پێشنیارێك بۆ بەردەم سەرۆكایەتى زانكۆى سەلاحەددین

Wednesday, 27/02/2013, 12:00

843 بینراوە



مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى لێكردنە كە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وەكو ئەرك و بەرپرسیارەتى مێژوویى خۆى هەستاوە بە پڕكردنەوەى كەموكوڕیەكانى بەشەناوەخۆییەكانى قوتابیان . بەنیازى دووبارە نەبوونەوەى كارەساتێكى دڵتەزێنى هاوشێوەى بەشەناوەخۆیى فیردەوسى شارى سلێمانى. لەو بارەوە چەندین هەنگاوى ناوە و پەنجەى خستۆتە سەر بەشێك لە كەموكوڕیەكان و لەهەوڵدایە بۆ دۆزینەوەى میكانیزمێكى گونجاو بۆ دابینكردنى كەشێكى ئارام و پڕ لە ئاسایش بۆ قۆتابیانى بەشە ناوەخۆییەكان. لەكاتێك كە هەمووان دەزانین هەموو ئەو كێشە و بارقورسیانەى لەو مەسەلەیەدا رووبەرووى قوتابیان و لایەنى بەرپرس دەبێتەوە بەهۆى ئەو پەرتەوازەیى و بەربڵاوى و شێواویەى باڵەخانەكانى بەشەناوەخۆییەكانە و پێویستە بەر لەهەموو لایەك سەرۆكایەتى حكومەت زۆر پەلە بكات لە بنیاتنانى كەمپەكانى زانكۆ لە شارەكانى كوردستان. چونكە دروستكردنى باڵەخانەیەكى تەندروست و پڕ لە كەرەستەى پارێزگاریكردن بۆ زۆرینەى هەرە زۆرى قوتابیانى زانكۆیەك لە یەك شوێندا ئاسانتر دەتوانێت كۆنترۆڵى گرفتەكان بكات لە رووى مەترسى و دابینكردنى خزمەتگوزاریشەوە كە جۆرێك لە بارسوكى بۆ زانكۆ دەگەرێنێتەوە.
ئێمە وەكو سەرپەرشتیارانى بەشە ناوەخۆییەكانى كچان واى نابینین بە زیادكردنى كاتى دەوام كردنمان لە 7 ى شەو بۆ 9 ى شەو هیچ لە كێشەكان چارەسەر بكات. بەڵكو ئەو بارودۆخە بۆ ئافرەتى كورد و داب و نەریتى رەسەن گونجاو نیە ئافرەت تا 9 ى شەو لە ئیشكگرتن و مەترسیدابێت. چونكە ئێمەى سەرپەرشتیارانى ئێواران زۆرترین بەرپرسیارەتى و ئەركمان لەسەرە كە بە زیادكردنى كاتى دەوامكردنمان كاردەكاتە سەر دڵسۆزى و خەمخۆریمان بۆ چارەسەرى كێشەى قوتابیان و دەكەوینە دەرەوەى خانەى فەرمانبەریەتى و زیاتر لە پیشەى پاسەوان و پۆلیس نزیك دەبینەوە. كە رەنگە بۆ براكانمان لەو پیشەیەدا كارى لەسەر بكرێت بەڵام مەحاڵە هیچ ئافرەتێك ئەو بەرپرسیارەتە قورسە لە ئەستۆ بگرێت كە چارەسەرەى كێشەكان لە جەمسەرێكى دیكە دایە. بۆیە داوا دەكەین سەرۆكایەتى زانكۆ وەكو داكۆكیكارى راستەقینەى فەرمانبەرانى چاو بەو بڕیارە بەپەلەیەى بخشینیتەوە و بیر لە بونیات و توانا و ئەركى ئافرەت بكاتەوە و پشتیوان و رێخۆشكەربێت لە دروستكردنى هەماهەنگى و راگرتنى تەرازووى بەرپرسیارەتەكانى ئافرەت لە بەخێو كردنى منداڵ و خزمەتكردنى خێزانیش كە ئەویش كێشەیەكى كەمتر نیە لە كێشەكانى دیكە كە رووبەروومان دەبێتەوە و بارى كۆمەلایەتى دژوار دەكات..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە