دیمانه‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان..

Thursday, 21/05/2009, 12:00

2701 بینراوە


هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان:
دەبوو مامۆستا ئەحمەد سالار وەك هونەرمەندێكى خاوەن ئەزموون قبووڵى نەكردبووایە، ببێتە قەباخى مەنجەڵێك، كە دەیزانى پڕە لە كەموكوڕى و خراپەكارى
-هەولێر
"چەند كەسانێكى لێنەهاتوو و نامۆ بە شانۆ، تەكەتولاتیان بۆ پڕۆژەكەى من دروست كرد، وایانزانى مەملەكەتێك داگیر دەكەم و ئەوانى لێ بێبەش دەكەم"
هونەرمەندى شانۆكار سەباح عەبدولڕەحمان لە دیمانەیەكیدا باس لە كەموكوڕییەكانى هونەرى شانۆ دەكات و تیشك دەخاتە ئەو مەسەلانەى كە دەبنە رێگر لە ئازادى كارى شانۆیى لەو وڵاتەدا، ناوبراو پێیوایە "ئەو پارانەى كە بۆ كارێكى شانۆیى تەرخان دەكرێ، 5%ى بۆ كارەكە ناڕوات و ئەوانى دیكە هەمووى دەخورێ".

+ لە ساڵى پار لە بارەى دامەزراندنى دەزگایەكى هونەرى شانۆ پڕۆژەیەكەت پێشكەش بە وەزارەتى رۆشنبیرى كرد، بۆچى تاكو ئێستا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەكراوە؟
_ تەمەنى ئەو پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ساڵ، سەرەتاى مانگى 10ى 2005 پێشكەشى وەزارەتى رۆشنبیرم كرد، كە لە سەرەتاى پێشكەشكردنى لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیرى رەزامەندى لەسەر كرا، وەك بڵێى ئەو دەزگایە دەمەزرا، هەرچەند ئەو دەزگایەم بۆ خۆم دانەدەمەزراند و خوازیارى ئەوەش نەبووم ببم بە بەرێوەبەرى گشتى ئەو دەزگایە، زیاتر مەبەستم بوو شانۆ رزگار بكەم لەو بەرێوەبەرایەتیە بچووكانەى كە لێرە و لەوێ وەك فەرمانگەى هونەرى بوونیان هەبوو لە خوارەوەى چەندین دەسەڵاتى بڕیار بە دەست، ویستم دەزگایەك دروست بكەم بڕیار بەدەستى شانۆ بێت و خەڵكانێكى شارەزا كارى تێدا بكەن، بۆئەوەى بتوانن ئازادیەك بۆ ئەو هونەرە دەستەبەر بكەن وهەناسەى داهێنانى پێ ببەخشن، بەڵام بەداخەوە ئەوانەى زەرەرمەندى بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان دەبوون لە پێگە و ناونیشان و دەستكەوتى لابەلاو دەیانزانى كە لە ناو ئەو دەزگایە جێگایان نابێتەوە و وایاندەزانى ئەگەر ئەو دەزگایە دروست بێت ئەوا سەباح عەبدولڕەحمان مەملەكەتێك بۆ خۆى دادەنێ، تەكەتولێكیان دروست كرد، پێموانییە رۆژێك لە رۆژان هونەرمەند بتوانێ ئەو جۆرە تەكەتولاتانە بكات.
+ كەواتە وازت لە پڕۆژەكە هێنا؟
_ نەخێر، ئەو پڕۆژەیەم پێشكەش بە پەرلەمانى كوردستان كرد، بەداخەوە دیارە پەرلەمانیش بە هەمان رەفتار ئەو پڕۆژەیەى پشتگوێ خستووە، دیارە ئەوانیش هونەر بە پاشكۆ و پەراوێزى شتەكانى دیكە دەزانن هیچ وەڵامێكى رەسمى منیان نەدایەوە، ئەگەر ئەوان حورمەتیان بۆ هونەرمەندان هەبووایە دەبوو نوسراوێكیان ئاراستەى من بكردایە، بەلانى كەم بڵێن كاكە پڕۆژەكەمان بەدەست گەیشت و ئێمە وەڵامت دەدەینەوە، یان چەند هونەرمەندێك بانگهێشت بكەن تاوتوێى پڕۆژەكە بكەن، بۆیە بڕواناكەم شانۆ بتوانێت بەم سیستمە هیچ بوونێكى جدى هەبێت.
+ پێتوایە پەرلەمان بەمزووانە تاوتوێى ئەو پڕۆژەیەى تۆ بكات؟
_ نا، پەرلەمان ئێستا سەرقاڵى هەڵبژاردن و ئەو شتانەیە كە كەلەكە بووینە، ئەگەر لە پەرلەمانى داهاتوو بیرى لێ بكەنەوە، بەڵام ئەگەر نەیكەن بە شێوەیەكى یاسایى داوەیەك لەسەر پەرلەمان تۆمار دەكەم، چونكە بەلانى كەم دەبوو وەڵامى منیان بدابایەوە، هەروەك چۆن هەردوو وەزیر كاك سامى شۆرش و فەلەكەدین كاكەیى ئیمزایان لەسەر زۆر شت كرد و پاشان فەرمانى خۆیان جێبەجێ نەكرد، لەو پڕۆژەیەش ئەو هەموو پارەیە سەرف كرا ئێستا هیچ وەڵامێكیان بۆ ئەو پڕۆژەیە نییە، پێویستە وەزارەتى دارایى لێپیچینەوە لەسەر ئەو هەموو پارەیە بكات كە لەو سێ كۆنفرانسە خەرج كرا و هیچ بە هیچ نەكرا.
+ بۆچى لەوكاتەى دەستت لە بەرێوەبەرایەتى شانۆ كێشاوەتەوە، لە راگەیاندنەكان زۆر بە كەمى دەردەكەوى؟
_ لەبەرئەوەى هەر چ بڕیارێك و قسەیەكم بكردایا بەشێوەیەكى هەڵە لێكدەدرایەوە، هەروەها هەڵوێستیكى شەخسى خۆم بوو بەرامبەر ئەو وەزعە تازەیەى كە لە پاش من دروست بوو، بۆ نموونە من پڕۆژەیەكى زۆر پوختم پێشكەش بە وەزارەتى رۆشنبیرى كرد، بۆ رێكخستنى كاروبارى شانۆیى كە ئەوكات من بەرێوەبەرى شانۆ بووم، هەتا پێناسەى ئەو پارە و خەرجیانەى ئەو بەرهەمهێنانەى كە دەكرێ، هیچ وەڵامێكیان نەبوو، كە دەبوو لە پاش من ئیجرائاتى لەسەر بكرێ، واتا ئەو كێشانەى كە لە خەرجى پارەى بودجەى شانۆگەریەكان دەكرێ، یەكێك لەو كێشانە بوو كاتى خۆى چارەسەرم كرد بوو، وەك پێكهێنانى یەكەى بەرهەمهێنانى هونەرى لە وەزارەتى رۆشنبیرى بۆئەوەى ئەو پارەیە نەدرێتە خەڵكانێك بە ناوى بەرێوەبەرى بەرهەم و بەرێوەبەرى هونەرى و پارە دابەش بكەنە سەر یەكترى، بڕوا بكە ئەو پارانەى كە بۆ كارێك تەرخان دەكرێ 5%ى بۆ كارەكە ناروات و ئەوانى دیكە هەمووى بە هەدەر دەدرێ، لە هەموو دنیا بەرێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ لایەنى بەرهەمهێنەر نییە، بەڵكو بەرێوەبەرایەتیەكى هونەرییە دانراوە بە مەبەستى ئاسانكارى بۆ شانۆكار، لاى ئێمە بووەتە بەرێوەبەرایەتیەكى بەرهەمهێنەر، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجى بكرابووایە ئەو زێدەرویى و بەفیرودانى پارە هەمووى نەدەمان.
+ ئەى بۆچى خۆت وەك بینەرێك ئامادەى نمایشە شانۆیەكان نابیت؟
_ لەگەڵ رێزم بۆ ئەوانەى داوەتم دەكەن لە كاتى نمایشێك، بەڵام كە ئامادە نابم بۆئەوەیە تووشى قسە كردن نەبم، كە هاتمە ئەوێ رۆژنامەنووسێك دێتە بەرامبەرت و داواى ئەوەت لێ دەكات تەقیمێك بۆ كارەكە بكەى، ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن لاى ئێمە بووەتە كارەساتێك، واتا ناتوانى بە ئازادى قسە لەسەر كارەكە و كەموكوڕیەكان بكەى، ئاخر من بێم لە هۆڵى گەل تەقیمى كارێكى شانۆیى بكەم ئەگەر باس لە كەموكوڕییەكانى هۆڵ و شانۆگەریەكە و پشت ئەوانەى كە هۆكارن لە دروست بوونى ئەو وێرانەى كە هەیە، چۆن بێم تەقیمى كارى گەنجێك بكەم كە هیچ شتێكى بو دابین نەكراوە، بۆیە پێم باشە دوور بكەومەوە بیدەنگى و دووركەوتنەوەم هێمایەكى روون و ئاشكرایە بۆ ئەوانەى رێزو خۆشەویستیان هەیە بۆ ئەزموونى من.
+ هیچ تووشى ئەو حاڵەتە بوویت كە خۆت باسى دەكەى؟
_ بەڵێ، وەزارەتى رۆشنبیرى سزاى دام، لەسەرئەوەى كە لە راگەیاندنەكان قسەم كردووە، واتا ئەو شەفافیەتەى كە لە هەموو كەسێك زیاتر بۆ هونەرمەند رەوایە و پێویستە پێرەوى بكات، لە وەزارەتى رۆشنبیرى دەبێتە خالێكى سەرپێچى و لادان لە رەوشتى فەرمانبەرى و هۆكارێك بۆ سزادانت لەگەڵ ئەوەشدا من دەقى ئەو سزایەم لە تەك ئەو بڕوانامانە داناوە كە بە درێژایى نیو سەدەى هونەرى خۆم وەرمگرتوون، چونكە من رێزم بۆ ئەو مەقالەى جەنابى وەزیرى رۆشنبیرى هەیە كە رۆژانێك گوتوویەتى (مرۆڤ ئەگەر لە زیندانیش بێت، پێویستە ئازادانە رەفتار بكات)، كەچى من لە زیندان نەبوویم و لە وەزارەتى رۆشنبیرى بوویم قسەشم لەسەر كەموكوڕیەكانى بەرێوەبەرایەتیەكەى خۆم كردووە، كە بە ناونیشان پسپۆرم لە كارەكەى خۆم، ئینجا لێم قبووڵ نەكراوە و سزادراوم، بۆیە من گوتم نەك هەر قسان ناكەم، هەر دوور دەكەومەوە لەهەموو بوارەكانى هونەرى، بۆئەوەى نەكەومە ناو ئەو شەڕە دۆڕاوەى كە ئێستا شانۆكاران دەیكەن، بۆنموونە مامۆستا ئەحمەد سالار كە من رێز و خوشەویستیم بۆى هەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەى دەست لە كار بكێشێتەوە، كە دەبوو مامۆستا ئەحمەد سالار وەك هونەرمەندێكى هۆشیار و خاوەن ئەزموون قبووڵى نەكردبووایە، ببێتە قەباخى مەنجەڵێك، كە ئەیزانى پڕە لە كەموكوڕى و خراپەكارى.
+ تۆ پێتوایە بۆچى مامۆستا ئەحمەد سالار زووتر دەستى لە كار نەكێشایەوە؟
_ ئەو دەستكەوت و بەرژەوەندیانەى كە ئەوان لە میانەى ئەو رێكخراوە هەیان بووە زۆر كاریگەرى هەبووە، نەیانتوانیوە دەستبەردارى بن، ناشتوانن نكۆڵى لەو راستییە بكەن، هەموویان دەستكەوت و بەرژەوەندیان هەبووە، شتیان وەرگرتووە بە شەرعى و نا شەرعى، من پێم سەیرە كاك ئەحمەد دەڵێَت (عەرش و قورشى ئەو شارە جێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە شارەكەى خۆم)، ئەگەر ئەحمەد سالار عەرش و قورش لەو شارە نەبووایە، ئەو هەموو ساڵە بەرگرى لەو سەقەتى و كەموكوڕیانە نەدەكرد.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە