چەکداریان ناردووە بۆ ووڵاتانی دراوسێ و عەرەبی بۆ برەوپێدانی "پان ئیسلامیست" ی خۆیان لە ناوچەکەداو دەستتێوەردان لە سیاسەتی ئەو ووڵاتانە یان هەوڵیانداوە بۆ گۆڕینی دەسەولاتی سیاسی ئەو ووڵاتانە بە قازانجی خۆۆیان....! تا ڕادەیەک سەرکەوتووبوون و توانیویانە دەستبخەنە کاروباری سیاسی زۆریک لەو ووڵاتانەوە...!؟
لە کوردستانیش لە ڕێگای تاڵەبانی و بارزانی یەوە هەمیشە ژێر بەژێر کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا..!!
لە عێراقیش بەهەمان شێوە لە ڕێگای تاڵەبانی و مالکی زۆرێکی تر لە سەرکردە شیعەکان کاریگەری خۆیان بەردەوام هەیە و هەوڵ دەدەن کە ئاڕاستەی دەسەڵات و سیاسەتی عێراق بە قازانجی ستراتیجی درێژخایەنەی خۆیان بگۆڕن و کۆنترۆڵی بکەن...! تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتووبوون...!
تاڵەبانی و بارزانیش دەمێکە دۆستی دێرین و جاشی ئێران بوون و باشیان دەناسن...!! بەڵام ئەوان دەزانن تاڵەبانی پیر و پەککەوتە و نەخۆشە هاکا ماڵئاوایی کرد لە ژیان، بۆیە وەک ئەلتەرناتیڤی ئەو بۆ داهاتووی سیاسەتی خۆیان پێویستیان بە کەسایەتی نەوشیروان مستەفایە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی خۆیان لە کوردستان و عێراق...!؟
نەک لەبەرئەوەی دڵسۆزن بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان و بە ڕێزەوە دەڕواننە کەسایەتیە سیاسییەکان و هێزە جیاوازەکانی ناو عێراق و کوردستان و بێ لایەن دەمێننەوە و لەسەربناغەی سیاسەتێکی هاوسەنگ و هاوبەش و ڕێزی دراوسێیەتی هەڵسوکەوت دەکەن...!
چ ئێران و چ تورکیا بۆ قازانجی ستراتیجی خۆیان هەمیشە بەدوای کەسایەتی و هێزێکدا دەگەڕێن کە بەرژەوەندی یەکانی ئەوان بپارێزێت...!! ئەوان دەزانن کەسایەتی نەوشیروان مستەفا زۆر گرنگە بۆیان وەک سەرۆکی لیستی گۆڕان و هێزێکی گەورە لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، بۆیە ناتوانن هەروا فەرامۆشی بکەن، بەڵکو هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگای کەسایەتی و کاریگەری یەکانی ئەوەوە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان سیاسەتەکانی خۆیان درێژە پێبدەن...!! واتا دەسخستنە ناو کاروباری سیاسی کوردستان و عێراق...!!
بۆ ئەوان دەموچاوەکان گرنگ نی یە، بەڵکو بە دیهاتنی ئامانجە ستراتیجی یە کورت و درێژخایەنەکانی خۆیان بەلاوە گرنگە...!!
گەرنەوشیروان مستەفاش بچێتە چوارچێوەی ئەو گەمە سیاسی یەی ئەوانەوە، ئەوا هیچ جیاوازی یەکی نابێت لە گەڵ تاڵەبانی و بارزانیدا..!!
بیرمان نەچێت...لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی یەکانی ١٧ی شوباتی پار و رۆژانی دواتر نەوشیروان مستەفا بەرەی بارزانی و تاڵەبانی و ئێرانی یەکانی هەڵبژارد، نەک شەقام و خەڵکی ناڕازی کە خوازیاری گۆڕینی سیستمی سیاسی بنەماڵەیی بوون لە کوردستان، بۆیە هەموویان رێککەوتن لەسەرئەوەی کە شەقام خامۆش بکرێت، تا هەرخۆیان بمێننەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و هاوکێشەی سیاسی کوردستان بە زەرەری ئەوان نەگۆردرێت...!!!!!
هەرچی کۆمەڵ و یەکگرتووشن...ڕازی بوون بەم سینارێۆیە، ئەوان فێڵبازانە وەک حەربا ڕەنگ و دەنگ و هەڵسوکەوتی خۆیان دەگۆڕن و خۆیان مەڵاس داوە تا بەهاری کوردی بەقازانجی هێزە ئیسلامی یەکان بقۆزنەوە بۆ خۆیان وەک هێزە ئیسلامی یەکان لە تونس و میسر و ووڵاتانی تر ئەو فرەسەتەیان قۆستەوە بۆخۆیان...!!
نەوشیروان مستەفا کاراکتەرێکی کاریگەرە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و جەماوەرێکی زۆری هەیە، وەلێ نەیوویستووە کە ئەو توانا و هێزە جەماوەری یەی بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی بنەماڵەیی بخاتە گەڕ، وەک خۆی و بزووتنەوەکەی هەمیشە بە قسە بانگهێشتیان بۆ کردووە و دەیکەن، بە تایبەت پێش هەڵبژاردنەکان..!
تا سیستمی دەسەلاتی بنەماڵەیی دەسەڵاتدار بێت و هەموو سەرکردە سیاسی یەکان بە گشتی و بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و نەوشیروان مستەفا بە تایبەت ئاوا سیاسەت بکەن، ئەو گۆڕانکاری یانە ڕوونادات کە گۆڕانخوازان چەند ساڵێکە خەونی پێوە دەبینن و هێزو توانای خۆیان لەو پپێناوەدا بێهودە خستۆتە گەڕ...!؟
کوردستان لە ڕێگای ئەم سەرکردە تەقلیدی و ناشەفافانەدا کە بە نا رۆشنی و دیکتاتۆری یانەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆتە گۆڕەپانی ململانێ ی سیاسی هیزە دەرەکی یەکان و ئیقلیمی یەکان وەک ئێران و تورکیا...!! هەرچی بارزانی و تاڵەبانیشن لە سەر چەند پەتێک یاری دەکەن، هەندێک جار لە دژی یەکتریش، وەک ناکۆکی یەکانی نێوان مالکی و بارزانی کاتێک تاڵەبانی بە ئاشکرا پشتی مالکی و ئێرانی گرت، لە دژی بارزانی و تورکیا...!!
هەرچەندە ئەوان بەرژەوەندی یەکانیان لە گەڵ ئێران و تورکیادا وەک تەونی جاڵجاڵۆکە تێکەڵاو بووە و ناتوانن هەروا بەئاسانی دەستبەرداری یەکتری ببن، لە پێناو بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا...!! ئەوان تەنها بەرژەوەندی بالای خۆیان و بنەمالەکانیان بە لاوە گرنگە....!!
گەمەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بە شێوازێکی نوێ و ماسکێکی تازە وەلێ بە هەمان پرنسیپی کۆن دووبارە دەبنەوە، بەڵام لە پشتەوە هەمان دەمووچاون..!!!
بۆ گۆڕینی ئەو پرینسیپ و دەمووچاوانە پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسی و ئازایانەی خەڵکی ناڕازی و گۆڕانخوازان هەیە، تا هەموو ماسک و دەمووچاوە ناسراو و شاراوەکان بگۆڕن بە دەمووچاوی نوێ بێ ماسک و پرینسیپی کۆنی سیاسەتکردن لە کوردستاندا...!!!
هەرکاتێک توانیمان ئەو کارە بکەین و بڕوامان بە هێزی لە بن نەهاتووی خۆمان بێت، ئەوا گۆڕینی سیستمی سیاسی بنەماڵەیی کارێکی ئاسان دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە هەمیشە و بۆ ماوەیەکی زیاتر خەڵک دەکەنەوە بە ڕۆبۆتی پارت و لایەنە سیاسی یەکان و گەمە سیاسی یە کۆنەکان بەردەوام دەبن...!!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە