كام جەماوەر گرنگترە لاى سەرۆك جەماوەرى بەرشلۆنە یان كوردایەتى؟!

Sunday, 17/07/2011, 12:00

1480 بینراوە


من خۆم كۆنە یاریزانم هەتا نزیكەى هەڵبژاردەى هەولێرى تۆپی پێ چووم و تا ئێستاش حەزم لە تۆپی پێیە وهاندەرى بەرازیلیشم ئەگەرچی كاتى خۆی هۆلەندى بووم، پێم دیاردەیەكى تەندروستیشە لاوانمان حەزیان لە تۆپی پێ بێت وهاندەرى تیپەكان بن بەبێ زیادەڕەوى وخۆ شێت كردن وەك فوتبۆڵ فانەكانى ئینگلیز ووڵاتانى تر. گرنگیشە كە سەرۆكى كوردستان بایەخ بە تۆپی پێ بدات وهەروەك لە چاوپێكەوتنەكانى باسیش دەكات یاری تۆپی پێش بكات جاروبار، بەر لەماوەیەك هەموومان ئۆباماى سەرۆكى ئەمریكامان دیت چۆن لووتى ئازارى خوارد لەكاتى یاریكردنى باسكیت بۆڵ...
هەندێك وڵات وهەندێك سەرۆك لەبەر نەبوونى كێشەى زۆر زەق ونەبوونى مەترسی لەسەریاندا ناچارن هەوڵى بەدەست هێنانى جەماوەری بوون دەدەن بەو كارانە چونكە ئەو وڵاتانە جێگیرن و كێشەى وجودى زۆر گەورەیان نییە، بۆیە خراپ نییە كەمێك جەماوەر لەو ڕێگەیەوە پەیدا بكەن، بەڵام كوردستانى عێراق وەك بە شێكى بچوكى كوردستانى گەورە هێندە كێشە وجودى وكارەساتى مێژوویی وهەنوكەیی تێدایە ئەگەر دە سەرۆكى وەك سەرۆكى هەرێمان هەبێت لەناو دەستەیەكى سەرۆكایەتى دەرەقەتى ئەو هەموو كێشە وكارەساتانە نایەن.
با جارێ تەنها باسی كێشەكانى كوردستانى عێراق بكەین تا بزانین سەرۆك چۆن كاتى ئەوەى هەیە پێشوازى لە نوێنەرى یانەى بەرشلۆنە یان ریال مەدرید بكات. لەسەر ئاستى هەرێم وعێراق، ئەوە كورد وكوردستان دوچارى چارەنوسێكى تاریك بوونەتەوە لە ئەنجامى بەردەوامبوونى كێشە كەونارەكانى حكومەتى عێراقی شیعی وگەندەڵكاریەكانى وڕاوەستانى لە شوێنى خۆی وزیادبوونى كێشەكانى رۆژ بە رۆژ. حكومەتى عێراق، حكومەتێكى شێواوى موشەوەهی دزێوە لە نێوان ئەمریكى بوون وئێرانى بوون، ودیموكراسیەت وئەو پەڕی حیقدى تایفی وشیعەگەرێتى ولەنێوان ئیسلامى بوون وبڵادەستى لە گەندەڵكارى تا ڕادەیەك ڕووى كۆمارەكانى مۆزیشیان سپی كردەوە! حكومەتێك دەیەوێت تۆڵەى گوایە زیاتر لە هەزار ساڵەى چەوسانەوەى شیعە لە هاوڵاتییە سونەكانى وەرگرێتەوە وبەوپەڕى دڕندایەتیەوە دەستى داوەتە كوشتن وبڕین وئەشكەنجەدان وئاوەدانكردنى زیندانى نهێنى!! حكومەتێك هێشتا بەغدادى پایتەختى پێ ناپارێزرێت كەچى بەربەرەكانى كورد دەكات لەو لاوازیەى لەدژى كەركوك ومادەى 140 وناوچە كێشە لەسەرەكان چەندین كێشەى تر! حكومەتێك هێندە شیعایەتى لا گرنگە تا ڕادەى ئەوەى ئەسەدى سوریا هیچ نەما نەیكات لەناردنى بە لێشاوى خۆكوژەكان بۆ عێراق وبەرپرسیارە لە كوشتنى دەیان هەزار شیعەى ئاسایی هەژار كەچى ئەمڕۆ ئەو حكومەتە جاهیل و تائیفیە پشتگیری بەشار ئەسەد دەكات چونكە سەر بەتایفەى عەلەوییە ودەعوەى شیعەگەرى ئازاد كردوە، لە سوریا با هەر بەعسیش بێت، واتە ێدام بۆیە خراپ بوو لاى شیعەى عێراق چونكە سونى بوو نەك بەعسی ئەگینا ئەوە بەشاریش بەعسی نییە كەچى هەموو یان زۆربەى زۆری شیعەى دونیا بەرگرى لێدەكەن!!
من نازانم كێ ئەو كارەى بە سەرۆكى هەرێم كردوە، گومانم نییە كە ڕوێكى ئەو كارە بازرگانییە بۆ ئەو كەسانەى كە ئەو كارانە ڕێك دەخەن وەك پێشوازى نوێنەرى بەرشلۆنە یان خەڵاتكردنى لەلایەن ڕێكخراوێكى نەناسراو یان بڕوانامە بەخشین لەلایەن زانكۆیەكى وەهمى، بەڕاستى ئەو كارانە گەر گرنگ بن ئەوە دەسەڵاتدارانى سعودیە وكوێت وئیمارات ووڵاتانى تر بۆیان هەیە ببنە خاوە زۆرترین بڕوانامە وخەڵات وشتى لەو جۆرە، بەڵام هێشتا ئەوان وریاتر مامەڵە دەكەن.. سەرۆكى هەرێم هێندە بابەتى چارەنوسسازى لەبەردەمدایە پێویستى نەبەخەڵاتى دامەزراوەیەكى كریستیانى خێرخواز هەیە نە پێویستى بە یانەى بەرشلۆنە هەیە بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى جەماوەرى بوونى خۆی بەڵكو تەنها پێویستى بە ئاوڕدانەوە هەیە لە خودى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان وهێزە سیاسیەكانى وڕزگاركردنى كەشتى وڵاتەكەمان لە شەپۆڵە گەورەكانى. خەڵك پێویستى بە هەنگاوێكى تر هەیە زیاتر لە فیدرالیزم، چونكە فیدرالیزم ئەگەر هێندە گرنگ با نوجەیفیش بەو هەموو دەمارگرژییەوە باسی نەدەكرد، داواكردنى سەربەخۆیی كوردستان ئەگەر بە جیدى بێت بۆی هەیە ئاستى جەماوەرى سەرۆك بگەیەنێت كەشكەڵانى ئاسمان بەتایبەتى ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە عێراق دەوڵەتێكى فاشیلە.
پێویستە سەرۆك ئازادى زیاتر دەستەبەر بكات وكەمێك لەو حیزبی بوونەى دووركەوێتەوە وهەنگاوى زیاتر بنێت بەرەو كوردستانى بوون بەلایەنى كەم لەسەر ئاستى كوردستانى عێراق، پێویستە سەرۆك جیاوازى نەكات لە نێوان حزبەكەى خۆی وحزبەكانى ئۆپۆزسیۆن تا بیسەلمێنێت لەدوورى یەك ماوە وەستاوە لە هەموو حزب وهێزە سیاسیەكان، ئەگەر سەرۆك وابكات ئەو كاتە دەبینین چۆن ئاستى جەماوەرى سەرۆك دەیان وسەدان جار زیاد دەكات.
ئەگەر سەرۆك كوردستانى بەرەو دەوڵەتى دەزگابوون وموئەسەساتى برد وچەند كەناڵێكى بەهێزى میدیایی دروست كرد بەناوى حكومەتى هەرێمى كوردستان ومیدیاى حكومى زاڵبوو بەسەر میدیاى حزبی، نەك تەلەفزیۆنە حیزبیەكان چراخان بن ومیدیا حكومیەكان لەوپەڕی تاریكى ولاوازیدابن، ئەو كاتە دەبینین چۆن ئاستى جەماوەریەتى سەرۆك بەرز دەبێتەوە.
ئەگەر سەرۆك لە سەردانى بەردەوام دا بوو بۆ كەركوك وخانەقین وشوێنە دابڕاوەكانى تر لە كوردستان وگوێى گرت بۆ كێشەكانیان وگەرماوگەرم داواى چارەسەركردنیان بكات وفشار بخاتە سەر حكومەتە عاجباتیەكەى بەغدا وهەڕەشەى سەربەخۆیی بكات بە جیدى ئەو كاتە جەماوەری بوونى سەرۆك دەگاتە ئەوپەڕی، نەك خەڵكى كوردمان لەو ناوچانە كە ناسراون بە شوێنە ناكۆك لەسەرەكان دوچارى دڕەندەترین هەڵمەتى تەهجیر وتەعریبى نوێ بنەوە كەس نوقەى لێ نەیەت!!
ئەگەر سەرۆك بەجیدى مامەڵەى كوردانە ودڵسۆزانەى بكردبا لەگەڵ خائینانى گەل ونیشتیمان ولەناو حزبەكەى خۆیدا دەستى پێكردبا وئینجا لەناو حزبەكانى تر، وفایلدارانى كۆن ونوێی ڕادەستى دادگاى گەل كردبان ئەمڕۆ ئەو هەموو فایلدارە نەدەبونە بەرپرس بەكوێرایی چاوى خاوەن شەهیدەكان ودڵسۆزانى ڕێبازى كوردایەتى، ئەگەر سەرۆك ئەو كارەى كردبا ئەمڕۆ كەسانێك وەزیر وگزیر نابن كەچى بە ئاشكرا هاوكارى دوژمنانى كوردیان كردوە لە لێدانى هێزەكانى پارچەكانى ترى كوردستان وەك لەو بەڵگەنامانەى ئەم دوایەى سەبارەت بە هاوكارى كردنى ئێران ئاشكرا بوو، كەى مەعقولە دەوڵەتێكى مەنبوزى نێو كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى وەك ئێران بە سیغەى ئەمر داواى ئەنجامدانى كارى سیخوڕی لە پیاوانى حكومەتى هەرێم بكات وئەوانیش ئەوەى پێیان بكرێت بۆی ئەنجامدەن؟!
ئەگەر سەرۆك سنورێك بۆ ئەو فەزیحە ئەخلاقیە سیاسیانە دابنێت ئەو كاتە دەزانین ئاستى جەماوەرى سەرۆك دەگاتە كوێ.
ئەگەر سەرۆك زمانى خوێندن وستانداردى كوردى كردە یەك وگوێی نەدایە لەهجەبازى بادینى وسۆرانى وهەستى ناوچەگەریەتى نەبزوا و بەلایەنى كەم تۆی یەكبوونى ئەو پارچەیەى كوردستانى چاند، وتوانى تەنها سێ پارێزگا یەك بخات كە هیچ نییە لە چاو وڵاتانى گەورەى وەك ئێران وئەمریكا وتوركیا كە هەمووى بە یەك زمانى خوێندن وستاندارد دەخوێنن لەگەڵ فرەنەتەوەییشدا، ئەو كاتە هەست بە دڵسۆزى كوردانەى سەرۆك دەكەین وئەو كاتە جەماوەرى كوردایەتى سەرۆك دە ئەوەندە وسەد ئەوەندەى جەماوەری بەرشلۆنەى سەرۆك زیاد دەكات، هەر جەماوەرى كوردایەتیش چاكتر وگرنگترە بۆ سەرۆك نەك كەمینیەكى بەرشلۆنە!!
لەندەن
[email protected]
16/7/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە