بەرەنگاربوونەوەی ئێران وەك دریژەپێدانێك بە خۆپیشاندانەكان

Thursday, 28/07/2011, 12:00

1153 بینراوە




تۆپباران‌و هێرشەكانی ئێران سات لە دوای سات زیاتر‌و فراوانتر دەبێتەوە‌و، لەوە تێپەڕ بووە، كە كێشەیەكی تایبەت بێت بەسنورەكان‌و خەریكە بەرەو قوڵاییەكانی كوردستان دێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا سیاسەتی هەرێم بۆ بەرەنگاری ئەو لەشكركێشی‌و دەستێوەردانانە، سیاسەتێكی تەواو ملكەچانەیە‌و ئاراستەی روداوەكانیش ئەوە دەردەخەن ، دەكریێت بوترێت ئەو هێرشانە بە ئامادەیی‌و هاوكاری دەسەڵاتی هەرێم دەكرێ، هەروەك چۆن دزەكردنی بەڵگەكانیش ئەو بابەتە پشتراست دەكەنەوە.
كەواتە هەر لە بنەڕەتەوە، بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەكانی ئێران، دەكەوێتە سەر شانی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی، چونكە دەسەڵات خۆی وەك هاوبەش لە سیاسەتی ئێراندا كار دەكات‌و زاتی ئەوەی نییە وەك دەسەڵاتێكی دیاریكراو‌و لە سنورێكی دیاریكراودا بتوانێت سیمای سەروەری خۆی بپارێزێت، هەر وەك ئەم ماوەیەش بنیمان، چۆن بەرەنگاربوونەوەكانی ئێران، هەر لە بەیاننامە‌و ئبدانە‌و ئیمزا كۆكردنەوەوە بگرە تا كۆبوونەوە‌و رێپێوانەكان هەموویان لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات كراون‌و بەشێكیشان بەرەو رووی دژایەتی دەسەڵات بوونەتەوە.
لەم حاڵەتەدا بەرەنگاربوونەوەی ئێران‌و رەتكردنەوەی سیاسەتی هێرش‌و داگیركاری دەبێت ئامادە بێت بە دوو ئاراستەدا كار بكات، ئاراستەیەكیان هەستانە بە چالاكی دژی ئێران، چ لە ناوەوە‌و چ لە دەرەوە، ئەم جۆرەیان هەر ئێستا لە چەند شوێنێكدا خۆی دەرخستووە‌و دەبێت بە شێوازی زیاتر‌و بەهێزتر ئامادەیی خۆی دەربخات، بەڵام لەبەر ئەو هۆیەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، واتە بێ‌ هەڵوێستی دەسەڵاتی كوردستان، وا دەكات ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەكان روو لە دەسەڵاتی ناوخۆیش بكات‌و شان بە شانی هەستان بە چالاكی دژی تۆپباران‌و رەدكردنەوەی سیاسەتەكانی ئێران، دەتوانرێت ئاراستەی ناڕەزایەتیش بەرەو رووی دەسەڵاتی ناوخۆیش بكرێتەوە.
ناڕەزایەتی لەناوخۆدا شتێكی تازە نییە، بەڵكو هەر لە خۆپیشاندانەكانەوە تا ئەمڕۆ زۆرترین شێوازی خۆدەرخستنی جەماوەریانەی بە خۆوە گرتووە، ئێستایش ئەو ناڕەزایەتیانە بەهەمان شێوەی خۆیان، بەڵام وەك ئاگرێكی ژێر خۆڵەمێش، درێژە بە خۆی دەدات، لەم حاڵەتەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئێران دەتوانێت ئەو ئاگرە بگەشێنێتەوە.
پێی بەپێی وەستانەوە دژی ئێران، بوارەكانی خۆپیشاندان‌و كۆبوونەوە فراوانتر دەبێت، دروستبوونەوەی دەنگەكانی شەقام دەست پێدەكاتەوە‌و هوشیاری بەوەی كە خەڵك دەتوانێت قسەی خۆی بكات وەك راستییەكی بەرجەستە خۆی دەردەخاتەوە. ئەمەیش بۆ خۆی دەتوانێت ئاو بكاتە جۆگەی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكان‌و لە دڵی بارودۆخێكی كپكراوی وەك ئێستای شارەكاندا‌و ئەویش دوای سەركوتكی خۆپیشاندانەكان، ئومێدی هاتنەوە مەیدانی خەڵك بژێنێتەوە.
لەكاتێكدا كە هێشتا سەرەتایترین داخوازییەكانی خەڵك لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە وەڵامی پێنەدراوەتەوە‌و، لەكاتێكدا كە تاوانباران رادەستی دادگا نەكراون‌و لیستی خواستەكان هێشتا وەك خۆیان ماونەتەوە، كەواتە لە كاتێكی وایشدا ئاراستەی خۆپیشاندن‌و ناڕەزایەتییەكان ناتوانن روو لەدەسەڵاتی ناوخۆ وەربگێڕن، بەڵكو بە پێچەوانەوە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەكانی ئێراندا، سیاسەتە ناوخۆییەكانیش دەدرێنەوە بەر رەخنە‌و بەرەنگارییەكی زیاتر.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە