سەرکردەی ناو گریس

Wednesday, 04/12/2013, 12:00

1428 بینراوە


 یەکێ لەو دیاردانەی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لەگەڵ خۆیدا ‌هێنای دیاردەیەکی گەلێک سەیر و کەم وێنە بوو. بەشێوەیەك لەوەو پێش شتی وا نەبووە و هەستی پێنەکراوە. بۆ نمونە:
* پێشمەرگەی دێرین و کۆن کەوتە نێو فەرهەنگی پێشمەرگایەتی، کە لەو پێش نەبوو.. ئەوەی کە تازە بوو بە پێشمەرگە هەر زوو دەستێك جلی کەتافی سەوزی لەبەرئەکرد و دوای ئەوە چەند ڕۆژێک پێشمەرگایەتی بە ساڵ و دەیە هەژمار دەکرد.
* دەوڵەمەندبوونی خێرا و هەڵتۆقیو، یەکێک بوو لەو دیاردانەی دوای ڕاپەڕین، ئەمیش لە ڕاو و ڕووت و فەرهودی کەرکوك و سەربازگەکانەوە دەستی پێکرد.

فەرەیدوون عەبدولقادری کۆنە بەعسی دوێنێ و ئیتلاعاتی ئێستا و ڕاوێژکاری نێچیرڤان بارزانی لە یەکێک لەدیداری ڕۆژنامەیەکاندا ئەڵێ؛ پێوستە یەکێتی چاکسازی بکات و ڕۆڵ بدا بە لاو و گەنجەکان و باشترە قوباد وەك سکرتێر دابنێن بۆ ئەوەی یەکێتی هەڵسینێتەوە. دیارە هەروەك چۆن دوای ڕاپەڕین ئەم فەرەیدوونە هۆشمەندی برای کرد بە نەقیبی ئاسایش بەبێ ئەوەی بۆ یەك ڕۆژیش نەچەکی هەڵگرتبێ و نەبزانێ ئاسایش چیە و ڕۆڵی چییە کرا و هەنووکە لەوانەیە کرابێت بە عەمید و شتی گەورەتریش.

وا هەنووکە قوباد هاتۆتە پێشەوە و خۆی لێدوان لە سەر هەموو شتێک ئەدا و پێی وایە یەکێتی ئەتوانێ هەڵسێتەوە و گیانی بکرێتەوە بەبەردا. ئەو ئەڵێ یەکێتی لەتوانایدایە وەك جاران بێتەوە کایە و ڕۆڵی خۆی ببینێ.
قوباد وەك کەسایەتی لە کوردەوە دوور بووە، ئەتەکێتیی کوردەواریی نازانێت، وەکو لەلای نەنکی گەورە بووە، زمانی ئەیەڕۆ و شکلی خواتەوە و خوا لەناوی بەرێت و بەخوا وانییە و ئەمانە دەزانێت، هیچ مانایەکی کوردایەتی نازانێ و هاوسەرەکەی ئەمریکیە و فڕی بەسەر کوردەوە نیە. هەروەها ئەوەندەی کوڕی باوکێتی، ئەوەندە کوڕی دایکی نیە و گەلێ حەز ئەکا بڵێ من (کۆیی)م و فڕم بەسەر (سلێمانیی)ەوە نییە. قوباد بەهۆی باوکیەوە ئەیەوێ شوێنی بگرێتەوە و ببێ بەسکرتێر، دواجار لەکۆنگرەی داهاتوو وەك سەرۆك هەڵئەبژێردرێ، چیتر تایتڵی سکرتێر لەناو فەرهەنگی یەکێتی نامێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە