لێدوانەکەی " کاک خالید عەزیزی " چی دەگەیەنێت ؟

Thursday, 04/10/2012, 12:00

1599 بینراوە


بەشی سێ‌یەم - هەمان تاس و هەمان حەمام :-
بەشێکی دیکە لە دیمانەکەی کاک خالید عەزیزی دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو گوتە بێ ناوەڕۆکانەیە کە لایەنە داڕماوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ڕابردوودا ئاڕاستەی هەر یەک لە "پەکەکە و پەیەدە"یان دەکرد . چونکە کاتێک بەڕێز "کاوە جەم" پرسیار لە ئاغای عەزیزی دەکات و دەڵێت :-
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای كوردستانی سووریا و نفوزی پەكەكە و پژاك لە شارەكانی باشوور و باكووری كوردستانی ئێران، پێت وانییە لە دواڕۆژدا پەكەكە دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكات نەك ئێوە؟
ئاغای عەزیزیش لە وەڵامدا دەڵێت :-

[كوردستانی ئێران، كوردستانی سووریا نییە. پەكەكە لەمێژە لە سووریا بووە و ژیاوە و لەوێ خۆی گرتووە، بەڵام بوونی پەكەكە لە كوردستانی ئێران بەو شێوەیە نەبووە. پەكەكە دەیەوێ لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا شتێك بۆخۆی دروست بكات، هەر بۆیەیش پژاك دروست بوو. پژاك هەڵقوڵاوی بیروبۆچوون و خواستی خەڵكی كوردستانی ئێران نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێكی ئەوتۆی نییە .
پژاك لەو ماوەیەدا كەرستەیەك بووە بە دەست پەكەكە و هەر كاتێك بە باشی زانیوە و پێویستیان بووە، شەڕی چەكداری لە دژی ئێران پێ كردوون. بۆیە پێم وا نییە بیرۆكەی ناسیۆنالیستی لە كوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەكەكە یان پژاكدا بگونجێت] .


دەوڵەتی تورک دەڵێت (پەکەکە تیرۆریستە و هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردی تورکیا نییە و هیچ نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆشی نییە) !
خالد عەزیزیش دەڵێت (پژاک هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردستانی ئێران نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە) !
بە وردبوونەوە لەم دوو لێدوانەی سەرەوە دەردەکەوێت کە خالد عەزیزی کورتی نەهێناوە لەو ئەرکەی کە بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە و پژاک بۆی دیاری کراوە . دەنا کەسێک کە هێشتا لە دوی ناسنامەی حیزبەکەی وێڵ بێت و هاوکەمپنشینەکانی ئامادە نەبن وەکو حیزب بیناسن و بە برادەرانی دابڕاو ناویان بێنن ، ئیتر چ پەیوەندییەکی بەم لێدوانەوە هەیە کە گوتەی ڕۆژانەی تورکە فاشیەکانە دژ بە پەکەکە ؟ !
لە سەرەتای ١٩٨٠کاندا "ئەنیا تەڤگەری کوردی تورکیا کە پێکهاتەی ١٧ حیزب بوو" دەیانگوت (پەکەکە هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی خەڵكی كوردستانی تورکیە نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێكی ئەوتۆی نییە) . لە کاتێکدا کە خودی "ئەنیا تەڤگەر"ی ناوبراو میلەتیان فەرامۆش کردبوو بۆ کەمالیستەکان و خۆیشیان لە بەهەشتەکەی ئەوروپادا ژیانیان بەسەر دەبرد ، بەڵام کات هات و چوو کە پەکەکە بوویە گەل و گەلیش هەموو جێگەکانی پڕ کردەوە ، ئەنیا تەڤگەریش نەک هەر لە میلەت دابڕان بەڵکو کەوتنە زبڵدانی مێژووەوە و دواین کەسیش لە ئەنیا تەڤگەر "کەمال بورقا"ی بوو کە گەڕایەوە ئامێزی ئەردۆغان و بە دیموکراتیەکەی ئاکەپە شاد بوو .
تا دوو مانگ بەر لە ئێستاش ، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کە زادەی ١٦ حیزبە ، دەیانگوت (کوردستانی سوریە کوردستانی تورکیە نییە ، پەیەدە هەڵقوڵاوی بیروبۆچوون و خواستی خەڵكی كوردستانی سوریە نییە و نفوز و ئیعتبارێكی ئەوتۆی نییە) . لە کاتێکدا ئەم ئەنجومەنە پێیەکیان لە ئەنقەرە و پێیەکەی دیکەیان لە هەولێر بوو . بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا شوێنی پەیەدە بوویە ئامێزی گەل ، پەیەدەش بوویە پارێزەری گەل و سەرکەوتوترین سیاسەتیشی خستە خزمەتی ڕۆژئاوای کوردستان . تەنها کارێکیش کە بۆ ئەنجومەنی ناوبراو مایەوە دەرکەوتن لە ئەنقەرە بە دەستی بەتاڵ و هانابردن بۆ بارزانی بوو تاکو لەلایەن پەیەدەوە قبوڵ بکرێن .
هەرچەند پێکهاتەکانی "ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا" ئۆردوگانشین نەبوون و لە ڕۆژاوای کوردستانیش دانەبڕابوون کەچی لە بەرامبەر سیاسەتی پەیەدەدا شکستیان خوارد . بەڵام خالد عەزیزیەک کە سەرتاپای ژیانی لە هەڵهاتندا بەسەر بردووە و حیزبەکەشی زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ڕۆژهەڵات دابڕاوە و میلەتی سپاردووە بە چارەنووس و ئۆردوگانشینیشی کردۆتە پیشە ، هێشتاش خۆی دەکاتە زمانحاڵی هەموو ڕۆژهەڵاتیەکان و لەبری هەموویان بڕیار دەدات و دەڵێت " پژاک هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردستانی ئێران نییە و بیرۆكەی ناسیۆنالیستی لە كوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەكەكە یان پژاكدا ناگونجێت " .
حیزبی دیموکرات ٦٧ ساڵ لە تەمەنی بەسەر برد ، لەو ماوە دوور و درێژەدا کەمتر لە ساڵ و نیوێک لە نێوخۆی بەشێکی کەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "موکریان" و باقییەکەی لە هەڵهاتن و دوورە وڵاتی بەسەر بردووە . تا ئەو کاتەی هێزی جوڵەیان هەبوو لە عێراق و ژێر چاودێری بەعسدا بوون . کاتێک جوڵەیان لێ بڕا، بوونە موچەخۆر و کەرەستەیەکی هەرزان بەهای بەر دەستی یەکێتی و پارتی "پەیوەندی کۆماری ئیسلامیش بە یەکێتی و پارتیەوە لە کەس شاراوە نییە" ، کەچی هێشتاش ئاغای عەزیزی تۆمەتی کەرەستەبوون دەخاتە پاڵ پژاک !
پژاک لە نۆ ساڵەی تەمەنیدایە و لەو ماوەیەشدا تەنها بۆ چاوتروکانێک لە میلەت دانەبڕاوە و سەری بەرزیشیان بۆ موچەی یەکێتی و پارتی نەوی نەکرد . ئەگەر حیزبی دیموکرات بە ٦٧ ساڵ نەیتوانی سنوری موکریان دەرباز بکات ئەوا پژاک لە کورتترین ماوەدا گەیشتە هەر جێگەیەک کە کوردی لێ بێت "چ باکوری خۆراسان و چ لوڕستان ، چ ئیلام و چ کرماشان" ئەمە وەک پژاک . بەڵام بوونی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتدا لەو ماوەیە زیاترە ، دیرۆکی بوونی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات یەکسانە بە دیرۆکی هەڵهاتنی حیزبەکەی کاک خالد عەزیزی لە ڕۆژهەڵات ، ئەو دیرۆکەش چارەکە سەدەیەکی دەرباز کردووە ، کەچی هێشتاش کاک خالد دەڵێت "پێم وا نییە بیرۆكەی ناسیۆنالیستی لە كوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەكەكە یان پژاكدا بگونجێت" !!!
بریا کاک خالید عەزیزی بەر لەم لێدوانە ، پرسیاری لە مەلا عەبدوڵا بکردایە کە ئاخۆ کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا شارەزاترە یاخود کوچە و کۆڵانەکانی ئێستای سەردەشت ؟
بریا کاک خالید پرسیاری لە خۆی بکردایە کە ئاخۆ ژیانی سیاسی خودی خۆی زیاترە لە ڕۆژهەڵات یان ژیانی سیاسی نوێترین کادری پژاک ؟
کاک "کاوە جەم" لە پرسیارێکی دیکەدا دەپرسێت:- لەو بارەیەوە قسەتان لەگەڵ پەكەكە یان پژاك كردووە؟

کاک خالدیش دەڵێت :-
[ئێمە لەگەڵ پژاك قسەمان نەكردووە و ئەگەر بیكەین، ئەوا لەگەڵ پەكەكە قسە دەكەین، چونكە لە ڕوانگەی ئێمەوە پژاك لقێكی پەكەكەیە. لە ئێستادا زەروورەتێكمان نەبینوە. بەڵام لە هەندێ بۆنەدا هانمان داون كە پەكەكە سیاسەتكردنێكی بەرپرسیارانەی هەبێت و دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و تێبكۆشێت لەو كرانەوەیەی لە توركیایە سوودی لێ وەربگرێت و توندوتیژی نەنوێنێت. هەمیشەی گوتوومانە دەستێوەردانی ئێوە لە پارچەكانی دیكە كوردستان جگە لە زیان، هیچی دیكەی لێ ناكەوێتەوە] .

لە سەرەتادا پێویستە بڵێم بەکارهێنانی دەستەواژەکانی (کرانەوە لە تورکیا توندوتیژی نواندنی پ‌ک‌ک دەستێوەردان و زیانگەیاندنی پ‌ک‌ک بە پارچەکانی دیکەی کوردستان) لە زمانی خالد عەزیزی‌یەوە ، دووبارەکردنەوەی ئەو دەستەواژانەن کە ئەردۆگان و تورکیە و ئێران"بە تایبەت ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکومەتی ئێران" سەبارەت بە پ‌ک‌ک و پژاک دەریدەبڕن ، واتە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم پەیامە لەلایەن تورکیە و ئێرانەوە نێردراوە .
هەڵبەت خالد عەزیزی یەکەم کەس نییە کە داخوازیەکانی ئەردۆغانی بەجێ هێناوە و بەر لەویش "عبد الباست سەیدا"ی خۆفرۆش لە ئەنقەرەوە گوتی (ئێمە دژ بە دەسەڵاتداری پەیەدەین لە شارە کوردنشینەکان ، دەبێت بە غەیری ئاڵای سوپای سوریای ئازاد هیچ ئاڵایەکی دیکە هەڵنەکرێت ، دەستێوەردانی پەکەکە لە شارە کوردیەکان جگە لە زیان هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە) .
ئاشکرایە لەسەر داوای تورکیا پەکەکە کەوتە لیستی تیرۆرەوە ، خالد عەزیزیش دەڵێت "پژاک لقێکی پەکەکە"یە ، واتە دەخوازێت هەمان پەیام بە دۆستەکانی تورکیا بدات تاکو پژاکیش بخەنە لیستی تیرۆرەوە . بێگومان پەیامێکی لەو جۆرەش داوای هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر نییە چونکە ئەوانەی دەخوازن لایەنێکی کوردی بخرێتە لیستی تیرۆرەوە یان داگیرکەرانن یان خیانەتکارانن .
خالد عەزیزی دەڵێت (ئێمە لەگەڵ پژاك قسەمان نەكردووە و ئەگەر بیكەین، ئەوا لەگەڵ پەكەكە قسە دەكەین) . ئەم گوتەیە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە ، چونکە من خۆم ئاگاداری ئەم دیدارانە هەم لەو بارەیەوە :-
١- لە سەرەتای لێک دابڕانی حیزبی دیموکرات ، دوو جار مەلا حەسەنی ڕەستگار سەردانی بەرپرسانی پژاکی کرد و قسەی زۆریشیان کرد دەربارەی هاوکاری نێوان پژاک و حدک .
٢- هێشتا چوار مانگ بەسەر لێک دابڕانی حیزبی دیموکرات‌دا دەرباز نەببوو کە بەڕێزان "مستەفا شەڵماشی و کاوە ئاهنگەری" سەردانی سەرۆکی پژاکیان کرد لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و قسەی زۆریان کرد لەسەر چۆنیەتی هاوکاریکردنی نێوان پژاک و حدک .
٣- چوار ساڵ بەر لە ئێستا ، هەیئەتێکی حیزبی دیموکرات چوونە قەندیل و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی پژاک ئەنجامدا بە مەبەستی هاوکاریکردن (بە داخەوە ناوی سەرۆکی هەیئەتەکەم لەبیر نەماوە) .
٤- سێ حەفتە دوای چوونی ئەو هەیئەتە ، هەیئەتێکی دیکە بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە چوونە قەندیل بۆ دیداری پژاک و لە لایەن بەرپرسانی پژاکەوە پێشوازیان لێکرا . دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ مەلا عەبدوڵا گوتی "دەمانەوێت لە ئۆردوگانشینی ڕزگارمان بێت و بێینە قەندیل" .
بەرپرسانی پژاکیش گوتیان "قەندیل ماڵی هەموو ئازادیخوازێکە و ئێمەش کەیفخۆش دەبین کە براکانمان بێنە نزیکمان ، هەم جێگەتان بۆ دابین دەکەین و هەم هاوکاری مادی و مەعنەویشتان دەکەین" . بەڵام کاتێک مەلا عەبدوڵا ئەم وەڵامەی بیست ، یەکسەر گوتی "دە کەوای لێهات دەچین پرس بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین با بزانین چی دەڵێن" .
بەڵام کاتێک ئەم هەیئەتەی حیزبی دیموکرات گەڕایەوە ، نەک هیچ هەنگاوێکی نیشتمانپەروەریان نەنا بەڵکو مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە لە کۆبوونەوەی حیزبەکەیدا گوتبووی " بۆیە چوینە قەندیل تاکو فێڵ لە پژاک بکەین " .
٥- ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا لە "ستۆکهۆڵم" ، بەڕێز ڕەحیمی محەمەدزادە زەنگی بۆ سەرۆکی پژاک لێدا و قسەی زۆریان کرد بۆ نزیک بوونەوە لە پژاک ، هەر لە هەمان ڕۆژدا سێ جاری دیکە زەنگ بۆ بەڕێز حاجی ئەحمەدی لێدرا (دوو جار لە لایەن کاک ڕەحیمی محەمەدزادە و جارێکیش لە لایەن خودی کاک خالد عەزیزیەوە) بۆ قسەکردن لەسەر هاوکاری نێوان پژاک و حدک ، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەدا حاجی ئەحمەدی دەرکەوتبوو .
خۆشبەختانە هەموو ئەو کەسانەی کە ناویان هاتووە لە ژیاندا ماون و دەکرێت پرسیار لەو بارەیەوە بکرێت بۆ ڕاستی و دروستی ئەم گوتەیە . کەچی کاک خالد خۆی لە ئاستی ئەو دیدارانە نەبان دەکات و دەڵێت " ئێمە لەگەڵ پژاك قسەمان نەكردووە و ئەگەر بیكەین، ئەوا لەگەڵ پەكەكە قسە دەكەین" !
کاک خالد ئاماژە بەوە دەدات کە پژاک شەرعیەتی نییە و لەم بارەیەوە دەڵێت "لە ڕوانگەی ئێمەوە پژاک لقێکی پەکەکەیە" .
بەر لەوەی کاک خالد بە "بڕیار"ێکی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە بکرێتە سکرتێر دەیگوت (پژاک واقعیەتێکە و بوونی هەیە ، پژاک شەرعیەت لە ئەندامانی خۆی وەردەگرێت و مافی هیچ کەسێک نییە شەرعیەتی بۆ دیاری بکات) . کەچی ئێستا کاک خالد بەو هەڵوێستانەی نیشان دەدات ئیرادەیەکی لە خۆی نییە و شەرعیەتیش لە پژاک وەردەگرێتەوە !
درێژەی هەیە ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە