قوباد تاڵه‌بانی به‌ قوربانی کوڕی سێو له‌ باخه‌ڵ ئه‌ بێ !

Thursday, 07/01/2010, 12:00

1386 بینراوە


چیرۆکی "بێوه‌ژن و کوڕانی سێو له‌ باخه‌ڵ" په‌ندێکی کوردی کۆنه‌، به‌ڵام وه‌ک هه‌ر یه‌ک له‌ په‌نده‌ کوردی و نه‌سته‌قه‌کانی کورده‌واری زۆر به‌هێزه‌ و هێنده‌ کاریگه‌ره‌ ته‌نانه‌ت له‌ دنیای پێشکه‌وتوی ئه‌مڕۆدا و له‌ واشنتنی‌ پایته‌ختی ئه‌مریکاشدا هه‌ر شیاوه‌ بوترێ،که‌ کوتومت وێنه‌ی په‌یوه‌ندی ڕه‌وه‌ندی کورد و نوێنه‌ری هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و به‌رزانی مان بۆ ده‌کێشێ. بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م په‌نده‌یان نه‌ بیستوه‌ ئه‌مه‌ چیرۆکه‌که‌یه‌ (ده‌ڵێن له‌ کۆندا و له‌ گوندێکی کوردستانه‌که‌مان بێوه‌ژنێکی بێ منداڵ وبێ هاوڕێ ده‌ژی و خۆی هیچ ناکا و ته‌واوی کاره‌کانی به‌ کوڕانی ئاوایی جێبه‌جێ ده‌کات، له‌به‌رانبه‌ر هیچ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌ بێ به‌ دزیه‌وه‌ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌سیان به‌ که‌سیان بزانن هه‌ر ڕۆژێ و به‌رله‌وه‌ی واده‌ی کاره‌کانی بێ به‌ دزیه‌وه‌ یه‌ک یه‌ک ‌کوڕه‌کان ده‌بینێ و سێوێک ی به‌ دیاری ئه‌داتێ و پێشی ئه‌ڵێ به‌که‌س مه‌ڵێ و سێو هه‌ر بۆ تۆ ئه‌هێنم. پاشان و بێ ئاگا له‌ یه‌ک، کوڕانی ئاوایی کۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌ست ده‌که‌ن به‌ بێگاره‌کانی ژنه‌. ژنه‌ش هیچ ناکاو له‌ دوره‌وه‌ هه‌ر سه‌یر ده‌کا، هه‌رئه‌وه‌نده‌شی زانی کوڕه‌کان ماندو بون و خه‌ریکه‌ کۆڵ ئه‌‌ده‌ن، هاوار ده‌کا " به‌ قوربانی کوڕی سێو له‌باخه‌ڵ بم" کوڕه‌کان هه‌ر یه‌که‌ و له‌ لای خۆیه‌وه‌ و له‌ خه‌یاڵی خۆیدا له‌ گه‌ڵ ئه‌وێتی و له‌به‌ر چاوی ژنه‌ هێنده‌ی تر حه‌ماس ده‌یگرێ و ده‌که‌وێته‌وه‌ کار. به‌م جۆره‌ ژنه‌ کاره‌کانی خۆی جێ به‌جێ ده‌کا).
له‌وانه‌یه‌ لاتان سه‌یر بێ چۆن له‌ واشنتن قوباد و داروده‌سته‌که‌ی، به‌ناو "نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم" له‌ ئه‌مریکا، ده‌توانن کارێ بکه‌ن و بڕێکی باشی ڕه‌وه‌ندی کوردی ده‌ستخه‌ڕۆی وه‌عد و به‌ڵێنی بێ بناغه‌ بکه‌ن. به‌ڵێ خوێنه‌ران وه‌ک چۆن پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان ، سه‌رانی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ خه‌ریکی پێدانی وه‌عدی درۆ بون ، له‌ واشنتنیش ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ر ئێسته‌ نائێسته‌ ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی و کارگێڕی له‌ واشنتن داده‌نێن . دیاره‌ ئه‌م ده‌زگا گه‌وره‌و به‌رفراوانه‌ کۆمه‌ڵێکی باش موچه‌خۆری ده‌وێ و بڕێکی باشی ڕه‌وه‌ندی کوردی کاری پێده‌درێ. په‌له‌مه‌که‌ن و چاوه‌ڕوان بن . له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ کاک قوباد یه‌ک یه‌ک له‌ گه‌ڵ ڕه‌وه‌نده‌که‌ "دیاره‌ ئه‌وخه‌ڵکانه‌ی حه‌زیان لێ یه‌ و دڵیان به‌ کارکردن ونزیک بونه‌وه‌ له‌ قوباد خۆشه‌" داده‌نیشێ و هانی ده‌دا و گوایه‌ ئه‌و براده‌رێتی و چی پێ بێ له‌ زانیاری و زه‌می ئه‌وانی تر بۆ کاک قوبادی هه‌ڵئه‌ڕێژێ. له‌ ئه‌نجامدا و له‌ باتی به‌خشیش، چاوه‌ڕوانی سه‌لامێکی کاک قوباد ه‌ ئه‌گه‌ر ڕێک بکه‌وێ و له‌ ئاهه‌نگێ له‌ ئاهه‌نگه‌کانی ساڵ نه‌ورۆزبێ یان یادی ی.ن.ک، گرنگ نیه‌ و ته‌نها ئه‌م سه‌لامێکیان لێ بکا. ئه‌مانه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆیان بزانن بونه‌ته‌ دارده‌ستێک و ده‌زگایه‌کی زانیاری بێ موچه‌ی قوباد. له‌ ململانێ ی ‌یه‌کتری دا هیچیان ناوێرن وازبێنن و یان که‌مته‌ر خه‌می پیشان ده‌ن یان ماوه‌یه‌ک دیارنه‌مێنن نه‌وه‌کا له‌و ماوه‌یه‌دا کاتی هاتنه‌وه‌ی مه‌سیح بێ و ئۆفیسه‌ عه‌جایه‌به‌ نایابه‌که‌ دامه‌زرێ و ئه‌م کورسی به‌ر نه‌که‌وێ، جائه‌بێ چی لێبێ و چی بکا مه‌گه‌ر هه‌ر ئاسمان هه‌ڵی لوشێ ... ئه‌مه‌ لای بڕێکی باشی خه‌ڵکانی ساویلکه‌ و چاوله‌ڕێ کاره‌ساته‌و نابێ ڕوبدات. ته‌نانه‌ت کارگه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی قوباد شه‌ڕی یه‌کتری و ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌کانی ی.ن.ک یشیان پێ ده‌کا، به‌ بێئه‌وه‌ی خۆیان سود مه‌ندیش بن. خۆ وه‌نه‌بێ قوباد که‌سیشیانی به‌ خێو کردبێ وبتوانێ موچه‌ی ئه‌م خێزانانه‌ بدات. به‌ڵام وای لێهاتوه‌ ئه‌گه‌ر بێت و له‌ مناسه‌به‌تێکدا قوباد سه‌لامیان لێنه‌کا ئه‌وه‌ هه‌رچی نرخ بێ نایمێنێ" له‌ لای خۆیان" و ئه‌بێ چارێکی تر ئیش بکاته‌وه‌ بۆ دروست کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی. سه‌یرتریش له‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بونی گۆڕان ه‌وه‌ چالاکیه‌کان زۆرتر خه‌ست بۆته‌وه‌ و ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌ به‌بێئه‌وه‌ی پێی بزانێ بۆ واده‌کا دژایه‌تیه‌کی باشی ده‌سته‌ی گۆڕان له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌که‌ن . ئه‌وه‌بو بیستمان له‌ دوا کۆبونه‌وه‌ی کۆمیته‌ دونه‌فه‌ر و نیوه‌که‌ی واشنتن ی یه‌کێتی به‌ ئاشکرا فۆرمی "ئیمزای ده‌که‌م من گۆڕان نیم" یان به‌ ئه‌ندامان پڕ کرده‌وه‌.
له‌کۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانی نه‌زان و نزمی کۆمه‌ڵگه‌ کاسه‌لێسی و ماستاو بکه‌ن له‌ پێناوی بژێوی ژیاندا ڕه‌نگه‌ لێیان نه‌گیرێ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ڕۆشنبیر ده‌زانن و دانیشتوی هه‌نده‌رانن هیچ پاساوێ نیه‌ بۆ تێنه‌گه‌یشتنیان و بون به‌ دارده‌ستی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات کارێکی ئێجگار نزمه‌ و میلله‌ته‌که‌مان لێیان خۆش نابێ. به‌ تایبه‌تی ئه‌مڕۆ که‌ له‌هه‌مو کات زیاتر میلله‌ت پێویستی به‌ ده‌نگی دلێرانه‌یه‌ بۆ چاک کردن سیسته‌می خێڵه‌کی و گه‌نده‌ڵ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە