نازانم... ئەمانە زەویان بۆچییە..؟

Sunday, 11/04/2010, 12:00

1469 بینراوە


ئەم یەكێتیەى كەباڵى سلێمانى سەندیكاى رۆژنامەنوسانى لەلایە زۆر خەمخۆرترە لەو پارتیەى كە باڵى هەولێرى سەندیكاى رۆژنامەنوسانى لەبن هەنگڵدایە..چۆن..؟
كاتێك لە هەولێر زەوى بەرۆژنامەنوسان دەدرێت، دیارە لە خۆشەویستیاندا نییە بۆ رۆژنامەنوسان!، زەوى هەر ئەوە نیە كە وەربگیرێتو بەس!. كاتێك كە زەوى وەردەگیرێت، لانى كەم دەبێت بەشى ئەوە پارەت مۆڵ دابێت!، كەبتوانى دوو هۆدەو تەوالێتو حەمامێكى تێدا دروست بكەیتو بێ سەرئێشە تیایدا دابنیشیت، بەڵام ئایا چ رۆژنامەنوسێكى بێ پشت دەتوانێت لەرێگەى پیشەكەیەوە كە كارى رۆژنامەنوسیە لەم پەشمەكە پارەیەداو لەم فڕِِیوە فڕیوەى نرخى بازاڕدا پارەى ئەو دوو هۆدەو تەوالێتو حەمامەى هەبێت؟!..كەوایە من كاتێك كە ئەم پارەیەم نەبوو ئیدى زەویم بۆچیە!؟ .
پارتى كەزەوى داوەتە سەندیكاى رۆژنامەنوسانى ژێر باڵەكەى خۆى تاكە هۆكار ئەوەیە كە دەڵێت زۆرترینێك لە هاوڵاتیانى ئەم مەملەكەتە لەسوڕى متبونێكى بەردەوامدان!، ئەوەى كەدەزانێتو دەتوانێت زمانەكەى بەكاربهێنێت ئەو توێژە كەمەى رۆژنامەنوسانن، ئەویش لەپێناو بێدەنگكردنیاندا زەوییان پێدەبەخشێت!.. بۆئەوەى لەمەراقى نەبوونى پارەدا بۆ دروستكردنى هۆدەو شتەكانى ترو وێڵ بوون بەدەست وەستاوكرێكارو شارەوانیەوە رقیان لە بەدرخانیەكانیش ببێتەوە!. بۆ خۆیانو پیشەیەك كە بۆیان جێهێشتون!..
ئەمما یەكێتى نیشتیمانى كەخاوەنى باڵى ئەم سەندیكایەى رۆژنامەنوسانى سلێمانیە، هۆشمەندترە!، كە زەوى نادات بە رۆژنامەنوسانى شارى سلێمانى، ئەمەش لەخاترى ئەوەى كە رۆژنامەنوسانى سلێمانى دەنگى نارەزایەتى هەڵبڕنو كۆمەڵێك رێپێوان سازبدەنو چەند رۆژێك مانبگرنو ئیدى كەمێك لەگەڕان بەدواى كێشەناوخۆییەكانى یەكێتى بەدووربن!.. یان هیچ نەبێت هەقیان بەسەر بودجەو ئەم شتەلاوەكیانەوە نەبێت.. چونكە ئەو پرسانە موڵكى پەرلەمان خۆیەتى.. پەرلەمانیش كێ خاوەنیەتى.؟ بێگومان پارتیو یەكێتى، ئێ هەر بەراستیش ئەو زەویانە كە دراونەتە رۆژنامەنوسانى هەولێرو رۆژنامەنوسانى سلێمانى لێ بێبەشكراوە موڵكى حكومەت نیە! ئەمەش لەبەر دووهۆكار..
1- ئەگەر حكومەت بیبەخشیبایە بابەتەكە بێمنەت دەبوو. ئەو كات رۆژنامەنوسە موستەهەقەكان لە هەر ناوچەیەكى هەرێم بوانایە وەریان دەگرتو ئەوسا دەیانگوت لەپاى ماندووبوونى خۆمانەو هەربستێك زەوى ئەم هەرێمەش موڵكەو ئێمەش وەك هەر هاوڵاتیەك مافى خۆمانە.. بەڵام ئێستا دەزانن كە شكور هەمووى موڵكى پارتى و یەكێتییە!..
2- شارەوانیش كەفەرمانگەیەكى حكومیە دەیزانى كە كێ پێشتر سودمەندبووەو لە ئێستاى ئەم بەخشینەدا نەیدەهێشت جارێكى دى سودمەند بێتەوەو وەك گولأ دەیبەخشیە رۆژنامەنوسێكى خاوەن هەق..
كەواتە پێویستە رۆژنامەنوسانى سلێمانىو هەولێریش ئەم بابەتە بخوێننەوە بۆ ئەوەى نەئەوانەى سلێمانى نیگەران بن لە پێنەدانى زەوىو نە ئەوانى هەولێریش فریو بخۆن بەوەرگرتنى زەوى!..
چونكە لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەمە نەخشەیەكى ناشرینى حیزبى دەستەڵاتە لەبەرامبەر رۆژنامەنوساندا پیادەى دەكەن، بۆ ئەوەى بە هەر رێگایەك بێت لەئاست سیاسەتى یەكترىو ئاڵوگۆڕى پۆستەكاندا جنجاڵیان بكەن، واى بۆدەچن بەوەها نمونەیەك دەتوانن وەك چۆن جیاوازییان خستۆتە نێو هەموو كایەكانى ژیان لەم مەملەكەتەدا وەهاش دەتوانن جیاوازى لەنێوان رۆژنامەنوسانى كوردستاندا دروست بكەن..
چەند هاورێیەكم لەهاوپیشە رۆژنامەنوسەكانم بونەتە دەمراستى غەدر لێكراوەكانى سلێمانى، وەك من ئاگادارم چەندین جار چونەتە بەرقاپى نوسینگەى سەرۆكى حكومەت، لەپێناو وەرگرتنى وەڵامێكى دڵخۆشكەردا، بەڵام بەداخەوە هێندە ئەم هەفتەو ئەو هەفتەیان پێكراوە خەریكە بگەنە ئەو قەناعەتەى كە ئەمان زەوى بەدەستەڵات ببەخشن نەك چاوەرێ بكەن كەدەسەڵات زەویان بداتێ.. هەرچەندە پێشیان ووتم كە ئەم قەناعەتەى ئەوان ئاشكرانەكەم.. نەبا قەناعەتەكەیان لێ بكەن بەراست.. بەڵام نوسینى بابەتەكە پێى ووتم كەئاشكراى بكەم!..

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە