هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


منداڵان و خێزان لە دراما کۆرییەکاندا

Wednesday, 09.05.2012, 12:00

5103 بینراوە


(کامل فەخرەدین) جێگری بەڕێوەبەری کوردستان تیڤی لەبارەی هۆکاری پەخشکردنی دراما کۆرییەکان دەڵێت: (زۆربەی فەرهەنگ و کەلتور و دابونەریتی کۆرییەکان نزیکە لە کۆمەڵگەی ئێمە، بەمانایەکی دیکە درامای کۆری بۆتە درامای خێزانی، خێزان دەتوانن لە دەوری شاشەیەک کۆبنەوە بۆ تەماشاکردن، بێئەوەی ترسیان هەبێت لە هەندێک دیمەنی ناو خێزانی) سەرچاوەی هەواڵ بڕواننە گۆڤاری سڤیل ژمارە (١٤٦) ڕێکەوتی (١٨/٨/٢٠١٢).

ماوەیەکە دراما کۆرییەکان بەشێوەیەکی چڕوپڕ دراما لە دوای دراما، لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە پەخش دەکرێت، دیارە کاریگەری ئەم درامایانە لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی رەنگدانەوەی ئاڵۆزو فرە رەهەندی بەخۆوە گرتوە.

کاتێک دەوترێت درامای (کۆری) بۆتە درامای خێزانی، ئەبێت ئەو راستیە باش بزانرێت کە منداڵان بەشێکن لە خێزان، هەروەها منداڵان لە خێزانی کۆمەڵگای ئێمەدا بەهۆی هەندێک فاکتەری ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە، بونەوەرێکی هەمیشە ئامادەی ناو کۆڕ و کۆبونەوە خێزانیەکانە.

ئەگەر هەر کەسێک کە خاوەنی دیدێکی ئینسانی بێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵان، ئەگەر بۆ چەند خولەکێک سەیری دراما (کۆرییەکان) بکات کە لە ئێستادا برەوێکی زۆریان هەیە، زۆر بە ئاسانی تێدەگات کە پەخش کردنی هەر ئەڵقەیەک لەو درامایانە چەند کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر بیروهۆش و باری دەرونی و ناسەقامگیری خەو خواردنی منداڵان دادەنێت، دیارە ئەم دنیابینی و دیدە ئینسانیە بۆ ئینسان و بۆ مناڵان لای بەرپرسانی ئەم دەزگا راگەیاندنانە هیچ ئامادەیەکی نیە.

ئەگەر منداڵان وەک ئینسان سەیر بکرێن دەبێت لە کۆمەڵگادا باری تەندروستی و تەواوی ئەو هۆکارانەی ئارامی و ئاسودەییان بۆ مسۆگەر دەکات پارێزراوبن، بەڵام لە درامایەکدا کە هەر شەوێک و لە یەک ئەڵقەیدا بەدیار چاوی سەدان هەزار مناڵەوە، لەهەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنیەوە کە پەخش دەکرێت سەدان کەس لە جەنگەکاندا بە شمشێر دەکوژرێن، (خوێن و مردن، هەڕەشە و پیلان داڕشتن بۆ ژەهراوی کردن، زیندان و ئەشکەنجەدان) سیمایەکی بەرچاوی ئەم درامایانەیە کە بە درامای خێزانی پێناسە دەکرێن، ئەم درامایانە نەک هەر خێزانینین، بەڵکو هۆکارێکی ئەکتیڤن بۆ بارگاوی کردنی کۆمەڵگا بە توندوتیژی، بە بڕوای من ئەوەی باسی ئەوە دەکرێت ئەم درامایانە خێزانین تەنها سەرچاوەکەی ئەوەیە بینەر نابینێت (کچ و کوڕێک) یەکتر ماچ بکەن یان کردەیەکی (سێکسی) بەدی ناکرێت، خێزانیبونی هەر بەرهەمێک بەم پێوەرە ناپێورێت، خێزانیبونی هەر بەرهەمێکی هونەری پێوەرەکەی پاراستنی تەواوی مافەکانی یەکەی خێزانە بە منداڵ و گەورەوە، بە پێچەوانەی تێگەشتنی ئەم بەڕێزانە بۆ ماف و منداڵ و توندوتیژی و خێزان.

ئەم درامایانە زەمینەیەکی فراوانی بۆ بزواندنی توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی و منداڵان بەتایبەتی دروستکردوە، خەونی بە (جومونگ) بون بۆتە خولیای منداڵان و هەر کۆڵانێک دەڕۆیت دەیان منداڵ دەبینی کە خەریکی بەرجەستە کردنی خەوەنەکانی (جومونگە) لە کەسێتی خۆیدا.

لە کوردستان رۆژانە باسی داماڵینی چەک و قەدەغەکردنی هەڵگرتنی دەکرێت، بەردەوام باسی بە دامەزراوەیکردنی دامودەزگاکان دەکرێت، بەڵام لەڕێگای ئەم درامایانەوە خەریکن چەکێکی ترسناک و ئاسان دەدرێتە دەست منداڵان کە شمشێر و چەقۆ و دەسکی ماسیحەکانی ماڵەوەیە، پرۆژەکانی دەسەڵات هێندە بێ بناغە و نازانستین خۆیان دەبنە خۆرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆیان.

لە کاتێکدا کوشتاری هەر خێڵێک و داگیرکردنی هەر ناوچەیەک بە بڕیارێکی خێرا و لە لایەن کەسێکەوە دەردەکرێت، بەدڵنیایەوە لە بیروهۆشی منداڵاندا شەتڵی یاخیبون بەربەریەت دەچێنێت، لەم درامایانەدا ئینسان هیچ بەهایەکی نیە. تەنها بەهۆی ئەوەی مۆڵگەی خواردنەکان ئاشکرا دەبێت، خاتو (سۆسۆنۆ) شمشێری پاسەوانێک رادەکێشێت و راستەخۆ ملی دو کەس دەپەڕێنێت، خێزانی بونی ئەم درامایانە لە کوێدایە؟ ژیان و باری دەرونی و پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی لەم بەرهەمە هونەریانەدا کوێدایە؟

بەهۆی بە دواچونم بۆ کاریگەریەکانی ئەم درامایانە لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی و منداڵان بەتایبەتی، دەیان نمونە هاتونەتە بەردەستم کە نیشانەیەکی ترسناکی ئەم دۆخە نا تەندروست و نازانستیە نمایش دەکات کە ئەم درامایانە بەرهەمیان هێناوە. ترس، گریان، نەخەوتن، خەوبینینی ناخۆش تەنانەت لە لایەن گەورەکانەوە، دەست بردن بۆ ئەو یاری و چالاکیانەی توندتیژی تێدا بەرجەستە دەبێتەوە لە لایەن منداڵانەوە، ململانێی نێوان (دایسو، جومونگ) دەکاتە هەوێنی بریندار کردن و ئازاردانی یەکتری و تۆوی رق و تۆڵە و شەڕەنگێزی دەچێنێت.

زیانەکانی ئەم درامایانە تەنها ئەوەندە نیە کە نمایش دەکرێت و توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو کارەساتی گەورەتر ئەوەیە لە کوردستان سادەترین دەزگا و دامەزراوە نیە کە بەشێوەیەکی سیستماتیکی توندوتیژی لای هاوڵاتیان خاڵی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە لە کوردستان کێڵگە و گۆڕەپانی بەکردەوەکردنی توندوتیژی بەتایبەت لەلایەن منداڵانەوە فەراهەم و ئامادە کراوە، بۆ هەر منداڵێک یەک ئەڵقەی ئەو درامایانە ببینێت و پارچە تەختەیەکی دەستبکەوێت، زۆر بە ئاسانی کۆڵان و شەقامەکان دەکەنە مەیدانی جەنگ، لە ئێستادا کڕینی شمشێر و تیروکەوان بۆتە سەرەکیترین داواکاری مناڵان لە خێزانەکانیان، سەرەڕای ئەوەی یەکەم جار نیە لە کوردستان چەقۆ و خەنجەر بۆ کوشتن بەکاربهێنرێت، بەڵام وەک هەمومان ئاگادارین لەم ماوەیەدا کوشتن بە چەقۆ و خەنجەر بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، سەربڕینی خێزانێکی (سێ کەسی لە کانی سپیکە) لە سلێمانی نمونەیەکی زیندوە.

کاتێک باسی ئەم دیاردە نێگەتیڤانەی ناو دراما (کۆریەکان) دەکەین ئەوسا نابەرپرسیارێیەتی (دەسەڵات، حکومەت، وەزارەتی پەروەردە، رۆشنبیری و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان) دەبینین. بەڵام دیارە خێرو بەرەکەتی ئەم درامایانە بۆ دەسەڵات زۆر لەوە زیاترە بیر لە منداڵان و کۆمەڵگا بکرێتەوە.

وەک دەبینین هەلومەرجی سیاسی جیهان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان رو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، جەمسەربەندی و رێکخستنەوەی بەرژەوەندیەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە، لەم پێناوەدا دەسەڵاتداران پێویستیەکی زۆریان بەوە هەیە کە خەڵکی کوردستان پەراوێز بخەن لە دەخالەت کردن لە ئاڕاستەکردنی پێشهاتەکان، بۆیە پێویستی گرنگ و گەورەیان بەو هۆکارانە هەیە کە ئەم رۆڵ و ئەرکەیان بۆ بگێڕێت و ئیرادەی خەڵک سنوردار بکات، کە بەبڕوای من ئەم دراما (کۆریانە) بەئەرکی خۆیان هەستاون و فەزای گشتی کۆمەڵگایان داگیرکردوە.

دەسەڵاتداران بە جۆرێک ئەم درامایانە ئاڕاستە دەکەن و داهاتی خەیاڵی تێدا خەرج دەکەن، زۆر بە وریایەوە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستانیان وا لێکردوە، ئاشنایەتیەیان لە کێشەکانی نێوان (هانەکان و بیۆکان) زیاتر بێت لە کێشەکانی نێوان (مەسعود بارزانی و مالیکی)، دەسەڵات و کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەکانیان لەڕێگای ئەم درامایانەوە توانیویانە ئاستی تەوەقوعی بەشێکی فراوان لە خەڵک بگەیەنە قۆناغێک، ئەوەندە بیریان لای ئەو دەوڵەتەیە کە بڕیارە (جومونگ) دروستی بکات، نیو ئەوەندە ئاگاداری چارەنوسی کوردستاننین کە لەم هاوکێشە سیاسیەی دنیادا بۆ کوێ دەڕوات!

ئەوەی زۆر بۆ من گرنگە و دەبێت قسەی لەسەر بکرێت سەبارەت بەو درامایانەی توندتیژی بەرهەم دەهێنن، بە پلەی یەکەم پاراستنی منداڵانە لەو کاریگەریە نێگەتیڤانەی ژیان و باری دەرونی و داهاتویان ئاڵۆز دەکات، دەبێت هەر دەزگایەک، هەر رێکخراوێک، هەر نوسەر و رۆشنبیرێک، هەر ئینسانێک لایەنگری دابین کردنی ژیانێکی ئارام و ئاسودەن بۆ منداڵان، کار بکەن بۆ ئەوەی کابوسی خەنجەر و خوێن و کوشتنی ئەم درامایانە لەسەر مناڵان دور بخرێتەوە، من وەک خۆم لەگەڵ ئەوەم کە ئەم درامایانە رابگیرێت، بەڵام دەکرێت لە سەرەتادا شێوازی بەخشی ئەم درامایانە مۆدێرن بکرێتەوە، داواکارم لەوکەسانەی لەم بارەوە پسپۆڕن و چارەسەرێکی ئینسانیان هەیە قسەی خۆیان بکەن.