ئێستا وازهێنان لە بزوتنەوەی گۆڕان؟

Wednesday, 10/09/2014, 12:00

2217 بینراوە


پێموایە هەمو ئەوانەی دەستیان هەبو لە دروستکردنی گۆڕان و دواتریش هەمو ئەوانەی هەر لە سەرەتای دروستبونی گۆڕانەوە چونە ناو بزوتنەوەکە و بە شێوازی جۆراوجۆر پشتگیری گۆڕانیان کرد، دەبێت ئاسودەبن و ویژدانیان ئارامبێت کە ڕۆڵێکی مێژویی ئاوایان بینی، چونکە دڵنیام ئەگەر گۆڕان نەبوایە باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک لە ئێستا زۆر خراپتر دەبو، ئازادی و دیموکراسی لە ئێستا زۆر کەمتر دەبو، ڕاپەڕینی مەدەنیی پڕشکۆی ١٧ شوبات هەر نەدەبو، گەندەڵکارانی ناو دەسەڵاتی کوردی لە ئێستا زۆر زیاتر وفراوانتر و زۆر ئازادانەتر لمۆزی برسی و تێرنەخواردویان گیرکردبو لە ڕۆح و جەستەی ئەم گەلە ماندوە، بەمەش لە لایەک دۆلار ملیۆنێر و ملیاردێرەکان زۆرتر و لە لاکەی تریش هەژاران و کرێنشینان و بێکاران و ستەملێکراوان زۆرتر دەبون و پرۆژەکانی ئاوادانکردنەوەش وێرانتر دەبون. .
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردوستان لە ٢١ ی ٩ ی ٢٠١٣ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و لە كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان کە ١٨ى حوزه‌یرانى ٢٠١٤ ڕاگەیەندرا چوار وەزارەت بە ر گۆڕان کەوتن، دوان لەوانە کە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگەن بە هۆی بڕانی بەشەبوجەی کوردوستان لە بەغداوە و بە هۆی هێرشی داعشەوە بۆسەر کوردوستان بە سەختترین و قەیراناویترین کاتیاندا تێدەپەڕن. تا ئێستا پارتی و یەکێتی نەیانهێشتوە گۆڕان نە لە چوار وەزارەتەکەی خۆیدا و نە لە وەزارەتەکانی تر هیچ پۆستێکی باڵا (بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و...) وەربگرێت، لە پارێزگای سلەیمانیش کە گۆڕان براوەی یەکەم بو یەکێتی بە هەمو شێوازێک نایەوێ گۆڕان پۆستی پارێزگار وەربگرێت و بە فڕوفێڵ و بە شێوەیەکی ناڕەوا دەیەوێت ئەم پۆستە لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. لە ئەڵمانیا کە کەسێک لە کۆمپانیایەک یا نەخۆشخانەیەک ئیشێکی دەدەنێ یا لە پۆستێکی دەوڵەتدا دادەمەزرێ بەلای کەمەوە شەش مانگی یەکەمی وەک کاتی تاقیکردنەوە بۆ دەژمێرن، زۆرجاریش شەش مانگی تری دەدەنێ وەک چانسێکی تر بۆ خۆباشترکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی و نەهێشتنی کەموکورتیەکانی .لە هەل و مەرجێکی ئاوا سەخت و نالەباردا کە گۆڕان وا بۆ ٣ مانگ دەچێت بەشداری لە حوکومەتی هەرێمی کوردوستان دەکات چەند ناسروشتی و نەکردەنی و ناڕەوایە یەخەی گۆڕان بگریت و پێی بڵێی کوا ئێوە چیتان کرد بۆ ئەم خەڵکە؟ بەڵام ڕێک بە هۆی ئەم هەل و مەرجە سەختەی گۆڕان پێیدا تێدەپەڕێ لە هەمو کات زیاتر و لە هەمو حیزبەکانی تر زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان پێویستیی بە ڕێکخستنەوەی ماڵی خۆی هەیە، پێویستیی بە گۆڕان و داهێنان هەیە . گۆڕان دەبێت لە هەموکات زیاترگوێ لە ناڕازیان و ڕەخنەگران بگرێ ، بەتایبەتی لەوانەی لە سەرەتا نادیار و سەختەکان لەگەڵ گۆڕان بون بێگوێدانە مەترسی و ئەو زیانانەی بەریا ن دەکەێ و بەریان کەوت بەهۆی گۆڕانبون یان، وە ئێستاش دەیانەوێ هەر لە گۆڕاندا درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆیان بدەن. لە هەمان کاتدا دەبێت هەمو ئەوانەی لە گۆڕان دان و خۆیان بە مەغدور دەزانن پەروایان هەبێت و ددان بەخۆیاندابگرن ، خێرا کاردانەوەی ناعەقڵانی و هەڵچونی بێسود نیشاننەدەن ، هەمو وێنەکانی دیمەنە گەورەکەی کوردوستان و دیمەنە بچوکەکەی گۆڕان ببینن نەک هەر وێنەی خۆیان ببینن چۆن بە کزۆڵی لە گۆشەیەکدا ئەژنۆ لە باوەش هەڵتروشکاون ! لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردوستان وەک کاندیدێک هەمیشە دەموت حوکومەتی داهاتوی کوردوستان بێ گۆڕان نابێت، ئێستاش بەشداری گۆڕان لەم حوکومەتەدا بە ڕاست دەزانم ، بەڵام ئەم بەشداریە وەک هەنگاوی یەکەم دەبینم لە سەر ڕێیەکی هەزار هەنگاویی پڕ کەند و کۆسپ، لە سەرەتای ڕێیەکی ئاوا سەختدا نابێت گٶڕان ڕێگە بدات کەسانی دڵسۆز وازیلێبێنن و بەجێیبێڵن. ئەندامانی پەرلەمانی کوردوستان و عێراق هی خولی ئێستا و پێشتر کە گۆڕان ناردونی بۆ پەرلەمان نابێت لە ژێر هیچ بەهانە و پاساوێکدا جگە لە بەڵگەی نەخۆشیی قورس و پڕوکێنەر واز لە گۆڕان بێنن، دەتوانن بە چەندین شێواز درێژە بە کار و چالاکی بدەن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە