كەركوك ناگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان

Sunday, 25/09/2011, 12:00

1979 بینراوە





بەدرێژایى مێژوو كۆبونەوەكانى نێوان سەركردایەتى سیاسى كورد و ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانى عێراق شارى كەركوك جەوهەرى ناكۆكیەكان بوە، لەپاش ڕوخانى ڕژێمى دكتاتۆرى پێشوو هاتنە ئاراى دەسەڵاتێكى فرە ڕەنگ و فرەدەنگ لە هەموو پێكهاتەكانى گەلانى عێراق، لەسایەى ئەو دەسەڵاتەشدا بەڕەزامەندى هەموو پێكهاتەكانى عێراق دەستورێكى هەمیشەیى نوسرا، ئەوەى كە جێگاى دڵخۆشى ئێمەى گەلى كورد بوو مادەى 140 ئەو دەستورەبو كە تاراددەیەك ڕێگەچارەى دانابو بۆ ئاسایى بونەوە و سەرژمێرى و راپرسى لە سەر چارەنوسى ئەو پارێزگایە، هەرچەندە ئەوەش جێگاى دڵخۆشى زۆر كەس نەبو وە بە هەڵیەكى مێژوییان دانا، دەوترا چۆن دەبێت راپرسى لەسەرخاكى خۆت بكەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوە هەشت ساڵ تێدەپەرێت بەسەر رەزامەندى لەسەر ئەو دەستورە و پێكهێنانى سێ كابینەى وەزارى و دوو خولى هەڵبژاردنى پەرلەمان كەچى تائێستا هیچ هەنگاوێكى جدى دیارنیە بۆ جێبەجێكردنى ئەو مادە دەستوریە، سەرەك وەزیرانى ئەمڕۆش جەنابى مالیكیە ، ئەوە دوخولى وەزاریە ئەو زاتە سەرەك وەزیرانە بێگومان بەهۆى پشتگیرى لیستى كوردیەوە جارێكیتر ئەو پۆستەى بەدەست هێنایەوە، بەڵام ئایا هەڵوێستى مالیكى چۆنە لە ئاست خواست و داواكانى گەلى كوردا ؟ ئەگەر ئەمە هەڵوێستى بەرێزیان بێت لە بەرامبەر خواستەكانمان كە لە كۆبونەوەى لیستەكەیدا وتویەتى (شەش ساڵ لەمەوبەر ئیبراهیم جەعفەرى بەهۆى ململانێوە لە سەر كەركوك و هەوڵدان بۆ ڕێگرى لە گەڕانەوەى كەركوك، پۆستى سەرەك وەزیرانى لە دەستدا، وتویەتى من ئامادەم گیانم ببەخشم لە پێناو ڕێگرى كردن لە گەڕنەوەى كەركوك بۆسەر هەرێمى كوردستان)* ئەمە هەڵوێستى سەرەك وەزیرانە لە سەر مادەى 140، دەبا چاوێكیش بخشێنیین بەسەر هەڵوێست و لێدوان و وتەى هەندێ لە بەرپرسانى شارى كەركوك و هەرێم و بەغدا لە سەر مادەى 140 و شارى كەركوك و دەوروبەرى، ئینجا با خوێنەران بڕیار بدەن بزانم بەوحاڵەوە دەتوانرێت هیچ بكرێت بۆ ئەوشارەى كە گەلى كورد بەدرێژایى مێژو قوربانى بۆ داوە.
- پەرلەمانتارێكى كوردى لە پەرلەمانى پێشوى عێراق ئاشكراى دەكات (بە واژۆى ئەندامێكى لیستى برایەتى بەهەزارەها عەرەب لە كەركوك جێگەیان بۆ كراوەتەوە)گۆڤارى 140 ژمارە 31.
- خالد شوانى (لە دووساڵى یەكەمى حكومەتى نوێى عێراقدا مادەى 140 بە تەواوەتى جێبە جێدەكرێت) گۆڤارى 140 ژمارە 32.
-عارف قوربانى (لە كەركوك ئەوەندە ناسنامەیەكى دزێومان بە كورددا ، گەر پێكهاتەكانیتر بەدەستى خۆیان بێت ،هەرگیز ڕازى نابن كورد حوكمیان بكات) رۆژنامەى پرس - ژمارە119.
محمد خلیل (شەش هەزار عەرەب هاتونەتە كەركوك ... ئەو عەرەبانەى كە قەرەبوى 140 یان وەرگرتوە و نەگەڕاونەتەوە لە پارتى و یەكێتیەوە نزیكن) رۆژنامەى هاوڵاتى- ژمارە679.
- ڕۆژنامە چاودێر(عرفان كەركوكى جێگرى پارێزگارى كەركوك مۆڵەتى نیشتەجێبون بە عەرەب دەدات) رۆژنامەى چاودێر -ژمارە 229.
- بەڵگە نامەكانى ویكیلیكس (كەریم سنجارى وتویەتى شارى كەركوك ناگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان) رۆژنامەى هاوڵاتى - ژمارە 686.
- ئارام حەمە ئەمین (لە كۆبونەوەیەكدا عەبدول رەحمان مستەفا وتویەتى من دەسەڵاتم بەسەر ئەم شارەدا ناماوە بەهۆى ململانێى نێوان یەكێتى و پارتى و هەرئەمەشە بۆتە هۆى ئەوەى شارەكە بێ ساحێب و تەقینەوە ڕوبدا و ئارامى و ئاسایشى شارى كەركوك بشێوێ و تیرۆرستان تەقینەوە بكەن) سایتى كوردستان پۆست 11/8/2011 .
- نەوزاد مەحمود و كاوە شێخ عەبدوڵڵا (لە كەركوك عەرەب خانو دەكڕن، توركومانیش زەوى، هەردوكیشیان لە كورد دەیكڕن بەداخەوە) رۆژنامەى روداو- ژمارە141.
- ڕۆژنامە ئاسۆ (حكومەتى بەغدا پابەندە بە جێبەجێكردنى مادەى 140 و چارەسەر كردنى كێشەكانى لەگەڵ هەرێمى كوردستان) ئاسۆ - ژمارە 1375 .
- نیۆیۆرك تایمز (هەرجیابونەوەیەكى كورد لە عێراق ، یاخود دەستگرتن بەسەر كەركوكدا ، بەماناى كۆتاییهاتنى پاڵپشتى ئەمریكا دێت) سایتى سبەى 31/12/2010 .
- د. كامەران مەنتك (مادەى 140 و وەرەقە 19 خاڵیەكە ، كرا بە قوربانى چەند پۆستێك) سایتى سبەى 22/12/2010 .
- مەحمد خلیل (وەرەقە 19 خاڵیەكەى كورد ئیمزا نەكراوە تەنها بە زارەكى بەڵێنى جێبە جێكردنى دراوە) سایتى سبەى 22/12/2010.
- حاكم شێخ لە تیف (ئیئتیلافى فراكسیۆنى كوردستانى مادەى 140 ى كردە قوربانى پۆست) ڕۆژنامەى ڕۆژنامە ژمارە616 .
- وائیل عەبدول لەتیف (مالیكى بەڵێنەكانى سەبارەت بە مادەى 140 جێبەجێناكات) ڕۆژنامە ى ڕۆژنامە ژمارە 616 .
- یاداشتى هەشت بەرپرسى كەركوك بۆ (م.س) یەكێتى (گەندەڵیەكى لەڕادە بەدەر لە كەركوكدا هەیە) رۆژنامەى رۆژنامە ژمارە 622.
- كەمال كەركوكى (جێبە جێكردنى مادەى 140 لە سەرەتاوە زۆر ئاسان بۆ، بەڵام زۆر موراعاتى عێراقمان كرد، كەنەدەبو ئەمە بكەین)رۆژنامەى روداو ژمارە 165 .
- د. نەجمەدین كەریم : پارێزگارى كەركوك (هاكا مادەى 140 جێبەجێكرا)گۆڤارى ڕێگا - ژمارە 39.
- ئاڵا تاڵەبانى (هیچ شتێكى ئەوتۆ لە 19 خاڵیەكەى كورد جێبەجێنەكراوە) سایتى سبەى 2/7/2011.
- حاكم شێخ لەتیف (لەكارنامەى حكومەتى عێراقدا باس لە جێبەجێكردنى مادەى 140 نەكراوە) سایتى سبەى 1/8/2011.
- حاكم شێخ لەتیف (لە 15/5 دا لەناو پەرلەمان قسەم كرد و داواى پێكهێنانى لیژنەى چاودێرى مادەى 140 مكرد، بەڵام یەكێك لە ئەندامانى لیستى هاوپەیمانى كوردستان كەبەوە ناسراوە زۆر بەرگرى لە مادەى 140 دەكات وتى باسى مەكە با كێشەمان بۆ دروست نەبێت) سایتى سبەى 15/8/2011.
- ئارام جەمال (كوتلەى عەرەبى لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك داواى دامەزراندنى عەرەبە هاوردەكان دەكەن، چونكە خودى تاڵەبانى بەڵێنى دامەزراندنى پێداون) سایتى سبەى 24/8/2011.
- ئەنوەرى حاجى عوسمان (لە سالى 2008 كە ئێمە لەو ناوچانە جێگیربوین لەگەڵ نەرمى نواندنى سیاسیەكاندا نەبوین، زۆرجار بەشەرەنگێز و ئەو شتانە ناویان دەبردین، بەڵام ئێستا ئەوەان پێ لە هەڵەكانى خۆیان دەنێن، دەڵێن هەڵەى سیاسی مانكردوە) رۆژنامەى رۆژنامە- ژمارە 647.
- نەرمین عوسمان (لە ساڵى 2008 دا لە بڕیارێكدا داواى گێرانەوەى ناوچەكانى كەلار و كفرى و چەمچەماڵ بۆسەر كەركوك كراوە، بەڵام مام جەلال لە بەر خاترى جێگرەكەى كە تارق هاشمى بو ئیمزاى لەسەر ئەو بڕیارە نەكرد) سایتى ستاندەر 2/7/2011.
- رەئوف عوسمان (دەبو حكومەتى هەرێم پێشتر بكەوتایەتە خۆى و هەنگاوى بنایە بۆ چارەسەر كردنى كێشەكانى لەگەڵ بەغدا، ئەمەش جێگاى سەرنجە كە بۆچى لە دواى دەرچونى یاساى نەوت و غاز سەركردایەتى كورد هەڵوێستى وەرگرت، لە كاتێكدا مادەى 140 زۆر لەو یاسایە گرنگترەو جێبەجێش نەكراوە) سایتى سبەى 14/9/2011.
- شۆرش حاجى (ئەو بەرنامەیەى مالیكى رەوانەى كردوە دورو و نزیك باسى مادەى 140 ى نەكردوە) رۆژنامەى ئاوێنە 285.
- نەرمین عوسمان (لە هەمو چاوپێكەوتنەكاندا ئەم بۆچونەى خۆم خستۆتە ڕو كەوتومە مادەى 140 لە ماوەى ئەم دوو ساڵەدا جێبەجێناكرێت) سایتى خەندان 21/9/2011.
پەرلەمانتارێك (لە كۆبونەوەكەى سەلاحەدین بارزانى دانى بەوەدانا كەمتەر خەم بون لە داواكردنى مافەكانى كورد) سایتى سبەى 22/9/2011.
مشتێك نمونەى خەروارێكە، ئەوە تەنها چاوخشانێك بو بەسەر بەشێكى كەم لە هەڵوێستى بەرپرسان لەبەرامبەر مافێكى ڕەواى ئەم گەلە بەش مەینەتیە، ئیتر بۆچى گلەیى لە نەیارەكانمان بكەین لە كەمتەر خەمى و بێ بەڵێنى و دەستى دەستى و نەهاتن بەدەم خواستەكانمانەوە ، ئاخۆ ئیتر كێ گەشبین بێت بە ئایندەى هەرێم بەگشتى و شارى كەركوك بە تایبەتى، دەپرسم ئاخۆ كێ بەرپرسیارە لەو قەیرانانەى كە ئێمە گیرۆدەین پێوەى؟ كێ بەرپرسیارە كێ ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
*سایتى خەندان 22/9/2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە