ڕەخنەم هەیە لە بەرنامەی توانسازی

Tuesday, 07/06/2011, 12:00

1848 بینراوە


مارتن لوسەر كینگ وتەیەكی جوانی هەیە دەڵێ‌" ناعەدالەتی لەهەركوێ‌ بێ‌ هەڕەشەیە لەسەرعەدالەت لەهەمووجێیەك." منیش دەڵێم ناعەدالەتی بەرامبەر یەك كەس ناعەدالەتیە بەرامبەر هەموو كەس.
ئەمڕۆ لە دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوەیەكیان كرد بۆ خوێندكارانی تواناسازی خولی دووەم ولەكەناڵی گەلی كوردستانەوە پیشاندرا بەئامادەبوونی هەموو بەرپرسەكان هەر لەسەرۆكی حكومەت د.بەرهەم و وەزیری خوێندنی باڵا پ.د.دلاوەر عەلادین لەو كۆبونەوەدا زۆر جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئەم بەرنامەیە بۆ هەموو تاكێكی بەتوانایە لە كوردستان بەبێ‌ واسیتە و خزم خزمێنە و تەسكیەی حزبی و هەر كەس بەپێ‌ ی خاڵەكانی خۆی مافی ئەوەی هەیە كەلەم بەرنامەیە سود مەند بێت,دڵنیام زۆركەس لە كوردستان تەماشای ئەو بەرنامەیەیان كردوە و منیش دەمێكە سەرنج و تێبینیم هەیە لەسەر ئەم بەرنامەیە و ویستم هەندێك لەو سەرنج و تێبینیانەم بخەمە ڕوو لەماڵپەڕە بوێر و خۆشەویستەكەی كوردستانپۆستەوە,چونكە بەڕاستی تا ئێستا ئەم سەرنج و تێبینیانەم بۆ ڕۆژنامەكانی وەك خەندان و ئاسۆ و هاوڵاتی و ئاوێنە ناردوە بەڵام زۆر بەداخەوە كەسیان ئامادەنەبوون ئەو تێبینیانەم بڵاوبكەنەوە.نازانم بۆچی؟
لەكاتێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا چارەنوسی سەدان و بگرە هەزاران خویًندكار و مامۆستای خوێندنی باڵای هەرێم بەدەستە و ئایندەی كوردستان چاوی لەوانە كە بۆپێشەوەی بەرن بەڵام بەداخەوە لەم وەزارەتەدا چەندین كەموكوڕی هەیە .باشترین نمونەش وەرگیراوانی پرۆژەی تواناسازی (خولی یەكەمە) كە لەكابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنرا و جێ‌ ی خۆیەتی كە دەست خۆشی لەم بڕیارە بكرێت چونكە سەدان گەنجی تینو بەزانست لەم پرۆژەیە سودمەند بوون وەك وەزیر رایگەیاند تا ئێستا نزیكەی 700 خوێندكار نێراونەتە دەرەوە وە ئێستا لەزانكۆكانی دەرەوە درێژە بەخوێندنی ماستەر و دكتۆرا دەدەن. من لێرەدا نامەوێت باس لە سوود ودەرئەنجامی ئەم پرۆژەیە بكەم و زیاتر مەبەستمە كە باس لە كەموكوڕیەكان بكەم بەو هیوایەی كە سەرنجەكانم بەهەند وەربگیرێت و چارەسەری دەست بەجێ‌ ی بۆ بكرێت.
سەرەتا هەر لەیەكەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی پرۆژەی تواناسازی و كۆمەڵێك هەڵەی زۆری تیا بەدەركەوت كە ئەمانەن:
یەكەم:نەبونی ڕێنمایی و سەرلێشێواندن لە وەرگیراوانی خولی یەكەم(ئەوانەی بوون بە مشكی تاقیگە)

پرۆژەكە هەر لەسەرەتاوە پڕلەكەموكوڕی بوو وەك نەبوونی ڕێنمایی تەواو و موتەكامل پەلەپەل كردنێكی زۆری پێوە دیار بوو,نمونەش بۆ ئەمە ڕوونكردنەوەی پێویست نەدرا بەو خوێندكارانەی كە لە ساڵەكانی 2008 و 2009 و 2010 تەقدیمی زەمالاتی بەغدادیان كردوە كە هەندێكیان وەرگیرابون و هەندێكی تریان دواتر پاش ئەوەی ناویان لەتواناسازی هاتەوە لە بەغداد وەرگیران, كە ئایا ئەوانیش وەك هەر هاوڵاتیەكی تری كوردستان ئەتوانن سوودمەند بن لەو پرۆژەیە یان نا,چونكە زۆرێك لە مامۆستایان و دەرچوانی زانكۆكانی كوردستان لە بیعسات و زەمالاتی بەغداد پێشتر وەرگیرابوون بەڵام تا ئێستاش بەشێكی زۆر كەم كە ئەتوانم بڵێم %5 ی ئەو خوێندكارانە لەڕێ‌ ی بەغدادەوە نێراون بۆ دەرەوە و زۆربەی ئەو خوێندكارانە هێشتا هەر لە چاوەڕوانیدان.ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو زەمالاتەی مالیكی كەلەساڵی 2009 دا ڕاگەیەنرا تەنها بانگەشەیەكی سیاسی بوو بۆ خودی مالیكی خۆی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2009دا دوبارە بەسەرۆكی حكومەت هەڵبژێرێتەوە كە بڕیار وا بوو 10000 دە هەزار خوێندكار بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بنێرێتە دەرەوە كە تا ئێستا وا دوو ساڵ بەسەر ئەو بەرنامەیەدا تێپەڕیوە هێشتا 100 سەد خوێندكاری نەناردوەتە دەرەوە بۆ خوێندن.بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو لینكەیە كە هاوپێچی ئەم نوسراوە كراوە لەخوارەوە
.
دووەم:وەرگیراوانی تواناسازی كە دواتر ناویان لەزەمالاتی بەغداد هاتەوە

كۆمەڵێك لەو خوێندكارانە تەقدیمی بەرنامەی تواناسازی (خولی یەكەمیان) كرد و ئەوە بوو ناویان هاتەوە بە مونافەسە و كێبركێ‌ و بەهەقی خۆیان وەرگیران لە تواناسازی,بەڵام لەلایەن لیژنەی تواناسازیەوە بەبێ‌ هیچ تەعلیماتێك یان بڕیاڕێكی وەزارەت لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەكە بەناوی "ئاشنا"خانەوە بەو بیانوەی كە ناویان لە بەغداد هەیە.ئەم خوێندكارانە ناوەكانیان لابرا بێ‌ ئەوەی ئاگاداربكرێنەوە یان رێنمای خوێندكارەكان بكرێت چی بكەن بەهەندێكیان وت بچن لەبەغداد بكشێنەوە تا لێرە لەسەر تواناسازی بتاننێرین كە نوسەری ئەم بابەتە یەكێكە لەو خوێندكارانە.پاشان پاشگەزبونەوە لە ناردنیان و دیسانەوە رەوانەی بەغدادیان كردن, كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ناهەقی و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لێیان كرا چونكە هەموو ئەو خوێندكارانە بەحەقی خۆیان وەرگیران و هەمووی كوڕی هەژاری ئەم كوردستانەن ئیتر بۆچی و هەر بە زۆرەملێ‌ ناچاری ئەوەیان ئەكەن بیانخەنەوە سەر بەغداد لەكاتێكدا كەئەوانە هاوڵاتی ئەو سێ‌ پارێزگایەن واتە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و گەرمیان.بەهۆی ئەوەی كە ژمارەی ئەم خوێندكارانە زۆر كەمە و ناتوانن بە خۆنیشاندان فشار لە سەر وەزارەت دروست بكەن مافیان خوراوە و لەهەقی خۆیان بێ‌ بەش كراون.كە دەبێت گوێیان لێبگیرێت و دەست بەجێ‌ بخرێنەوە سەر تواناسازی,چونكە زۆرێك لەوانە زیاد لە شەش مانگ دەبێت فیزاشیان وەرگرتوە و پێداویستیەكانی خوێندنیان لەسەرتواناسازی تەواو كردوە بەڵام وەزارەت كارەكانیانی ڕاگرتوە و هەر ڕۆژەی بەڵێنێكیان پێ‌ دەدەن.وەزیر وتەنی
promises and promises

سێ‌ یەم :لیژنەی تواناسازی بەرپرسە لەكەموكوڕیەكان نەوەك وەزیر خۆی

یەكەمین سەرۆك لیژنەی تواناسازی ناوی ئاشنا خان بوو كە لەسەرەتادا خۆی ماندوو دەكرد لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا بەڵام لەكۆتاییدا كاتێ‌ كە خۆی لەماستەر وەرگیرا لەوەزارەت دیار نەما و كارەكانی بە د.گۆڤەند شێروانی سپێردرا,كە پاش ئەویش بە د.شێركۆ و وادیاربوو ناكۆكی هەبوو لەنێوان ئەم لیژنەیەدا.بۆیە بەهۆی ئەم ناكۆكیانەوە لە ناو وەزارت لیژنەی تواناسازی توانای دەركردنی هیچ بڕیارێكیان نەبو وە هەموو شت دەگەڕێننەوە بۆ خودی جەنابی وەزیر د.دلاوەر عەلادین سەرۆكی هەرێم د.بەرهەم ێالح ئەمەش ڕۆتین و پەكخستنی كارەكانی ئەو خوێندكارانەی كە غەدریان لێكراوە لێكەوتۆتەوە كە پێویست دەكات دەست بەجێ‌ كۆبونەوەیەك بكرێت بۆ ئەم مەبەستە و كەسێك نەمێنێتەوە كە غەدری لێكرابێ‌.جارێك وەزیر خۆی ئیمەیلی بۆ ناردم كە سەردانی وەزارەت بكەم بۆ بەدواداچوون بەڵام لەلایەن لیژنەی تواناسازیەوە ئەم هەوڵەش لەبار برا بەتایبەت لەلایەن د.ئامانج عەبدوڵاوە.

چوارەم:یەكەمەكانی سەر كۆلێجەكان

سەرەتا لە پرۆژەی تواناسازی بڕیار وابوو پشكی شێر بەر یەكەمەكانی سەر كۆلێجەكان بكەوێت,بەڵام ئەوە بوو بەبریارێكی كتوپر خرانە سەر بەغداد و لەكۆڵ خۆیان كردنەوە,بەڵام ئەوە بوو ناڕەزاییەكی زۆری ئەو خوێندكارانەی لێكەوتەوە كە ژمارەیان نزیكەی 300 خوێندكار بوو,بۆیە دەستیان كرد بە خۆپیشاندان لەبەردەم وەزارەت و چونكە ژمارەیان زۆر بوو ئەوە بوو بەو فشارە توانیان وەزارەت ڕازی بكەن و و بەبڕیاری د.بەرهەم دوبارە خرانەوە سەر تواناسازی كە جێگەی دەست خۆشیە.

پێنجەم:دەبیًت وەزیر بەڵێنەكانی بباتە سەر

پێویست دەكات وەزیری خوێندنی باڵا خاوەنی گفتی خۆی بێ‌ چونكە لەهەردوو كۆبونەوەی زانكۆی ێەلاحەدین و زانكۆی سلێمانی گفتی بەو مامۆستا و خوێندكارانە دا كە كێشەیان هەیە لەگەڵ بەغداد و تواناسازی خۆی ووتی" وەعدی پیاو بێ‌ تا دوو سێ‌ هەفتەی تر كەس نەمێنێتەوە غەدری لێكرابێ‌" بەتایبەت ئەوانەی كە بەهۆی بەغدادەوە لەتواناسازی و بەغدادیش مەحروم كران بەڵام زۆر بەداخەوە وا 3 سێ‌ مانگ بەسەر ئەو گفتەدا تێپەڕی و هیچیش نەكرا بۆیان تەنها گفت بوو بەبێ‌ كردار و هەنگاوی پێویست.چونكە ئەوەی لە وێبسایتەكەی وەزارەتدا بانگەشەی لێوە دەكات شتێكە و لەئەرزی واقیدا شتێكی ترهەیە وە تا ئێستا ئایندەی ئەو خوێندكارانە نادیارە و دەسی دەسیان پێ‌ دەكرێت.
لە كۆتاییدا تەنها ئەوە دەڵێم هیوادارم سەرۆكی حكومەت د.بەرهەم و وەزیری خوێندنی باڵا د.دلاوەر و لیژنەی تواناسازی كە پێك هاتوون لە د.گۆڤەند و د.ئامانج و د.شێركۆ ئەوە بزانن كە ئەوە بەرنامەی تواناسازیە كە حكومەتی هەرێم زۆر شانازی پێوە بۆیە پێویست دەكات ئەو كەموكورتیانەی كەباسم لێوە كرد هەرچی زووە چارەسەر بكات ئەگەر ڕاست دەكەن ئەوان بە جیدی خەریكی چاكسازین و خوازیاری ئەوەن كە عەدالەتی كۆمەڵایەتی وەدەست بێنن.هەروەك وەزیر خۆی ئەمڕۆ لەو بۆنەیدا گوتی:
Here we go, promises and promises.

ئەمەش لینكی زەمالاتی مالیكی كە تەنها بانگەشەیەكی سیاسیە و هیچی تر بڕواننە ئەو توڵبارەی كە هاتوچۆدەكات ژمارەی ئەو خوێندكارانەی تێدایە كە نێراونەتە دەرەوە:

http://www.hcediraq.org/HCED_Official_website/home.html

مامۆستا لەزانكۆی سلێمانی
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە