باوكى من و كوڕەكەى مالیكى

Monday, 17/08/2009, 12:00

1679 بینراوە


هەفتەى پێشوو لە ژمارە 180ى هەفتەنامەى ئاوێنە و لە هەواڵێكى لاپەرە یەكدا بڵاكراوتەوە: " سەرۆكى حكومەتى هەرێم 2250مەتر زەوى دەدات بەهەر یەك لە كوڕەكەى مالیكى و دوو زاواى و بەڕیوەبەر و كەسێكى دیكەى نوسینگەكەى"، هەواڵەكە بە بەڵگەى نوسراوێكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، فەرمانگەى كاروبارى كاڕگێرى و دارایی كە ژمارەى 1514ى رێكەوتى 26/6/2007ى لەسەرە، بڵاوكراوەتەوە، واتە ناكرێ گومان بخرێتە سەر راستى و دروستى هەوڵەكە.
ئەم هەواڵە بە نسبەت منەوە هەوڵێكى چاوەڕوان نەكراو نەبوو، توشی شۆكیشی نەكردم، بەڵام پاش خوێندنەوەى هێندەى تر نیگەرانى كردم سەبارەت بە دەسەڵات و سەرۆكى " حكومەتەكەم". هەر لەگەڵ خوێندنەوەى ئەم هەواڵەدا راستەخۆ بیرم لە باوكم كردەوە، ئەو پیاوەى كەتەمەنى 54 ساڵەو خاوەن دوو براى شەهید (شەهیدى دەستى بەعس نەوەك ........)ــەو دەیان كەسی بنەماڵەكەى ماڵ وێران و بێ سەروشوێن كراون لە پرۆسە بەدناوەكەى ئەنفال، باوكم كە چەندین ساڵە خزمەتى ئەم وڵاتە دەكات زیاتر (30) خاڵی هەیە و تاوكو ئێستا خاوەن بستێ زەوى نیە، ناویشى لە هیچ لیستێك نیە بۆ وەرگرتنى زەوی.
هەڵبەت باوكى من، كورد واتەنى: مشتێكە لە خەروارێك. زۆر مرۆڤى دى لەم نیشتمانە چەشنى باوكم تاكە خەونیان وەرگرتنى پارچەیەك زەوییەو دواتر بە هەزار پینەوپەڕۆ دروستكردنى خانوویەكە تیایدا، تاوەكو بە ئارمى ساتێك بحەسێنەوە تیایدا. باوەڕم وایە، لێرە چەمكى نیشتمان پێویستى بە پێداچوونەوەیە، چونكە دەكرێ من نیشتمانێك بە هی خۆم بیزانم سوچێكم نەبێ تیایدا بۆ خۆم و منداڵەكانم؟ ، لەولاشەوە دەسەڵاتدارەكانى بە ئارەزووى خۆیان زەوەى ببخشنەوە. ئایا نیشتمان موڵكى خەڵكە یاخود دەسەڵاتداران؟ ئایا زەوى ئەم نیشتمانە هی سەرۆكى حكومەتە یاخود هی باوكم و هەزارانى وەك باوكمە؟
كرێچی (واتە مرۆڤێكى بێ خانوو) مرۆڤێكە بەردەوام لە دڵەراوكێ ، راڕایی دەژێ، ئەو هەمیشە لە خۆى دەپرسێ: ئەرێ سەرى مانگ نزیك بۆتەوە؟ موچەكەم بەشی كرێی خانووەكەى لێدە مێنێتەوە؟ خاوەن خانوو كرێكەم لێ زیاد ناكات؟ پێم ناڵێت كاكە گیان تا هەفتەیكى تر خانووەكەم بۆ چۆڵ كەن خۆمان پێویستمانە، كوڕەكەم ژنى خواستووە ئەو دێتە ناوى، یاخود زاواكەم تیایدا نیشتەجێ دەبێ؟
كێشەى نیشتەجێبوون، یەكێكە لەو كێشە گەورە و سەرەكییانەى كە خەڵك و مرۆڤەكانى ئەم هەرێمەی ئێمە دەهاڕێت. من نازانم بۆچی دەبێت بە هەزاران مەترى زەوى ئەم وڵاتە بە كوڕ و زاوا و كەسەكانى دەوروبەرى مالیكى هەروا بە ئاسانى دابەش و تاپۆ بكرێت، بەڵام بۆ هەزاران كەس وەك باوكى من وەرگرتنى پارچەیەك زەوى خەون بێت، یاخود بەحەسرەتى پارچە زەوییەك سەر بێنەوە؟ بۆچی ئەون رەوابێت و بۆ ئێمە ناڕەوا؟
ئێمە گەر لە وڵاتێكى دامەزراو و خاوەن پەرلەمانێكى راستەقسنە بووینایە بە بڵاوبوونەوەى هەواڵى لەم جۆرە سەرۆكى حكومەت لێپرسینەوەى توندى لەگەڵ دەكرا و، دوور نەبوو متمانەى لێ وەربگیرایەتەوە لە زووترین كاتدا.
گەر دەتانەوێ بەرامبەر مالیكى بەهێزبن ئەوا بە خشینەوە و دابەشكردنى زەوى ئەم وڵاتە دەستان ناكەوێت، ئەوتا لە 2007دا لە باشترین شوێنى پایتەختى هەرێمى كوردستان، بە هەزارن مەتر بەسە كوڕ و كەسە نزیكەكانى دابەش دەكەن، كەچی ئەو لە 2008 و 2009 هیزى سەبازى ئارستەى خانەقین و قەرپە و جەبارە دەكات و داواى زیاد كردنى دەسەڵاتەكانى دەسەڵاتى ناوەند دەكات لەسەر حسابی هەرێم، سوور بوونى خۆی لە نایاسایی و نادەستوورى گرێبەستە نەوتیەكانتان دووپات دەكاتەوە ...هتد. بەڵكو هێزى ئێوە لە كاتێكدا تۆكمە دەبێت كە، داخوازییە ژیارییەكانى مرۆڤى كوردو كوردستانیەكان. جێبەجێ بكەن، ئەندازە و سنورێك بۆ ئەو هەموو ناعەدالەتیە دابنێن.
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە