جەنابی سەرۆک دڵنیابە !

Sunday, 30/01/2011, 12:00

1104 بینراوە




هەروەک بەڕێزتان خۆتان چەند جارێک ئاماژەتان پێ داوە لە رۆژێکدا هاتویتە دونیاوە کە کۆماری کوردستانی تیادا دروست بوە ، بەمەش دەکرێت بڵێین لە خانەوادەیەکی بە ئاگای لە مێژووی وولاتەکەت و خۆشتان لە لاپەڕەکانیدا ڕۆڵتان هەبوە و لە چاک و لە خراپ تیایدا بەشدارن ، بۆیە نامەوێت هیج روون کردنەوەیەکت لەسەر ڕابردوو بۆ بنووسم تەنها ووتەیەکی خۆت وەبیر دێنمەوە کە لە زۆر بنکە و شوێنی کوردستان لە چیاکان لە بەرامبەر پێشمەرگەکان وەک هان دان و بەرز کردنەوەی وورەیان ووتوتە ئەوێس (دکتاتۆر و تاک ڕەوی هەر لەناو دەچێت لە ژێر هەر ناوو مەرامێکدا بێت)
یان (راستە ئێمە بە ژمارە کەمین و هێزی دوژمن زیاترە بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر هەقین هەر سەردەکەوین) ئەمانە ووتەکانی بەڕێزتانن و زۆربەی ئەوکەسانەی لەگەڵتاندا ئاخافتنێکیان هەبوە بیستوویانە .
بەڕێز جەنابی سەرۆک ، ئەمریکا بە پیلانێکی درێژ خایەن پیش ئەوەی بڕیاری لێدانی سەدام بدات زۆر شتی کرد یەک لەوانە نەهێشتنی ناکۆکیەکانی نێوان ئێوە و تالەبانی بوو یان لانی کەم نەهێشتنی شەڕی نێوانتان بوو ، هەروەکو دەشزانن ئەمەی بۆ ئەوە بوو کە وەک کەرەستە ئامادەتان بکات بۆ لێدانی سەدام یان دروست کردنی ناوچەیەکی ئارام لە کوردستان تا ئەم بەرەی شەڕەیان بۆ خۆی مسۆگەر بکات . هەر لەو کاتەشدا دڵنیا بوو لەوەی کە ئەو دیموکراتیەی ئەو دەیەوێت بە ئێوە پیادە ناکرێت ، بەڵام پێویستیەکە بۆ تەواو کردنی پلانەکانی خۆی لەمەیان گرنگ تر بوو .
بەڕێز ئەگەر سەدام نەیدایەتە کەللە ڕەقی و شێتی ئەوە دەیتوانی وابکات رۆژی بەم رۆژە نەگات ، دوا هەل بۆ مانەوەی ئەو دوای ڕاپەڕین بوو کە ئێوەی بانگهێشتی بەغدا کرد ، گەر ئەو کات ملی بنایە بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک لە داواکارییەکانی ئێوە ئەوە دەیتوانی پاراستنی (شمال حبیب) لە لایەن ئێوە وە مسۆگەر بکات ، کون و کەلەبەری کوردستانیش زۆر بوون بۆ خۆ شاردنەوە لە کاتی لێقەومان .
جەناب ئێوە ئەوەش باش دەزانن کە پارە وەسیلەیەکە بۆ بەدی هێنانی زۆر شت ، دەکرێت باشترین کۆشکی پێ بکڕیت و موڵکی خۆت بێت ، بەڵام دڵنیابە لەوەی ئەو دەنگانەی بە پارە دەکڕدرێن موڵکی کەس نیە چونکە ناوی خۆیان بە خۆیانەوەیە و کەی ئەو بەرژەوەندییەیان نەما پشتت تێ دەکەن ،، سەدام بە درێژایی تەمەنی توانی شەری کورد و ئێران بکات ، لە پاڵیشیدا دەنگی ئازادی عێڕاقیەکانیش کپ بکات ، توانی هەستی هەموو عەرەب و مسوڵمانانیش بەلای خۆیدا ڕابکێشیت بۆ شەڕی لەگەڵ ئێران بەڵام نەیتوانی ئامانج بەدەست بێنێ . پێ دەچێت دیکتاتۆرێکی زۆریش پارەدار و دەوڵەمەند بوو بێت کە تا ئێستا کەس نەیتوانی بێت بەو سەروەتەی ئەو بگات . سەدام تەنها بوو بەڵام سەدان هەزار جەنگاوەر خۆیان بۆی بە کوشت دەدا .
کاتێکیش کۆتایی بەوە گەیشت ئەمریکا ڕێگەی دا کە بە ئاشکرا و لەبەر چاوی جیهانەوە لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیونەوە دادگایی بکرێت ، ئەمەش پەیامێک بوو بۆ هەموو ئەروانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە و روو لە خۆیان و چوار دەوری دەکەن و پشت دەکەنە میللەت ، ئەوانەی ئازادییەکانی خەڵک بەر تەسک دەکەنەوە و دیموکراسی ڕەنگ کراو پەیڕەودەکەن .
بەڕیزم تۆ هاو وولاتییەکی وەک من کە هەردووکمان لەو خاکە کە پێی دەوترێت کوردستان لە دایک بووین ، پێم وایە تۆ چەند مافت لەسەریەتی منیش ئەوەندە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئایا وایە ؟
ئایا ئەوەی بۆ تۆ و خێزانی تۆ مەیسەر بوە بۆ من و خێزانی من هەیە ؟ بەڕێز منیش وەک تۆ هەر کە چاوم کردوەتەوە لە ژێر بۆردومانی فرۆکەی باجەر و سیخۆکان و لوولە تۆپی دەبابە و تفەنگی دوژمن دا بوە ، مالەکەمان بەسەر پشتی وولاخەوە هەر سالەو لە جێیەکی ئەم کوردستانە بنەو بارگەمان خستوە ، من کە لە خێزانێکم نۆ منداڵ بووین کەسمان نەمان توانی شەهادەی خوێندن بەدەست بێنین لەبەر ئەوەی کاتی تاقی کردنەوەکان یان لە شاخ بووین یان لە زیندان ، منیش هەر وەک تۆ لە تەمەنی ١٢ سالییەوە تێکەڵی سیاسەت بووم و شەقی دوژمن و خۆشمانم خواردوە ، منیش وەک تۆ ساڵێک بوو پێشمەرگە بووم ئەوجار بوومە هەژدە ساڵ ، زۆربەی چیاکان و دەشت و گوندەکانی کوردستانم کێڵاوە بە پێ ، بە ناو قوڕ و بەفر و باران و سەرما و گەرمادا ڕاوە دوژمنم کردوە ، ئەی خێرە بەڕێزم ئێستا من و تۆ وەک یەک نین ؟
خێرە من تا ئێستا ئاوارە و بێ جێگە و بێ بەرهەمی خەباتم بم تۆش بەسەدان ملیون دۆلار لە خزمەتتدا بێت و ئەوەی بە خوێی چێشت بە تۆ بگات خاوەن هەموو پێداویستیەکانی ژیانی بێت ؟ هەموو ئەم سەرمایەیانەش هی داهاتی وولاتی هاوبەشی من و تۆ بێت ؟
بەڕێز ئەوەی کە چەندین ساڵ نەبوە ئێستا دەبێت ، دەزانن کە ئیتر خەڵک چاوی کراوەتەوە و پێویستی بەو شۆڕشە مۆنۆپۆل کراوەی جاران نیە !!
دەزانی کە ئەوەی ئەورۆ بەدەست هاتوە خەڵک بە هی خۆی دەزانێ نەک بەتەنها هی تۆ ؟
دڵنیابە بەڕێز زۆر خۆشحاڵ دەبووم بەوەی خوێندنەوەتان بۆ بارو دۆخە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانیەکە ئەوەندە دوور بین بوایە خۆتان بکردایەتە سەرۆکێکی نموونەیی لە جیهاندا چونکە تۆ پیش ئەمە سەرۆکی حزبێک بوویت کە لە شۆڕشدا چەندین ساڵە بەشدارە ، تۆ ئەو کاتە سەرۆکی کەمینە بووی بەرامبەر بە زۆرینەی موتلەق و خۆشت بەڕاست دەزانی . خۆزگە کار نەگەیشتایەتە ئەمرۆ (هەرچەندە هێشتا مۆڵەت لەبەردەمدا هەیە و دەتوانی گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدەیت) بتوانیبایە هەنگاوی زۆر باش بنێیت و هەموان هەستمان بەوە بکردایە کە سەرۆک هی خۆمانە و لە خۆمانە .
جەنابی سەرۆک ئێستا تۆ سەرۆکی وولاتێکیت کە ئەمانەی خوارەوە بارو دۆخەکەیەتی
دیموکراسی وەک پیاوی نەخۆش وایە کە لە پەل و پۆ کەوتبێت چونکە لە ژێر پەردەی دیموکراسیدا گەندەڵی زۆر هەیە ، حزب زاڵە بەسەر هەموو شتی حکومەت و بەڕێوە بردندا ، بەرپرسی حزبی رۆڵی سەرۆک وەزیرو وەزیر دەبینێت بێ ئەوەی حکومەت ئاگای لێ بێت بە ووڵاتاندا سەفەر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی ئەو وولاتانەدا کۆ دەبێتەوە ، بەرپرسی حزبی پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە دەکاتەوە و پارەی بۆ دادەنێت و پارە دەبەخشێتەوە بێ ئەوەی کەس پێی بڵێ ئەو پارەیە لە کوێوە هاتوە ، نەوت و سامانە سروشتیەکانی وولات دەردەهێنیدرێن و دەفرۆشرێن و داهاتەکەی نادیارە ، لە داهاتی وولات چەندین سالە حزب بە دەیان ملیون دۆلاری بردوە و دەی بات کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە ، دەیان تاوان دەکرێت خەڵک دەکوژرێت تا ئێستا نە وەزیرێک نە بەرپرسێکی حزبی لەسەر کار لانەدراوە ، سەرۆکی حکومەتێک لە کارەکانی خیانەت دەکات و مالی خەڵک دەخوات و دیشدرێت بە دادگا کەچی دادگاش هیچ ناکات و لە حکومەتەوە بۆ ناو مەکتەبی سیاسی دەگوازرێتەوە ، بەتەلەفۆنێکی بەر پرسی حزبی کێی بوێت دایدەمەزرێنێت و کێی بوێت جێگەی دەگۆڕێت بێ ئەوەی کەس سزای بدات ،باری تەندروستی و خوێندن لاوازە و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم بوارانە کەمن کەچی بە سەدان ملیون دۆلار ئاو دیو دەکرێت .
بەڕێزتان سەرۆکی وولاتێکن کە تیایدا ئازادیەکانی تاک تا بێت بەرتەسک دەکرێتەوە و تۆش نەک لێێ بێ دەنگیت بەڵکو پشتگیری ئەوانە دەکەیت کە بەرژەوەندییان لەو سەرکوت کردنەدایە ، ئەوەی کە بەڕێزتان گوێی لێ ناگرن رۆژنامە نووسان و نووسەر و رۆشنبیرانی وولاتە کە هەرچی دەڵێن و دەنووسن لەم گوێتان دەچێت و لەوی تر دەردەچێت ئەویش ئەگەر بە رێکەوت بەر گوێتان بکەوێت ، بەڕێزت سکالا لەسەر رۆژنامە نووسان تۆمار دەکەیت و مەزاجیان دەشێوێنیت و تووشی شۆک و شپرزەییان دەکەیت بێ ئەوەی بزانی لەسەر چی سکالات تۆمار کردوە چونکە خۆت نایکەیت و هەندێ موستەشاری چەواشەکارت هەن بۆت دەکەن .
بوونی ئۆپۆزسیونتان پێ باشە بۆ ئەوەی بیکەنە نموونەی ڕازاندنەوەی دیموکراسییە دێرینەکەتان کەهەر بە دروشمە ، دەنا بە هەموو جۆرێک ململانێی ناشەرعییان لەگەڵ دەکەن و هەرچی ئەوان بیلێن گەر باشیش بێت رەتی دەکەنەوە .
بیست ساڵ بەسەر ڕاپەڕین و پانزە ساڵیش بەسەر کۆتایی شەڕی یەکتر کوژی و هەشت ساڵیش بەسەر ئازاد کردنی عێڕاقدا تێپەڕیوە کەچی تازە بە تازە لەم وولاتەدا کە تۆ سەرۆکیت هەزاران پێشمەرگەی زیندوو بێ جێگە و رێن و خاوە مووچەی کەمن و سەدان خێزانی شەهیدیش لە کرێنشینی دان!!
ئەوەشتان لە بیر نەچێت کە ئێوە سەرۆکی ووڵاتێکی دەوڵەمەندن کە بە بەراورد لەگەڵ هاوسێکەت سووریا بودجە و داهاتتتان زۆر زیاترە !!
بەڕێزم تۆ سەرۆکی ووڵاتێکیت کە سەرلقەکەی تۆ دەیکاتە مەرج و دەڵێ گەر شاری سلێمانی دەنگمان نەدەنێ واتا بە (پارتی) ئێمە هیچ خزمەتگوزارییان بۆ ناکەین ،ئەی کەوا بوو چۆن من بەسەرۆکی خۆمت بزانم ؟
وون بوونی سەدان هەزار کەسی ئەنفال کراوتان کردە مەرج لەسەر رژێمی سەدام کە چارەنووسیان دیاری بکات بەلام وون بوونی دەیان کەسی لای هەردوولاتان لە شەڕی براکوژیدا روون کردنەوەی لەسەر نادەن و بە تاوانی نازانن ، لانی کەم خێزانەکانیان لە چاوەڕوان نەکردن دڵنیا بکەن و قەرەبوویان بکەنەوە .
ئێوە سەرۆکی وولاتێکن کە تیایدا تاکی وولات بە دەیان هەزار دۆلار خەرج دەکات بۆ ئەوەی دەرباز بێت و پەنا بۆ وولاتێکی ئاسوودە دەبات .
تائێستا بوونی کارەبا کە پێویستی ژیانە لەسەر ووشک و تەڕی ساڵ وەستاوە ، گرانی شت و مەک و دابەزینی داهاتی خەڵکی ئاسایی کە بەپێی مێژوو شۆڕشی لە دژ بەرپا بوە دیاردەیەکە لەم وولاتەدا بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت ، کەچی ئێوە لێی بێ ئاگا و بێ دەنگن .
بۆ کۆنگرەیەکی حزبی خۆتان یان یادی دامەزراندن و لە دایک بووبی ڕابەرتان سەدان هەزار دۆلار لە داهاتی گشتی وولات خەرج دەکەن کە ئەوانە بکەنە پرۆژە لە ماوەیەکی کەمدا کەم و کورتی نامێنێت و خەڵکیش چاوەڕوانتان دەکات چونکە هەست دەکات ئێوە بە ڕاستی خەریکی ئاوەدان کردنەوە و نوێ کردنەوەن .
لە وولاتانی تر ، دەوڵەمەند بەو سەرمایەدارانە دەووترێت کە خاوەن کارگە و کۆمپانیا و پرۆژەی گەورەن بەڵام لای ئێمە شەهادەی بە دەوڵەمەند بوون بوونە وەزیر و ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی حزب و ئەندام پەرلەمانە ، کە ساڵانە و بەردەوام روو لە زیاد بوونە .
لە وولاتەکەی تۆدا کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پاشەکشەدایە ، بازاڕ لەلایەن ئەوکەسانەوە کە باسمان کردن دەستی بەسەردا گیراوە ، ئەوەی لەتەنیشت ئاگردانەکەی بەڕێزتانەوە نەبێت ئیتر دەبێت بۆخۆی لەسەرماندا هەڵ لەرزێت .
جەناب دڵنیا بە ئەوەی بە بەرچاوی بەڕێزتانەوە دەی بینی و دەیبیستی لە هەڵاتنی زین عابدین و ئەوەی لە میسرو یەمەن و ئەوانی تر لە داهاتوویەکی نزیکدا روودەدەن لە ئەنجامی هەمان ئەو نەخۆشییانەن کە لە وولاتی ئێمەشدا هەیە کە تۆ سەرۆکەکەیت .
دڵنیابە جەنابی سەرۆک کە باشترە پێش هەستانی غەزەبی میللەت بەرەو چاک سازی و کردنەوەی دیموکراسی هەنگاو بنێن . دەنا ئەو کات هەموو روون کردنەوە و ووتار و لێدوانەکانی بەڕێزیشتان وەک هی موبارەک و عابدینیان لێ دێت و کار لە کار دەترازێت .
بەڕێز گەر سەرۆکێکی دلسۆزی وولاتەکەتیت هەنگاوی خێرا بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرغ کردن بنێ ، گرنگی بدەن بە ئۆپۆزسیون ، داهاتی وولات بە یەکسان دابەش بکەن ، هەرچی هەتانە لە هێزدا بەکاری مەهێنن چونکە هیچ هێزێک خۆی لەبەردەم شاڵاوی میللەت ناگرێت .
بەڕێز ئەو موستەشارانەی کە لە چواردەورت کۆبوونەتەوە ، ئەو تەلەفۆن و سەردانە ئەمریکیانەی کە بۆت دێت هیچیان فریات ناکەون ، لە بیرتان نەچێت موبارەک دۆستی دێرینی ئەمریکا و ئیسرائیلە . تەنها شتێک کە تۆ دەتوانی بیکەیت ژیری خۆتانە و گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی خاک و خەڵکە کە تیایدا لە ناو گەرمەی شۆڕشدا هاتویە دونیاوە ، بۆ پاراستنی یەکێتی ریزەکانی گەل و تێک نەچوونی ئاسایشی ووڵات و وێران نەبوونی هەنگاوی باش بنێ تا رێبگریت لەبەردەم ئەو ڕەشەبای غەزەبە کە ناوچەکە دەگرێتەوە .
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە