سکاڵایەک بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

Wednesday, 06/06/2012, 12:00

1808 بینراوە


مامۆستا گیان نامەوێت بەم گورزە سکاڵایە پەژموردە بیت، ئەمە بووەتە واقع و بە حقیقتەتیش پێمان دەفرۆشرێتەوە، هەر نەبزەیێ بمرێ بۆ ژیان بە نەوڕەسی دەکوژرێتەەوە.
ئەمڕۆ وەچەکانت لە دەشتی تاڵەبانەوە تا بناری هێرۆ پوستاڵیان ڕیزکردووە، لە ژێر هەر ئینجانیەک مشتێ باڕووتیان ناشتووە، لە گەرمیانەوە تا چیای سورکێو ڕێی ژوانیان لەبار بردووە، هەنووکە سەرا سەرابە و دەنگی مێرمنداڵێکی دوازدە ساڵانیش مەچەکی ئیرهابە، مامۆستا ئێرە جەدەلە جەدەل، ئەمڕۆکە وەچەکانت ئومێدی پرتەقاڵی سەر دەبڕن، گشت هاوارێک هەتک دەکەن و خامەکانیش لە تابلۆی گەنجینەتدا دەسڕن، شیرن بەهارەکەشت، بەهاری شادان نەماوە، ئێستاکە بەهاری شیوەنە، هەر ئایدیایەکی جیاوازیش خوڵقاوی دەستی ئەهریمەنە. ئەی ئەستێرەی ڕاکشاوی ناو ئەدەبیاتی کوردی، تۆ هەڵباشت کرد هەڵەباش، لە نوسینی ژانی گەلدا، دەزانم، کە خۆت حزورت هەبووایە، نها گشت مەشهەدەکانی ڕۆمانەکەت فڕێ دەدایەوە، بازنەی دەلاقەی ڕووداوەکانت دەکردە حەڤدەی شوبات و دڵنیام بۆ پێشتر نەدەگەڕایەوە. مامۆستام وەچەکانت بێ ئیجازەت، بە پێێ دەستوورێکی مۆرفۆلۆژی گەلاوێژیان ڕۆناوەتەوەو بووە بە گولـلە هاوێژە، هەموو خەونە ئاڵەکانی منداڵێکی دەمەو سەحەریان کردووەتە چەقۆ وەشێن و بەڕەڵاو گێژ. مەڵۆی شیعری ڕەنج شیعاری دادپەروەری وڵاتێکی ئاوەدانە، ئەمە چ گۆبەندێکە پێتەکی نامۆت خولیای دونیای ڕەنجانە. گەورەم، لەگەڵ کۆپلەکانتا هەر کورد بووین و بیرمان هەر کوردانەیە، دە ئێمە چی بکەین، کە لە میدیای کەمالیزمی تورکدا خەونێکی شاعیرانەیە.
جەمالی تۆ پەیکەرێکە بە وشە باڵات هەڵچنیوە، جەمالی وەچەکانیشت هەرزەیەکی کڕکی بەڕوو لەدەمدا تەقیوە. مامۆستا توخۆت نەکەی هەڵبستییەوە، چونکە دەزانم دووبارە لە کۆڵانەکانی نەتەوایەتیدا بە سپڕای حەرەمی زانکۆ دەنوسیت: ژیان بەلاتی و بێدەسەڵاتی، هیچ درۆی نەبێ سەد مەرگە ساتی. ئەی چریکەی دایکە ڕەشپۆشەکان کەمێک خەفەبن خەفە، نەکا مامۆستامان لەگۆری هیوادا بجوڵێنی، دوایی شەرمەزار دەبێت، ببینێ، لە جێی پیرەژنێکی گەرمیانی جەرگ سوتاو، گورگە بۆری ئەنادۆڵ قردێلەی فرۆکەخانەکەمان بقرتێنێ. درەختەکانی سەر گۆڕستان، خۆتان زیاتر بچڕژێنن، دەوری بەبۆنی مێخەک بپرژێنن، نەکا مامۆستا سەری بەرزکاتو بۆ بۆنی سلێمانی بوەستێ، ئەگینا دەبینێ، گەنج بە گازو ماڵ بە تێزاب و سەکۆش بە ئاگر دەسوتێ، هۆ شنە بای گۆڕستان، لە هەینیدا لایەلایەی حەمەجەزا بچڕن، تا مامۆستامان لەم خەوە خەبەری نبێتەوە، با تێنەگا بێدەنگی بڵندگۆکان تەواوی شار دەتەنێتەوە. با تێنەگا لە ژێر خۆرەتاوی شانازیدا، تولفێکی شەهیدێک بۆ پێی ئەمنێک دەچەمێتەوە، هەڵۆی بەرزەفڕیشی لەچالێ فیرعەونەکاندا ئۆقرە دەگرێ و دەنیشێتەوە.
مامۆستا لە زڕەی زنجیر دڵمان نالەرزێ، پیوەند بۆ لەشە نەوەک بۆگیان، ئێمە وێنەی هەست ناسکین، ڕێبینی هەردەکانین، فاروقی گۆشەی زیندانین. پەروەردەی لوێچێک لە شیعری نیشتمانین. ئەی دەنگە خنکاوەکانی وڵاتم، زویر مەبن لە مامۆستا، دڵنیام کە بیتوانیایە، بەردەکەی سەرسنگی فرێدەداو بۆ ساتێکش بێت هەڵدەستا، مێژووی هەڵدەپروزاند و تفی دەکردە ئێستا.


کوردستانپۆست، نووسینی ئەم بەڕێزە بە بێ سانسۆر بلاودەکاتەوە، هەرچەندە ئێمە لەگەڵ ئەو بەشەیدا نیین، کە لەسەر کەسایەتی برایم ئەحمەد نووسیوێتی، نازانین برای نووسەر تا چەند ئاگاداری ئەو کتێبەیە، (دادگای مێژوو) کە تێیدا برایم ئەحمەد خۆی بە عەبدولا ئۆجەلان دەناسینێت، ئەگەر بە وردی قسەکانی برایم ئەحمەد بخوێنرێتەوە، دەزانرێت، برایم ئەحمەد ئەو کەسایەتییە نەبووە، کە زۆر کەس لێی تێگەیشتووە، هەر کارێ و چالاکییەکی سیاسییشی کردبێت، هەمووی دەخرێتە ژیر پرسیارەوە. لە خوارەوە کلیکی ئەو لینکە بکە، بۆ خوێندنەوەی کتێبی دادگای مێژوو:

https://www.kurdistanpost.nu/biz/kitebxane/dadgay_meju.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە