بنەماڵەى بارزانى و سەرى نەوى! كوشتنى چەندان سەركردە و كەسایەتى كورد

Saturday, 10/07/2010, 12:00

1525 بینراوە


ماوەیەكە ئەو میدیایانەى لە لایەن دەسەڵاتى پارتیەوە دەردەچن دوو بەدڕەوشتیان تێدا بەدى دەكرێت ، لەلایەك رەوشتى لە مێژینەى پارتى و بنەماڵەى بارزانى كە هەمیشە ویستوویانە كوردستان بەردەوام لە ژێر فشار و دیكتاتۆریەتى خۆیاندا بهێڵنەوە و هیچ كاتیش حیسابیان بۆ لایەنە سیاسیەكان نەكردووە، كە لەگەڵیاندا هاوپەیمانى دەبەستن، ئەمە نەك نەریتى خودى مەسعود بارزانیە، بەڵكو كەلتور و ئادابى عەشایەرى باوكیەتى كە بۆى جێماوە، لە لایەكى تریشەوە پارتى لە دواى ئازادى كوردستانەوە هەوڵیداوە، كە نووسەر و رۆژنامەنووسان بۆ خۆى و لە ژێر سایەى ویستەكانى خۆیدا ماڵى بكات، بەڵام وەك دەركەوتووە تەنها توانیویەتى ئەو كەسانە بە لاى خۆیدا كێشبكات، كە لە عیزەتى نەفس و بێ شەهامەتى خۆیەوە نزیكن، كورد وتەنى مەنجەڵ سەرقاپى خۆى دەبینێتەوە، بەڵام پارتى و بنەماڵە هەرگیز نەیانتوانیوە نەوەكانى پەروەردەى ئەخلاقى (شاكر فەتاح)ى نووسەر و (عەبدوڵا پەشێو)ى شاعیر لە خۆیان كۆبكەنەوە، دوایین دەرچوونى گۆڤار كە لە بن دەسەڵاتى پارتى دەرچوو گۆڤارى (ململانێ)یە كە سەرنووسەرەكەى نامەوێت ناوى بێنم، چونكە نە لە ئاست ناوهێناندایە لە لایەك، وە لە لایەكى دیكە ئەو كەسە نەك كەسانێك بەڵكو لە ناو تەواوى گەنج و لاوى هەولێردا ناسراوە!! ئەوەى پێویستە لەسەر ئەو گۆڤارە قسە بكرێت بابەتى ناو گۆڤارەكانە كە سەر لە بەرى هێرشكردنە بۆ سەر یەكێتی و گۆڕان، كە لە یەكێك لە بابەتەكان دەڵێ ئێران دژى مەسعود بارزانیە، 
عەزیزم هەرگیز ئێران دژى مەسعود بارزانى نییە، چونكە مەسعود بارزانى ئێستاش مووچەى ئێران وەردەگرێت وەك سەرۆك جاشێك، ئەگەر سەرنووسەرى گۆڤارەكەش باوەڕى بەم قسەیە نیە، ئەوا دەتوانێ بچێت پرسیار لە (عەباس بایز باڵوڵ)ى كۆنە سەرۆك جاش بكات تا بزانێ راستە یان نا! چونكە موچەى عەباس و مەسعود بارزانى بە یەكەوە و لە یەك كاتدا لە ئێرانەوە دێت، تەنانەت خودى عەباس داواى ئەوەى لە ئێران كردووە موچەكەى لە كەناڵێكى ترەوە و بە رێگایەكى ترەوە بگاتە دەستى بەڵام ئێران رازى نەبووە و بە عەباسیان راگەیاندووە كە مووچەى تۆ لەگەڵ ئاغاى بارزانیدایە، جا گۆڤارى ململانێ ئایا ئاغاى بارزانى كە موچەى هەبێ و جاشى ئێران بێ چۆن ئێران دژى دەبێ! دەبوایە بە ویژدانەوە باسى ئەو مەوزوعەت بەم شێوە بكردایە و بتگوتایە بۆیە ئێران تۆپبارانى سنوورەكان دەكات بۆ ئەوەى مەسعود لە خۆى بایى نەبێ بە ناوى سەرۆكى هەرێمەوە (لاڕێیى) نەكات و هەمیشە ئەڵقە لە گوێ بێت!
لە سەردەمانى (سەعد عەبدوڵا)ەوە باس لە مێژووى (نەوشیروان مستەفا) دەكات پێش هەموو شتێ نەك گۆڤار و نووسەرى بابەت، بەڵكو تەواوى خوێنەران ئاگادار دەكەمەوە بڕۆرن لە كۆنە سۆسیالیستەكان بپرسن بزانن سەعد عەبدوڵا راپۆرتى لەسەر كاردۆ گەڵاڵى و عەلى هەژار نەنووسى و هەر لە رێگەى ئەو راپۆرتەوە لەو سەردەمەدا حیزبی بەعس كاردۆ گەڵاڵى و عەلی هەژاری لە سێدارەدا، خەڵكانى بەرپرسى ناو حیزبی سۆسیالیست شایەتى حاڵن كە سەعد عەبدوڵا تا ئازادكردنى كوردستانیش لە ریزى سەركردایەتیدا جێگەى گومان بوو! وەك باسى لێوە دەكەن حیزبی سۆسیالیست لیژنەى تەحقیقی بۆ سەعد عەبدوڵا دانابوو، بەڵام كوتلە و كوتلەبازى ئەو سەردەمەى ناو حیزبی سۆسیالیست نەیهێشت ئەنجامى ئەو تەحقیقە روون بێت، هۆكارى نەگەیشتنە ئەنجامى ئەو تەحقیقەش تاكو ئێستا لە ناو كادیرانى سۆسیالیست لە ئەستۆى دكتۆر مەحمود و سەید كاكە دەزانن، چونكە ئەوكاتە هەولێریەكان لە دژى رەسوڵ مامەند سكرتێرى حیزب پاڵپشتى دكتۆر مەحمودیان دەكرد، بە تایبەتى سەید كاكە، سەعد عەبدوڵاش خۆى خزاندبووە ئەو كوتلەیەوە بۆ ئەوەى تەحقیقى لەگەڵ نەكرێت، چونكە سەعد عەبدوڵا دەیزانى ئەگەر حیزبی سۆسیالیست بگاتە ئامانجى تەحقیق بە سزاى خۆى دەگات، ئەم تاوانانەى سەعد بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا باس دەكرێت وە بەشى زۆرینەى تاوانەكانیشى بەر دكتۆر مەحمود و سەید كاكە دەكەوێت، چونكە لەوكاتەدا ئەوان پشتگیرى سەعدیان دەكرد.
لە شوێنێكى تر نووسەر باس لەوە دەكات كە نەوشیروان مستەفا بە دەستى خۆى خەڵكى كوشتووە! ئەوە نەوشیروان مستەفا نییە بە دەرەجەیەك تاوانبار بێت، بەڵكو ئەوە ئاغاكانى دۆڵى ئاكۆ بوون كە كاتى خۆى داوایان لە سەركردایەتى یەكێتی كردبوو كە بە زووترین كات عەبدوڵا سوور لە ناوچەكەیان دەربكەن، ئەویش لەبەر ئەو هۆیە بوو بوونى عەبدوڵا سوور لە ناوچەى (ئاكۆ) دەسەڵات و هەیبەتى ئاغاكانى ناوچەى دۆڵى ئاكۆیەتى كەمكردبوویەوە، بەڵام لە سیاسەتدا هەموو روودەدات، باشە ئەوا نەوشیروان مستەفا عەبدوڵا سوورى شەهید كرد، ئەى بۆچى محەمەدى كوڕى لە ساڵى 1992 چوو سوڵحى خوێنى بە یەك ملیۆن دینارى ئەوكاتە كرد، ئەگەر محەمەد دەیزانى باوكى بە ناهەق شەهیدكراوە، ئەی بۆچى ئەوەندە لە خۆ بردوو نەبوو خۆى گیانفیدا بكات و نەشیروان بكوژێتەوە! كاتێ محەمەد لەسەر خوێنى باوكى قسە ناكات، ئیدى راگەیاندنە ئاشكرا و نهێنیەكانى پارتى بۆچى دەكەونە ناماقوڵى كردن لە پێناو بەرژەوەندى بنەماڵەى بارزانى، ئەویش لە بەرخاترى هەڵبژاردنى پارێزگاكان، ئەگەر ئەو گۆڤارە راست دەكات دەتوانێ باسى ئەو سەركردە حیزبە كوردیانەى عێراق و ئێران و سوریا و لوبنان بكات، كە كاتى خۆى بە دەستى مەلا مستەفا كوژراون، وەك سولەیمانى موعینى، مەلا ئاوارە، فاخیر مێرگەسۆرى، مارگرێتە و چەندان كادیرى حیزبی شیوعى لە سەردەمى زیندانەكانى رایات و خەلان!!
ئاخر بنەماڵەیەك هێندە بێبڕوا مابێتەوە لە ناو كۆمەڵگا، هەردەبێ گۆڤارەكەشى كە بە ناوى ململانێ دەردەچێ كەسێكى وەك ئەو سەرنەوییەى ناو شارى هەولێر بێتە سەرنووسەرى، بۆیە لە دەركردنى ئەو گۆڤارە چەند رۆژێكە لە ناو گەنجانى هەولێردا دەگوترێت بنەماڵەى بارزانى و سەرى نەوى!
پێشمەرگەیەكى قیادە موەقەتە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە