بروسكە پەیامێك بۆ یەكێتى: شكست ئەو كەوتنەیە نەتوانى هەڵسییەوە، ئێوە دەتوانن.

Sunday, 06/10/2013, 12:00

1375 بینراوە




هەموو مرۆڤێ بەسروشتى خۆی لەبەردەم ئازمایشى ڕۆژگاردا وەكو چۆن هەر لەسەر یەك ڕیتم نامێنێتەوە، هەڵبەتە سەركەوتن و شكست دووڕیانى هەنگاوەكانیەتى ئەوەیش هەر لەتاكەوە بگرە تا بەگروپ و ڕێكخراو و پارتیە سیاسەكان ڕادەگات كە ئەگەرێكن دەبێ بەردەوام خۆی بۆ سازش و ئامادە بكەن و میكیاڤیللی ئاسا تێڕوانینەكانیان بۆ ژیان لەو دیدگایەوە تەماشا بكەن وەكو ئەوەى هەرمیشە لەجەنگدان، جا وردكردنەوەى جەنگ خۆی لەخۆیدا بەرەنگاربوونەوەى ئەو دۆڕانانەن ڕەنگە دوور و نزیك بەخەیاڵماندا نەیەت و كەچی تووشی دێین كە لەتەكدا كەرەستەكانى بەرەنگاربوونەوە گەورەترین فاكتەری گیانى مقاوەمەت و هەستانەوەى زیاترى بۆ ئەو بارودۆخەمان بۆ دەڕسكێنێ سڵ لە دۆڕان و شكست نەكەینەوە و بەئومێدەوە بڕوانینە ئاسۆی داهاتووى خۆمان بەكڵۆجی وابزانین هێشتا براوەین و دەتوانین ڕوو بەڕووى ئاریشە و كێشەكانی ئەو بارودۆخە ببینیەوە، ئەوەش ڕوحی شۆڕشگێری و بەرخودان و پێداچوونەوەى وردی گەرەكە تا دەست لەسەر گرفتەكان دانێین و باوەڕی بنبڕو چارەسەری بكەینە سەرمەشقی ئەو كەوتنە تا لە داهاتوودا ئەسپی خۆمان تاو بدەین و بێینەوە مەیدانى ئەو ململانێیانەى چۆن بتوانین جارێكى دیكە لەڕێی پێشەوایەتیكردن و پێشكەشكردنى خزمەت و خزمەتگوزاری خۆمان لەگەڵ جەماوەرەكەمان ئاشت بكەینەوە ئەوەیش نەمری و بوێری ئەو ڕابەر و سەركردانەی گەرەكە ئەگەر لەكۆی پرۆسە چاوەڕوان نەكراوەكەدا دان بەكەوتن و دۆڕانى خۆیان بنێن و لەپاڵەوە بەگڕوتینێكى تازە و هەناسەیەكى سەردەمیانەی هاوچەرخەوە، بەدەیەها ئەجیندای جوان جوان خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە بكەن.

ئەوەى ئەمڕۆی لەهەرێمى كوردستان بەدی دەكرێ گەمەیەكى سیاسی ئەوتۆیە، ئەوەى بكەوێتە بەر ڕەشەبای ناڕەزایی خەڵك، بێ شك درەنگ و زوو دەبێ باجی گوێنەگرتن و فەرامۆشی و تەهمیش و پەراوێزیەكان بدات كە ڕەنگە تاڕادەیەك تاڵبێ و ببێتە پەند بۆ بەخۆداچوونەوە، لەوەشدا سەرفرازیی و گەورەییە لەكردنەوەى لاپەڕەیەكى تازەدا لەمەڕ پەنجە دانان لەسەر هەڵەكان و ئەو هەنگاوانەى دەلوێ بۆ ئایندە دووبارە نەبنەوە.

مێژوو سەروەرییە، پاراستنى سەروەریەكان تەنها و تەنها بە گوێگرتن لە ڕەخنە و داخوازیەكانى خەڵك بەرجەستە دەبن بۆ ئەوەى داهاتوویەكى پڕشنگدار بەرهەم بێنن، ئەوەیش هێندە گران نییە نەتوانین جێ بەجێی بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە