چ ئاسۆیەك لەبەردەم ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستاندا هەیە؟

Saturday, 04/06/2011, 12:00

1210 بینراوە


لەكۆمەڵگایەكی تەواو بە حزبیكراوی وەك كوردستان، گرانترین شت ئەوەیە كەسێك بێت‌و بەناوی شەقامەوە قسە بكات. گرفتەكە هەر ئەوە نییە كە دەسەڵات كۆمەڵگای تەواو فاسد كردووە‌و پێوانەی لەگەڵبوونی یەكێتی‌و پارتی كردووەتە پێوانەی ئیمتیازاتەكان، بەڵكو گرفتەكە لەوەدایە لەو بەریشەوە ئەو هێزانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسە دەكەن، هەمان شێوازی هەڵسوكەوت لەگەڵ شەقامدا دەگرنە بەر، وەك بڵێی ئەوە ئیجماعێكی بڕاوە بێت، كە بوونی تاك‌و گروپەكانی دەرەوەی حزبەكان بێ‌ مانا‌و ئەفسانە بێت‌و حەقیقەت ئەوە بێت كە دەبێت سەر بە لایەنێك بیت.

هەر دوو دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن لە یەك خاڵدا بە یەك دەگەن، خاڵی قسەكردن‌و خۆ بەنوێنەر زاینی هەموو ئەو تاكانەی لە كۆمەڵگادا بوونی هەیە. هەردوو ئەوانە لەوەدا هاوڕان‌و هاوپراتیك‌و هاو هەڵوێستن كە شتێك نییە ناوی پێكهاتەكانی دەرەوەی حزب بێت.

كەواتە لە دۆخێكی وەدا دەبێت چ ئاسۆیەك لەبەردەم ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان دا هەبێت، كە دەیەوێت وەك پێكهاتێكی سەربەخۆ‌و بوونێك لە شەقام دا كار بكات؟

یەكەمین شت كە دەبێت ئەم ئەنجومەنە بیخاتە بەرچاوی خۆی، ئەوەیە كە بەتەواوی بەپێچەوانەی شەپۆلەكانەوە دەجوڵێتەوە، ئەو خەریكە باس لە بوونی شتێك دەكات كە دەیان ساڵە برادەرانی كۆمەڵگای مەدەنی پارەی لەسەر دەخۆن، بەڵام ئێستا یەكەمین قسەیان بۆ ئەم ئەنجومەنە ئەوەیە كە شەقام كۆتایی هاتووە‌و ئێوە خەریكی چین.

بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان، ئاسۆیەكی هەیە بۆ كاركردن‌و دەتوانرێت سەرەتای ئەو ئاسۆیە لەوێوە دەست پێبكات كە هوشیارییەك دروست بووە بەوەی كە شەقام خۆی دەتوانێت قسە بكات‌و پێویستی بە هیچ حزبێك نییە لەبری ئەو بیر بكاتەوە‌و داوا بكات‌و نوێنەرایەتی بكات، بەڵكو خۆی دەتوانێت هەموو ئەو شتانە بكات‌و بەشی ئەوەندەیش كادێری بەرهەمهێناوە كە پشت بەخۆی ببەستێت، بەداخەوە مێژووی چەند ساڵەی كۆمەڵگای ئێمە مێژووی كوشتنی ئەو تواناییانەیە بووە.

بەڵام ئەنجومەن دەكەوێتە ناو مەنگەنەیەك، كە سەرێكی لە دەسەڵاتەوە دەست پێدەكات‌و سەرەكەی تری لە ئۆپۆزیسۆندا تەواو دەبێت‌و، هەردوو ئەوانەیش كار لەسەر بێ‌ ئەهمەیەت كردنی ئەو شەقامە دەكەن، كە ئەنجومەن دەیەوێت بیكاتە پێگەی كاری خۆی، لەوەمەیش وەواتر، هەندێك وردە حزبی قسە زلیش بەشداری لەم لەمەنگەنەدا دەكەن.

ئاسۆیەك كە لەبەردەم ئەنجومەندا هەیە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت خەونی دروستكردنی شەقامێكی هوشیار، خەونی دروستبوونی گروپە راستەقینەكانی فشار‌و خەونی كاری خۆبەخشانە بكاتە ئەمرێكی واقیعی. بێگومان كارێكی لەو جۆرە قوربانییەكی زۆری دەوێت، رێگاكانی سەختدەبێت‌و بەڵام سەرەنجام دەتوانێت تێیپەڕنێت.

خاڵی بەهێزی ئەنجومەن لەوەدایە كە دەتوانێت زۆر بە رۆشتنی دەست بەداواكارییەكانی خەڵكەوە بگرێت‌و، ناچار نییە داخوازییەكان تێكەڵاو ئەو داوا تایبەتییانە بكات، كە حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن هەیانە، لێرەوە دەروازیەك بۆ ئەنجومەن دروست دەبێت، كە هەڵسەنگاندن بۆ زیان‌و دەستكەوتەكانی شەقام بكات‌و ئاستەكانی هاتنە دی‌و نەهاتنە دی هەر داخوازییەك هەڵبسەنگێنێت، دەزانێت لە رێككەوتندا داوای چی دەكات‌و دەزانێت لەیاخیبووندا چی دەوێت.

ئەگەر بمانەوێت رێگایەكی دیاریكراو بۆ كارەكانی ئەم دەورەیەی ئەنجومەن دیاری بكەین، دەتوانین لە چەند پەرەگرافێكدا كورتیان بكەینەوە.

پەرەگرافی یەكەم: یەكەمین خاڵ، دادگایكردنی تاوانبارانێكە كە خۆپیشاندەرانیان شەهید‌و بریندار كردووە‌و ئەمەیش وەك خاڵی سور دیاری بكرێت. دەكرێت ئەم بابەتە زیاتر لە ئێستا گرنگی پێبدرێت‌و پێویستییەكانی بۆ دابین بكرێت. پێویستییەكان هەر ئەوە نییە كە تاوانباران بدرێنە دادگا، بەڵكو ئەوەیە كە پێویستە دادگایەكانیش بەرینەوە‌و ئەمەیش پێویستی بە دابینكردنی پارێزەری وریا‌و خەمخۆرە بۆ شوێنكەوتنی كەیسەكان، دابینكردنی شاهیدە بۆ كەیسەكان‌و دۆزینەوەی جێگاوشوێنی حەشاردانی تاوانبارانە.

لەكەیسی شەهید سوركێو و شەهید شێرزادا، هەرچی ئۆپۆزیسیۆنە بابەتەكەی وەك بابەتێكی رۆژنامەگەری وەرگرت‌و تەنانەت وەك مانشێت لە زمانی پارێزەرەكانەوە رایاندەگەیاند كە تۆمەتبارێكی وەك عەقید ئاسۆ، نزیكەی 20 ساڵ زیندانی دەكرێت‌و دواتر بینمان ئازادكرا.ئۆپۆزیسۆن تەنانەت نەیتوانی 1 شاهید بۆ ئەو كەیسە پەیدا بكات‌و كاتێكیش، كە ئەنجومەن توانی شاهید بەدەست بهێنێت‌و بانگەوازی خەڵكی دەكرد بۆ شاهێدی دان، سەرجەم راگەیاندنەكانی ئۆپۆزیسۆن‌و راگەیاندنە ناوبراوەكان بە "ئەهلی" ئامادە نەبوون ئەو رونكردنەوە‌و بانگەوازە بڵاو بكەنەوە. سەرانی ئۆپۆزیسیۆن كە لە كۆبوونەوەكاندا دەیانووت نزیكەی 43% ی هێزەكانی پۆلیس سەر بە ئێمەن، بەڵام ناتوانن شوێن‌و جێگای 2 تۆمەتبار بدۆزنەوە‌و ناتوانن ئەوە ساخ بكەنەوە كەسانی دیاری ناو كلیپەكان كێن. وەك بڵێی كەیسی شەهیدان تەنیا بەتێكن بۆ دروستكردنی مانشێتە زل لە قەبارە‌و پوچ لە زانیاری.

لەم لایەنەوە، ئەركی ئەنجومەن بریتی دەبێت لەگەرمكردنەوەی كەیسی شەهیدەكان‌و ریگانەدان بەوەی كە ئەو كەیسە بخنكێت. هەر تەنیا ئەوە بەس نییە كە تۆمەتبارن بەرەو دادگاكان راپێچ بكەین، بەڵكو پێویستە بڕیاری دادگاكان بە قازانجی قوربانیان ببەینەوە. سودوەرگرتن لە دەرسەكانی كەیسی 20/7 دەتوانێت وانەیەكمان پێبیدات بۆ سەركەوتنی كەیسی 17/2.

پەراگرافی دووەم: دەبێت داواكارییەكانی خەڵكی خۆپیشاندەر جارێكی تر رێكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە بتوانێت نوێنەرایەتییەكی سەرتاسەری داواكارییەكانی كوردستان بكات، لەم لایەنەوە دەبێت داواكارییەكان بەشێوەیەك بێت كە بتوانێت پشتیوانییەكی فراوانتری خەڵكی بۆ بەدەست بهێنێت. ئەنجومەن لەبەر ئەوەی ئێستا لە دۆخێكی تردایە‌و لەبەر ئەوەی دەیەوێت بە راستی رای بەشداربوانی ناو ئەنجومەنەكە لەبەرچاو بگیرێت، كەواتە دەبێت رێگا بە فەوزاكەی پێش داگیركردنی مەیدانی ئازادی نەدات درێژە بەخۆی بدات. ئەنجومەن دەبێت خاوەنی كارمەنامەیەكی تایبەت بەخۆی بێت كە بزانرێت وەك گروپێكی فشار چی دەوێت‌و چۆن كار دەكات.

پەراگرافی سێیەم: نەخشە رێگا چی بەسەر دێت؟ لەراستیدا ئەوانەی نەخشە رێگای چارەسەری قەیرانەكانی كوردستانیان سەپاند بەسەر ئەنجومەن دا خۆیان رۆیشتن‌و خەریكی كارە شەخسییەكانی خۆیانن. كەواتە ئێمە ناچار نین كۆڵی كەسانێك هەڵبگرین كە خۆیان شانی خۆیان لێ‌ بەتاڵ كردووەتەوە. نەخشە رێگای هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكە دەتوانێت ئامانجی بزووتنەوەیەك بێت كە كۆتایی بەدەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی بهێنێت، ئەمە دەنێرینەوە بۆ ئەو كەسانەی كە هەموو ئیشێكیان بووەتە بەوەی جار جار لە راگەیاندنەكانەوە پێمان بڵێن‌و خۆپیشاندان نەماوە‌و ئەنجومەن نەماوە‌و كەس نوێنەری كەس نییە.

با شەرم نەكەین‌و ئەوە بڵێین كە یەكەم: لە ئێستادا لە توانای شەقام دا نییە كۆتایی بەدەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی بهێنێت،سەرجەم ئۆپۆزیسیۆن بەدوای جەوێكی كراوەدا دەگەڕێن بۆ رێككەوتن‌و بەشداربوون لەدەسەڵات، كەواتە خودی شیعارەكە وەك وتن رادیكال‌و دڵ دەهێنێتە جۆش، بەڵام بە كردەوە خراپترین لامبالاتی‌و پاسیڤ بەرهەمدەهێنێت. دووەم: لەلایەكی تریشەوە، ئەگەر ئێمە كۆتایی بەدەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی بێنین، كێ‌ دەبێتە بەدیل؟ ئایا ئێمە ناچارین رێگاكانی بەدەسەڵات گەیاندنی ئیسلامییەكان بین؟ یان ئایا ئێمە كەرەستەی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ناوی یەكێتین؟ ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان كە تەنانەت لەلایەن میدیای ئەهلیشەوە بایكۆت كراوە‌و بە قەدەر بەیەكداكێشانی دوو ئۆتۆمبێلی مالیزیا، راگەیاند‌و قسەكانیان بەهەند وەرناگرێت، ئیتر بە چ ئومێد‌و هێزێكەوە شیعاری روخاندنی دەسەڵات بەرز دەكاتەوە؟ كەسێك كە دەیەوێت دەسەڵات بڕوخێنێت، دەتوانێت خۆی ئەو كارە بكات‌و پێشمان بڵێت چ بەدیلێكی هەیە.

پەرەگرافی سێیەم: لەدوای خۆپیشاندانەكان، چ لەناوەوەی كوردستان‌و چ لە دەرەوە ژمارەیەك گروپ‌و دەستە دروست بووە، كە بەشێوەی تایبەت كار دەكەن، ئەركی ئەنجومەن ئەوەیە كە بتوانێت ئەو گروپانە لەیەك نزیك بكاتەوە‌و جۆرێكیش لە كاری هاوبەش‌و هاورایی دروست بكەن.

بەداخەوە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت گۆڕان رۆڵێكی خراپی گێڕاوە لە چوونە ماڵەوەی ئەنجومەنەكانی پێشوو، كە لەناو ئەواندا ژمارەیەك كەسانی باش هەبووە، كە دەیانتوانی بەشدارییەكی جدیتر لە دروستكردنی رای گشتی‌و شەقام دا بكەن، بەڵام پەیوەندییە حزبییەكان وایكردووە ئەوان دوورەپەرێز بوەستن.

پەراگرافی چوارەم: راستییەك هەڵەیە دەبێت بەرەسمی وەری بگرین، ئەوەیش ئەوەیە كە بەهۆی فشاری خۆپیشاندانەكان‌و بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە تەنانەت بێ‌ خۆپیشاندان لە شارەكانی هەولێر‌و دهۆكیش وەك ئاگری ژێر خۆڵەمێش خۆی مەڵاس دابوو، دەسەڵات ناچارە چاكسازی بكات. بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە كە جۆر‌و بڕی ئەو چاكسازییە چۆنە. ئەگەر ئاراستەی بزووتنەوەی جەماوەری‌و هێزی شەقام بە زیندوێتی بهێڵدرێتەوە بەرجەستە بوونی چاكسازییەكان كارێكی دوور نییە، بەڵام لەدواین شیكردنەوەدا بوون‌و نەبوونی چاكسازی بەستراوەتەوە بە بوون‌و نەبوونی دەنگی شەقامەوە.

پەرەگرافی پێنجەم: چارەنووسی خۆپیشاندانەكان. ئەنجومەن دەبێت سود لە هەموو رێگاكانی خەباتی جەماوەری وەربگرێت، هەر رێگایەك بۆ گروپێكی فشار رێگاپێدراوە، كەواتە بۆ ئەنجومەنیش رەوایە، ئەمە وا دەكات كە ئەنجومەن لەهەموو كات‌و شوێنێكدا بیر لە دروستكردنەوەی خۆپیشاندانەكان بكاتەوە‌و بەردەوام وەك فشارێك بەدەستەوە بگیڕێت، چونكە هێزی شەقام تەنیا هێزێك دەبێت كە ئەنجومەن دەتوانێت بەهۆیەوە پێداگیری لەسەر داواكارییەكانی بكات.

ئاسۆی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان، ئاسۆی بەهێزكردنی شەقامە وەك دەنگێكی سەربەخۆ، دەنگێك كە خواستەكانی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێت‌و ملكەچی هیچ حزبێك نەبێت بە ناوی ئەوەوە قسە بكات. سەركەوتنی ئەم ئەنجومەنە لەوەدایە كە بزووتنەوەیەكی چاكسازی‌و ریفۆرمی بەهێز دروست بكات، ئەگەر كۆمەڵگای ئێمە گەیشتە ئەو قەناعەتەی هیچ چاكسازییەك وەڵامی پێویستییەكانی ناداتەوە، دەتوانێت بیر لە عەمەلیاتە گەورەكە بكاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە