تاكو خاوەن ماڵ دزی گرت ،دز خاوەن ماڵى گرت

Wednesday, 29/12/2010, 12:00

1206 بینراوە


نەمزانیوە خاون ماڵ دەستبەردارى بەشَێكى گرنگى خانوەكەى بێت و لەگەڵ (دز) بكەوێتە گفتوگۆ و بڵێت :ئەو بەشەى زەویەكەم زەویەكى (جێ ناكۆكە) لە نێوان من و تۆى (دز)دا . ئەمە رێك لەسەر سەركردەكانى كورد جێبەجێدەبێت كاتێك رازین بە خاكى باوك و باپیرانیان بووترێت خاك و ناوچەى جێ ناكۆك!
نەخشە مێژوویە متمانە پێكراوەكان و دانیشتوانى ناوچەكە و جیولۆجیاى زەوى ئەم ناوچانە و مێژووش پێمان دەڵێن :ئەم ناوچانە ناوچەى (جێناكۆك)نین ؛بەڵكو خاكى كوردە . ئەگەرچى ئەمرۆ ویستى خەڵكانێك و بەرپرسە باڵاكانى ئەمڕۆى كورد لەسەر ئەوە بێت خاكى كورد بفرۆشن یاخود رازیبن كە بەناوچەى (جێناكۆك) ناوببرێت .هەر ئەمەشە بەجۆرێك بە دوستبەرداربوون ناودەبرێت ..
ئەم ناوچانەى بەم ناوە ناودەبرێن هیچ جێگەى ناكۆكین نین بەڵكو خاكى نەتەوەیەكە بەناوى كورد ،هەرچەندە راگەیاندنى كوردى بە راگەیاندنى (حزبى و ئیسلامى و ئۆپۆزسیۆن)یش زاراوەیەكى دیكە دەرخواردى گوێچكەى بیسەر و چاوى بینەر و ئاقلى خوێنەر دەدات كە ئەم زاراوەیە یاخود ووشەیە(جێناكۆك) بۆ هەر شوێنێكى دیكە بوترێت راست بێت بەڵام بۆ ئەم خاكەى ئێمە دروست نیە .
ئەگەر بەڵگەنامەكانى (ویكلیكس)یش باس لە فرۆشتن یاخود نەفرۆشتنى (خاك)ى كوردستان بكات یان نەكات ،هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆرێت چونكە تەنها مامەڵەكردن لەسەر خاكى خۆت و ناونانى بە ناوچەى (جێناكۆك) ئەمە بەسە كە پێمانبڵێت :ئەم خاكە بە (كەركوك)یشەوە خراوەتە سەر ئاگر و ئاو ، ئەوەى ئێستا بۆ سەركردە كوردەكان گرنگە ئەوناوچانەیە كە لە ژێر دەست دان ، سامان و بەرهەمەكانى بچێتە گیرفانى چەند كەسێكەوە ، دواى چەند ساڵێكى دیكەش گرنگ نیە ئەم جێناكۆكانەى ئێستا دەبنە خاكى عێراقى عەربى خۆشەویست و لە سەر نەخشەش لە دەرەوەى نەخشەى كوردستان ببینرێن یاخود نا!!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە