بۆنی نان

Friday, 05/11/2010, 12:00

2320 بینراوە


 


 











 
چ تامێکی خۆشی هەیە
نانی گەرم و
بۆنی دایک و
چوکلێتی دەستی منداڵ و
چنینەوەی هەنار و
شەقامی باراناویی و
بۆنی چای گه‌رم
***************
ژیان چیرۆکێکی سەیرە !
بەر لەوەی ڕەنگەکان کاڵبێتەوە
لەبەر چاوان
بەشداری مێژوویەک دەکەین
کات دەتوانێت
یادەوەرییە کۆنەکانمان لاواز بکات
کات دەتوانێت
سەنگەرە ئەرخەوانێکانمان بیر باتەوە
******************
کە ڕۆیشتم ، بیرم لەگەڕانەوە نەکردبۆوە بۆ ماڵ
دەمزانی ئیتر دایکم
پارەی ناو فەقیانەکەی ناکاتە خێر
بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی
کە ڕۆیشتم ، موسافیرێک بووم
ناوی هیچ ڕێگاکانم نەدەزانی
لییتاوی خوێن پێی ووتم
کۆتایی هاتنی منداڵیمە
ئامێزی دایک نابینمەوە
ئیتر فێربووم بێ نان ، بێ بۆنی خۆشی نان
لەگەڵ ئیبلیسدا هەڵبکەم
***********************
چاوەکانم ، لە برینە گێلاسێکان
نەتورکێنم
بەدیار تەرمی شەهیدەوە ڕانەمێنم
مامۆستا داربەدەستەکەی قوتابخانە
لەجەلاد دەچوو
دوای دارکاریی، یەک دوو قوتابی چه‌توون
شیعرەکانی دەخوێندەوە و
خۆی با دەدا
***********************
بارانی غەمگین دەبارێ
من داوای لێبوردن دەکەم
لەباران ،
دەفتەری شیعرەکەی دادەخست و
حەیزەرانە بەڵالۆکەی لەگەڵ خۆیدا
بەپۆلەکاندا دەگێڕا
مامۆستا شاعیرەکەمان
مامۆستا جەلادەکەمان
*****************
من و باران
هەردووکمان یەک بورجمان هەیە
دایکم دەیووت
کە تۆ هاتی ، بارانیش هات
مامانەکەت لەبەر باران دواکەوت
مامانەکە کە گەیشت
باران جوان جوان شتبویه‌وە
باران بەدەنوک لەپەنجەرەکەی دەدا
باران تەنورەکەی خامۆش کرد
باران نانە گەرمەکەی خووساندەوە
************************
تۆ و باران پێکەوە هاتن
تۆ لەسەردەمی ترسا لەدایک بووی
شار خەریک بوو تاریک دەبوو
مامان هات، باران هات، تۆش هاتی
نان نەما، ئاخ بۆ بۆنی نان
بەچاوی خەو لێتەریوەوە
هەموومان خۆمان لەبەر باران هەڵخست
باران ئەو ڕۆژانە چەند ڕەزای گران بوو
چەند قەرسیلی گەنمەکانی هەمووی لەگەڵ خۆیدابرد
ئەو ساڵە باران گرانی هێنا
***********************
ئیستا
پیریی و نان ، پێکەوە بانگم دەکەن
گوێم لەدەنگی ئەو گەلا ڕەنگا و ڕەنگانەیە
کە لەدرەختە باڵا بەرزەکانەوە
بەر دەبنەوە
کچە قژ زەردە چەکمە سورەکەش
پێ لەگەڵا هەڵوەریوەکان دەنێ
بێ ئەوەی گوێ بۆ ئازاریان بگرێ
ئیستاش بۆنی نان و
ڕەنگی گەڵا زەردبووەکان و
خەمی ئەوەی نەیان هیشت منداڵ بین
مەلولم دەکات
***************************
ژیان هەمووی چاوەڕوانییە
لە مرۆڤی چاخەکانی تەنهایی دەچم
شەقامەکانی شار تەی دەکەم
لەخەمی ناندام
بۆ ئەو منداڵەی لەبەر باراندا لە دایک دەبێت
ئیتر ژیان بەتەمەنێکی هیلاک دەسپێرم
دەستم بۆ نان دەکەمەوە
دەستم وەک شەونمی بەیانیان ساردە
دەستم لە کچە بچکۆلەکەی گەڕەک دەچێ
کە هەمیشە ، بە بوکەشوشەیەکی یەک قۆڵەوە
بەکراسێکی سورەوە
بەچاوێکی قەترانێوە
هامشۆی نێوان دەرگا سەوزەکانی دەکرد
چاوەڕوانی هەڵکردنی گەردەلول بوو
منیش هەمان چاوەڕوانی
پیری کردووم
تەنهایی
لەخەمدا غەرقی کردووم
دەشزانم
ئەو سەگانەی گاز دەگرن
هەرگیز ناوەڕێن
ژیان فێری کردم
بێ نان ، بێ بۆنی خۆشی نان
شەڕێکی دلێرانە بکەم
نەبمە مرۆڤێکی جڵەو کراو
******************
هاوڕێم
خەڵوەتگاکانت لەبیرە
تەرمە ئاوساوەکانت دێتە یاد
چەند ڕەزا گران بوون جاشەکان
بیرتە بەدەم خەوەوە
ڕێمان دەکرد
کەچی ئیستاش هەر ڕێ دەکەین و
بە مەنزل ناگەین
سەرقاڵی ژیانیکی توڕەهاتین
هاوڕێم ، بێ نان بێ بۆنی نان
ڕێدەکەین و ڕێدەکەین و ڕێدەکەین
********
هەمیشە
ڕووداوێکی خراپ لە کەمیندایە بۆم
حەزم لە وێردێکی دینی یە
حەزم لەدەنگی مەلای گەڕەکەکەمانە
بیر لە چایخانەی گەڕەک دەکەمەوە
شوشە بەفربەستۆکەی پەنجەرەی
ماڵەکەمان
شادەمارەکانم پڕن لەبۆن
بۆنی منداڵێ و بۆنی
نانەگەرمەکەی دەستی دایکم
هەڵمی هەناسەم
چەند ڕیشۆڵەیەکی بەداوەوە بوو
لەڕۆژێکی باراناویدا
********************
ئیستاش جگە لە بۆنی نان بەم پیرییە
لەخەیاڵی دووبارە دیتنەوەی مانگە شەودام
خواردنەوەی پیاڵەیەک چای گه‌رمی دەستی
دایکم
بینینەوەی کچەکانی ووڵاتی ئاهورا
کوڕەکانی سروشتی خوا
بەردی سەبورییەک
ئەو ڕۆژانەی لەگەڵ مردنیش تێکەڵ دەبووم
بێ بۆنی نان وانەی خۆڕاگرییم حەز لێدەکرد
تاکو ئیستا
کوردستانم مەلە دەکات
لە خوێندا ،خوێن لەبەری دەڕوات
شەوەکان بێ شەرم خۆیان ڕووت دەکەنەوە
دەمەوێت لە ئەستێرەکان بڕوانم
چۆن لەیەک دەئاڵێین
شەوێکی چەند جوانە
ژووری کچەکەم پڕە لەئەستێرەی دەستکردی
هەڵواسراو
ژوورەکەم، نیشتمانمە
ژوورەکەم گۆڕمە
******************
خۆزگە منیش ، منی باوک، منی منداڵی سەر سپی
قوتابی پۆلێک دەبووم و
لە بۆنی نان و سروودا غەرق دەبووم
نەک لە شارێک، لە مەملەکەتێکدا
پیر بیت، وەک درەختی فەسڵی دابران
لەناو تەرمە زیندووکاندا
بێیت و بچی
بۆن دێ، بۆن دێ بۆنی نان دێ
هێڵنج دەدەم نان دەبینم
بێڕێز لە شەقامەکاندا فڕێ دەدرێت
بۆن دێ بۆن دێ
بۆنی نان دێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە