وێران كردنى وێنەكانى ئەشكەوتى گوندك لەلایەن نیهاد بارزانیەوە .

Wednesday, 26/05/2010, 12:00

1483 بینراوە


چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ووتارێكم لە برادەرێكم وەرگرت كە ڕۆژى 4/3/2010 لە كوردستان پۆست بڵاو كرابو لەبارەى فرۆشتنى ئەشكەوتى بەستون لەلایەن بەڕێوەبەرى شوێنەوارى هەولێر بەناوى حەیدەر حەسەن كە داویەتى بە كاروان بارزانى ئەویش تێك و پێك دا، وەك نوسراوە تەمەنى ئەم ئەشكەوتە دوو ملیۆن ساڵ بوە بەڵام نەنوسراوە لەچ شوێنێك و لەچ شاخێك بوە لە ناوچەى هەولێر وتارەكە بەم ناونیشانە بوو (حەیدەرى مافخۆرى شوێنەوارناسان و پیاوى نەوزاد هادى جاشى عومەر ێۆفى) لەوتارەكە نوسرابو نەوزاد هادى جاشى سەرۆك مەفرەزە خاسە عومەر سۆفى بوو هەویەى عومەر سۆفى لەگیرفاندا بو و ئێستا پارێزگارى پایتەختى كوردستانە. بێگومان خەڵكى ناوچەى هەولێر هەموو دەزانن عومەر چەند خائیین و جاسوسێكى گەورەى ڕژێمى سەدام بوو چەندین پێشمەرگەو ئەندامانى یەكێتى و پارتى شەهید و ئیعدامى كردون زۆر لە بارەى جاشایەتى و دزى كردنى نەوزاد هادى نوسراوە كە لەلاى خەڵى هەولێر زۆر ئاشكرایە و هەروەها لە بارەى حەیدەرەوە زۆر نوسراوە كە دەرچوى بەشى شانۆیە و هیچ لە شوێنەوار نازانێ و بەو نوسینە دەزانرێ كە لەلایەن هەندێ لە شوێنەوارناسانى هەولێرەوە نوسراوە حەیدەر مافی خواردون كاتێ وتارەكەم خوێند بیرم كەوتەوە چۆن نیهاد بارزانى ئەشكەوتى گوندكى وێرانكرد بەم شێوەیەى خوارەوە: پێش شەڕى یەكێتى و پارتى لە 1994 من پێشمەرگەیەكى یەكێتى بوم لە ئاكرێ و هێزێكى دیكەشمان هەبوو بە فەرماندەى مام غەفور مەخمورى لە دێ ى گوندك لە نزیكى ئاكرێ زوو زوو سەردانى یەكترمان دەكرد و دەچوین بۆ تەماشاكردنى وێنەى مرۆڤــ و حەیوانە كێوى لە بەرزى ئەو ئەشكەوتە گەورەیەدا هەڵكەندرابو ئەوەندە بەرز بون بە هیچ شتێك مرۆڤــ نەیدەگەیشتێ پێمان سەیر بو چۆن توانیویانە ئەو هەمو وێَنەیە لە بەرزایی ئەو ئەشكەوتە هەڵكەنن ئەوەندە جوان بوو دەتگوت بە قەڵم دروست كراوە جارێك من و پێشمەرگەیەك چوین بۆ سەردانى چەند برادەرێكمان لە پێشمەرگەكانى مام غەفور دیتمان خەڵكێكى زۆر لەلاى ئەشكەوتەكە كۆبون و كارى تێدا دەكەن پرسیارم كرد لە برادەرێك ووتى خەزنە لە ئەشكەوتەكەدا هەیە و نیهاد بارزانى خەریكى دەرهێنانى خەزنەكەیە و ئێمەش چوینە لایان و دیتمان كرێكارێكى زۆرى لێ یە و موەلیدەیەكى گەورەى كارەباییان هێناوە بە درێل و كۆمپرێسەر كونێكى گەورە بەقەد ئەشكەوتێك لەژێر وێنەكان لێ دەدەن لەوێ یەكێكم لەو پێشمەرگاكانى پارتى دەناسى كەلەگەڵ نیهاد بارزانى بوو لێم پرسى ئێوە چى دەكەن ووتى خەزنەیەكى زۆر گەورە لە ئەشكەوتەكەدا ووتم چۆن دەزانن ووتى تۆ ئەو زەلامە دەبینى ئەوە لە توركیا هاتوە و خەریتەى خەزنەكەى لەلایە و هاتۆتە لاى كاك مەسعود و پیشانى داوە كە چەند تەن زێر لە ئەشكەوتەكەدا هەیە هەروەها لە ئەشكەوتەكانى خنس و لالشیش خەزنە هەیە و كاك مەسعود بە كاك نیهادى ووتوە لەگەڵى بڕۆن و خەزنەكان دەربهێنن ئێمە چوین بۆ خنس و لالش، هەروەها ووتى ئەوا بیست ڕۆژە كارى تێدا دەكەین و ئەم كونە لەژێر وێنەكان دەدەین هەر مەسافەیك هەڵكەنین بە TNTدەیتەقێنین و ئەگەر خەزنە دەرنەكەوت دیسان هەندێكى دیكە هەڵدەكەنین.
پێشمەرگەكانى خۆمان ووتیان مام غەفور بە نوسراوێك یەكێتى نیشتمانى ئاگادار كردوە ئەگەر خەزنە دەركەوت دبێ نیوەى لێ بدرێت بە ئێمە چونكە تەنیا ماڵى پارتى نیە. دواى گەڕانەوەم بۆ ئاكرێ ئیتر زوو زوو دەچوین بۆ دیتنى ئەو كارە خوا خوامان بو ئەو كاتە لەوێ بین كە خەزنەكە دەردەكەوێت بەڵكو لیرەیەك بەر ئێمەش بكەوێت. دوو مانگ نیهادى براى مەسعود بارزانى كارى تێدا كرد و جارێك چوین كابراى تورك لەولێ نەبو كەپرسیم لەو برادەرەم ووتى ئەو زەلامە بە نیهادى ووتوە ئێوە بەردەوام بن دەچم بۆ توركیا كلیلى سحرى دەهێنم بۆ خەزنەى خنس و لالش چونكە خەزنەكەیان گەورەترە و بە كلیلى سحرى نەبێت كارى تێ ناكرێت و پێ ووت هەركاتێك خەزنەكە دەركەوت دەگەڕێمەوە دەبێ هەندێكم بدەنێ. جا رێكى دیكە كەچوین نیهاد و حیمایەو كرێكارەكانى لەوێ نەبون و هەندێ وێنە بەنیو شكاوى ماوە لە سەقفى ئەشكەوتەكە كە پرسیم برادەرانمان ووتیان هیچ دەرنەكەوت و كابراى توركیش نەگەڕایەوە بەڵام مام غەفور ووتى دەبێ خەزنەكە لە شوێنێكى دیكەى ئەشكەوت بێت و نیازمان بو شوێنێكى دیكە هەڵكەنین بەڵام خەڵكى گوندك بە تفەنگ لە ئێمە هاتنەدەست و بەرامبەرمان وەستان ووتیان چیتر ڕازى نابین كەس ئەشكەوتەكەمان تێك بدات كە شوێنەوارێكى گەورەیە و حەفتا ساڵ دەبێت چەندین زاناى عێراقى ئینگلیز و بێگانەكان هەموو ساڵێ دێن بۆ دیتنى وینەكانى نێو ئەشكەوتەكە بە ئێمەیان ووتوە چەند هەزار ساڵە ئەم وێنانە لەلایەن پاشایەكى كوردەوە دروستكراوە و مەهێڵن كەس دەسكاریان بكات بەڵام ئێمە بە بنەماڵەى بارزانى ناوێرین و نەمان وێرا مەنعى نیهاد بكەین چونكە بەئەمرى كاك مەسعود بوە.
ئێستا من لەو بڕوایەم هیچ خەزنەیەك لە ئەشكەوتى گوندكدا نەبوە و درۆیە و كابراى تورك مەسعود بارزانى هەڵخەڵەتاندوە تا ئەو شوێنەوارە بەنرخەى كورد وێران بكات لەبەر ئەمە كابرا خۆى لێیان دزى و ڕاى كرد و گەڕایەوە بۆ توركیا تا كلیلى سحرى بۆ بنەماڵەى بارزانى بێنێت بۆ ئەوەى شوێنەوارەكانى كوردستان وێران بكەن وەك ئەشكەوتى بەستون.
هەركەسێ باوەڕى بەقسەكانم نیە بابچێ بەچاوى خۆى ببینێ چۆن ئەشكەوتێكى دیكە لەژێر وێنەكان هەڵكەندراون و چۆن وێنەكانیان شكاندوە بە TNTو هەندێ وێنە بەنیوە شكاوى ماون لە پێناوى تەماع و خەزنە.
پێشمەرگەیەكى یەكێتى نیشتمانى كوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە