مامە گیان زوو بمرە با قزمەکان لەوە بچوکتر نەبنەوە

Wednesday, 26/12/2012, 12:00

1713 بینراوە


تاك پەرستی دیاردەیەکی نوێ نیە و بە درێژایی مێژوو ڕوبەڕوی چەندین نمونەی جیاواز لە کات و شوێنی جیاوازی دونیادا دەبینەوە. پیرۆز کردنی تاکەکان و خستنیانە ئاستی خوا یان ناوهێنانیان بە سێبەری خوا یان هەڵبژاردەی خوا لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ئایینی و میتافیزیکیەکان. ناسراوترینیان بە خوا ناساندنی فیرعەونەکانی میسرە. گریکە کۆنەکان پایەی خوایەتی یان نیوخوایەتیان دەدا بە ڕابەرەکانیا ن یان قارەمانەکانیان ئەمەش زیاتر لەسەر بنەمای ئەفسانەکان بوو. لە سەردەمی ڕۆمانی کۆندا ئەم پایانە بە شێوازێکی فەرمی لە لایەن ئەنجومەنی پیرانەوە دانی پیا دەنرا و دەبەخشرا. ئەگەرچی ئایینی جولەکە وەك یەکەمین ئایینی یەك خوا پەرستی سەریهەڵداوە بەڵام لاوازی و نەبونی دەسەڵاتی سیاسی جولەکەکان نەیتوانیوە ڕێگربێت لە بەخشینی پایەی خوایەتی یان نیوە خوایەتی بە مرۆڤەکان. هەر بۆیە پاش دەسەڵاتداری مەسیحیەت و ئیسلام بە خواکردن و تاکپەرستی شێوازێکی تری بە خۆوە گرت و پیرۆزکردنی مرۆڤەکان جێگەی گرتەوە. پیرۆزکردنەکان هەمیشە پیاوانی ئایینی و سیاسی و سەربازی گرتۆتەوە و لە مێژودا لەهەردوو کۆمەڵگاکانی مەسیحی و ئیسلام و دیانەکانی تریشدا ڕوبەڕوی دەیان و سەدان پیاوی ئایینی و سیاسی دەبینەوە کە بە پیرۆز و هەڵبژاردە و تەنانەت بە سێبەری خوا ناوهێنراون. ئەم دیاردەیە لە سەدەی بیستەمدا لە سەرجەم کۆمەڵگا فاشستی و کۆمەنیستی و دکتاتۆریەکانی جیهانی سێهەمدا لە شێوازی ڕێبەری پێویست دا سەریان هەڵدا. هەر لە ئەڵمانیای نازی هیتلەری و و فاشیزمی ئیتالیی مۆۆلینییەوە تاکو ستالین و تیتۆ و چاوچیسیکۆ و هۆنیکە و ئەنوەر خواجەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی تاکو ماوتسیتۆنگ و هۆشی منە و کیم ئیل سۆنگ و کوڕ و نەوەکەی و کاسترۆی ئۆردوی کۆمۆنیستیەوە. نزیکترین نمونەش لە خۆمانەوە ئەتاتورك و حافز ئەسەد و خومەینی و قاسم و سەدام حسێن بوون. ئەگەرچی هەندێ لەوانە ئێستا سەری بێنرخیان لە بازارەکانی کۆنە و مەزاتخانەکان دا لە پاڵ شەیتان و خێوە ئەفسانەییەکاندا دەفرۆشرێن. لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیشدا مستەفا بارزانی بوو بە نمونەی تاك پەرستی و تەقدیس کردن و دانانی لەسەروی مرۆڤەوە و ناونانی بە باوکی رۆحی و بەرز کردنەوەی بۆ ئەو ئاستەی کە هەرگیز هیچ هەنگا وو سەرنجێکی هەڵە نە بووە و تەنانەت شکستەکانیشی ئەنجامی کەم و کورتی هەل و مەرج و دەوروبەرەکەی بووە. ئەم تێڕوانینە سەرو مرۆییە تەنها لە لایەن لایەنگرانیەوە نەبووە بەڵکو نەیارەکانیشی هەر بە هەمان شێوە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ کردووە کە سیفەتەکانی لە سەر و مرۆڤەوە بوبێت و ئەویان بە هۆکاری ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنەی سەرجەم شکان و شکاندنەکان داناوە.


ئەم پیرۆزکردنەی مستەفا بارزانی وەکو میراتیەك بۆ کوڕو نەوەکانیشی ماوەتەوە ئەوەتا دەبینین چۆن ئیدریس بارزانی بە هەمیشە زیند و ناودەهێنرێت و بە دڵنیاییەوە دەربڕینێکی ئاوا نەمریش بۆ مەسعود بارزانی دادەتاشرێت. ئەم پیرۆزکردنەی بارزانی باوك و کوڕانی لە بیر و کولتوری ئایینی و خێڵەکییدا شتێکی شاز نیە و چاوەڕوان لێکراوە. بەڵام پیرۆزکردنی تاڵەبانی و مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیەکەی لە لایەن لایەنگران و ئەندامان و سەرانی یەکێتیەوە هۆکارەکانی و شێوازەکانی و ئەنجامەکانیشی جیاوازە ومەترسیدار ترە. دوبارە بونەوەی چمکێکی سیستەمە دیکتاتۆریەکانی فاشیزم و کۆمۆنیستیە لە ناوچووەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و تۆتالیتێری کۆمۆنیستی و فاشیزمە. پیرۆز کردن چەندین فۆرم و شێواز و ڕێگای هەمە چەشنەدا خۆی نمایش دەکات. پیرۆزکردنی جەلال تاڵەبانی بە کورتی لە وەدا خۆی پێشان دەدات کە وای تێدەڕوانرێت لە غیابی ئەودا هیچ کێشەیەکی سیاسی ئیتر چارەسەرناکرێت و بوونی ئەو وەکو تاك پێویستیەکی مێژووی و حەتمیە و تەنها شتێك کە پەنای بۆ ببرێت ئەوەیە کە دۆعاو نزا بکرێت بۆ گەڕانەوەی بۆ ساحەی سیاسی ئێراق و کوردستان.

پیرۆز کردننی تاکەکان بە گشتی و ئەم پیرۆزکردنەی جەلال تاڵەبانی دوو لایەنەیە و ئەم هیستێریای دۆعا و نزایەی نوسەران و بە ناو ئینتەلەکتوێل و کەسایەتیەکانی ناو یەکێتی و کادیران و لایەنگرانیان ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی سیاسەت و شێوازی کاری ڕێکخراوەیی ناو یەکێتی و سەرجەم پارتە کوردستانیەکانە بە ئۆپۆزسیۆنەوە.


نەوشیروان مستەفا لە تاقیکردنەوەی چەندین ساڵەیدا لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا گەیشتۆتە ئەوەی کە بڵێت لە ناو یەکێتی دا کەسی یەکەم و دوهەم نەبووە بەڵکو تەنها کەسی یەکەم هەبووە. (تاکو ئەمڕۆش وا پێناچێت کە لە ناو گۆڕانیشدا کەسانێك دەرکەوتبن کە بە کەسی دوهەم یان سێهەم پەنجەیان بۆ ڕابکێشرێت بەڵکو تەنها کەسی یەکەم دیار و لەبەر چاوە. دیاردەکانی پیرۆزکردنی سەران سەرباری ناوی جیاواز نەك هەر بونی هەیە بەڵکو ئەگەر زیاتر نەبێت کەم تر نیە لە لایەنەکانی دەسەڵات)

دیاردەی کەسی یەکەمی بێ هاوتا جا لە هەر ناوەندێکدا بێت دەربڕینی کۆمەڵێك ڕاستیە و نیشاندەری سیفاتە ناوەکیەکانی ئەو ناوەندەیە، گرنگترینیان نەبونی دیموکراسیەت و هەڵبژاردنی دیموکراسیانەیە. سەرانی پارتی ویەکێتی و حیزبەکانی دەور و بەریان هەر لەو ڕۆژەوەی بونە کەسی یەکەمی ئەو لایەنە بە هەر ڕێگایەکی مەشروع و نامەشروع لە هەوڵی ئەوەدان ئەو پلەیە بەجێ نەهێڵن. دورخستنەوەیان دەبێتە کارێکی ئەستەم و تەنانەت باسکردنی تابووە.

کەسانی هەمیشە یەکەم کە لە ڕێگا و هەل و مەرجی نا دیموکراسی دا ممارەسەی دەسەڵاتەکانیان دەکەن لەسەرجەم ناوەندێکدا تەواوی ووزەی مادی و مەعنەوی ڕاستە و خۆ یان ناڕاستەوخۆ دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، ئەمەش هێزێکی نامەشروعیان دەداتێ بۆ مانەوەی زیاتر و نفوزی زیاتر و پاڵپشتیان دەبێت بۆ ئەوەی کە تەواوی بڕیارە بنەڕەتی و ژیاریەکانی ئەو ناوەندە بگرنە دەست یان بەو ئاراستەیەیدا بەرن. و بە ئاراستەی وویست و تێڕوانینەکانیان ڕەفتار بکەن و و تەنانەت مەزاجی تاکە کەسیان هەمیشە لە پێش وویست و تێڕوانینی هاوکاران و کەسە نزیکەکان و کادیرەکانیاندا دەبێت. ئەوەش بە ئاستێکدا دەڕوات کە بنکە و تەنانەت مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیەکانیش تەنها ڕۆڵی پاڵپشتی کردن و تەرویج کردنی بڕیارەکانی کەسی یەکەم بینن .

ئەم هەل ومەرجە بە شێوەیەك ئاسایی دەبێتەوە لە ناو ئەو ناوەندانەدا کە ئیتر دەوروبەرانی کەسی یەکەم لە بەشدار لە بڕیاردانەوە سەرباری ناو و نازناوی پلە و پایەی فەرمیان بە کرداری بگۆڕێن بۆ دەستو پیوەند جا ئیتر لە هەر پلەیەکی فەرمیدا بێت.

لە دوا ئەنجام دا نزیکی و وابەستە بوون بە کەسی یەکەم و سەرنج و هەڵسەنگاندنی ئەو و ڕادەی دڵسۆزی بۆ ئەو گەرەنتی مانەوە و بەرەو پێشەوە چون یان کوشتنی سیاسی و پەڕاوێز کردنە و چارەنوسی لەسەر ئیشارەتێکی جدی کەسی یەکەم وەستێت.

ئەو کەسانە بە ڕادەیەك لاواز و وابەستە دەبن کە وەکو هەوا هەڵمژین بۆ ژیان پێویستیەکی مانەوەیانە کە لە هەر سەردەم و ماوەیەک دا گوێڕایەڵ و پاشکۆیی خۆیان نوێبکەنەوە (تجدید الولاو). هەندێك لەوانە بە ڕادەیەك کەسی یەکەمیان گەورە کردووە و خۆیان بچوککردۆتەوە یان بچوککراونەتەوە لە ترسی لەدەستدانی دەسکەوتە مادیەکان و پلەو پایە بۆشەکانیان دا پەنا دەبەنە بەر سەرجەم میتۆدێك ، لەم ڕۆژانەی نەخۆشیەکەی تاڵەبانیدا میدیاکان بە تایبەتی کوردستانی نوێ چەندین لاپەڕەکانی یەکەمی بۆ دۆعا و نزا تەرخان کردووە و گەلێك نمونەی ئەو قزمانەی باشتر پێناساندوین هەر لە بەرهەم ساڵح و سەعدی ئەحمەد پیرە و ئەرسەلان بایز و سۆزان شەهابەوە تاکو شێرکۆ بێکەس و عیزەدین مستەفا ڕەسول و مومتاز حەیدەری و حەمەی حاجی مەحمود و قادر عەزیز دەیان نمونەی تری ناسراو و نەناسراو. تەواوی ئەمانە کەم تا زۆر نەیانتوانیوە سەرنجی خوێنەران لە ڕێگای پێشنیاری ئەقڵانی و ڕایالیستانەی سیاسیەوە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بە سەرە قەڵەمێکیش لێکدانەوەیەك بۆ هاوکێشەکان و یەکێتی و هەرێم و ئێراقی دوای تاڵەبانی بکەن تەنها و تەنها پەنایان بردۆتە بەر دۆعا و نزا و مامەگیان جێمان مەهێڵە و گەڕاونەتەوە سەر بەیت و بالۆرەی باوك و برا و کەسمانی. لەوەش ناشرین تر دەربڕینەکانی بەعسیەکانیان بۆ سەدام حسێن زیند و کردۆتەوە وەك ئەوەی لە [سەمام ئەمانی]عێراق و سیاسەتی حەکیمانە دەدوێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە