هەولێر ئەفغانستانی رۆژنامەنووسانە

Friday, 24/09/2010, 12:00

1044 بینراوە




لە ژمارەی رابردوودا هەفتەنامەی (ئاوێنە)ی ئازیز راپۆرتێكی لەسەر دەر ئەنجامی لیژنەی لیكۆڵینەوەی تیرۆركردنی شەهید سەردشت دروستكردبوو. كە گوایە رۆژنامەنووسانی هەولێر و دهۆك دەنگی جیاوازیان لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دیكەی كوردستان هەیە. لێرەدا دەبێ بڵێین نموونە هێنانەوەی ئاوێنە هەڵەیە، چونكە ئاوێنە لەگەڵ هەندێك كەس قسەیكردووە، كە ئەسڵەن ئەوانە جیا لە لیژنەی لێكۆڵینەوە قسە ناكەن، ئەوانە كەسانی قەڵەم بە دەستی دەسەڵاتداری ئەو لیژنەیەن، هەموو ئێوارەیەك تا درەنگ چاوەڕوانی سەری رەش دەكەن، ئاخو چ خەبەر و راپۆرتێكیان بۆ دێت، تاوەكو بڵاوی بكەنەوە... بۆچی تۆ بە تەمای ئەوەی ئاكو محەمەد لە دژی دەر ئەنجامی لێكۆڵینەوی ئەو لیژنەیە دەركەوێت كە مەسعود بارزانی خۆی دیاری كردوون... یاخود بەهجەت هروری كە دەچێتە سەر سفرەی نانخواردن لە جیاتی بڵێت بسمیللاهـ، دەلێت ماڵی بارزان... یان ئەو ئیبراهیم عەباسەی كە لە دەزگای پاراستنەوە هاتووە و بە ناوی سەرنووری لە سەر كارەكانی سەرباز هەورامی و نێچیر راپۆر دەداتە دەزگای پاراستن... كە سەرچاوەی زانیارییەكانیشی حەسەن قەلادزەیی یە... باشە ئێوە نازانن نیاز لاجانی كوری محمەدی مەلا قادری ئەندام مەكتەب سیاسی پارتی یە... یان سەرنووسەری خەبات و مودیری تەلەفیزیۆنی كەی تیڤی ئەوانە كێن... بە ڕاستی سەیرە ئاوێنە، ئایا ئەوانەن نوێنەرانی رۆژنامەنووسانی هەولێر.. نەخێر ئەوانە كادر و بەرپرسی حزبین. بۆ شاردنەوەی راستییەكان ئەوەی لە دەستیان بێت دەیكەن.

بە دەیان گەنجی رۆژنامەنووسی هەولێر ناوێرن بە ناوی خۆیانەوە كار بكەن و بنووسن. چونكە چارەنووسیان بە چارەنووسی سەردەشت عوسمان دەگات. نوێنەری رۆژنامەنووسانی ئازا و ئازادی هەولێر سەردشت عوسمانە، ئەوانەی ناو نوسینەكەی ئێوەدا نوێنەری حزبی دەسەڵاتی هەولێرن. ئەوانە قەڵەم بەدەستن و پارێزگاری لە دەست كەوتەكانی حزبی بنەماڵە دەكەن. بێگومان بە هۆی ئەمەشەوە ناندەخۆن زۆریش دەوڵەمەند بوون.. كەسانی وەكو سەردەشت عوسمان و نەبەز گۆرانیش دەكوژرێن و دەر بە دەر دەكرێن. هەر هەمووشیان لە هەولێر بووە، ئێوە دەزانن چەندین رۆژنامەنووسی چالاك لە هەولێر ناتوانن كار پەیدا بكەن و میدیاكانی پارتی كاریان پێنادات.. چونكە گشت دەزگاكانی راگەیاندن لە هەولێر سەر بە پارتین و هیچیان بێلایەن نین.. ئەو رۆژنامەنووسانەی بێلایەن لە ناو ئەم دەزگایانە دان دەردەكرێن و نانبڕ دەكرێن. ئەمەش بە ئەمری پارتی یە. ئەگەر دەنگیش هەڵبڕن، دەكوژرێن و پاشان دەڵێن ئەو سەر بە فڵان گروپی تیرۆریستی یە. بەڵێ ئاوێنەی خۆشەویست ئەوەیە حاڵی رۆژنامەنووسانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. ئەگەر سلێمانی ئامادە بێت سنگی خۆی بۆ رۆژنامەنووسانی هەولێر بكاتەوە، مافی پەنابەریان بداتێ، ئەو رۆژنامەنووسە ئازا و ئازادانە روو لە شاری سلێمانی دەكەن.. چونكە بە راستی لە هەولێر خەفەقانێكی زێدە هەیە. ئیدی هەولێر بووەتە ئەفغانستانی رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەوەی دەم و چاوی بە چارشەو و رووپۆش دانە پۆشێت وەكو ئەوان دونیا نەبینێت لێدەدرێت و دەكرێتە دوژمن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە