که‌سه‌ باشه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا مسته‌فا، مردووه‌کانیانه‌‌!

Sunday, 24/10/2010, 12:00

1821 بینراوە


نازییه‌کان له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌ جوله‌که‌کانیان ده‌گووت: (جو‌له‌که‌ی باش، جوله‌که‌ی مردووه)‌. تورکیش به‌ کورد ده‌ڵێت: (کوردی باش، کوردی مردووه)‌، به‌عسییه‌کانیش له‌  سه‌ر زمانی عه‌لی کیمیایی‌، کاتێک کوردیان ئه‌نفال ده‌کرد و به‌ زیندوویه‌تیی و به‌ شۆڤڵ خۆڵیان ده‌کرد به‌سه‌ردا، هه‌مان قسه‌یان به‌ کورد ده‌گووت.
ئه‌م قسانه‌ بۆنکرووزی هه‌ستیی راسیستییانه‌ و ره‌گه‌زپه‌رستییان لێدێت، به‌ڵام ئه‌وان، پاساوی بۆ ده‌هێننه‌وه‌. نازییه‌کان پاساویان ئه‌وه‌یه‌، که‌ بوونی جوله‌که‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئابووری ئه‌ڵمانیا و بۆ سه‌ر ره‌گه‌زی ئاری. تورک و عه‌ره‌ب، که‌ هه‌رگیز کوردیان، به‌ خاوه‌نی خاک، زمان و که‌لتووری تایبه‌تی خۆیان نه‌زانیوه‌. پێیان وایه‌ کورد مه‌ترسیی و به‌ڵایه‌‌‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌کانیان، بۆیه‌ ره‌وا به‌ کوشتن و له‌ناوبردمان ده‌ده‌ن. نمونه‌ی تریش زۆرن من ته‌نها ئه‌و نمونانه‌م‌ له‌ یاده‌ و بیستوومه‌.
ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ منیش هه‌ڵم بژاردووه‌، هیوادارم که‌س ‌ تێنه‌گات، گوایه‌  به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌تیی نازیی و که‌مالیی، یان به‌عسییه‌کان بیرده‌که‌مه‌وه‌، رقم له‌ بارزانییه‌کانه‌! نه‌خێر من ته‌نها بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانییم کردۆته‌ ئامانجی ئه‌و نموونه‌یه‌.

کتێبی بارزان و ره‌چه‌ڵه‌کی بارزانییان (نووسینی: مامخان شیروانی)، که‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، ئه‌و راستییه‌ت بۆ ده‌رده‌خات به‌وه‌ی بارزانییه‌کان، خێڵێکی داخراو و دوور له‌ شارستانێتی بوون، پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای بارزانییه‌کان، بریتی بووه‌ له‌:
یه‌که‌م: شێخ و ناودار و باڵاده‌سته‌کان.
دووه‌م: نۆکه‌ر (خوڵامی شێخان) ماناکه‌ی له‌خۆیدایه‌‌، ئه‌مانه‌ نۆکه‌ری شێخان بوون و خاوه‌نی هیچ نه‌بوون،  ته‌نانه‌ت بۆشیان نه‌بووه‌ قسه‌ له‌ زاریان بێته‌ ده‌رێ.
سێیه‌م: میلله‌ت بریتییه‌ له‌و جوتیارانه‌ی له‌ خزمه‌تی شێخاندا بوون، میلله‌ت بۆ که‌سێکی غه‌یری بارزانیش ده‌گووترێ، که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و به‌کارهێنان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی شێخ به‌کار هێنراون. له‌ دوای ده‌رکه‌وتنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌و تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌یه‌ به‌رفراوانتر بوو، هه‌موو میلله‌تی کوردی گرته‌وه‌، که‌ کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌ی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان به‌کاربهێنن.
مه‌لا مسته‌فا له‌ نه‌وه‌ی ئه‌و شێخانه ‌بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رو خۆیانه‌وه‌ که‌سی تر نه‌بینێته‌وه‌، هه‌ر له گه‌نجییدا ده‌ستی خۆی به‌ تاوان سوور کردووه‌. له‌ مانگی ئه‌یلولی 1927 خۆی و شێخ سدیقی برای به‌ پلانێک (شێخ مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمان) شێخی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی بارزانیان له‌ دواوه‌ تیرۆر کرد. به‌مه‌ نه‌وه‌ستان یه‌کسه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ دێ و (میقداد بارزانیی) و (عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم حاجی)شیان کوشت، که‌ دوو که‌سایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدار و ناوداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بارزان بوون.



گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ تیرۆریستییه‌ی مه‌لا مسته‌فا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌، که‌ لێره‌وه‌ که‌سایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بناسێنین. به‌وه‌ی‌ هه‌ر که‌سێک مه‌ترسیی بووبێت تیرۆری کردووه‌‌.

پاش دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق و لاوازبوون و نه‌مانی شۆڕشی شێخ مه‌حمود، به‌هۆی پلانی ئینگلیزه‌کانه‌وه‌، پێیان باش بوو، له‌ بری یه‌کێکی وه‌ک شێخ مه‌حمودی حه‌فید، که‌سێکی نه‌خوێنه‌وار و ناسیاسی و دواکه‌وتووی ناو عه‌شره‌تێکی ئاوا،  بهێننه‌ ناوانه‌وه‌ و ناوداری بکه‌ن و بیکه‌نه‌ رابه‌ڕی کورد، که‌ هیچ خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییانه‌ی نه‌بێت.
مه‌لا مسته‌فا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤانه‌ی نه‌بووه‌‌،  مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئینگلیز و بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تیی عێراقی دروست نه‌ده‌کرد. بۆیه‌ له‌ رێگای برایم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ توانرا  مه‌لا مسته‌فا له‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌شره‌تی بارزانیی، بناسێنن و کردیان به‌ سه‌رۆکی کورد له‌ باشووری کوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، شێخ مه‌حمودی حه‌فید، تا ئه‌و رۆژه‌ی کۆچی دوایی کرد، وه‌ک سه‌رۆک و رابه‌رێکی محلی (لۆکاڵی)، جگه‌ له‌ سلێمانی و به‌شێکی که‌می ناوچه‌ی گه‌رمیان، له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناوبانگی نه‌بوو.
مه‌لا مسته‌فا نه‌خوێنده‌وار بوو، جگه‌‌‌‌ له‌ واژووکردن له‌ سه‌ر نامه‌یه‌ک، که‌ بۆیان ده‌نووسی، هیچی تری نه‌ده‌زانی، خه‌تێکی ناشرین و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵی هه‌بوو. ئه‌و نووسینه‌ی فێریش بوو بوو، ئه‌و کاته‌ بوو، له‌ سلێمانی خۆی شاردبووه‌وه‌. له‌وێ فێریان کردبوو.
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وه‌ پێش مقۆ مقۆ په‌یدا بوو له‌سه‌ر (ژه‌نه‌ڕاڵ)ییه‌که‌ی، گوایه‌ بۆ وێنه‌ گرتن له‌ سۆڤیه‌ت، جلی ژه‌نه‌ڕاڵیکی رووسی له‌به‌ر کردووه‌. من گومانم له‌سه‌ر مه‌لاییه‌که‌شی هه‌یه‌، چونکه‌ مه‌لای ئه‌و سه‌رده‌مه‌، چل جزمه‌ی قورعانی له‌به‌ر بووه‌، خوێنه‌واریی و نووسینی باشی زانیوه‌، له‌ حوجره‌دا وانه‌ی گووتۆته‌وه‌. قوتابیی و فه‌قێی له‌به‌ر ده‌ستدا بووه‌، فێری خوێندنی کردوون‌، زانا بووه‌ وه‌کو وتراوه‌ مه‌لای دوانزده‌ عیلم‌ (واته‌ که‌م تا زۆر له‌ هه‌موو زانستێکدا به‌شی خۆی زانیووه)‌، زۆربه‌ی مه‌لاکانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌دیب، زمانزانی (فارسیی و تورکیی و عه‌ره‌بیی و چه‌ند زمانێکی تر بوون). زۆربه‌ی شاعیر و ئه‌دیبه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ مه‌لا بوون‌، شیعریان هۆنیوه‌ته‌وه‌، واته‌ زۆربه‌ی شاعیره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد، سه‌رچاوی خوێنده‌واریی، زانایی و لێهاتووییان، زانسته‌ دینییه‌که‌ بووه‌.
من گومانم هه‌یه‌ مه‌لا مسته‌فا، مه‌لا بووبێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌لا مسته‌فا رقی له‌ هۆنراوه‌ له‌ گۆرانیی، له‌ سروشت و جوانیی و رقی له‌ ئافره‌ت بووه‌، که‌ ئافره‌ت به‌شێکه‌ له‌و سروشته‌ و له‌ که‌ره‌سته‌ی جوانیی هۆنراوه‌ ‌و گۆرانی‌.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و کتێبه‌ی (مامخان شیروانی) بخوێنینه‌وه‌، له‌وێوه‌ ده‌توانین مه‌لا مسته‌فاش بناسیین، له‌ ژیان،‌ بیرکردنه‌وه‌ و هه‌موو شتێکی بگه‌یه‌ن.

وا بۆ زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵ ده‌چێت، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ناو کورددا ناویان هه‌یه‌ و بوونه‌ته‌ سه‌رکرده‌ و رابه‌ڕ.  هیچ کام له‌ منداڵه‌کانی بارزانی به‌ کوردیی نه‌یانخوێندووه ، نازانن به‌ زمانێکی ره‌وانیی کوردیی قسه‌بکه‌ن، یان بنووسن. جگه‌ له‌ دڵشاد نه‌بێت هه‌موو منداڵه‌کانی مه‌لا مسته‌فا ناویان عه‌ره‌بییه‌، هه‌ستیی کورد بوونیان لاوازه‌. جگه‌ له‌ خزمه‌تیی خۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یان و کورد کوشتن، هه‌روه‌هاخزمه‌تیی داگیرکه‌ر و بێگانه،‌ هیچیان بۆ کورد نه‌کردووه‌ و ئه‌نجام نه‌هێناوه‌.
مه‌لا مسته‌فا له‌ ناوچه‌کانی بادینان، دوژمنایه‌تی زۆری هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کانی ناوچه‌کانییان کردووه‌ وه‌ک: (هه‌رکی، سورکی، لۆلانی و زێباری ... هتد) ئه‌مه‌ش کارێکی دژ به‌نه‌ته‌وه‌بوون و یه‌کگرتووی گه‌لی کوردبووه‌. زووربه‌ی ئه‌م عه‌شیره‌تانه‌ له‌ داخی ئه‌و خۆیان خستۆته‌‌ باوه‌شی دوژمنانی کورده‌وه‌.
بارزانی به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و کوردی راکردووی کوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌گرت و ده‌یکردنه‌‌ دیاری بۆ ساواک و فه‌رمانی کوشتنی به‌ شا ده‌سپارد، له‌ جیاتی هه‌ر  که‌سێک بڕنه‌وێکی پێ وه‌رده‌گرت. بۆ نمونه‌ له‌ جارێکیاندا  52ی ته‌سلیم به‌ شای ئێران کرده‌وه‌، شاش ئه‌وه‌ی سپارد به‌ سه‌رهه‌نگ تیمسال سه‌یدیان فه‌رماندی تیپی 64 ی ئورمێ، هه‌ندێکیان تیرۆر کران، تاکو ئێستاش گۆڕه‌کایشیان دیار نییه‌.
له‌و نمونانه‌ زۆرن، که‌ مه‌لا مسته‌فا تا پێش ئاشبه‌تاله‌که‌ کردوویه‌تیی، کاتێکیش، ‌ کوردستانی جێ هێشت، زیاتر له‌ هه‌شت ملیۆن دۆلاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد و کوردیشی خسته‌ به‌ر ده‌ست دڕنده‌ترین رژێم، که‌ به‌عس بوو، دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌، ‌ده‌بوو کورد ئاسه‌واری ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ی له‌ کوردستاندا نه‌هێشتایه‌، به‌ڵام تاڵه‌بانی هێنایه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینین مشتێکه‌ له‌ خه‌روارێک، پێویست به‌ باسکردن و دووباره‌ کردنه‌وه‌ی ناکات.



مه‌سعود و ئیدریسی کوڕیشی شوێن پێی باوکیان هه‌ڵگرت

ئه‌م دوانه‌ش به‌هاوکاری ساواك ومیتی تورکی کاره‌ساتی هه‌کاریان ئه‌نجامدا به‌ کوشتنی 700 لاوی کورد، که‌ ده‌یانویست شه‌ڕی چه‌کداریی ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ کوشتن و پاککردنه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ ئه‌مانه‌ی لێبوون له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ شوان و گوند و هه‌ر زینده‌وره‌ێک له‌وێ هه‌بووبێت مه‌زنده‌ ده‌کرێت به‌ نزیکه‌ی 330 که‌سی تری بێ گوناهی ئه‌و ناوچانه‌شیان کوشت (بڕوانه‌ نووسین و به‌ڵگه‌کانی ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌رێکی سویدی که‌ له‌لایه‌ن کاک ته‌ها ئه‌مین هه‌ڵه‌دنی یه‌وه‌ له‌ کوردستانپۆست بڵاوکراوه‌ته‌وه‌).

- به‌فه‌رمانی ئیدریس و مه‌سعود بارزانی، جامانه‌ سوره‌کان بوونه‌ سوره‌ی به‌رله‌شکر ی ئێرانی، له‌گه‌ڵ سوپا و پاسدارانی ئێرانی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌دا و زیاتر له‌ 800 کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیان کوشت، گوند و شاره‌کانی ژێر ده‌ستی حدک و کۆمه‌ڵه‌ی ئێرانیان بۆ خومه‌ینی وه‌ک جاش ده‌گرته‌وه‌.

- له‌ شه‌ڕی ئیران - عیراق شه‌ریان بۆ ئێران کرد هه‌ر به‌ فه‌رمانی ئیدریس و مه‌سعود له‌ خۆراوای جنوبی ئێرانه‌وه‌ هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر سوپای عێراق. کاتێک سه‌ددام به‌مه‌ی زانی لاشه‌ی جامانه‌ سووره‌کانی له‌ به‌ره‌کانی شه‌ر ده‌بینی، هه‌روه‌ها بینی که‌ ئێرانییه‌کانیان له‌ حاجی هۆمه‌رانه‌وه‌ هێنایه‌ ئه‌م دیو، ئیتر  که‌وته‌ ئه‌نفال کردن و 8 هه‌زار بارزانیی له‌ ناوبرد، به‌دوایدا  که‌وته وێرانکردنی ناوجه‌ی باڵه‌کایه‌تی و بادینان.

- دوای ڕاپه‌ڕین و گه‌ڕانه‌وه‌ی بنه‌ماله‌ی مه‌لا مسته‌فا  له‌ که‌ره‌ج و ئێران، هه‌رچی جاش و ئه‌نفالچی هه‌بوو گرتیانه‌ باوه‌شی خۆیان. مه‌سعود به‌ ناوی  کوڕه‌کانی بارزانی بانگی ده‌کردن.

- ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌لالێیه‌کاندا که‌وتنه‌ دزین و ئاودیوکردنی موڵکی ده‌وڵه‌ت و  و دام ده‌زگاکانی حکومه‌ت، به‌ سه‌دی بێخمه‌شه‌وه‌، هه‌موویان به‌ ئێران فرۆشت.

- له‌سه‌ر کوشتنی حه‌سۆ میرخان و گومرگی ئیبراهیم خلیل دووباره‌ شه‌ڕی ناوخۆیان هه‌ڵگیرساند، وه‌ک شه‌سته‌کان و هه‌شتاکانی زه‌مانی مه‌لامسته‌فا و ئیدریسی برای، ئه‌مانیش شه‌ڕی ناوخۆیان هه‌ڵگیرساند، به‌ هه‌زاران کوردیان کوشت، ده‌ربه‌ده‌ر و ماڵویران کرد.

- مه‌سعود به‌مه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ 31 ئابی1996 له‌شکری به‌عسی هێنایه‌وه‌ کوردستان و په‌رله‌مانی کوردستانی کرده‌ گه‌راجی ده‌بابه‌کانی به‌عس. (کلینتۆن سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا ووتی ئه‌و خیانه‌ته‌ی، که‌ بارزانی له‌گه‌له‌که‌ی کردی له‌ 31 ئابدا ، ئه‌گه‌ر من بوومایه‌ یه‌کیک له‌ پاسه‌وانه‌کانم ده‌یکوشتم). مه‌سعود چه‌کداره‌کانی پارتی ئازادکرد، که‌ بڕۆن به‌که‌یفی خۆیان وه‌ک ماڵی حوسێن ئاغای سورچی  هه‌ولیر تاڵان بکه‌ن، پێی وتن: ئه‌مه‌یان له‌ ماڵی حسین ئاغاش چه‌ورتره‌.

- وه‌جیه بارزانی برای مه‌سعوود تاکو 2003 به‌ سه‌یاره‌ی ناقیله‌، وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی عێراقی، عه‌ینه‌کی ڕه‌شی له‌ چاو ده‌کرد و ئێواران داده‌به‌زییه‌ ناو هه‌ولێر له‌ مولازم موحسینی هه‌شتاکانی به‌عس له‌ سلێمانی خه‌راپتری به‌ هه‌ولێر و هه‌ولیرییه‌کان ده‌کرد، تاکو برینداربوونی له‌ ساڵی 2003 ، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌سه‌ختی له‌ ده‌ماغی دا، ئیستا له‌ جێگادا که‌وتووه‌.

- له‌ ساڵانی نه‌وه‌داکانیشدا، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی  بوونه‌ سووره‌ی به‌رله‌شکری تورکان و که‌وتنه ‌راوه‌دوونان و کوشتن و ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی کوردانی باکور (پ.ک.ک).

- مه‌سعود که‌وته‌ هاریکاریکردنی عه‌سکه‌ر و میتی تورك تاکوو ڕیگه‌دان به‌ دروستکردنی بنکه‌ی سه‌ربازیی تورکی، تا ئێستاش له‌ ناوچه‌ی ئامێدی  و زۆر سوێنی دیکه‌ش هه‌ن. جگه‌ له‌و هه‌موو میتی تورکه‌ی، که‌ له‌ کوردستان به‌ ره‌زامه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ته‌راتێن ده‌که‌ن.

- کوردستانیشیان له‌ باری ئابوورییه‌وه‌ ڕیک کرد به‌ وڵاتێکی (کۆڵۆنی) تورکیا که‌ سه‌رسه‌خترین دوژمنی کورده‌.

- مه‌سعود له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری خاڵییدا به‌رنامه‌ی نه‌هێنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا ئاسکرا کرد و زانیارییان دا به‌ تورکیا، که له‌لایه‌ن فرانسوا میترانی‌ سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی فه‌ره‌نسا داڕێژرابوو، تورکیاش به‌ هه‌وڵی دیبلۆماسیه‌تی چڕوپر دژی فرانسوا میتران وه‌ستایه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ پلانه‌که‌ په‌شیمان بوویه‌وه‌.

- تاوانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی زۆره‌. له‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له‌ ساڵانی 50 کان، که‌ به‌ فه‌رمان و ده‌ستی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ تێرۆر و بێ سه‌روشوێن کراون، هه‌ر له‌ کانیماسی و زیندانی خه‌لان، ڕایات و کوشتی ماڵی حه‌مه‌د ئاغا و فاخر مێرگه‌سووری، تا‌ ده‌گاته‌ سه‌ر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان.
- جگه‌ له‌مه‌ش ئێستاش چه‌ندین زیندانی نهێنی تریان هه‌یه‌، ته‌نها ناحه‌زانی خۆیان و  نیشتیمانپه‌روه‌ره‌کانی کوردیان تێدا زیندانی کردووه‌
.
- له‌ دوای رووخانی سه‌دامیشه‌وه‌ بۆدجه‌ی 17% خه‌ڵکی کوردستان، که ئه‌و پاره‌یه‌‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی (یه‌کێتی) به‌یه‌که‌وه‌ ده‌یخۆن و ده‌یدزن و ناویان لێناوه‌ ڕیکه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌کێتی. جگه‌ له‌مه‌ش به‌قاچاغ که‌وتوونه‌ته‌ ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی کوردستان و دزینی داهاته‌که‌ی بۆ گیرفانی خۆیان.

- ته‌زویرکردن له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ر باس ناکرێت، که‌ هه‌تا ماون وه‌ک خیانه‌تی ڕابووردوویان هه‌ر ده‌یکه‌نه‌وه‌.

- داگیرکردن و تاپۆکردنی شاری هه‌ولێر و دهۆک له‌ سه‌ر که‌سانی بنه‌ماڵه‌وه‌ و هه‌ره‌ نزیکه‌کانی خۆیان و کڵاونانه‌ سه‌رخه‌ڵکی هه‌ولێر له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند که‌سێکی کویله‌ی وه‌ک نه‌وزاد هادی و پشتیوان سادق و ئه‌وانی تر، گوایه‌ ئه‌مانه‌ پارتین وخزمه‌تی شاری هه‌لێر ده‌که‌ن.

له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم، پاش ئه‌م هه‌موو تاوانه‌ زۆرانه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ خاک و به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌به‌ر ده‌م چه‌ند پرسیارێکدا قووتمان ده‌کاته‌وه‌، تا له‌ خۆمان بپرسیین و بڵێین: ئایا بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی باشن و باشیان بۆ کورد تێدایه‌؟ چ خێرێکیان  بۆ کورد هه‌بووه‌؟
تا ئه‌مانه‌ له‌ ژیاندا بن، جگه‌ له‌ خیانه‌ت و ناپاکیی و زیان گه‌یاندن به‌ کورد هیچی دیکه‌ به‌رهه‌م ناهێنن، زیادڕۆیی ناکه‌م ئه‌گه‌ر منیش هه‌ر هه‌مان قسه‌ی ئه‌و راستیست و ره‌گه‌زپه‌رستانه بکه‌مه‌وه‌ و‌ بڵێم: بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا مسته‌فا باشه‌که‌یان مردووه‌کانیانه‌، چونکه‌ ته‌نها به‌ مردوویه‌تیی له‌ کۆڵ کورد ده‌بنه‌وه‌، کورد له‌ ده‌ستیان ده‌حه‌سێته‌وه‌ و هه‌ناسه‌ی ئارامی هه‌ڵده‌مژێ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ مردوویه‌تیش له‌ ده‌ست له‌ مه‌لا مسته‌فا و ئیدریسیش رزگارمان نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ مه‌سعود خه‌ڵکی ناچار ده‌کات بچن زیاره‌تی گۆڕه‌کانیان بکه‌ن؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە