وەڵامێك بۆ لێدوانى ئەندامێكى باڵى جیابوەوە لە مەكتەبی سیاسی (زەحمەتكێشان)

Sunday, 22/11/2009, 12:00

1263 بینراوە


لە ژمارە (109)ى گۆڤارى ستاندارد ڕۆژى 16/11/2009، سعدخالید ئەندامى مەكتەبی سیاسی باڵى جیابوەوە لە حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان لە چوارچێوەى چاوپێكەوتنێكدا هەمان قەوانە كۆن و سواوەكەى سەرەتاى جیابونەوەى خۆیانى لێداوەتەوە، دیارە ئێمە هەرلەسەرەتادا دورونزیك خۆمان لە وەڵام و وەڵام كارى بواردوەو نەمان ویستوە بچینە ئاستى ئەو قسەو قسەڵۆكانە، چونكە لەلایەك دەزانین ئەم قسانە لەچیەوە سەرچاوەى گرتوەو لەلایەكى تریش دورونزیك شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە نەبووە كە لە حزب جیاكراونەتەوە، لەم دوایانەشدا ئەوەندەى من ئاگاداربم لابەلاو لەڕێگەى چەندین كەسایەتى دۆستى هەردولا ڕیكەوتبووین كە بۆئاسایی كردنەوەى پەیوەندى نێوانمان هەردولا خۆمان لەو جۆرە لێدوانانە بپارێزین كە هاوڕێیانى ئێمە لەلایەن خۆیانەوە خۆپارێزیمان كرد،
بۆیە لێرەدا داوا لەكاك سەعد خالید دەكەین كە هەوڵنەدا لەڕێگەى كەناڵەكەى خۆیەوە پەیوەندیەكانى نێوانمان كەئێستە بەرەو ئاسای بونەوە دەڕوا ئاڵۆز بكاتەوە.
سەبارەت بەناوى حزبی زەحمەتكێشانیش دیارە ڕاستە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بەدەستێوەردانى ڕاستەوخۆی دەسەڵات ، كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن ناوى قەوارەكەى داوە بەئەوان ، بەڵام ناوى قەوارەى سیاسی هەڵبژاردن جیاوازە لەگەڵ ناوى حزبدا، چونكە ناوى حزبەكە كەخۆیان سكاڵاكەیان بردۆتە دادگا هێشتا لەدادگایەو لەچوارچێوەى یاسادا یەكلای نەكراوەتەوە، بەواتایەكى تر تائێستە ئەوان نەیانتوانیوە لەڕێگەى دادگاو بە یاسا ناوى زەحمەتكێشان لە ئێمە وەرگرنەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان ناوى حزبیان بە شێوەیەكى نایاسایی و تەنها بەتەزكیەو دەست لەپشتدانى دەسەڵات هەڵگرتوە، كەدیارە ئەمەش جارى یەكەم نیە دەسەڵات بۆ تۆڵەكردنەوە لە هەڵوێستەكانى حزبی زەحمەتكێشان هەوڵەدا خەڵكانێك لە بەرامبەر ئێمە قووت بكاتەوە ، بەڵام ئەو هەوڵە نەزۆكانە چەند لەڕابردودا سەرى گرتوە ئەمجارەشیان هەر ئەوەندە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە