ئەگەر پارتى دیموكراتى (كوردستان) لەجیاتى پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) حاكم بوایە

Monday, 01/11/2010, 12:00

1170 بینراوە


نیا کامیل
سەرەنجام كار بەوە گەشت كە پێگەیەكى ئینتەرنێتى ژمارەیەكى ئێجگار زۆر بەڵگە نامەى نهێنى لەسەر جەنگى عێراق بخاتە بەرچاوى هەموو دونیا ، وە بەچەندین زمانى جۆراوجۆر . كە بەشێك لە وەحشى گەرى جەنگێك كە لەلایەن ئەمریكاوە لەسەر خەڵكى ئەم ووڵاتە فەرز كراوە عەكس بكاتەوە . ئەگەرچى بۆ خەڵكى عێراق جێگەى نهێنى و سەرسوڕمان نەبوو ، یانى شتێكى نوێى تیا نەبوو . چونكە ، هەر تاكێكى عێراقى شاهیدى زۆر لەوە زیاترە كە لەو بەڵگە نامانەدا هاتووە .
چاوەڕێش دەكرێت هەمان شت لەسەر جەنگى ئەڤغانستان ئەنجامبدات ، سەرەڕاى ئەوەى كە پێشتر ژمارەیەكى زۆر بەڵگە نامەى نهێنى لەسەر جەنگى ئەڤغانستان بڵاوكردۆتەوە .
ئەمە لەسەر ئاستى جیهانى مشتومڕشێكى زۆرى لێكەوتەوە ، وە ڕوخسارى ئەمریكاى خستە ژێر پرسیارێكى زۆرەوە . تا كار گەیشتە ئەوەى خودى وەزارەتى بەرگرى ئەمریكا لیژنەیەكى پسپۆڕى سەد و بیست كەسى پێك بهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە و چاو خشانەوە بەو بەڵگە نامانەدا .
لە ئەمریكا و لەژێر سایەیى پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) دا بەڵگەنامەى نهێنى دەزگاى موخابەرات و وەزارەتى بەرگرى و كۆمپانیا پەیوەندى دارەكان ئاشكرا دەكرێت ، لەلایەن میدیاى سەربەخۆوە .ئەمە لەكاتێكدایە بەرژەوەندی ، سیاسى ، ئابورى ، سەربازى ، وە ئاسایشى نەتەوەیى ئەم ووڵاتە . بە هەموو دونیادا پەخش بۆتەوە و بەستراوەتەوە بە هەموو كوچەیەكى ئەم دونیایەوە ، یانى هەرچى لەم دوونیایەدا ڕوبدات كاریگەرى لەسەر بەرژەوەندیەكانى ئەمریكا دەبێت ، بە پێچەوانەشەوە .
لە سایەى حكومەتەكەى پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) دا ، و لەم هەلو مەرجەى كە میدیاى ئازاد بۆى پێكهێناوە ، نەمان بینى ئەو پێگەیە فلتەر بكرێت ، یاساغ بكرێت ، نەمان بینى ئەو كەسانەى بەڕێوەى دەبەن و كارى تیادەكەن ، هەڕەشەیان لێبكرێت ، ڕاوەدو بنرێن ، بفڕێنرێن، داركارى بكرێن ، تێهەڵبدرێن ، وە نەشمان بینى كەسیان تیرۆر بكرێن .
هەروەها كاتێك پێشتر ، خانم كلنتۆن قسەى دەكرت ، لەنێو ئامادەبواندا برادەرێكى ڕۆژنامەنووس هەستاو ووتى، خانم من دەمەوێت لێرەدا كچەكەت لێَََََََبخوازم داواكاریشم ڕەزامەندى پیشان بدەیت ، خانمى یەكەمى ئەمریكا ، بەزەردەخەنە و ڕویەكى خۆش و ئاساییەوە وەڵامى كاكى ڕۆژنامەنووسى دایەوە .
ئیتر ئاسمان نەڕوخا ، ئەو برادەرەش شەق شەقێن و حەسیر مەیانى پێنەكرا ، پاشانیش لیژنەى ئیغتیالیان بۆ دروست نەكرد و تیرۆریش نەكرا . ئەم خانمە سەر بە پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) بوو .
من ئەم دوو ڕوداوە دەبەستمەوە بە كوردستانەوە لە ژێر سایەیى پارتى دیموكراتى (كوردستان) دا .
ئەوەى ئیمڕۆ سەیرى ڕۆژنامە و میدیاكانى كوردستان بكات (هەمووشیان نە) لەوە حاڵى دەبێت كە بابەتى جێگەى مشت و مڕى ئەمڕۆ ، بریتیە لە ، ئازادى ڕۆژنامەگەرى ، وە بڕى ئەو سزایانەى پارتى دیموكراتى (كوردستان) لە دادگا لە میدیاكان و نوسەران و ڕۆژمانەنووسان داواى دەكات . بەهانەى پارتى دیموكراتى (كوردستان) بۆ ئەم كارەشى ئەوەیە ، كە ئەم برادەرانە زیانیان بە سومعەى پارتى دیموكرات گەیاندوە ، یانى ڕوخسارێكى باشى پارتیان نیشان نەداوە. من نازانم ئەم میدیایان كامە بەڵگەى نهێنیان ئاشكراكردوە ، كامە نهێنیان دركاندوە ، مەگەر خەڵكى كوردستان شاهیدى كارو كردەوە و مێژووى پارتى دیموكراتى (كوردستان) نین ؟؟؟. كامە سومعەى پارتیە تا لەكەدار بكرێت ، بۆ شوێن ماوە بۆ لەكە ؟!!.
سەیرە لەسایەى حكومەتەكەى پارتى دیموكراتى (كوردستان) دا پڕۆژە یاسایەك خۆى ئامادەى دەكات و خۆى دەنگى پێئەدات و خۆشى ئیمزاى ئەكات . كەچى جێبەجێى ناكات . باشە پارتى ئەوەندە لە مێژوو و ڕابردوو و ئێستا و كار و كردەوەكانى دەترسێت ، وا تۆڕێكى ئەوەندە گەورەى هاویشتوە و دەیەوێت دەریاكە تاق بڕاو بكات ، هەموو میدیا و نوسەر و ڕۆژنامە نووسە موخالیفەكانى خۆى بچنێتەوە ؟؟!!.
كاتێك هاوڕێیەكى ڕۆژنامەنووسى ئێمە خەونى دیبوو . لە خەونەكەیدا خەیاڵى كردبوو ، كە كچى خانمى یەكەمى هەرێم بخوازێت . ئیتر نە لە ژیانیدا خانمى یەكەمى دیبوو نە خاتونى كچیشى ، تەنها لە خەونیدا خەیاڵى كردبوو . بۆیە پاش بێدارهاتنەوەى تەنها دووكات ژمێر مۆڵەتى هەناسەدانیان پێ عەتا كرد ، ] ئەم خانمە سەر بە پارتى دیموكراتى (كوردستان)ە[ . ئیتر ناودەمیان وەك عەمبارى كڵاشینكۆف بۆ پڕكرد لە گوولە . بە بەهانەى ئەوەى چۆن زاتى كردوە لە خەویدا خەیاڵى وابكات .
باشە ئەگەر پارتى دیموكراتى (كوردستان) لە جیاتى پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) حاكم بوایە ، دەبوو چارەنوسى چۆمسكى چی بوایە ؟ ، دەبوو چارەنووسى ئەو داماوانەى زاتیان كردوە سەدان هەزار بەڵگەنامەى نهێنی بڵاوبكەنەوە چى بوایە ؟؟ . پارتى دیموكراتى (ئەمریكا) كە پەرچەمى كەرى بەرزكردۆتەوە ، بڵێى بەقەد ئەو كەرە فامیان هەبێت و لە ترسناكى ئەو كارە تێنەگەن .
ئەى باشە ئەگەر درك بەوە دەكەن بۆ دێڵن ئەو پێگە ئەلكترۆنیە (ئەو میدیایە) بەردەوام بێت لە كارەكانى ، وە سەرەڕاى ئەوەش بەنیازبێت بەڵگەنامەى نهێنى تر ئاشكرا بكات . ئەى بۆ ڕێگە ئەدەن ئەو برادەرانە ئاوا بەبەرچاویانەوە بێن و بچن !!. منیش تێناگەم بەڕاستى سەیرە !!؟ .
باشە ئەو ڕۆژنامەنووسەى بەبەرچاوى هەموو دونیاوە داواى كچى خانمى یەكەمى ئەمریكاى كرد ، دەبوو نەگبەتە چارەنووسى چیبێت !!!؟؟. ئەى بۆ چاوێك لە ئێمە ناكەن و دەرسێك وەرناگرن ، پارتى دیموكراتى (كوردستان) كە پەرچەمى داڵى بەرزكردۆتەوە ، چاوى هەركەسێك هەڵدەكۆڵێت ، كە بەچاوى گومانەوە بڕوانێتە مێژوو و خەبات و ئێستا و كارو كردەوەكانى پارتى و بارزانى .
باشە ئەى ئێمە چى بكەین ئەگەر ڕۆژێك بەڵگەنامەیەكمان دەست كەوت ، یەكسەر بیسوتێنین ، چونكە پەیامى مەرگە ؟. باشە دەبێت مەفهومى پارتى دیموكراتى (كوردسات ئەمریكا) لە چیەوە وەرگیرابێت ، چۆن دیاریكرابیت ؟ پشت بەكان دیموكراتى و فەلسەفە و بنەما دەبەستێت ؟؟؟ .
خۆ ئەگەر پارتى دیموكراتى كوردستان حاكم بوایە ، بەدڵنیاییەوە جیهان ئیشتا جیهانێكى تربوو .

 [email protected]
 http://nyakamil.blogfa.com
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە